سەربازی زستان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-24-23:35:00 - کۆدی بابەت: 9157
سەربازی زستان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وینتەر سۆڵجەر یان سەربازی زستان (بە عەرەبی: جندي الشتاء، بە ئینگلیزی: The winter soldier) کەسایەتییەکی خەیاڵی و پاڵەوانێکە لایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی سەربازی زستان لەلایەن جۆو سایمن و جاک کێربییەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤١ لە کۆمیکی Captain america comics #1. سەربازی زستان ناوی ڕاستەقینەی جەیمس بیوکانن باڕنز (بەکی باڕنز)ـە. بەکی هاوشانی کاپتن ئەمریکا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا جەنگاوە و یارمەتیدەر بووە لە بردنەوەی جەنگەکەدا.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

بەکی باڕنز لە ساڵی ١٩٢٥ لەدایکبووە. دە ساڵ دواتر و لە سەرەتاکانی تەمەنیدا بە شێوەیەکی تراجیدی دایک و باوکی لەدەست دەدات. جۆرج باڕنزی باوکی لە ڕووداوێکدا لەکاتی ڕاهێنانی سەرەتایی لە سەربازگەی لیهان دەمرێت. بەکی لە خوشکەکەی جیادەکرێتەوە کە ناوی ڕبێکا باڕنزە و خوشکەکەی نێردرا بۆ قوتابخانەیەکی شەو و ڕۆژیی لەکاتێکدا خۆی بەڕێوبەرانی سەربازگەی لیهانی ڕازی کرد بۆ ئەوەی وەکوو پاسەوانێک لە سەربازگەکە بمێنێتەوە بەهۆی ئەو خۆشەویستییەی بۆ سووپا چەکدارەکان هەیبوو بەهۆی باوکییەوە. بەکی باڕنز گەشتی کرد بۆ ئینگلتەرا و هەر بە زوویی دەستی کرد بە وەرگرتنی ئەرکی هەڵبژێردراو وەکوو سەربازێکی تایبەت و کارا. لەگەڵ کۆماندۆ بەریتانییەکاندا مەشقی شەڕکردنی دەست بۆ دەستی دەکرد. دوای مەشقەکانی چاوی بە ستیڤ ڕۆجەرز کەوت و بوو بە هاوڕێی کە ئەویش تازە بووبوو بە کاپتن ئەمریکا. بەکی بوو بە هاوکاری کاپتن ئەمریکا و بەشداری یەکەمین ئەرکی کاپتن ئەمریکای کرد دژی ڕێد سکەڵ و چەندین زیندانی نازییەکانیان ئازادکرد. لەدوای ئەوە جلوبەرگی تایبەتی بۆ دروستکرا و بە کەسایەتی بەکی ناسێندرا لەپاڵ کاپتن ئەمریکادا و هەندێکجار بە تەنها ئەو ئەرکانەی پێ دەسپێردرا کە میری نەیدەویست کاپتن ئەمریکا جێبەجێیان بکات. کاتێک ئەمریکا کەوتە ناو جەنگی جیهانیی دووەمەوە، کاپتن ئەمریکا و بەکی دەستبەرداری ناسنامەی سەربازی خۆیان دەبن و خۆیان بۆ جەنگەکە تەرخان دەکەن وەکوو جەنگاوەری ئازاد. لەکۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٥، کە جەنگ بەرەو کۆتایی دەچوو، کاپتن ئەمریکا و بەکی لە لەندەنی پایتەختی ئینگلتەرا بوون، بەدوای زانایەکی نازییەکانەوە بوون بەناوی بێرن زیمۆ، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە زیمۆ خەریکی دزینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بوو کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بنیادنراوە. لە شەڕێکی بەهێزدا لەگەڵ ڕۆبۆتە لە مرۆچووەکانی زیمۆدا کاپتن ئەمریکا و بەکی هەردووکیان بێهۆش دەکرێن و دەخرێنە ناو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بۆ ئەوەی