لانتووری (٢٠١٦)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-13-22:38:00 - کۆدی بابەت: 8636
لانتووری (٢٠١٦)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فیلمی لانتووری (بە فارسی: لانتوری) و (بە ئینگلیزی: lantori) فیلمێکی ئێرانییە لە ژانەری، درامی، ڕۆمانسی، تاوانکاری، کاری دەرهێنان و نووسین و بەرهەمهێنانی لەلایەن (ڕەزا دورمیشیان)ـەوە بۆ کراوە. فیلمەکە پاڵێوراوی ١٤ خەڵاتە و براوەی هەشت خەڵاتە. نواندنکاری بەناوبانگی بە ڕەگەز کورد (نەوید محەمەد زادە) ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، هەریەکە لە مەریەم پالیزبان، باران کەوسەری، مەهدی کۆشکی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.
کاتی فیلمەکە کاتژمێرێک و ٤٥ خولەکە، مۆسیقای فیلمەکە لەلایەن (کەیهان کەلهوڕ)ـی مۆسیقازانی بەناوبانگی کوردەوە ژەنراوە.
نمرەی ٦.٤ـی پێدراوە لە ماڵپەڕی IMDB تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان. هەروەها داهاتی فیلمەکە زیاترە لە شەش ملیار تمەن.

چیرۆکی فیلمەکە بەبێ سپۆیڵ

کوڕێکی گەنج بەناوی پاشا کە سەردەستەی باندێکی تاڵانکارییە و باندەکە پێکهاتووە لە چوار گەنج، کاریان دزیکردن و تاڵانکردنی ماڵی ئەو کوڕ و کچە دەوڵەمەندانەیە خۆش دەژین، پێیان وایە ئەمان پارەی خەڵکییان خواردووە و دەبێت سزای تاوانەکەیان وەربگرن.
هەموو شتێک بەباشی بەڕێوە دەچێت تاکوو پاشا ئاشقی کچێک دەبێت بە ناوی مەریەم، هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕازی بکات، مەریەم ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکی کۆمەڵایەتییە، هەوڵ دەدات ڕەزامەندی ئەو خێزانانە بەدەست بهێنێت کە کەسێکیان لێ‌کوژراوە تاکوو لە بکوژەکە خۆش ببن و سزای قصاصی (واتە سزادان بەپێی تاوان)ـی بەسەردا نەدەن.

چیرۆکی فیلمەکە بە سپۆیڵەوە

دوای ئەوەی پاشا هەموو ڕێگایەک تاقی دەکاتەوە تاکوو مەریەم خۆشی بوێت، بەڵام بێ‌سوودە و سەرناگرێت، تێزاب دەکات بە ڕووخساریدا و ڕووخساری دەشێوێنێت و هەردوو چاوی کوێر دەبێت، بۆیە پاشا سزا دەدرێت و حوکم دەدرێت بە قصاص، دادگا بڕیار دەدات بەهەمان شێوە تێزاب بکاتەوە بە ڕووخساری پاشادا، هاوڕێکانی پاشا هەموو هەوڵێک دەدەن تاکوو مەریەم ڕازی بکەن کە لێی خۆشبێت و قصاصی نەکات، بەڵام مەریەم پێداگرە لەسەر ئەوەی سزا بدرێت، تاکوو لە کۆتا ساتدا ڕای دەگۆڕێت و لێی خۆش دەبێت و دەڵێت: تەنها شتێک کە بۆم مابوویەوە بەخشین بوو، کاتێک وتم بەخشیم تەنها بیرم لە خۆم کردەوە نەمدەویست بیر لە کەسێکی تر بکەمەوە، کوێربوون یان نەبوونی ئەو کەسە بۆ من ئیتر جیاوازییەکی نییە، بەڵام بەخشین یاخود نەبەخشینی جیاوازی هەیە بۆم.

واتای لانتووری چییە؟

لە فیلمەکەدا لانتووری بە هاوواتای مشەخۆر دانراوە و بەوشێوەیە باسی لێوە دەکەن، لە دیالۆگێکدا دەوترێت: لانتووری واتە مێش، وەک چۆن مێش خوێنی کەسەکان دەمژێت لانتووریش بەهەمان شێوە کۆمەڵێک مشەخۆر و خوێن مژن، لێرەدا مەبەستییان لە باندە چوار کەسەکەیە کە دزی دەکەن و پارەی ماڵی خەڵک تاڵان دەکەن.
(فەرزاد جەمشیدی) پێشکەشکارێکی تەلەڤزیۆنی ئێران بووە، بەڵام دواتر لەلایەن حکوومەتەوە کارکردنی لێ قەدەغەکراوە، پێی وایە وشەی لانتووری لە (lantern) بە ئینگلیزی و (لانترن) بە فارسی و بە واتای چرا دێت.
ئەم دەستەواژەیە لە باشووری وڵاتی ئێراندا زیاتر بەکارهاتووە، کاتێک لە سەردەمانی کۆندا کارەبا و گڵۆپ و ڕووناکی کەم بووە، کۆمەڵێک چرا لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرانە ئێرانەوە کە بەرهەمی بەریتانیا بوون و وای لێهات هەر بە دەستەواژە ئینگلیزییەکە بەکاریان دەهێنا.

