تونێلی پێشڕەو

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-12-19:57:00 - کۆدی بابەت: 8616
تونێلی پێشڕەو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تونێلی پێشڕەو (بە عەرەبی: نفق بیشرو) درێژترین تونێلی شاری سلێمانییە و یەکەمین تونێل بوو کە لە عێراقدا بەپێی پێوەرە جیهانییەکان دروستکرا، ئەم تونێلە دەکەوێتە سەر شاخی ئەزمەڕ و پڕۆژەیەکی ستراتیجییە کە شاری سلێمانی بە قەزای شارباژێڕ دەبەستێتەوە، ماوەی دروستکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکە دوو ساڵی خایاندووە لە ساڵی 2005 دەستکراوە بە ئەنجامانی پڕۆژەکە، بڕی تێچووی دروستکردنەکەی 18 ملیۆن و 200 دۆلاری ئەمریکی تێچووە، لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە یارمەتی کۆمپانیایەکی ئێرانی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ کراوە، درێژی تونێلەکە نزیکەی 2400 مەترە و لە ساڵی 2009 پڕۆژەکە تەواوکراوە و کراوەتەوە.

واتای ناوی تونێلەکە

ئەم تونێلە وەکوو ڕێزلێنانێک بە ناوی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەوە ناونراوە، کە ناوی "ئەندازیار پێشڕەو محەمەد سدیق" بوو و پێش کۆتایی هێنان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کۆچی دوایی کردووە.

سوود و گرنکی پڕۆژەکە

ئەم پڕۆژەیە لەسەر چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی دروستکراوە، ناوچەی شارباژێڕی بە سلێمانی بەیەکەوە بەستووەتەوە، ڕێگایەکی درێژ و ترسناکی پێچاوپێچی کورت کردووەتەوە، بەوهۆیەوە ناوچەی سیتەک لەدوای دروستبوونی ئەو تونێلەوە بووژاوەتەوە و بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری گرنگ بەڕووی گەشتیاراندا.

چەند کێشەیەکی تونێلەکە

تا ئێستا لە دوای کردنەوەی تونێلەکەوە چەند جارێک تونێلەکە بەهۆی چەند کێشەیەکەوە داخراوە، کێشەی کەشوهەوا و بارینی بەفر، چاککردنەوە و کێشەی تەکنیکی و پاککردنەوە لە هۆکارەکانی لەکارکەوتنی ساڵانەی تونێلەکە بوون، هەروەها نەبوونی شوێنی پیادە و کێشەی ڕووناکی و نەبوونی دەرچەیەک بۆ هەواگۆڕکێی سروشتی و دەرکردنی دووکەڵ لە کێشەکانی ئەو تونێلەن.


سەرچاوەکان



590 بینین