حسێن میسری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-05-20:40:00 - کۆدی بابەت: 8511
حسێن میسری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حسێن میسری یان حوسەین میسری (بە ئینگلیزی: Hussain Misry) ناوی تەواوی بریتییە لە (حوسەین ڕەحیم محەمەد ئەمین)، دەرهێنەر و نوادنکاری ناسراوی کوردە. ساڵی 1957 لە ناوچەی شوان لە شاری کەرکووک لەدایکبووە.

ژیاننامە

بەهۆی باری سیاسی و ئابووری خێزانەکەیان نەیتوانیوە بخوێنێت، بۆیە خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە کردووە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بووە بە خوێنەرێکی زۆر باشی دەقە شانۆییە عەرەبی و بیانییەکان. زمانی عەرەبی، تورکی و هیندی بەباشی زانیوە. ساڵی 1977 کە بۆ خوێندنی کۆرسی شانۆیی چووەتە میسڕ و لە گەڕانەوەی نازناوی میسری وەرگرتووە. ساڵی 1973 بۆ یەکەمجار لە شاری موسڵ لە شانۆیی (من الذی قتل الوحش) لە نووسینی عەلی سالم و عەدنان جویدجاتی وەکوو نوادنکار بەشداری کردووە، ساڵی 1979 پەیوەندی کردووە بە تیپی شانۆیی ئەزمونگەری کەرکووکەوە، هەر لەو تیپە دەستی بە ئەزموونی شانۆیی کردووە و بەشداری چەند شانۆیەکی تری کردووە و بیروڕای پێشکەوتووانەی هەبووە لە تیپەکەدا.

