نوستن لەسەر سک

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-29-18:54:00 - کۆدی بابەت: 6095
نوستن لەسەر سک

ناوه‌ڕۆك

گرنگی نوستن

توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کە وەرگرتنی بڕی پێویستی خەو یارمەتیدەرە لە چاککردنی هەموو جۆرە کێشەیەک، خەو کار دەکاتە سەر کاری مێشک و تەرکیز زیاد دەکات، بەڵام کەمخەوی پێچەوانەی ئەوە دەکات و بیرەوەری دەشێوێنێت و لەبەرکردنی زانیارییەکان و تێگەیشتن لێیان قورس دەکات، هەروەها وەرگرتنی بڕی پێویستی خەو گرنگە بۆ هەستەکان و باری دەروونی باش دەکات و هەستە ئەرێنییەکان بەهێز دەکات و نەرێنییەکان دوور دەخاتەوە، نوستن زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ و پەستانی خوێن و سوڕی خوێن و کۆئەندامی بەرگری، هەروەها گرنگیشە بۆ تەندروستی وەرزشوانان و پاراستنی بەردەوامی و ماسولکەکانیان، هەروەها دیاریکردنی شێوازی نوستنەکەش گرنگە، کە چەندین شێوازی نوستن هەیە تێیدایە بەسوودە و تێیدایە زیان دەگەیەنێت بە جەستە. 

زیانەکانی نوستنی سەر سک

زۆر کەس هەن کە لەسەر سک دەخەون، وێڕای ئەوەی خەوتنی سەر سک یارمەتیدەرە لە کەمکرنەوەی پرخەپرخ و کەمبوونەوەی پچڕانی هەناسە لەکاتی نوستندا، بەڵام چەندین زیانیشی هەیە، لە زیانەکانی نوستن لەسەر سکیش ئەوەیە کە کاریگەری دەخاتە سەر بڕبڕەی پشت، جا زیانەکە لە مل یان پشت یان جومگەکاندا بێت، هەتاکوو نوستن بەو شێوازە زیاد بکات ئەگەری پەستان و ئازار لەسەر بڕبڕە زیاد دەکات، هەروەها ژمارەی بەخەبەرهاتنەکان بەهۆی نائاسوودەییەوە زیاد دەکات، لێکدانەوەی ئەوەش ئەوەیە کە زۆربەی کێشی جەستەی مرۆڤ لە ناوەڕاستی جەستەیدایە و ئەمەش پارێزگاریکردن لە شێوەی ئاسایی بڕبڕەکان لەکاتی نوستن لەسەر سکدا قورس دەکات، هەروەها جێی ئاماژەیە کە دەمارەکانی نزیک بڕبڕە بەهۆی ئەو پەستانەوە کارتێکراو دەبن، وەکوو ئاماژەی پێکرا نوستن لەسەر سک دەبێتە هۆی چەندین کێشە لە ملدا، هۆکاری ئەوەش ڕێکنەکەوتنی سەر و ملە لەگەڵ بڕبڕەی پشتدا لەکاتی نوستن لەسەر سک، ئافرەتی دووگیان ئامۆژگاری دەکرێت بە نەنوستن لەسەر سک، بەڵام ئەگەر ناچار بوو ئەوە پێویستە لەسەری زۆر ئاگاداربێت و بە ئاگاییەوە ڕەفتار بکات، هەروەها هەمیشە ئافرەتی دووگیان ئامۆژگاری دەکرێت بە نوستن لەسەر لای چەپ ئەویش لەپێناو دەستخستنی پانتایی پێویست بۆ منداڵەکە، هەروەها باشترین شێوازە بۆ وروژمکردنی خوێن بە شێوەیەکی تەندروست ئەویش لە پێناوی دەستخستنی بڕی پێویستی ئۆکسجین بۆ منداڵەکە و بۆ دایکەکەش، هەروەها هەندێک ئامۆژگاری هەن بۆ ئەو کەسانەی بەم شێوازە خەوە ڕاهاتوون و ناتوانن بیگۆڕن وێڕای زانیارییان دەربارەی زیانەکانی خەوتن لەسەر سک، یەکەمینیان بەکارهێنانی سەرینێکی بەرزە، یان هەر بەکارنەهێنانی سەرین ئەویش لەپێناو ئەوەی مل و سەر لە هەمان ئاستدا بن لەکاتی خەوەکەدا، کە پەستانی سەری کەم دەکاتەوە، هەروەها ئامۆژگاری دەکرێت بە بەکارهێنانی سەرینێک لە خوارووی حەوز لە پێناو هاوئاست کردنەوەی پشت لەکاتی نوستندا، بەڵام لە کاتی هەستان لە خەودا ئامۆژگاری دەکرێت بە ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانی درێژبوونەوە، کە ئەمە هاوکارە لە گەڕانەوەی جەستە بۆ شێوەی ئاسایی خۆی و پاڵپشتی ماسولکەکانیش دەکات، هەروەها چەند شێوازێکی تەندروست هەیە بۆ نوستن، بۆ نموونە نوستن لەسەر لای چەپ و لەسەر پشت باشترین شێوازەکانی نوستنن و چەندین سوودیان هەن، وەکوو: پارێزگاری لە بڕبڕەی پشت و پەستان نەخستنە سەری، کەمکردنەوەی پرخەپرخ، یارمەتیدانی کردەی هەرس، ڕیگری لە دڵەکزێ، هەروەها واباشترە سەرینێک لە نێوان پێیەکان دابنرێت لەکاتی نوستن لەسەر لا، ئەویش بۆ پارێزگاریی لە ڕێکیی بڕەبڕەی پشت و شێوەی جەستە. 

ڕێگاکانی نوستنی خێرا

نوستن بە یەکێک لە کردارە هەرە باشەکان دادەنرێت چونکە یارمەتیدەرە لە هەستکردنی کەسەکە بە ئاسوودەیی کە وادەکات مێشک و جەستە بە شێوەیەکی تەندروست کار بکەن، خەڵکانێکی زۆر بەدەست قورسی خەولێکەوتنەوە دەناڵێنن، چەند ڕێگایەک هەن بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە کەسەکە خەوی لێ بکەوێت، لەوانەش:

  • کەمکردنەوەی پلەی گەرمی ژوورەکە. 
  • ڕێکخستنی نوستن لەسەر جەدۆلێکی دیاریکراو.
  • ئەنجامدانی یۆگا و پشوودان و تێڕامان. 
  • تەرکیز نەکردن و سەیر نەکردنی کاتژمێر.
  • نەنوستن لە ڕۆژدا. 
  • ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی لە ڕۆژدا. 
  • وازهێنان لە خواردنەوەی کافایین و خواردنەوە ئارامکەرەوەکان. 
  • نەبردنی ئامێرە کارەبایی و زیرەکەکان بۆ ژووری نوستن.
  • چاودێری کاتەکانت خواردن و دوورکەوتنەوە لە خواردن بەر لە نوستن بە ماوەیەکی کورت.
  • هەڵبژاردنی شێوازی گونجاوی نوستن.


سەرچاوەکان



7349 بینین