گوندی خەرپانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-11-22:45:00 - کۆدی بابەت: 8610
گوندی خەرپانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خەرپانی (بە ئینگلیزی: Kharpany یان Xarpani، بە عەرەبی: خرباني) گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی بیارەی پارێزگای هەڵەبجە لە باشووری کوردستان. لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی بیارەیە. 

جوگرافیا و زانیاریی گشتی

گوندی خەرپانی، ٥ کیلۆمەتر لە بیارەوە دوورە و ١٣ کیلۆمەتریش لە شاری هەڵەبجەوە دوورە، هەروەها ٨٥ کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە. لە باکوور لەگەڵ گوندی زەردەهاڵ و لە باشوور لەگەڵ گوندی تاوێرە و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی هانەنەوتێ و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی کولیژی هاوسنوورە. گوندەکە دەکەوێتە سەر یەکتربڕی بازنەی پانیی ٣٥ و هێڵی درێژیی ٤٦ و ٩٥٠ مەتر لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. خەڵکەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و لەسەر ڕێبازی سوننەن و بە شێوەزاری هەورامی دەئاخڤن. بڕی باران بارینی ساڵانەی زیاتر لە ٨٠٠ ملم. ناوەندی پلەی گەرمی لە زستاندا ٦,٥ پلەی سیلیزی و لە هاویندا ٢٨ پلەی سیلیزییە. خاوەنی ١٨٥٠ دۆنمی شیاوی کشتوکاڵە و دارەکانی (هەنار، هەنجیر، قەیسی، قۆخ، گوێز) لە دیارترین بەرهەمە ڕووەکییەکانیین و ساڵانە هەریەک لە گەنم و جۆ و نۆک و ترۆزییش بە ڕێژەیەکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت. ژمارەی خەرپانییەکان زیاترە لە ٨٠٠ خێزان.

ناوەکەی

هەندێک دەڵێن ناوی خەرپانی لە "بەرد"ـەوە هاتووە، چونکە ناوچەکە بەردی خڕی زۆری تێدایە، بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن گوایە پیاوێک دەسەڵاتدار بووە لە ناوچەکە ناوی "کەی خار" بووە، کۆمەڵێک گوندی دروستکردووە، لەوانە خەرپانی، خارگێڵان، خورماڵ. بەڵام خارگێڵان و خورماڵ تەمەنیان لە دوو هەزار ساڵ زیاترە.

مێژوو

گوندی خەرپانی ناوچەیەکی مێژوویی زۆر کۆنە، ٥ گۆڕستانی زۆر گەورەی لێیە و زۆربەی کێلی گۆڕەکان داڕزاون، ئەو گۆڕستانەی لەناو گوندەکە هەیە ڕووبەرەکەی نۆ دۆنم دەبێت. حەسەن مەحموود، شارەزا لە مێژوو دەڵێت، دەگوترێت کاتێک سەرجۆنی ئاشووری چووە بۆ هەڵەبجە، لە نامەکانیدا باسی گوندێک دەکات بەناوی "خارخار"، هەندێک دەڵێن ئەو خارخارە هەمان خەرپانی بووە. بەڵام زۆربەی خەڵک ڕایان وایە خارخار هەڵەبجەیە، هەڵەبجە دێیەک بووە لەنێوانی باوەکۆچەک و بامۆک، واتە پەیوەندی بە گوندی خەرپانییەوە نییە. گوندی خەرپانی دەکەوێتە نێوان گوندەکانی زەردەهاڵ و بەڵخە و دەرەشیش، لە پشتییەوە عەبابەیلێ و لە خوارەوەش عەنەب هەن. بە دەوری گوندی خەرپانیدا کۆمەڵێک قەڵا هەن، وەک قەڵا زێڕین، قەڵای گاوران لە سەرەوە، لە خوارەوە ئەسحابە درێژ هەیە، لە پشتییەوە پیرداود هەیە، بەپێی ڕووداوەکان ئەو گوندە مێژوویەکی کۆنتری هەیە لەوەی گوایە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر بووە. بوونی ئەو هەموو گۆڕستانە گەورەیە لە ناوچەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مێژووەکەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. گوندەکە بنەچەیەکی هەورامی هەیە کە سەر بە هەورامانی لهۆنە. ئەوەی گوندی خەرپانی بەناوبانگ کردووە و ناوی بردووەتە نێو کتێبەکانەوە، کەسایەتییەکی ئایینی بووە بەناوی (شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی). باپیرە گەورەیان بەناوی (محەمەد کۆسە) ساڵی ١٦٨٠ لە قەرەداخەوە چووەتە گوندی خەرپانی و لەوێ نیشتەجێ بووە، کوڕێکی بەناوی (مەلا ئیسماعیل) دەبێت کە زانایەکی زۆر گەورە بووە لە دوای باوکی. ساڵی ١٧٤٦ شێخ ئیسماعیل کوڕێکی دەبێت بەناوی (مەلا عەبدوڵڵا)، لەلای باوکی دەخوێنێت و زۆر شت لەبارەی زانستەکانی ئیسلام فێر دەبێت، پاشان کۆچ دەکات بۆ خورماڵ و لەوێش هەندێک وانە دەخوێنێت و پاشان دەچێت بۆ بیارە و پاشانیش بۆ هەڵەبجە و هەولێر و سلێمانی و دواتر بۆ پشدەر بۆ لای بنەماڵەی ماوەرییەکان و حەیدەرییەکان، لەوێ مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ خەرپانی. کاتێک مەلا ئیسماعیل کۆچی دوایی دەکات، مەلا عەبدوڵڵا دەبێتە پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی خەرپانی، یەکەم کاری کە دەیکات حوجرەیەکی زۆر گەورە دروستدەکات و فەقێیەکی زۆر لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە دەهێنێت و پەروەردەیان دەکات، ماوەی ٧٥ ساڵ لەو حوجرەیە خەریکی گوتنەوەی وانە بووە، مەلایەکی زۆر پێدەگەیێنێت، یەکێک لەوانە شێخ ئەمجەدی زەهاوییە کە موفتی هەموو عێراق بوو، یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە لەو قوتابخانەیە پەروەردە بووە، مەولانا خالیدی نەقشبەندیە، هەروەها نالیی شاعیر کە بەرزترین شاعیری کوردە و هەر لەو قوتابخانەیە پەروەردە بووە.قوتابخانەی خەرپانی لەو ماوەیەدا هێندە نێودار دەبێت کە میرانی بابان خۆیان دێن بۆ لای مەلا عەبدوڵڵا و کۆمەڵێک پارچە زەوی و موڵکی ئەو ناوچەیەی بەناو دەکەن بۆ ئەوەی ئەو سامان و داهاتە لە خزمەت حوجرە و فەقێیەکان خەرج بکات. بۆیە ئەو قوتابخانەیە دەبێتە گەورەترین قوتابخانە لە دەشتی شارەزوور کە خەڵک ناویان لێناوە سێکوچکەی زانست، واتە قوتابخانەکەی مەلا عەبدوڵڵای خەرپانی، قوتابخانەی مەلا جەلالی خورماڵی و قوتابخانەی بیارە.


سەرچاوەکان



693 بینین