سافی هیرانی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-26-16:58:00 - کۆدی بابەت: 9179
سافی هیرانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سافی هیرانی (بە ئینگلیزی: Safi Herani) شاعیری کورد بوو، کە بە چوار زمانی کوردی و عەرەبی و تورکی و فارسی هۆنراوەی نووسیوە، سافی لە ساڵی 1873 لە هیرانی ناوچەی خۆشناوەتی لەدایکبووە، ناوی تەواوی (کاک مستەفای کوڕی کاک عەبدوڵڵای سانی)ـیە ناسراوە بە سافی هیرانی. سەرەتا بۆ فەقێیەتی لەلای مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای باوکی و قازی عەلی باوکی پێشەوا قازی محەممەد خوێندوویەتی. بۆ خوێندنی فەقێیەتی چووە بۆ زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ژیاننامە

سافی خۆی و بنەماڵەکەشی دیندار و خواپەرست بوون. خاوەنی دیوانێکی گەورەیە. لەناو شاعیراندا هونەرمەندانی کورد زۆرتر هۆنراوەەکانی ئەویان کردووە بە گۆرانی. 
لە تەمەنی (30) ساڵیدابووە کاتێک باوکی کۆچی دوایی کردووە، هەر لەو کاتەوە بووە بە جێنشین و بە (کاکە مستەفای هیدانی) ناوی دەرکردووە، بەم شێوەیە بۆ تەواوکردنی زنجیرەی تەریقەی قادری چووەتە ناو قۆناغێکی نوێ‌ لە ژیانیدا.
لەبارەی عیشق و دڵداری هۆنراوەی ڕێک و لەباری هەبووە، هەر لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەستی بە هۆنراوە هۆنینەوە کردووە، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی نازناوی (کاک) و دانیشتنی لە جێگای باوکی، لایەنی ئابووری پشتگوێخستووە بۆ لایەنی ڕۆحی و دواتر بووە بە مەرجعی مورید و دەروێشان و عاشقانی ڕێگەی خوا پەرستی.
لە بەراوردی (لاهووت) و (ناسووت)ـدا، پلە و پایەی بەرزی بەدەستهێناوە، هەر لە ڕێگای هۆنراوەکانییەوە، دەنگی (یاگەیلانی) گەیاندووەتە کۆڕی ئەو ئەزموونە کە قوتابخانەیەکی تەسەوفی و هۆنراوەی تایبەت بووە، (سافی) یەکێک بووە لە ئەو شاعیرە ناسراوانەی کە تەسەوف و ئەدەبیان بەیەکەوە کۆکردووەتەوە، لەسەر هەمان ڕێبازی (جەزیری) و (حەریق) و (مەحوی)، عیشق و تەسەوف لای (سافی)، بە جۆرێک بووە کە هەموو جەستەی پێکاوە.

نموونەی هۆنراوە

دڵ لەبەر دەردی فیراقی یارە مەیلی مەی ئەکا
گوێی لە دەنگی ساز و عوود و بەزمی نای و نەی ئەکا

سەردەمێ مەست و خومارە خادیمی مەیخانەیە
کاتێ تەزبیحی لە دەستە سۆفییە حەی حەی ئەکا

ڕۆژی وایە هەر بەکەیف و پێکەنین و خەندەیە
هەندێ جار مەجنوونە دایم گریە بۆ لەیلا ئەکا

قەت مەڵێن یار بێوەفایە وا بەناحەق دەیکوژێ
بیکوژێ یا نەیکوژێ (سافی) فیداکاری ئەکا

کۆچی دوایی

لە 12-02-1942 کۆچی دوایی کردووە، لە هیران لەو گۆڕەدا نێژرا کە بەدەستی خۆی هەڵی کەندبوو.


سەرچاوەکان



673 بینین