بیانبەن بۆ لای هیتلەر لە بەرلین. زیمۆ حەزی بە چارەی جلوبەرگەکانیان نەبوو کە هێمای نیشتمانپەروەری بوو و ئاڵای ئەمریکای لەسەر بوو، بۆیە جلوبەرگی فەرمی و یەکپۆشی سەربازیی ئەمریکی پێ لەبەرکردن. پێش ئەوەی زیمۆ فڕۆکەکە چالاک بکات کاپتن و بەکی توانیان هەڵبێن، کاتێک دوو پاڵەوانەکە بینیان فڕۆکەکە دەستی بە جوڵە کردووە خێرا ماتۆڕێکیان پەیدا کرد و هەوڵیان دا بە فڕۆکەکە بگەنەوە، پێش ئەوەی فڕۆکەکە هەڵبستێت هەردووکیان بازیان دا، بەکی یەکەمجار بازی دا و توانی بە تووندی خۆی بە باڵی فڕۆکەکەوە بگرێت بەڵام کاپتن ئەمریکا نەیتوانی خۆی بگرێتەوە و هاواری لە هاوبەشەکەی کرد کە دەستبەرداری فڕۆکەکە بێت نەوەکوو بتەقێتەوە، بەکی نەیتوانی بە گوێی فەرمانەکانی هاوبەشەکەی بکات چونکە قۆڵی جلە فەرمییەکانی لە کابینەی فڕۆکەوانەکە گیربووبوو. فڕۆکەکە تەقییەوە و وا دەرکەوت کە یەکسەر بەکی مردبێت و نەدۆزینەوەی پارچەکانی جەستەی، ئەو باوەڕەی بەهێزتر کرد کە لەکاتی ئەرکدا مردووە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەبوو بەکی نەمردبوو، شکستی هێنابوو لە چەککردنی فڕۆکەکە لەکاتی خۆیدا بەڵام توانی بازبدات بۆ دەرەوەی فڕۆکەکە هەرچەندە بە سەلامەتیش دەربازی نەبوو و بە تەواوی قۆڵی چەپی لەدەستدا. لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگ، ژێر دەریاییە ڕووسییەکان بەدوای جەستەی کاپتن ئەمریکادا دەگەڕان بەڵام لە جیاتی ئەوە جەستەی بەکییان دۆزییەوە. لەدوای گێڕانەوە و ئەنجامدانی چەند پشکنینێک بۆ گەڕان بەدوای سیڕەمی سوپەر سۆڵجەر، جەستەکەی خرایە ناو پڕۆسەی بەستێنەری قووڵەوە. لە ساڵی ١٩٥٤، زیندووکرایەوە و قۆڵێکی بایۆنیکی جێگرەوەی بۆ دانرا. قۆڵەکە دەگۆردرایەوە بە دانەیەکی نوێتر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیاکەیان. لەکاتێکدا هیچ یادەوەرییەکی ڕابردووی نەمابوو، باڕنز هێشتا توانا جەستەییەکانی مابوو. مێشکی بە تەواوی شۆرابووەوە کرابوو بە سیخوڕێکی ڕووسی کە ڕقی لە ڕۆژئاوا بێت و هەموو جۆرە هەستکردنێکی لێ سەنرابۆوە بۆ ئەوەی ببێت بە بکوژ لەژێر ناوی سەربازی زستان. وینتەر سۆڵجەر چەندین تیرۆری ستراتیجی ئەنجامدا لە سەرانسەری جیهاندا و هەندێکجاریش بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە شوێنێکدا دەمایەوە.

کەسایەتی

لە تەمەنی گەنجێتییەوە، بەکی بە سروشتی خۆی لە دڵەوە حەزی دەکرد ژیانی بێتاوانەکان بپارێزێت و پارێزگاری لە وڵاتەکەی بکات، هەرچەندە زۆر لە کارە خراپەکانی خۆیشی لە بیرە کاتێک بووە بە سەربازی زستان. وەکوو بکوژێکی مێشک شۆراوە، هیچ هەست و بیرێکی پەشیمانی پیشان نەداوە کاتێک تاوانەکانی ئەنجامداوە. لەم دواییانەدا بیرەوەرییەکانی بۆ گەڕایەوە و هەستی مرۆڤایەتی بەدەستهێنایەوە، بەکی ژیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە بۆ پاراستنی بێ دەسەڵاتەکان و سەرکردایەتی تیمێکی دەکرد بەناوی ثەندەربۆڵت، هەمیشە کەسایەتییەکەی بەکاردەهێنێت بۆ پاڵپشتیکردنی مرۆڤایەتی  و کەمێکیش هەستی گاڵتەوگەپی هەیە.

