کورتاج

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-10-21:00:00 - کۆدی بابەت: 5262
کورتاج

ناوه‌ڕۆك

کورتاج چییە و چ کاتێک دەکرێت؟

کورتاجکردن بۆ خانمان دەکرێت کاتی لەبارچوونی منداڵ یاخود چارەسەری هەندێک حاڵەتی تایبەت.
کورتاجکردن و فراوان بوون (Dilation and curettage) بە واتای فراوانبوون و هێنانە دەرەوەی نموونەیەکی ناو منداڵدانە لە دەستەواژەی گشتیدا ئەمە ناو دەبرێت بە کورتاج، ئەم پڕۆسەیە بەکاردێت بۆ هێنانە دەری نموونەیەک لە ناو منداڵدان، پزیشکان کورتاج (بە ئینگلیزی: curettage) بۆ دیاریکردن و چارەسەری هەندێک نەخۆشی ناو منداڵدان ئەنجام دەدەن.
بۆ نموونە بۆ دیاریکردنی هۆکار و چارەسەری خوێنبەربوونی توند، هەروەها بەکاردێت بۆ پاککردنەوەی منداڵدان دوای منداڵ لەبارچوون.
لە پڕۆسەی کورتاجدا پزیشک سوود لە ئامێری بچوک یان دەرمان وەردەگرێت بۆ کردنەوە و فراوانکردنی ملی منداڵدان و دواتر بە بەکارهێنانی ئامێرێکی نەشتەرگەری بەناوی (curette) نموونەکە لەناو منداڵداندا دەردەهێنێت، ئەمە نووکێکی تیژی هەیە و کاری هەڵمژین و دەرهێنان ئەنجام دەدات.

بۆچی پڕۆسەی کورتاج کردن ئەنجام دەدرێت؟

کورتاج بەکاردێت بۆ دیاریکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی منداڵدان.

دیاریکردنی نەخۆشی منداڵدان بە کورتاجکردن 

لەوانەیە پزشک سوود ببینێت لە جۆرێک لە کورتاج کە ناو دەبرێت بە (endometrial sampling) ئەم جۆرەی کورتاج کاتێک ئەنجام دەدرێت کە ئەم حاڵەتانەی خوارەوەت هەبێت:

١-  خوێنبەربوونی نائاسایی لە منداڵدانەوە.

٢- خوێنبەربوونی دوای تەمەنی نائومێدی.

٣- دۆزینەوەی خانە نائاساییەکانی دیواری منداڵدان لە کاتی پشکنین بۆ شێرپەنجەی منداڵدان.
بۆ پشکنینەکە پزیشک نموونەیەکی باشی وەرگرتووە لە منداڵدانی دایکەکە و دەینێرێت بۆ تاقیگە بۆ پشکنین، کە ئەم پشکنینە بۆ بەدواداچوونی ئەم حاڵەتانەی خوارەوە ئەنجام دەدرێت.

١- (endometrial hyperplasia)

بارودۆخێکە کە پێش شێرپەنجەکە ڕوودەدات، بەهۆی ئەوەوە پەردەی ناوەوە زۆر ئەستوور دەبێت.

٢- زیادبوونی خانەکان لەناوچەی دیواری منداڵداندا 

٣- شێرپەنجەی منداڵدان 

چارەسەری نەخۆشییەکان بە کورتاج کردن

ئەگەر کورتاج بۆ چارەسەرکردن بەکار هات، پزیشک بەشە زیادەکانی ناوەوەی منداڵدان دەردەهێنێت و هەڵبەتە ئەمانە نموونەیەکی بچوک نییە وەک ئەوەی بۆ پشکنین وەردەگیرا، کورتاج کردن بۆ چارەسەر لەمانەی خوارەوەدا بەکاردێت:

١- هێنانەدەرەوەی پارچەی منداڵ کە دوای لەبارچوونی منداڵ جێماوە لە منداڵداندا کە بۆ ئەوەی منداڵدان تووشی هەوکردن یان خوێن بەربوون نەبێت دەردەهێنرێت.

٢- لابردنی سکپڕی لە دەرەوەی منداڵداندا، کە ئەم حاڵەتە وەک وەرەمێک دەست نیشان دەکرێت نەک سکپڕی چونکە منداڵەکە لەناو منداڵدانی دایکدا نییە.

