کامیلا کابێلۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-15-14:27:00 - کۆدی بابەت: 9024
کامیلا کابێلۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کارلا کامیلا کابێلۆ ئیستراباو (بە ئینگلیزی: Camila Cabello، بە خوێندنەوەی ئیسپانی: کامیلا کابێیۆ، بە عەرەبی: كاميلا كابيو) گۆرانیبێژ و هۆنراوەنووس و ئەکتەرێکی ئەمریکییە و لەدایکبووی کوبایە. دەستپێکی گۆرانی وتنی وەک ئەندامێکی گرووپی کچانی "پێنجەم هارمۆنی" بوو و لەوێ بەناوبانگ بوو، کە بووە یەکێک لە گرووپە کچانە پڕفرۆشەکان. لەوکاتانەشدا کابێلۆ لەگەڵ شۆن مێندێس گۆرانی "دەزانم هاوینی ڕابردوو چیت کرد - I Know What You Did Last Summer" بڵاوکردەوە، دواتر "شتە خراپەکان - Bad Things"ـی لەگەڵ ماشین گان کێلی بڵاوکردەوە، دووەمیان گەیشتە پلەی چوارەم لە بیلبۆرد هۆت ١٠٠ـی ئەمریکا. کامیلا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا گرووپەکەی بەجێهێشت.

لەدایکبوون
١٩٩٧/٣/٣
کۆجیمار، هاڤانا، کوبا
کار
  • گۆرانیبێژ
  • هۆزانڤان
  • ڕۆلگێڕ
ساڵانی چالاکی ٢٠١٢–ئێستا
ژانەر
  • پۆپ
  • لاتین
وێبگە camilacabello.com
واژۆ
Camila Cabello Signature.svg

کابێلۆ یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیی خۆی بەناوی کامیلا لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکردەوە؛ گەیشتە ژمارە یەک لە بیلبۆردی ئەمریکی ٢٠٠. ئەلبوومە پۆپە لاتینییە کاریگەرەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و بڕوانامەی پلاتینیۆمی لە کۆمەڵەی پیشەسازی تۆمارکردنی ئەمریکا (RIAA) بەدەستهێنا. کامیلا زیاتر بە گۆرانیی "هاڤانا" بەناوبانگ بوو کە لە چەندین وڵاتدا بووە پێشەنگی گۆرانییەکان، لەوانە ئەمریکا و بەریتانیا، گۆرانیی "Never Be the Same" لە چەندین وڵاتدا گەیشتە دە باشترینەکان. گۆرانیی دووانەی کابێلۆ لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ مێندێس بە ناوی "Señorita" بووە دووەم گۆرانییەکەی کە لە پلەی یەکەمی بیلبۆرد هۆت ١٠٠ـدا بێت.

دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیی بەناوی ڕۆمانس (٢٠١٩) لە پلەی سێیەمی چارتی بیلبۆرد ٢٠٠ و پلەی یەکەمی لە کەنەدا بەدەستهێنا، گۆرانییەکەی بەناوی "My Oh My" لە پلەی دوازدەهەمدا لە بیلبۆرد هۆت ١٠٠ و لەناو ١٠ باشترین ئەلبوومی چەندین وڵات هات. لە ساڵی ٢٠٢١ کابێلۆ یەکەم کاری نواندنی کرد و لە فیلمی سەندرێلادا ڕۆڵی سەرەکی گێڕا. کابێلۆ لە ٨ـی نیسانی ٢٠٢٢ سێیەم ئەلبوومی ستۆدیۆیی خۆی بەناوی "فامیلیا" بڵاوکردەوە، گۆرانیی سەرەکیی "Don't Go Yet" لە مانگی تەممووزی ٢٠٢١ شانبەشانی ڕاگەیاندنی ناونیشانی ئەلبوومەکە بڵاوکرایەوە. دووەم تاک تراکی فامیلیا بەناوی "Bam Bam" لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە و گەیشتە پلەی ٥ی سەرەکی لە چارتی بیلبۆرد گڵۆباڵ ٢٠٠.

