گوڵی مەتات

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-18-17:48:00 - کۆدی بابەت: 9070
گوڵی مەتات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەتات (بە ئینگلیزی: Ficus elastica یان rubber plant)، جۆرێک ڕووەکی گوڵداری سەر بە خێزانی (Moraceae)ـە، ڕووەکێکی ڕەسەنی بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە.

وەسفی گوڵەکە

گوڵی مەتات دارێکی گەورەیە لە گروپی هەنجیری بانیان، درێژی ئەم گوڵە ٣٠ بۆ ٤٠ مەتر دەبێت و بەدەگمەن تا ٦٠ مەتر گەشە دەکات. لەگەڵ کۆتەرەیەکی ئەستوور کە تیرەکەی دوو مەترە. کۆتەرەکە پەرە بە ڕەگی ڕووەکەکە و ئەو بەشەی ڕووەکەکە دەدات کە لەسەرەوەی خاکەکە شین بوون بۆئەوەی لە خاکدا جێگیر ببێت و پشتگیری لقە قورسەکان بکات.

ئەم گوڵە گەڵای شێوە هێلکەیی بریقەداری فراوانی هەیە کە درێژییەکەی ١٠ بۆ ٣٥ سانتیمەترە و پانییەکەی ٥ بۆ ١٥ سانتیمەترە. گەڵاکان لەناو بەگێکدا لە ترۆپی شانەی دروستکەردا گەشە دەکەن، کە لەگەڵ گەشەکردنی گەڵا نوێیەکەدا گەورەتر دەبێت. کاتێک پێدەگات، دەکرێتەوە و بەرگەکە لە ڕووەکەکە دادەکەوێت. لەناو گەڵا نوێیەکەشدا گەڵایەکی تری ناپێگەیشتوو چاوەڕێی گەشەکردنە.

هەڵاڵە گواستنەوە و بەرگرتن

وەکوو ئەندامانی دیکەی ڕەگەزی فیکس، گوڵەکان پێویستیان بە جۆرێکی تایبەتی هەنگەژاڵەی هەنجیر هەیە بۆئەوەی لە پەیوەندییەکی هاوجووتدا پیتێن بکەن. بەهۆی ئەم پەیوەندییەوە مەتات گوڵی زۆر ڕەنگاوڕەنگ یان بۆنخۆش بەرهەم ناهێنێت تا هەڵاڵەدانەرەکانی تر ڕابکێشێت. بەرەکەی هەنجیرێکی بچووکی هێلکەیی سەوزی زەردباوە کە درێژییەکەی یەک سانتیمەترە، بەزەحمەت دەتوانرێت بخورێت؛ ئەمانە بەری ساختەن و تەنها لەو شوێنانەی کە مێرووی هەڵاڵەدانەری لێیە تۆوی بەپیتیان تێدایە.

ژینگە

ژینگەی سروشتی گوڵی مەتات لە نیپاڵەوە لە باکوورەوە درێژ دەبێتەوە تا ئەندەنوسیا، بوتان، باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان، میانمار و چین (یونان) و مالیزیا. لە زۆربەی ناوچە گەرمەسێرەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرفراوان ناسێنراوە، لەوانە هاوای و دوورگەکانی هیندی ڕۆژئاوا. لە ئەورووپاش، دەتوانرێت بەدرێژایی ناوچەکانی دەوروبەری دەریای سپی ناوەڕاستدا و لەو شوێنانەدا بدۆزرێتەوە کە کەشوهەوایان مامناوەندە.

چاندن و بەکارهێنانەکانی گوڵەکە

  • لە بەشەکانی وڵاتی هیندستاندا، خەڵک ڕەگی دارەکە لە دروستکردنی پرد بەسەر کەنداڵەکاندا بەکار دەهێنن.
  • گوڵی مەتات لە سەرانسەری جیهاندا وەکوو ڕووەکێکی ڕازاوە دەچێنرێت، و دەتواندرێت بە بڕین یان ناشتنی لق زیاد بکریت.
  • هەروەها هەموو بەشەکانی ڕووەکەکە بڕێکی زۆر لاستیکی خاویان تێدایە، کە لە دروستکردنی لاستیکدا تاقی کراوەتەوە، بەڵام بەبێ ئەنجامێکی ئابووری و تەکنیکی؛ هەر بۆیە پێی دەگووترێت درەختی لاستیک، ڕووەکی لاستیک یان لاستیکی هیندی. لاستیکی بازرگانی لەڕاستیدا لە ئاوگی (Hevea brasiliensis)ـدا بەرهەم دەهێنرێت.
  • لەڕووی گەشەشەوە، تیشکی خۆری درەوشاوەی پێ باشترە بەڵام پلەی گەرمی زۆر بەرز نەبێت. لەگەڵ ‌ئەوەشدا توانای بەرگەگرتنی بۆ کەمئاوی زۆرباشە، بەڵام خاکی شێداری پێ باشتره و لە بارودۆخی تەڕ و گەرمدا گەشە دەکات.


سەرچاوەکان



934 بینین