مارف خەزنەدار

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-03-22:40:00 - کۆدی بابەت: 8495
مارف خەزنەدار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مارف خەزنەدار (بە ئینگلیزی: Maruf Khaznadar یان Marif Xeznedar) (بە عەرەبی: معروف خزندار) مامۆستای زانکۆ و نووسەرێکی ناوداری کورد بوو. لە ساڵی ١٩٣٠ لە شاری هەولێر و لە بنەماڵەی خەزنەدارەکانی هەولێر لەدایکبووە.

ژیاننامە

قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە. لە زانکۆی بەغداد لە بەشی زمانی عەرەبی خوێندوویەتی. لە ساڵی ١٩٦٨ چووەتە یەکێتیی سۆڤیەت و لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی کوردی بەدەست هێناوە. پاشان گەڕاوەتەوە و بووە مامۆستای بەشی کوردیی زانکۆی ئەدەبیاتی بەغداد و بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی عەننابی جەزائیر و بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین لە ھەولێر. خەزنەدار ئەندامی کۆڕی زانیاریی کورد بوو. سەرپەرشتی ژمارەیەکی زۆر نامەی زانکۆیی ماستەر و دکتۆرای کردووە.
دکتۆر مارف خەزنەدار یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ماوەیەکیش سەرنووسەری گۆڤارەکەیان بووە، نووسەری کورد بووە، ھەروەھا چەند ژمارەیەکی گۆڤاری دەفتەری کوردەواریی دەرکردووە و لە گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان - شمس کردستان) دەستەی نووسەران و لە گۆڤاری کاروان ڕاوێژکاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری بووە. خەزنەدار بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٨ دا ڕۆژی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان (واتە ڕۆژی ٢٢ی نیسان)ـی ١٨٩٨ی وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دیاریکرد.
مامۆستا مارف ماڵەکەی کردبوو بە مەڵبەندی ڕووناکی بۆ پاراستنی تێکست و دەستنووس و ئەرشیفی ئەدەبی کوردی، ھەمیشە دەرگای ماڵەکەی بۆ قوتابییان کراوەبووە و زۆر قوتابی سوودیان لەکتێبخانە گەورەکەی وەرگرتووە.

پرۆفیسۆر مارف خه‌زنه‌دار کچێکی پزیشکی بە ناوی میدیا و دوو کوڕی بە ناوەکانی زاگرۆس و بنیاد هه‌یه‌.

بەرهەمەکان

مارف خەزنەدار ھەر لە پەنجاکانەوە دەستی بە نووسین کردووە و وتاری بڵاوکردووەتەوە. یاداشتە ڕۆژانەکانی خۆی لە ساڵی ١٩٣٠ تاکوو ساڵی ١٩٩١ لە دووتوێی ٧ بەرگدا نووسیوەتەوە بە ناوی (دیجلەی ھزرم). دوا بەرھەمیشی بریتییە لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی، کە لە ٧ بەرگدا چاپی کردووە. دکتۆر مارف خەزنەدار خاوەنی نزیکەی ٣٠ کتێبی چاپکراوە، لەوانە:

بە کوردی

  • کێش و قافیە لە شیعری کوردیدا، بەغداد، ١٩٦٢.
  • کورد، تێبینی و تێڕوانین، ڤلادمیر مینۆرسکی، وەرگێڕان و پێشکەشکردن و لێکۆڵینەوە، بەغداد، ١٩٦٧.
  • بووکە شووشە، چیرۆکی کوردی، بەغداد، ١٩٦٩.
  • ئەڵەمان و چەند چیرۆکێکی تری کوردی، بەغداد، ١٩٦٩.
  • عەبدوڵڵا بەگی میسباحولدیوان، بەغداد، ١٩٧٠.
  • زمان و ئەدەبی کوردی، بەغداد، ١٩٧١.
  • دیوانی نالی و فەرھەنگی نالی، بەغداد، ١٩٧٧.
  • نالی لە دەفتەری نەمریدا، بەغداد، ١٩٨١.
  • لەبابەت مێژووی ئەدەبی کوردییەوە، بەغداد، ١٩٨٤.
  • کوردیادە، لەندەن، ١٩٨٥.
  • گەشتێک بۆ ئەرەزڕوم، وەرگێڕان لە ڕووسییەوە، سوید، ١٩٩٥.
  • ئەدەبی کوردی و کێشەی پاسترناک، ھەولێر، ١٩٩٥.
  • کوردی تورکمانستان، ھەولێر، ١٩٩٥.

بە عەرەبی

  • العدل الاجتماعی، بەغداد، ١٩٤٥
  • ھغانی کوردستان، بەغداد، ١٩٥٦
  • الاكراد، نووسینی: مینورسكی، وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە بۆ عەرەبی، بەغداد ١٩٦٨
  • مخطوطات فریدە و مطبوعات نادرە، بەغداد، ١٩٧٨
  • تاریخ الاستشراق، بغداد، ١٩٨٠
  • الرحالە الروس فی الشرق اڵاوسط، نووسینی: ب.م.دانتسیغ، وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە بۆ عەرەبی، بیروت، ١٩٨١

بە ڕووسی

  • دوانزە سوارەی مەریوان و پازدە چیرۆکی تری کوردی، مۆسکۆ، ١٩٦٨
  • مێژووی ئەدەبی کوردی نوێ، مۆسکۆ، ١٩٧٦.

کۆچی دوایی

دکتۆر مارف خەزنەدار لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەی شیفا لە شاری هەولێر لە ڕێکەوتی شەوی ٢٠١٠/١٠/٢٥ بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد. 24ـی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨ لە مۆزەخانەی پەروەردەیی بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە پەردە لەسەر پەیكەری پڕۆفیسۆر مارف خەزنەدار لادرا.


سەرچاوەکان



774 بینین