گواستنەوەی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-06-18-17:30:00 - کۆدی بابەت: 9069
گواستنەوەی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گواستنەوەی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ (به ئینگلیزی: Xenotransplantation) بەو خانە، شانە و بەتایبەت ئەندامانە دەوترێت کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە. گواستنەوەی ئەندامی جەستە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ لە سەردەمێکی کۆنترەوە هەیە بەڵام زۆری نەخۆش و کەمی ئەندام بۆ گواستنەوە وای لە زانایان کردووە پەنا ببەنە بەر گواستنەوەی ئەندام لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ.
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی یونایتد بۆ هاوبەشیکردنی ئەندامەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕێی چاندنی ئەندام دەکەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٩٠ هەزاریان چاوەڕێی گواستنەوەی گورچیلە دەکەن و بەم جۆرەش هەر نەخۆشێک پێویستە سێ بۆ پێنج ساڵ چاوەڕێ بکات تا گواستنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت. بەکارهێنانی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و بەشێوەیەکی سەرەکیش دەتوانرێت دڵ، جگەر، گورچیلە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.  

مێژووی ئەم گواستنەوەیە

یەکەم تاقیکردنەوەی چاندنی ئەندامی ئاژەڵ لە جەستەی مرۆڤدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٣ و ١٩٦٤، کە بۆ یەکەمجار گورچیلەی مەیموونی شامپانزی بۆ جەستەی مرۆڤ گواسترایەوە، یەکێک لە نەخۆشەکان کە گورچیلەی شامپانزی وەرگرتبوو بۆ ماوەی نۆ مانگ ژیا.
دوو لە دیارترین گواستنەوەکانی ئەندامی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ لە دوو دەیەی ڕابردوودا بریتیبوون لە گواستنەوەی دڵی بابوونێک بۆ جەستەی منداڵێکی ساوا لە ساڵی ١٩٨٤ و گواستنەوەی مۆخی ئێسک بۆ نەخۆشێکی ئایدز بە ناوی (جێف گێتی) لە ساڵی ١٩٩٥. منداڵە ساواکە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە ژیاندا مایەوە، بەڵام جەستەی جێف گێتی ڕاستەوخۆ چاندنەکەی ڕەتکردەوە. بەراز و مانگا بەشێوەیەکی سەرەکی وەک سەرچاوەی وەرگرتن و چاندنی ئەندامەکان لە جەستەی مرۆڤدا دادەنرێن و ئەو هۆکارانەی وایان کردووە زیاتر سوود لە ئەندامەکانی بەراز ببینرێت بریتیین لە:

  • قەبارەی ئەندامەکانی تاڕادەیەکی زۆر لە ئەندامەکانی مرۆڤەوە نزیکە
  • شێوازی کارکردنی ئەندامەکانی تاڕادەیەکی زۆر لە شێوازی کارکردنی ئەندامەکانی مرۆڤەوە نزیکە
  • بەشێوەیەکی خێرا گەشە دەکات و وەچە دەخاتەوە

ئاستەنگەکانی ئەم گواستنەوەیە چین؟

وەک ئاشکرایە کە سیستمی بەرگری جەستەی مرۆڤ هێرش دەکاتە سەر هەر شتێک کە بە بەشێکی نامۆی جەستەی مرۆڤی بزانێت، بەکارهێنانی ئەندامەکانی ئاژەڵیش بۆ مرۆڤ هانی سیستمی بەرگری جەستەی مرۆڤ دەدات ئەو ئەندامە وەک ئەندامێکی نامۆ بناسێتەوە و دواتر هێرش بکاتە سەری، بەم جۆرەش جەستە ئەندامە گواستراوەکە ڕەت دەکاتەوە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەکرێت دەرمانی لاوازکردنی سیستمی بەرگری بەکار بهێنرێت، بەڵام ئەم چارەسەرە زیاتر بۆ گواستنەوەی ئەندامەکان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ گونجاوترە. یەکێکی تر لە بەربەستەکان ئەوەیە ئاژەڵ‌دۆستان بەکارهێنانی ئاژەڵەکان لەم کردارە ڕەتدەکەنەوە. 
دەکرێت ئەو نەخۆشیانەی تایبەتن به ئاژەڵ بەهۆی ئەم کردارەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.
لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ گواستنەوەی دڵی بەرازێک بۆ پیاوێکی ئەمریکی ئەنجام درا کە  تێیدا دە بۆهێڵی (Gene) دڵی بەرازەکە دەستکاری کرابوو، (سێ بۆهێڵی هۆکاری ڕەتکردنەوەی لابرا (لە کارخرا)، یەک بۆهێڵی گەشەی شانەکانی ئەو دڵە لابرا، شەش بۆهێڵی بۆ زیادکرا تا سیستمی بەرگری جەستەی نەخۆشەکە ئەندامەکە قبووڵ بکات. دوای دوو مانگ لە نەشتەرکاری چاندنی دڵی بەراز نەخۆشەکە گیانی لەدەست دا.   
پزیشکەکان لە هەوڵی ئەوەدان ئەم ڕێگەیە وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی جگەر بەکاربێنن، هەروەها دەکرێت بۆ چارەسەری کورتخایەن بۆ ئەو نەخۆشانەی کە لە دۆخێکی باشدا نین تاکوو ئەو کاتەی ئەندامی مرۆڤیان دەست دەکەوێت، بەکاربێت. 


سەرچاوەکان



784 بینین