وشەی لانتووری لەناو خەڵکدا واتاکەی چۆنە؟

لەناو خەڵکی ئێراندا وشەی لانتووری لە قومارخانە و گازینۆکاندا بەکارهاتووە، لە کۆندا لە ئێران وا باو بووە هەر کەسێک لە کاتی قومارکردندا دۆڕاوە و نەیتوانیووە پارەی شکستەکەی بدات، ئەو کەسە دەبووایە چرا بۆ کەسی براوە هەڵبگرێت لە هەموو جێیەکدا بەتایبەت شوێنە تاریکەکان، ئەم کەسانە زۆر بە سووک سەیر دەکران بە جۆرێک پێیان دەوترا (چرا هەڵگر) ئەم دەستەواژەیەش وەک جنێوێک بەکاردەهات.
هەر بۆیە دەستەواژەی لانتووری بە کورتی واتە کەسێکی لاواز کە لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگایە و بە چاوێکی سووک سەیر دەکرێت.

ئامینە و پەیوەندی بە فیلمی لانتوورییەوە

کچێک بەناوی ئامینە یەکێکە لە قوربانییەکانی هێرشی تێزاب، ئامینە چەندین ساڵ لەمەوپێش لەژێر پردی سەیدخەندان لەلایەن گەنجێکەوە بەناوی مەجید کە پێشتر خوازبێنیکاری بوو تێزاب کرا بە ڕووخساریدا و بەهۆی ئەمەشەوە ڕووخساری بەتەواوی تێکچوو و هەردوو چاویشی کوێر بوو.
هەرچەندە ئامینە یەکەمین قوربانی هێرشی تێزاب نییە لە ئێراندا بەڵام بەناوبانگترین قوربانییە، ئامینە بۆ چارەسەر ڕووی کردە وڵاتی ئیسپانیا و دوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک هێشتا نەیتوانی بینایی چاوەکانی بەدەست بهێنێتەوە.

ئامینە دەستیکرد بە نووسینی کتێب و بەناوبانگترین کتێبی بەناوی (چاو لەبەرامبەر چاو) بوو کە باسی ژیانی خۆی دەکات، بە یەکێکە لە پڕفڕۆشترین کتێبەکان لە ئەڵمانیا  دادەنرێت و وەرگێڕدایە سەر چەند زمانێکی تریش. دوای چەند ساڵێک کە توانی سزادانی کەسی تاوانبار بە قصاص بەدەست بهێنێت، لە کۆتا ساتدا پەشیمان بوویەوە و لێی خۆشبوو.
بەڵام لە دۆسیەکەدا بەهەڵە وانوسراوە کە ئامینە لە هەموو شتێک خۆشبووە، ئەو دەڵێت تەنها لە سزادانی خۆشبووم نەک پێدانی پارە لە بەرانبەر تاوانەکەیدا، هەرچەندە زۆر هەوڵیداوە بەڵام تاکوو ئێستا نەیتوانیووە ئەو پارەیە وەربگرێت.

سکاڵای ئامینە لەسەر فیلمی لانتووری

ئامینە دەڵێت ماوەیەک پێش ئەوەی فیلمی لانتووری بەرهەم بهێنرێت، بڕیاربوو کۆمپانیایەکی ئەڵمانی ژیانی من بکات بە فیلمێک، کارەکانی فیلمەکە وردە وردە دەستی پێ کردبوو، بەڵام بەڕێز ڕەزا دوورمیشیان بەبێ ئەوەی هیچ بە من بڵێت فیلمێکی لەسەر ژیانی من بەرهەم هێناوە و بەمەش زیانێکی زۆری بە من گەیاند، چونکە کۆمپانیا ئەڵمانییەکە دوای بینینی فیلمی لانتووری ئیتر ئامادە نەبوو فیلمەکە بەرهەم بهێنێت و تەنانەت پێشیان وابوو کە خۆم ئەو کارەم کردووە.
ئەو پارەیەی بڕیاربوو لەو کۆمپانیایە وەریبگرم دەبووە سەرچاوەیەک بۆ چارەسەرم، بەڵام دەرهێنەری فیلمی لانتووری بەم کارەی زیانێکی گەورەی پێ گەیاندم.
ڕەزا دورمیشیان قسەکانی ئامینە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت چیرۆکی فیلمەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی ئامینەوە نییە، دەیەها ئافرەتی تر هەن وەک ئامینە بوونەتە قوربانی و من مەبەستم چیرۆکی ئامینە نەبووە.

خەڵاتەکان

  • براوەی خەڵاتی سیمورغی بلوورینە بۆ باشترین دەنگ
  • براوەی خەڵاتی پەیکەری شایستەییە بۆ باشترین میکیاج
  • براوەی خەڵاتی نیشانەی عەباسی کیارۆستەمییە بۆ باشترین دەرهێنەر بۆ ڕەزا دورمیشیان
  • براوەی دوو خەڵاتە بۆ باشترین فیلم 
  • براوەی خەڵاتی پەیکەری ڤیستیڤاڵییە بۆ باشترین مۆنتاژ
  • براوەی باشترین وێنەگرتنی فیلمە.

پاڵێوراوەکان

  • پاڵێوراوی خەڵاتی باشترین مۆنتاژ، باشترین میکیاج لە فێستیڤاڵی فەجر.
  • پاڵێوراوی باشترین، دەرهێنەر، باشترین نواندنکاری پیاو بۆ ڕۆڵی سەرەکی، باشترین نواندنکاری پیاو بۆ تەواوکەری ڕۆڵی سەرەکی، باشترین مۆنتاژ، باشترین دیزاینەری جلوبەرگ، لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی گەورەی سینەمای ئێران.
  • پاڵێوراوی باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین دەرهێنەر، باشترین نواندنکاری پیاو بۆ ڕۆڵی سەرەکی، باشترین مۆسیقا، باشترین میکیاج، باشترین وێنەگر، لە دەیەمین فێستیڤاڵی ئەنجومەنی ڕەخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران.


سەرچاوەکان



564 بینین