ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی

له‌لایه‌ن: - دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-07-15-03:14:00 - کۆدی بابەت: 5894
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی

ناوه‌ڕۆك

ڕێگریکردن لە دووگیانی

زۆرێک لە هاوسەران نایانەوێت ببنە خاوەنی منداڵ و هەر بۆیە ڕێگری دەکەن لە دووگیانی، ڕێگاکانی ڕێگری کردن زۆرن و هەموویان کاریگەری لاوەکی خراپیان هەیە لەسەر هەردوو هاوسەرەکە و بەتایبەت خانمەکە، ڕێگری کردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی بێ کێشەترین ڕێگایە.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی چۆنە؟

ڕێگری کردن بە ڕێگای سروشتی بە چەند ڕێگایەک دەوترێت، کە تێیدا کاتی هێلکەدانان و چەند هۆکارێک وەک و دەردراوەکانی زێ، پلەی گەرمی جەستە، سوڕی مانگانە و هەموو ئەمانە لە بەرچاوو دەگیردرێت.

ڕێگریکرن بە ڕێگای سروشتی بە بێ بەکارهێنانی هیچ جۆره دەرمانێکە و تێیدا ڕێگری دەکرێت کە سپێرم هێلکە بپیتێنێت و کاتی هێلکەدانانی خانمەکەش دیاری دەکرێت تاکوو لەو کاتەدا جووتبوون ڕوونەدات.

ڕێگاکانی ڕێگری کردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشی

هێنانە دەرەوەی ئەندامی زاوزێی پیاو لە زێی ئافرەتەکە پێش ڕژان

لەم جۆرەی ڕێگری کردنەدا، پیاو هەوڵ دەدات هیچ سپێرمێک نەکاتە ناو لەشی خانمەکەوە، هەر بۆیە پێش ڕژان ئەندامی زاوزێیان دەردەهێنن، تاکوو لە دەرەوەی جەستەی خانمەکە بڕژێت، ئەم ڕێگایە زۆر دڵنیا نییە و ئەگەری سەرکەوتنی لە سەدا ٧٥ بۆ ٨٠ـە، چونکە ئەگەری هەیە بڕێک لە ئاوی پیاوەکە کە سپێرمی تێدایە هەر بچێتە ناو لەشی خانمەکەوە، لە کێشەی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە پیاوان ناتوانن بە ئاسانی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕژان ڕوونەدات لە ناو لەشدا.

ئەو هاوسەرانەی کە چەند جوتبوونێکیان هەیە بەدوای یەکدا و ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنن، باشترە پیاوان پێش نزیک بوونەوە میز بکەن، چونکە ئەگەر هەر شتێک لە ئاوی پێشوو مابێتەوە لەگەڵ میزەکەدا دەڕوات.

تێبینی: ئاگاداربن ئەگەریش جووتبوونەکەتان بەبێ تێخستنە و تەنها نزیک بوونەوەیە، ئەگەری هەیە هەر چەند دڵۆپێک سپێرم بچێتە لەشی خانمەکەوە و ببێتە هۆی دووگیانی.

بەدواداچوونی دەردراوەکانی زێ

دەردراوەکانی منداڵدان پێش هێلکەدانان ئاوی و ڕوون دەبن، ئەم دەردراوانە دوای هێلکەدانان و بە زیادبوونی ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن، خەست و ناڕوون دەبن، دەردراوەکانی زێ لە ماوەی هێلکەداناندا، زۆرترین شێداریی هەیە، بۆیە کاتێک ئەمە ڕووەدات دەبێت بزانیت کە ئەمە نیشانەی نزیکبوونەوەی کاتی هێلکەدانانە، تاکوو چوار ڕۆژ دوای ئەمە ئەگەری دووگیان بوون زۆر زۆرە و نابێت جووتبوون ڕووبدات، ئەم ڕێگایە زۆر دڵنیا نییە، چونکە بەدواداچوونی ئاستی شێداریی زێ لە خانماندا زۆر قوورسە و هەندێک خانم ناتوانن ماوەی پێش هێلکەدانان بزانن.