درێژەی کارە هونەرییەکانی

  • ساڵی 1979 نواندنی کردووە لە شانۆیی (باڵندە و ڕێوی) – دەرهێنانی (جەعفەر موسا) – نووسینی (ناتق خلوسی).
  • ساڵی 1979 نواندنی کردووە لە شانۆیی (الدراویش یبحپون عن الحقیقە) – دەرهێنانی (عبدالرزاق محەمەد عەزیز) – ئەم شانۆییە بە گەورەترین نمایش ئەژمارکرا لەسەر ئاستی عێراق و چەندەها نووسینی لەسەر نوسرا.
  • ساڵی 1979 وانەی هونەریی تەکنیکی وتووەتەوە لە تیپەکەی.
  • ساڵی 1980 یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی (دوا گۆرانی) بووە لە دەرهێنانی (عەبدولڕەزاق محەمەد عەزیز).
  • ساڵی 1981 یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی (بەسەرهاتی دۆستی ئاژەڵ) بووە لە دەرهێنانی (عەبدولڕەزاق محەمەد عەزیز).
  • ساڵی 1981  نواندنکار بووە لە شانۆگەری (گەمەی سوڵتان و وەزیر) لە دەرهێنانی (عەبدولڕەزاق محەمەد عەزیز).
  • ساڵی 1982 نواندنکار بووە لە شانۆیی (دارستانی یوتوبیا) لە دەرهێنانی (ئیسماعیل هەورامی) و سەرپەرشتیاری گشتی (دەرهێنان)ـەکە بووە.
  • ساڵی 1983 نواندنکار بووە لە شانۆیی (حب ابیکاک و موتە) لە ئامادەکردنی (جەلال پۆڵا)
  • ساڵی 1984 لە فێستیڤاڵی ساڵانەی (المنتدی المسرح) لە بەغداد نمایشکراو خەڵاتی باشترین نوادنکاری گەنجی پێبەخشرا. لەم شانۆگەرییەدا بەسەرکەوتوویی سەرنجی هونەرمەندە گەورەکانی بەغدادی ڕاکێشا. 
  • ساڵی 1991 ئەندامی دامەزرێنەری تیپی شانۆیی قەڵا بووە لە کەرکووک، هەرچەندە دووربووە لە شارەکەی، هەمیشە دەستی یارمەتی بۆ هەموو هونەرمەندانی دوای خۆی بە هەموو کەمینەکانەوە درێژکردووە، بەتایبەتی تیپی قەڵا کە بەردەوامن لە کارکردن لە ڕێگەی هەردوو کەناڵی خاک TV و کەناڵی ئاسمانی کوردساتەوە.
  • ساڵی 1985 هاتووەتە شاری سلێمانی و ئەندامێکی چالاکی تیپی نواندنی سلێمانی بووە.
  • ساڵی 1985 دەرهێنانی بۆ شانۆگەری (گوڵی بەهار هات) کردووە، لە نووسینی (جەلیل ئەلقەیسی)، کە لە فێستیڤاڵی لاوانی سلێمانی خەڵاتی یەکەمی دەرهێنان و بەرهەمی پێبەخشرا.
  • ساڵی 1987 دەرهێنانی کردووە شانۆیی (هەڵهاتنی مانگ) لە نووسینی (لیدی گریگۆری).
  • ساڵی 1988 نواندنکار بووە لە شانۆیی (سێتای ئاسنین) لە دەرهێنانی (جیهاد دڵپاک).
  • ساڵی 1989 کاری نواندن و ئامادەکردن و دەرهێنانی کردووە بۆ شانۆیی (ئەو پیاوەی خۆی بە بارمتە دانا) لە نووسینی (مەهدی ئەلسماوی).
  • یەکەمین هونەرمەندی کورد بوو کە هونەری پانتومایمی هێنایە هونەری شانۆی کوردی، بە سازدانی کۆڕ و سیمینار تایبەت بەم هونەرە لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکووک، بەغداد و پێشکەشکردنی کاری هونەری.
  • ساڵی 1990 کاری نواندن و ئامادەکردن و دەرهێنانی کرد شانۆیی (نجنسکی ساتی زەماوەند)، کە کارێکی پانتومایم بوو لە فێستیڤاڵی ساڵانەی (المنتدی المسرح) لە بەغداد، هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنانی (نواندن و دەرهێنانی) پێبەخشرا.
  • لە ساڵی 1991 کاری نواندن و سیناریۆ و دەرهێنانی کردووە بۆ (سەمایەکی بێ ناونیشان) کە کارێکی پانتۆمایم بووە. یەکەمین هونەرمەندی کوردە کە کاری شانۆیی هێناوەتە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان بەشێوەی کەرنەڤاڵ و هەمیشە کارەساتی (هەڵەبجە و ئەنفال) پانتاییەکی گەورەی هەبوو لەکارەکانیدا.
  • ساڵی 1992 کاری سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ (کەرنەڤاڵی هەڵەبجە) لە شەقامی مەولەوی تا بەردەرکی سەرا.
  • ساڵی 1992 کاری سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ (کەرنەڤاڵی ئاشتی) لە ئەمنە سورەکە.
  • ساڵی 1992 کاری سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ (تابلۆی رامان بۆ 1ی ئایار)، لە کەرنەڤاڵی زیندانە سیاسییەکان (کەرنەڤاڵی منداڵانی ئەنفال).
  • ساڵی 1992 نواندنی کرد لە فیلمی (مەرگی ئەرخەوانی) لە دەرهێنانی (کامەران ڕەئووف).
  • ساڵی 1993 نواندنی کرد لە فیلمی (فرمێسکی ڕەش) لە دەرهێنانی (کامەران ڕەئووف).
  • ساڵی 1993 کاری ئامادەکردن و دەرهێنانی کرد بۆ شانۆیی (دەروێشەکان بەدوای راستیدا وێڵن)، لە نووسینی (مستەفا حەڵاج)، لە یەکەم فێستیڤاڵی شانۆیی سلێمانیدا خەڵاتی یەکەم دەرهێنان و باشترین بەرهەمی پێبەخشرا.
  • ساڵی 1994 کاری ئامادەکردن و دەرهێنانی کرد بۆ شانۆیی (گەمەی چاوەڕوانی).
  • ساڵی 1994 کاری سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ شانۆیی (مەرگی کورسییەک) لە فێستیڤاڵی دووەمی شانۆیی سلێمانی، خەڵاتی باشترین دەرهێنان و بەرهەمی وەرگرتووە.
  • ساڵی 1995دەرهێنانی کردووە بۆ شانۆیی (کەرنەڤاڵی دەمامکەکان).
  • ساڵی 1995 لەگەڵ هونەرمەندان (مدحت کاکەیی، چیمەن ئیسماعیل، ئاری بابان، سهاد ستار)، بەشداریکرد لە پێشانگای (ئاوارەبوون) لە وێرانەی (حەسیب ساڵح)
  • ساڵی 1995 کاری ئامادەکردن و دەرهێنانی کرد بۆ شانۆیی (چیرۆکی خۆشەویستی) لە نووسینی (فەلاح شاکر)، لە فێستیڤاڵی سێیەمی شانۆیی سلێمانی خەڵاتی یەکەمی وەرگرتووە.
  • ساڵی 1996 کاری ئامادەکردن و دەرهێنانی کردووە بۆ شانۆیی (پاسەوان) لە نووسینی (هارول پینتەر).
  • ساڵی 1997 کاری نواندن و ئامادەکردن و دەرهێنانی کردووە بۆ شانۆیی (دیفز – دیفز) دەقی (هارولد پینتەر)، لە چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆیی سلێمانی خەڵاتی پێشمەندیکاری تەکنیکی جەستەی لە بواری نواندن پێبەخشرا.
  • ساڵی 1997 کاری  ئامادەکردن و دەرهێنانی کردووە بۆ شانۆیی (گۆڕستانێکی نوێ) لە نووسینی (شێرزاد حەسەن).
  • ساڵی 1997 کاری سیناریۆ و دەرهێنانی کردووە بۆ کەرنەڤاڵی (ناپاڵم و سەمای گوڵەبەڕۆژەکان) لە شەقامی مەولەوی بۆ بارەگای UN، کە تایبەتبوو بە ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر هاتنە ژوورەوەی سوپای تورکیا بۆ خاکی کوردستان.
  • ساڵی 1998 ئامادەکردن و دەرهێنانی شانۆیی (لە تەنتوومانێکدا).
  • ساڵی 1998 کاری سیناریۆ و دەرهێنانی کردووە بۆ (نمایشی شەختە فرمێسکەکانی ئەنفال) لە شەقامی مەولەوی بۆ بەردەم بارەگای UN.
  • ساڵی 1999 کاری ئامادەکردن و دەرهێنانی کردووە بۆ شانۆیی (سزاو تاوان) لە نووسینی (فەلاح شاکر).

