ڕێد سکەڵ

له‌لایه‌ن: - لاوێن سامان لاوێن سامان - به‌روار: 2022-06-28-21:27:00 - کۆدی بابەت: 9214
ڕێد سکەڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێد سکەڵ یان ڕێدسکەڵ (بە ئینگلیزی: Red Skull، بە عەرەبی: ريد سکةل)، ناوی ڕاستی یۆهان شمیتە، کەسایەتییەکی خەیاڵی و خراپەکارێکی مەزنە لەلایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاو دەکرێتەوە. یۆهان شمیت سەرۆکی پێشووی هایدرایە HYDRA، کە دابەشکەری تایبەتی چەکی شوتزتافێلی نازییە (پاسەوانە تایبەتەکانی هیتلەر).
شمیت، لە جەنگی جیهانیی دووەمدا دەتوانێت متمانەی ئەدۆڵف هیتلەر بەدەست بهێنێت و ببێتە پیاوێکی باڵادەست، ئەمەش وایلێدەکات کە سیڕەمە تایبەتەکەی ئەبراهام ئێرسکن تاقیبکاتەوە، کە دەبێتە هۆی شێواوی لە جەستە و دەموچاویدا و نازناوی ڕێد سکەڵ (کەللەسەر سوور)ـی لێدەنرێت.
ڕێد سکەڵ لەکاتی ڕابەرایەتی کردنی هایدرادا،  تێسراکت دەدۆزێتەوە، کە یەکێکە لە شەش بەردە ناکۆتاکان، پێی وایە بەهۆی ئەمەوە دەتوانێت جڵەوی جیهان بگرێتە دەست، بەڵام پیلانەکانی ڕێد سکەڵ لەلایەن کاپتن ئەمریکاوە ڕێگرییان لێدەکرێت و دامەزراوەی هایدرا لەناودەبات.
لە کاتێکدا ڕێد سکەڵ دەست بە هێرشکردن دەکات بۆ سەر ئەمریکا و دەیەوێت وێرانی بکات، کاپتن ئەمریکا بەرەنگاری دەبێتەوە، دواتر ڕێد سکەڵ بە دەستە دانەپۆشراوەکانی دەست لە تێسراکت دەدات و لەناو کونێکی کرمیدا ون دەبێت.
ڕێد سکەڵ دەگوازرێتەوە بۆ ڤۆرمیر و لەوێدا بەند دەبێت. دەبێت بە بەردپارێزێک و هەر کەسێک ببینێت پێیدەڵێت کە بە دوای بەردی ڕۆحدا بگەڕێت. دوای بەسەربردنی حەوت دەیە لە ڤۆرمیر، سانۆس و گمۆرا دەبینێت کە بەدوای بەردی ڕۆحدا دەگەڕێن، ڕێد سکەڵ ڕابەرایەتییان دەکات و سانۆس گمۆرا دەکاتە قوربانی.
لەو کاتەی سانۆس بەردەکە بەدەست دەهێنێت ڕێد سکەڵیش لە نەفرەتی بەندکردنەکەی لە ڤۆرمیر ڕزگاری دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ گەڕان بە دوای ئامانجەکانی خۆیدا.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

یۆهان شمیت لە باکووری ئەڵمانیا لەدایکبووە و خاوەنی هیچ خوشک و برایەک نییە. کوڕێکی گەنجی زیرەک بووە و دواتر بووە بە فیزیازان. شمیت حەز لە ئەفسانەکانی نەرویج دەکات و پەرە بە بیردۆزێک دەدات لە ژێر ناونیشانی پەرەپێدانی بیردۆزێک کە خواوەندەکانی نەرویج و جادووەکانیان دەکرێت لە ئەفسانەیەک زیاتر بن. کەسێک بە ناوی هەینریخ هیملێر، شمیت لە شوتزتافێل دادەمەزرێنێت، لەو کاتەی شمیت چاوی بە ئەدۆڵف هیتلەر دەکەوێت، بە بیردۆزەکانی سەرسامیدەکات. بەڵام بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی شمیت لەگەڵ ئەڵمانیای نازییدا لەلایەن ئیرنست کەفمنەوە دەوەستێنرێت، کە ڕێگری دەکات لەوەی شمیت دەستی بگات بە هیتلەر.
لە حوزەیرانی ١٩٣٤، شمیت دەتوانێت کەفمن بکوژێت، بۆ ئەوەی جڵەوی بەرنامەی چەکەکانی کەفمن بگرێتە دەست.
شمیت بەردەوام دەبێت لە کوشتنی دوژمنەکانی، هێرش دەکاتە سەر دامەزراوەکە لە کومێرسدۆرف کە ئارنم زۆڵای تێدا دامەزراندبوو. لە کۆتاییدا شمیت پلەی سەربازی بەرز دەبێتەوە و لقێکی تایبەتی خۆی لە SS پێکدەهێنێت و ناوی دەگۆڕێت بۆ هایدرا HYDRA.
شمیت، هایدرا لەسەر بنەمای کۆمەڵگەیەکی کۆن دادەمەزرێنێت کە نامرۆڤانێکی بەهێز دەپەرستن، ئەم بیروباوەڕە لە بیردۆزەکانی شمیتەوە سەرچاوەیان گرتووە. شمیت لە ئەیلوولی ١٩٣٥ بۆی دەردەکەوێت کە ئەبراهام ئێرسکن هەوڵی داوە لەگەڵ خێزانەکەی لە ئەڵمانیا هەڵبێن. شمیت هەڵدەستێت بە بەندکردنی خێزانەکەی ئێرسکن لە ئۆردوگایەکدا، بەهۆی ئەوەی کە دەیەوێت دەستی بە کارەکانی ئێرسکن بگات. دواتر هەر لەو ئۆردوگایەدا خێزانەکەی ئێرسکن دەمرن و شمیتیش هیچ لەم بارەیەوە بە ئێرسکن ناڵێت.

