ئەو شتانەی دەتوانیت لە منداڵانەوە فێریان ببیت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-27-21:34:00 - کۆدی بابەت: 8408
ئەو شتانەی دەتوانیت لە منداڵانەوە فێریان ببیت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵ دنیایەکی جوان و تایبەت بەخۆی هەیە، گەورەکان ناتوانن وەک منداڵێک ڕەفتار بکەن و وەک ئەوان بژین، بەڵام دەتوانن کۆمەڵێک شت لە منداڵانەوە فێرببن و بیکەنە یاسایەک بۆ ژیانیان.

ئەو شتانە چین دەتوانیت لە منداڵانەوە فێریان ببیت؟

ڕاکردن

منداڵەکان بۆ وەرزشکردن ڕاناکەن، ئەو کارەی کە گەورەکان تەنها لە کاتی وەرزشکردندا دەیکەن و پێیان وایە کە ڕاکردن وەرزشێکە، بەڵام منداڵان کاتێک دڵیان خۆشە و دەیانەوێت خۆشحاڵبن ڕادەکەن.

خەیاڵکردن 

خەیاڵ بکە خەتەکانی سەر فەرشی ماڵەوەتان جۆرە یارییەکە و پێویستە کاتێک بەسەر فەرشەکەدا دەڕۆیت قاچت نەدات لە خەتەکان تاکوو نەدۆڕێیت، ئەمە ئەو یارییەیە کە منداڵان دەیکەن و دەکرێت هەندێک کات گەورەکان ئەمە دووبارە بکەنەوە تاکوو دڵیان ئارام ببێتەوە.

دەربڕینی خۆشەویستی بۆ ئاژەڵ

بەگشتی منداڵەکان ئاژەڵەکانیان خۆشدەوێت و لێیان ناترسن، هەمیشە پێیان خۆشە ئاژەڵەکان ببینن و کاتێک دەیانبینن خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕن و ئازاریان نادەن، بەڵام گەورەکان زۆرجار چەند ساڵ جارێک دەچنە باخچەی ئاژەڵان بۆ بینینیان، یاخود ئازاری ئاژەڵەکان دەدەن و بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

وێنەکێشان 

منداڵان حەزیان لە وێنەکێشانە و پێیان خۆشە بەردەوام بە ڕەنگە جیاوازەکان وێنە بکێشن و هەموو دیوار و تێنووسێک پڕ لە ڕەنگ بکەن، وێنەکێشان دەروونت ئارام دەکاتەوە و هەندێک کات پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ منداڵی و وێنە بکێشیت و ڕەنگە جیاوازەکان بەکاربهێنیتەوە.

بازدان

کاتێک منداڵێک دەخەیتە سەر سیسەمێک بە بەردەوامی هەڵبەز و دابەز دەکات و باز دەدات، پێویستە گەورەکانیش جێگایەک بدۆزنەوە کە بتوانن تێیدا باز بدەن و دڵخۆشببن.

نەترسان لە مێرووەکان

گەورەکان وادەزانن کە مێرووەکانی وەک، سیسرک، کولـلە، قالۆنچە، ترسناکترین و پیسترین بوونەوەرەکانی سەر زەوین و بەردەوام لێیان دەترسن، بەگشتی منداڵەکان لە مێرووەکان ناترسن و ژیانی خۆیان تێک نادەن بە ترسان لێیان.
ئەگەر لەو ڕووەوە وەک منداڵێک بیربکەینەوە و نەترسین ژیانمان جوانتر دەبێت.

دووبارە خوێندنەوەی پەرتووک

منداڵەکان چەند چیرۆکیان بۆ بخوێنیتەوە بێزار نابن، لەگەڵ ئەوەی کە دەزانن چیرۆکەکە باسی چییە و کەسایەتییەکان کێن بەڵام کاتێک بۆیان دەخوێنیتەوە وادەزانن یەکەمجارە دەیبیستن، دادەنیشن و زۆر بەباشی گوێ دەگرن، زۆر جوانە ئەگەر گەورەکانیش چێژ لە هەندێک شتی دووبارە ببینن و لە مێشکیاندا هەر نوێ بێت.

یاری

ژیان بۆ منداڵ یارییەکی بەردەوامە، تەنانەت ئەگەریش کەلوپەلی یارییان لەلا نەبێت بە شتێکی ترەوە خۆیان سەرقاڵ دەکەن و یاری دەکەن و دڵخۆشن بە شتەکانی دەووروبەریان، چەند جوانە زۆرجار ژیان وەک یارییەک ببینین و لەگەڵ هەموو حاڵەتێکیدا هەست بە دڵخۆشی بکەین. ‌

ئاهەنگی لەدایکبوون

وەک منداڵ ڕۆژی لەدایکبوونی خۆتت لەبیربێت و ڕۆژ بژمێرە تاکوو دێت، دەتوانیت ئاهەنگێکی بچووک بگێڕیت و دیاری بۆ خۆت بکڕیت و چێژی لێ ببینیت.

پرسیارکردن 

منداڵ بەردەوام پرسیار دەکات دەربارەی هەموو ئەو شتانەی ڕۆژانە دەیبێنێت، هەر منداڵێک پرسیاری زۆر بکات بە منداڵێکی زیرەک دادەنرێت، چی دەبێت بتوانین وەک منداڵەکان لە ژیانماندا ڕۆژانە پرسیاری زۆر بکەین تاکوو زانیاریمان دەستکەوێت لەسەر شتەکانی دەوروبەرمان.

هاوڕێی نوێ بدۆزنەوە

کاتێک منداڵ دەچێتە کۆڵان، باخچە، قوتابخانە، یاریگا، پارک، یەکەمین کار کە دەیکات لەو جێیەدا دۆزینەوەی هاوڕێیەکی نوێیە، گەورەکانیش زۆر پێویستیان بەوەیە کە دەچنە هەر جێیەک هاوڕێیەک بدۆزنەوە تاکوو هەست بە تەنهایی نەکەن.


سەرچاوەکان



438 بینین