ئاگاداربوون لە گۆڕانی پلەی گەرمی جەستە

هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن دەتوانێت پلەی گەرمی جەستەی خانمان نیو پلە زیاد بکات، ئەم نیشانەیەش پیشاندەری هێلکەدانانە، بۆ ئەم ڕێگایە دەبێت هەموو ڕۆژێک کاتی هەستان لە خەو پێش ئەوەی لە جێگەی نوستنەکەت بێیتە دەرەوە، پلەی گەرمی جەستەت بپێویت، هەر کاتێک پلەی گەرمی جەستەت نیو پلە زیاتر بوو واتە هێلکەدانان ڕوویداوە، تا سێ ڕۆژ دوای ئەوە باشترە جوتبوون ئەنجام نەدرێت چونکە ئەگەری دووگیانی زۆرە.

سەرنجدان لە هەندێک نیشانە

دەبێت سەرنجی هەندێک نیشانە بدەیت و ئاگاداربیت، وەک ئازاری کەمی گەدە، هەستیار بوونی مەمک، بە دەست لێدان لە مەمکت هەست بەمە دەکەیت، ئەم ڕێگایە باشترین ڕێگایە بۆ دیاریکردنی کاتی هێلکەدانان.

دۆزینەوەی کاتێکی گونجاو بۆ جوتبوون

ئەگەری دووگیانی لە ڕۆژە جیاوازەکانی سوڕی مانگانەدا جیاوازە، سپێرم دوای ڕۆشتنی بۆ ناو زێ، بە لایەنی زۆرەوە ٧٢ کاتژمێر دەتوانێت بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەگەر سپێرم بە لایەنی زۆرەوە ٣ ڕۆژ پێش هێلکەدانان بچێتە ناو لەشی خانمەکەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی پیتاندنی هێلکە و دووگیانی، هێلکەکان دوای بەڕەڵابوونیان دەتوانن تاکوو ٤٨ کاتژمێر بە زیندوویەتی بمێننەوە، بۆ دڵنیایی دەبێت هەر ٧٢ کاتژمێر دابنێیت بۆ زیندوو مانەوەی هێلکەکان، ماوەی٣ ڕۆژ و پێش ٣ ڕۆژ دوای هێلکەدانان بە ماوەیەک دادەنرێت کە ئەگەری دووگیان بوون زۆرە تێیدا، بە ماوەکانی تریش جگە لەم ماوەیە دەوترێت ماوەی دڵنیایی، بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی دەتوانن لە ماوەی دڵنیاییدا جوتبوون بکەن، ئەگەر لەم ماوەیەشدا بە هیچ شێوەیەک ناتانەوێت کە خانمەکە دووگیان ببێت، واباشترە لە ڕێگای تریش سوود وەربگرن بۆ ڕێگریکردن.

ڕێگای بەرواری

لەم ڕێگەیەدا دەتوانیت، بە ژماردنی ڕۆژەکان تەواوی ڕۆژەکانی سوڕی مانگانەکەت بزانیت و ماوەی دڵنیایی و ئەو ماوەیەی کە ئەگەری دووگیانی زۆرە تێیدا، هەڵبەتە سوڕی مانگانەی هەر خانمێک جیاوازە و لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ڕۆژدایە، دەبێت ئاگاداری درێژی سوڕەکەت بیت، ئەگەر سوڕی مانگانەت ڕێک بێت ئەوا دیاریکردنی ئەم ماوانە ئاسنترە، بەڵام ئاگاداربە ئەگەر سوڕێکی مانگانەی ناڕێکت هەیە، ئەوا دیاریکردنی ئەم ماوانە زۆر قورسە و سەرکەوتوو نابێت.

