لەسەر سەگرمە - بەختیار زێوەر

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-05-23:06:00 - کۆدی بابەت: 8520
لەسەر سەگرمە - بەختیار زێوەر

ناوه‌ڕۆك

 لەسەر سەگرمە

شاعیر:  بەختیار زێوەر

بەرهەم: دیوانی بەختیار زێوەر

هۆنراوە: لەسەر سەگرمە

ئەم جێیە کوێیە من لێی دانیشتووم

یاران پێم بڵێن تا نەڕۆیشتووم

چوار دەوری داوم دەوەن و کانی
دارستانێکە سڕی یەزدانی
 
فەرشم شاخێکە بڵند و نازدار
شەماڵی لەنجە ئەکا بە نزار
 
ئەم لام سەنگاوە، ئەو لام قەرەداغ
جێگایەکی خۆش، هەوایەکی ساغ
 
چامان لێ ناوە ئەڵێی سەیرانە
خەمێکمان هەبێ دووریی یارانە
 
چین چین ئاسکە دێنە بەرچاوم
سڵ ناکەن ئەڕۆن، بۆ سەیر وەستاوم
 
قاسپە قاسپی کەو لەبن درەختا
دەنگی پەلەوەر لە چیای سەختا
 
قیژەی مناڵ و باڕەی بزن و مەڕ
ئەم جێیە چۆڵەی کردووەتە مەحشەر
 
تیپ تیپ کچە جاف ناسک نازەنین
کە دێن بەرەو ڕووم دەمبەپێکەنین
 
منیش عاشق و پەروانەکەی یار
زامی دڵەکەم دێتەوە ئازار
 
شیعر ئەخوێنمەوە، گۆرانی ئەڵێم
ناڵەی خۆم ئەکەم، لە دووریی لەیلێم
 
فایق وڵاتت دوڕڕو گەوهەرە
سەرچاوەی ئاوی چەشنی کەوسەرە
 
شاخی سەگرمە قوللەی ئیڤڵە
فەرەح بەخشی گیان، موونیسی دڵە
 
ئەهلی هەموو کورد، شیرین کردارن
قەومێکی نەجیب، هەموو نازدارن
 
گیانت دابنێ لەبەر ڕێیانا
خاکی ڕێگابە لەسەر ڕێیانا

میللەت و وەتەن بۆ تۆ مەقسوودە

لەسەر ئەو دووانە بکوژرێی سوودە


سەرچاوەکان



317 بینین