٣- چارەسەرکردنی خوێنبەربوونی زۆری دوای منداڵبوون، کە تێیدا ئەو بەشە جێماوەی وێڵاش دەردەهێنرێت کە لە منداڵداندا جێماوە.

٤- لابردنی خانە زیادەکانی دیواری منداڵدان یان ملی منداڵدان کە بە ئاسایی پاک و خانەی شێرپەنجەیی نین.

کورتاج کردن دەکرێت بە شێوەیەکی تر ئەنجام بدرێت بەناوی (hysteroscopy) کە بەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت ئامێرێکی باریک لەگەڵ دوربینێک و لایتێک دەکرێنە ناو دامێنەوە و لەڕێگەی ملی منداڵدانەوە دەچنە ناوەوەی منداڵدان.
بەم شێوەیە پزیشک دەتوانێت ناوەوەی منداڵدان لەسەر کۆمپیتەرێک ببینێت و ئەو خاڵانەی کە نائاسایین بەدواداچوونی بۆ بکات، خانە زیادەکانی دیواری منداڵدان ئاشکرا بکات و ئەگەر پێویستی کرد نموونەی لێ وەربگرێت، بەم ڕێگایە خانە زیادەکانی دیواری منداڵدان لاببرێت.

کاریگەرییە خراپەکانی کورتاج کردن 

کورتاج کردن بە گشتی زۆر بێ زیانە و بە دەگمەن کاریگەری خراپی دەبێت، ئەوانیش ئەمانەن:

١- کونبوونی منداڵدان

ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە ئەو ئامێرەی کاتی کورتاج کردن کونێک بکاتە ناو دیواری منداڵدان و زیانی پێ بگەیەنێت، ئەمە بە گشتی لەو خانمانەدا ڕوودەدات کە تازەکی دووگیان بووە یاخود بە تازەیی کەوتونەتە تەمەنی نائومێدییەوە.
زۆرینەی ئەم کونانە زوو خۆیان چاک دەبنەوە، بەهەرحاڵ ئەگەر دەمار یان ئەندامەکانی تری ناوەوە زیانیان بەرکەوێت، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە پڕۆسەیەکی تری کورتاج کردن پێویست دەکات.

٢- زیان گەیشتن بە ملی منداڵدان

ئەگەر کاتی کورتاج کردن ملی منداڵدان زیانی بەرکەوێت، پزیشک بە فشار خستنە سەر یان دەرمان هەوڵ دەدات کە خوێنبەربوونەکە بوەستێنێت، یاخود برینەکە بە تەقەڵ دەدورێتەوە.

٣- دروستبوونی برین لە دیواری منداڵداندا

بە دەگمەن پڕۆسەی کورتاج کردن دەبێتە هۆی برینداربوونی دیواری منداڵدان، کە ناو دەبرێت بە (Asherman's syndrome) ئەمە زۆر جار کاتێک ڕوودەدات کە کورتاج کردنەکە دوای منداڵ لەبارچوون یان منداڵبوون بێت.
(Asherman's syndrome) دەبێتە هۆی تێکچوونی سوڕی مانگانە یان سوڕی مانگانەی ترسناک و ئازاربەخش و تەنانەت ئەگەری هەیە ببێتە هۆی منداڵ لەبارچوون و نەزۆکیش.

٣- هەوکردن

دوای کورتاج کردن ئەگەری هەوکردن بوونی هەیە بەڵام بە دەگمەن.
لەکاتی بینینی هەر یەکە لەم نیشانانە دوای کورتاج کردن خێرا سەردانی پزیشک بکەن.

١- خوێنبەربوونێکی زۆر کە پێویست دەکات بەردەوام سانتی بگۆڕیت.

٢- تا

٣- ئازار و تەشەنوجی ماسولکەکان کە زیاتر لە٤٨ کاتژمێر دەخایەنێت 

٤- لینجاوی بۆن ناخۆش لە دامێنەوە

 ٥- ئازارێک لەجیاتی باشتربوون زیاتر دەبێت


سەرچاوەکان



31338 بینین