هاوڕێ و دوژمنەکانی سەربازی زستان

دۆست و هاوڕێکانی

١.کاپتن ئەمریکا

٢.هیومن تۆرچ

٣.ئایرنمان

٤.نیک فیوری

٥.پێگی کارتەر

٦.وینستن چەرچڵ

٧.ڤیژن

٨.سپایدەرمان

دوژمنەکانی

١.ئارنم زۆڵا

٢.ڕێد سکەڵ

٣.گالاکتەس

٤.ستالین

٥.سانۆس

٦.دکتۆر دووم

تواناکانی سەربازی زستان

جەیمس باڕنز هاوکێشەی ناکۆتایی لەلایەن نیک فیورییەوە پێدراوە کە شێوەیەکی لاوازترە لە سیڕەمی سوپەر سۆڵجەر. لەئەنجامدا چەند توانایەکی جەستەیی بەدەستهێناوە وەکوو:

١.توانای هێزی جەستەیی گەیشتووەتە ترۆپک

٢.خێرایی گەیشتووەتە ترۆپک

٣.توانای بەرگەگری بەهێزە

٤.توانای چالاکی جەستەیی گەیشتووەتە ترۆپک

٥.توانای خۆڕاگری گەیشتووەتە ترۆپک

٦.توانای بەرپەرچدانەوەی بەهێزە

٧.توانای چاکبوونەوەی هەیە

٨.توانای ڕاگرتنی هاوسەنگی جەستەیی بەهێزە

٩.درەنگ پیربوون: سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٥ لەدایکبوو بەڵام تەمەنی لە ٣٠ ساڵ دەچێت

١٠.قۆڵە بایۆنیکییەکەی چەندین توانای بۆ دابین کردووە لە شەڕکردن، هێزەوە تا دەگاتە بەهێزکردنی هەستکردن

١١.شارەزایی لە هونەری شەڕکردندا هەیە

١٢.نیشانە شکێنێکی شارەزایە

١٣.شارەزایی لە شەڕکردن بە قەڵغان هەیە

١٤.شارەزایی لە دزەکردنە ناو شوێناندا هەیە

١٥.شارەزایی لە چەکدا هەیە

١٦.جگە لە ئینگلیزی، ڕووسی، ئەڵمانی، ژاپۆنی، چینی و کەمێک فەڕەنسیش دەزانێت

١٧.تاکتیکزان و سیخوڕێکی شارەزایە

خاڵە لاوازەکانی

شەپۆلی کارۆموگناتیسی دەتوانێت قۆڵە بایۆنیکییەکەی بێ سوود بکات. هەرچەندە قۆڵەکەش خۆی توانای دەردانی بڕێکی کەم لە شەپۆلی کارۆموگناتیسی هەیە کە دەتوانێت وەکوو قەڵغانێک ڕەفتار بکات.

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی سەربازی زستان تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی لە جیهانی سینەمایی مارڤڵدا و لەلایەن سباسچن ستانەوە ڕۆڵەکە دەگێڕدرێت.

دیارترین فیلم و زنجیرەکان

١.فیلمی Captain america: the first avenger 2011

٢.فیلمی Captain america: the winter soldier 2014

٣.فیلمی Captain america: civil war 2016

٣.فیلمی Avengers: infinity war 2018

٤.فیلمی Avengers: endgame 2019

٥.زنجیرەی The falcon and the winter soldier 2021

٦.زنجیرەی What if...? 2021


سەرچاوەکان



1131 بینین