پاش دروستبوونی (خاک TV) حسێن میسری بووە دامەزرێنەری بەشی درامای خاک و لێپرسراوی بەشەکەو چەندین هونەرمەندی گەورەو گەنجی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکوک، کەلار، هەڵەبجە لەخۆگرت، یەکەمین هونەرمەندی کوردە کە خاوەنی (21) کورتە دراما و نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی (8) درامای درێژ بێت.

دیارترین کارە هونەرییەکانی لە بەشی درامای خاک

  • ساڵی 1997-1998 زنجیرە درامای (کەریم تاک دینار، شەش ئەڵقە).
  • ساڵی 1999 کاری سیناریۆ و دەرهێنانی کردووە بۆ درامای (خۆرنەوازان)، بەشی یەکەم (15) ئەڵقە بووە.
  • ساڵی 2000 کاری نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ درامای (خۆرنەوازان)، بەشی دووەم (17) ئەڵقە بوو.
  • ساڵی 2001 کاری نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ درامای (خەمی چۆلەکەکان)، (29) ئەڵقەبوو.
  • ساڵی 2002 کاری نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ درامای تەلەڤزیۆنی (ڕەشەی پۆلیس)، لە (31) ئەڵقە پێکهاتبوو.
  • ساڵی 2003 کاری نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ درامای (حەسەنە فەنی)، کە لە (19) ئەڵقە پێکهاتبوو.
  • ساڵی 2004 کاری سیناریۆ و نووسین و دەرهێنانی کرد بۆ درامای (جومعە)، کە لە (27) ئەڵقە پێکهاتبوو.
  • ساڵی 2005 کاری نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ درامای (گوڵە بێ رۆژەکان)، کە لە (15) ئەڵقە پێکهاتبوو.
  • ساڵی 2007 کاری نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی کرد بۆ درامای (نیشتمان)، کە لە (15) ئەڵقە پێکهاتبوو.

کۆچی دوایی

ڕێکەوتی ٣١\٥\٢٠٠٩ لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



468 بینین