بەپێی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی پیشەسازی فۆنۆگرافی (IFPI)، کابێلۆ ملیارەها ستریمی لە پلاتفۆرمی مۆسیقادا کۆکردۆتەوە و گۆرانیی "هاڤانا" بووە پڕفرۆشترین گۆرانیی دیجیتاڵی ساڵی ٢٠١٨. خەڵاتە زۆرەکانی کابێلۆ بریتین لە دوو خەڵاتی گرامی لاتینی و پێنج خەڵاتی مۆسیقای ئەمریکی و یەک خەڵاتی مۆسیقای بیلبۆرد. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ "هاڤانا" لەلایەن RIAA بڕوانامەی ئەڵماسی پێدرا، ئەمەش وایکرد کابێلۆ یەکەم ژنە ئیسپانی بێت کە ئەم بڕوانامەیەی وەرگرتبێت.

لە کۆتا یاریی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٢٢، کامیلا گۆرانیی هاتنەژوورەوە و دەستپێکی ئاهەنگەکەی چڕی.

تەمەنی سەرەتایی و پەروەردە

کابێلۆ لە شاری هاڤانا لە کوبا لەدایکبووە، دایک و باوکی ناویان ئەلیخاندرۆ کابێلۆ و سینوهێ ئیستراباو بووە. لە شارۆچکەی کۆجیمار لە ڕۆژهەڵاتی هاڤانا گەورە بووە. باوکی لە شاری مەکسیکۆ سیتی لەدایکبووە و خەڵکی مەکسیکە و دواتر کۆچی کردووە بۆ کوبا. خوشکێکی بچووکی هەیە بە ناوی سۆفیا. کابێلۆ و خێزانەکەی لە زۆربەی ژیانی سەرەتاییدا لە نێوان هاڤانا و مەکسیکۆ سیتیدا هاتووچۆیان کردووە. کاتێک کابێلۆ تەمەنی شەش ساڵ بوو، لەگەڵ دایکیدا ڕوویان لە شاری میامیی ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا کرد؛ باوکی لەو کاتەدا نەیتوانی ڤیزا وەربگرێت و نزیکەی ١٨ مانگ دواتر پەیوەندی بە خێزانەکەوە کرد. کابێلۆ لە ساڵی ٢٠٠٨ ڕەگەزنامەی ئەمریکی بەدەستهێنا.

ئەو لە قوتابخانەی ئامادەیی میامی پاڵمێتۆ خوێندوویەتی بەڵام لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٢-٢٠١٣دا وازی لێهێنا کاتێک لە پۆلی ٩ بوو، بۆ ئەوەی کاری وتنی گۆرانی بکات. دواتر بڕوانامەی ئامادەیی بەدەستهێنا.

ژیانی تایبەت

کابێلۆ پەیوەندی لەگەڵ ڕاهێنەر و نووسەر ماتیۆ هوسی هەبووە، کە لە سێتی بەرنامەی The Today Show ناسیویەتی. لە مانگی شوباتی ٢٠١٨ تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ پێکەوە بوون و دواتر جیابوونەوە. دواتر لە تەممووزی ٢٠١٩ لەگەڵ گۆرانیبێژی کەنەدی شۆن مێندێس دەستیان کرد بە یەکتربینین و چاوپێکەوتنی دووکەسی، کە پەیوەندییەکە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، چونکە هەردووکیان تۆمەتبار کران بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پەیوەندییەک بۆ بانگەشەکردن، لەکاتێکدا مێندێس ڕەتیکردەوە و رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە بانگەشە و فێڵ نییە". دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانیی "Señorita"ـەکەیان، پەیوەندییەکە پشتڕاستکرایەوە. لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١، کابێلۆ و مێندێس جیابوونەوەیان ڕاگەیاند.

کابێلۆ تووشی دڵەڕاوکێ و تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا بووە. بە ئاشکرایش باسی لە بەشداریکردنی لە چارەسەر و وەرگرتنی چاودێریکردنی تەندروستی دەروونی و باشبوونی مرۆڤ کردووە.

کابێلۆ لە ساڵی ٢٠١٩ خانوویەکی لە گەڕەکی هۆلیوود هیڵز لە لۆس ئەنجلۆس کڕیوە کە ڕووبەرەکەی ٣٥٠٠ پێی چوارگۆشەیە (٣٣٠ م٢)، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا بڵاوکرایەوە کە ئەو خانووەی بە بڕی ٤.٣ ملیۆن دۆلار فرۆشتووە.

ئەلبوومەکان

  • Camila (2018)
  • Romance (2019)
  • Familia (2022)


سەرچاوەکان



1053 بینین