کەسایەتی ڕێد سکەڵ

ڕێد سکەڵ خاوەن کەسایەتییەکی زۆرزان، دڕندە، خۆبەزلزان و خۆویستە، کە بەردەوام بەدوای باڵادەستی و دەسەڵات بەسەر هەموو شتێکدا دەگەڕێت. قسەکەرێکی لێهاتووە، توانای ئەوەی هەیە کە دڵ و دەروونی خەڵک بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و گومان بخاتە مێشکی ئەو کەسانەی کە متمانەیان بە خۆیانە.
هەروەها دەتوانێت ئەو کەسانە لە سوودی خۆیدا بەکاربهێنێت کە دوای کەوتوون. کەسایەتی ڕێد سکەڵ بە تەواوی لەسەر بنەمای نازی دامەزراوە، کە سەرسامە بە هێزی خۆی. زۆرجاریش وەک کەسێکی باڵا ئاماژە بەخۆی دەکات، چونکە پێی وایە ئەو سیڕەمەی کە بەکاریهێناوە وای لێکردووە ببێت بە کەسێکی سەروومرۆیی.

هاوڕێ و دوژمنەکانی

هاوڕێ و دۆستەکانی

 • ئەدۆڵف هیتلەر
 • ئیلێکترۆ
 • ئێدوارد فێربڵ
 • دکتۆر ئاکتەپس
 • دکتۆر دووم
 • کڕۆسبۆنس
 • بلاکوینگ

دوژمنەکانی

 • کاپتن ئەمریکا
 • کاپتن بڕیتن
 • بلاک مارڤڵ
 • بڵاک پانثەر
 • دێدپووڵ
 • کەیبڵ

تواناکانی

  • ئەو سیڕەمەی کە ڕێد سکەڵ بەکاریهێنا، کاریگەری تەواوی کردە سەری بە جۆرێک وایلێکرد کە لە مرۆڤایەتی دەربچێت و ببێت بە سەروومرۆیی.
  • خاوەن هێزێکی جەستەیی زۆرە
  • خاوەن زیرەکییەکی زۆرە
  • زۆر خێرایە
  • ئێسک و ماسولکەکانی لە کەسێکی ئاسایی بەهێزترن، بەهۆی ئەمەوە توانای بەرگەگرتنی زۆرە.
  • توانای زوو چاکبوونەوەی هەیە
  • زۆر درەنگ بە تەمەندا دەچێت
  • تاکتیکزانێکی لێهاتووە
  • کەسێکی سیاسەتمەدارە

خاڵی لاوازی

  • ڕێد سکەڵ چەقۆیەک بەکاردەهێنێت بۆ لێکردنەوەی چەوری و پێستی سەری و تەنها ماسولکە و ئيسکەکەی دەمێنێتەوە
  • لەڕووی دەروونییەوە کەسێکی ناتەواوە

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی ڕێد سکەڵ تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، دیارترینیان بریتین لە:

 • ڕۆس ماکویند
 • هیوگۆ ویڤین
 • لییەم ئۆبڕایەن

بەشێک لە فیلم و زنجیرەکان

 • زنجیرەی Spider-Man(1994-1998)
 • زنجیرەی Avengers Assemble (2012-2019)
 • زنجیرەی Spider-Man & His Amazing Friends (1981-1986)
 • فیلمی The Marvel Experience (2014)
 • فیلمی Captain America (1990)
 • فیلمی Avengers Infinity war (2018)
 • فیلمی Avengers Endgame (2019)


سەرچاوەکان



336 بینین