بۆ ڕێگری کردن لە دووگیانی بەم ڕێگایە دەبێت ٣ تا ٦ مانگ بەرواری سوڕی مانگانەکەت بنووسیت، بۆ ئەم کارە یەکەمین ڕۆژی کەوتنە سەر خوێنت بنووسە و ژمارەی ڕۆژەکانی کەوتنە سەر خوێنت بژمێرە هەموو جارێک، مانگ بە مانگ لەوانەیە گۆڕانکارییەک لە ڕۆژەکان و ژمارەکاندا ڕووبدات، بەڵام دوای ٦ مانگ دەتوانیت نێوەندی ئەم ڕۆژانە حساب بکەیت، دەتوانیت ماوەی دڵنیایی و ئەو ماوەیەی بە لایەنی زۆرەوە دووگیان ببیت دیاری بکەیت.

بەرەڵابوونی هێلکەکان بە گشتی لە ناوەڕاستی سوڕی مانگانەکەتدا ڕوودەدات، بۆ نموونە ئەگەر ماوەی سوڕی مانگانەکەت بە لایەنی زۆرەوە ٢٨ ڕۆژە، هێلکەدانان لە ڕۆژی ١٤ـدا ڕوودەدات، سێ ڕۆژ پێش و سێ ڕۆژ دوای واتە (١١ تاکوو ١٧) ڕۆژدا، ئەگەری دووگیان بوون زۆر زۆرە، واباشە کە پەیوەندیتان نەبێت لەو ماوەیەدا.

ئامێری پشکنینی دووگیانی

ئەم ڕێگایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دووگیانی زۆر قورسە، ئەم ئامێری پشکنینی دووگیانییە بڕی هۆڕمۆنی تەنی زەرد لە میزدا دەپێوێت، هۆڕمۆنی تەنی زەرد ٢٠ تا ٤٨ کاتژمێر پێش هێلکەدانان زیادد دەکات ڕێژەکەی.

سوودەکانی ڕێگری کردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی

  • ڕێگری کردن لە دووگیانی بەم ڕێگایە ٪٩٣ سەرکەوتووە
  • هیچ زیانێکی لاوەکی نییە
  • هیچ تێچوویەکی تێ ناچێت
  • گونجاوە بۆ ئەو خانمانەی کە نایانەوێت حەپی دژە دووگیانی بخۆن یاخود لەولەب دابنێن

زیانەکانی ڕێگری کردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی

  • پارێزگاری ناکات لە توشبوون بە نەخۆشییە سێکسیەکان
  • زۆرینەی خانمان ناتوانن بە جوانی ماوەکان جیابکەنەوە و بۆیە ئەگەری دووگیانی زۆرە
  • بۆ دۆزینەوەی ماوەی هێلکەدانان و ئەوپەڕی ئەگەری دووگیان بوون پێویستت بە ٣ تاکوو ٦ مانگ هەیە
  • دوورکەوتنەوەی زۆر و وریایی زۆر لەکاتی جووتبووندا لەوانەیە هەستێکی ناخۆش دروست بکات.
  • سوودی نییە بۆ ئەو پیاوانەی کە زوو تووشی ڕژان دەبن و ناتوانن خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن

ئایا ڕێگری کردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی دەبێتە هۆی نەزۆکی؟

ڕێگری کردن لە دووگیانی بە ڕێگای سروشتی بۆ ماوەیەکی زۆر نابێتە هۆی نەزۆکی، ئەگەر منداڵت نابێت ئەوە بە هۆی کێشەیەکی ترەوەیە نەک ڕێگریکردنی سروشتی، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت ئەگەر دووگیان نابیت، هەندێک لە خانمان وادەزانن کە ڕێگری کردنی سروشتی بووەتە هۆی لاواز بوونی هێلکەکان، بەڵام لاواز بوونی هێلکە هیچ پەیوەندیییەکی بە ڕێگری کردنی سروشتییەوە نییە و بەڵکوو دەبێت هۆکارێکی دیکە بێت.


سەرچاوەکان



22765 بینین