بۆق (٢٠٢٠)

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-24-12:12:00 - کۆدی بابەت: 8766
بۆق (٢٠٢٠)

ناوه‌ڕۆك

بۆق

بۆق (بە ئینگلیزی: frog، بە فارسی: قورباغە)، زنجیرەیەکی ئێرانییە کە لە مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکرایەوە، لە جۆری درامی، تاوانکاری و نهێنی ئامێزە، نمرەی ٨.١/١٠ وەرگرتووە لە سایتی IMdb تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان، ژمارەی ئەڵقەکانی ١٥ ئەڵقەیە و لە یەک وەرز پێکهاتووە، زنجیرەکە لە نووسین و دەرهێنانی (هومەن سەیدی)ـیە و یەکەم زنجیرەیە کە دروستی کردووە.

نواندنکارەکان

هەر یەک لەم نواندنکارانە بەشداریان تێدا کردووە:
 • نەوید محەمەد زادە لە ڕۆڵی نووری
 • سابر ئەبەر لە ڕۆڵی ڕامین فەیازی 
 • سەحەر دەولەتشاهی لە ڕۆڵی فەرانەک بەهرامی 
 • فریشتە حسێنی لە ڕۆڵی لەیلا
 • هومەن سەیدی لە ڕۆڵی ئەمیر عەلی شەمس ئابادی
 • میهران غەفوریان لە ڕۆڵی کیان

چیرۆکی زنجیرەکە

لە ڕۆژی چوارشەممە سووریدا سێ هاوڕێ بە ناوەکانی ڕامین، فەرید و جەواد دوای دزینی چەکی ئەفسەرێکی بریندار، دەست دەکەن بە دزی لە نووری، کە هاوپۆلی سەردەمی منداڵی ڕامینە، بووە بە کەسێکی دەوڵەمەند و گوماناوی، بەڵام ئەم ڕووداوە ژیانی ئەو سێ گەنجە تێکدەدات گۆڕانی بەسەردا دێت.
زنجیرەی بۆق چیرۆکێکی کۆمەڵایەتی هەیە کە باس لە کێشەکانی کۆمەڵگا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەر تاکێک دەکات.

چەند وتەیەک لە زنجیرەکە

جیهان بۆ من شوێنێکی بچووکە، هەندێک کات وا بیر دەکەمەوە کە خەریکە دەخنکێم، هەست دەکەم هەموو شوێنێک داخراوە و من ناتوانم هەناسە بدەم.
هەمیشە کورسییەک بۆم کەم بووە، پاڵتۆکەم بۆم تەسک بووە، پێڵاوەکانم بۆم بچووک بوون، کاتژمێرەکەم وەستاوە و من پێش ئەو جووڵاوم، جیهان بۆ من شوێنێکی بچووکە.

بەرهەمهێنان و پەخشی زنجیرەکە

زنجیرەی بۆق یەکەم زنجیرەیە کە هومەن سەیدی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، هەروەها یەکەم ئەزموونی نەوید محەمەد زادەیە لە بواری زنجیرەدا، زنجیرەکە لە ساڵی ٢٠١٩ دەست بە وێنەگرتنی کرا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرهەمهێنانی وەستا، تاکوو لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی بە وێنەگرتنی هات و هەر لە کۆتایی ئەو ساڵەدا بڵاوکرایەوە، وێنەگرتنی زنجیرەکە نزیکەی دوو ساڵی خایاند.
هەندێک راوێژ ئەنجامدرا بۆ ئەوەی زنجیرەکە لە پلاتفۆڕمی نێتفلێکس پەخش بکرێت، بەڵام نەگەشت بە ڕێککەوتن. ڕیزبەندی +١٥ـی پێدرا واتا سەیرکردنی بۆ کەسانی سەروو تەمەن ١٥ ساڵ گونجاو بێت، بەڵام وەزارەتی ڕێنمایی داوای پێداچوونەوەی کرد، لە کۆتاییدا زنجیرەکە لە پلاتفۆڕمی نماوا بە ڕیزبەندی +١٨ بڵاوکرایەوە.

خاڵە ئەرێنییەکانی زنجیرەکە

هومەن سەیدی یەکێکە لەو چەند دەرهێنەرە ئێرانییەی کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سینەمای جیهان دەکات، لەژێر کاریگەریی فیلمسازە سەرەکییەکانی جیهاندایە، ئەم کاریگەرییە لە "بۆق"دا دەبینرێت، سەیدی خۆی لە زیادەڕەوی دوور کەوتۆتەوە و ڕیتمی زنجیرەکەی پاراستووە.
ڕەنگە "بۆق" یەکێک بێت لەو زنجیرە کەمانەی کە پێکهاتەیەکی سینەمایی تێدایە، کە بینەرانی سینەما دەتوانن چێژ لە سەیرکردنی وەربگرن، وێنەگرتن، مۆنتاژ و دەرهێنانی زنجیرەی "بۆق" لە زنجیرەکانی تری ئێران باشترە.
هومەن سەیدی نواندنێکی باشی لە نواندنکارەکانی وەرگرتووە، وادیارە نەوید محەمەد زادە توانیویەتی لەم بوارەشدا بینەر لە خۆی ڕازی بکات.
مۆسیقای زنجیرەکە کە وادیارە بە ئیلهام وەرگرتن لە زنجیرەی "Dark"ەوە وەرگیراوە، بە باشی هەستی دیمەنەکانی زنجیرەکە بە بینەر دەگەیەنێت.

دەربارەی ئەو ماددە هۆشبەرەی کە لە زنجیرەکەدا باسکراوە

ئەم ماددە جادووییە لە ڕووەکێکەوە وەرگیراوە کە پێی دەوترێت هەناسەی شەیتان، بە تێکەڵکردنی لەگەڵ پێستی بۆقی ئەمریکی بەدەست دێت، بەردەوام بەکارهێنان یان زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی دەکرێت مەترسیدار دەبێت، هەناسەی شەیتان هیچ بۆن و تامێکی نییە، بەڵام مێشکی بەکارهێنەرەکە لەسەر باری ئاسایی ناهێڵێت، ئەم هاڕاوەیە لە داری (Borrachero) بەدەست دێت، ئەو کەسەی ڕۆحی شەیتان دەخوات، ئەوەندە کاریگەری لەسەری دەبێت کە بە تەواوی گوێڕایەڵ دەبێت و هەموو کارێک دەکات.
بەکارهێنانی هەناسەی شەیتان ڕێگری دەکات لە دروستبوونی یادەوەری لە مێشکدا، لەبەرئەوە کاتێک کاریگەری دەرمانەکە نامێنێت، بەکارهێنەر هیچ بیرەوەرییەکی ئەو خولەکانەی بیر نایەتەوە کە لەژێر کاریگەری ماددەکەدا بووە، جۆرێکی بۆق کە لە ڕووباری کۆلۆرادۆی ئەمریکادا دەژی، شلەیەکی ژەهراوی لە پێستی خۆی دەردەدات، کە بەرکەوتنی بە زمانی مرۆڤ خەیاڵی ناڕاست (وەهم) دروست دەکات.


سەرچاوەکان



1017 بینین