پارسا پیرووزفەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-10-13:56:00 - کۆدی بابەت: 9344
پارسا پیرووزفەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پارسا پیرووزفەر (بە فارسی: پارسا پیروزفر، بە ئینگلیزی: Parsa Pirouzfar) ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆ و شانۆنامەنووسێکی ئێرانییە. ساڵانی نەوەدەکان بە بەشداریکردن لە فیلمەکانی وەک شیدا (١٩٩٨) و پەڵپ (١٩٩٩) دەستی بە کاری هونەری کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٢دا ڕۆڵی سەربازێک لە فیلمی فرمێسکی سەرما (اشک سرما) دەبینێت، هەروەها بەهۆی ڕۆڵی پیاوێکی دەوڵەمەند لە فیلمی میوانی دایک (مهمان مامان)، پاڵێوراو بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی سیمورغی کریستاڵ بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر.

ژیان

پارسا پیرووزفەر ١٣ی ئەیلوولی ١٩٧٢ لە تاران لەدایکبووە. باوکی ئەفسەری گارد بووە و پلەی سەرهەنگی هەبووە، دایکی بەڕێوبەری قوتابخانە بووە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری شێوەکاری لە فاکەڵتی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران، هەروەها لە ئەکادیمیای هونەرە نمایشییەکانی حەمید سارگیان کاری نواندنی خوێندووە. حەز و ئارەزووی بۆ نیگارکێشان بووە هۆی ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٤ تاوەکوو ١٩٩٠ کاتێک لە قۆناغی ئامادەییدا بیرکاری و فیزیای دەخوێند، چیرۆکی وێنەدار دروست بکات. پارسا پیروزفەر دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی لە بواری بیرکاری و فیزیا لە ساڵی ١٩٩٠، لە فاکەڵتی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندنی لە بواری نیگارکێشیدا دا و لەوێوە یەکەم ئەزموونی نواندنی شانۆیی دەست پێکرد.

هەروەها کاری دەنگ هەمیشە یەکێک بووە لە نیگەرانییەکانی و ماوەیەک لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٦ ئەکتەری دەنگ بووە. یەکەم دەرکەوتنی لە سینەمادا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٤ لە ڕۆڵێکی کورتی (شێخ سالک) لە فیلمی "پەری" لە دەرهێنانی داریوش مێهرجوویی. هەر لەو ساڵەدا لە کاتی خوێندنی نیگارکێشیدا لەلای میهەن ئیسکوویی دەرهێنەر و مامۆستای شانۆ و وەرگێڕی بەرهەمە دراماتیکییەکان میتۆدی ستانیسلاڤسکی خوێندووە؛ لە ساڵی ١٩٩٥ دەستی کرد بە خوێندنی نواندن لە ئەکادیمیای هونەرە دراماتیکەکان لە ژێر دەستی حەمید سەمەندەریان.

یەکەم دەرکەوتنی فەرمی لە شانۆدا وەک ئەکتەر لە ساڵی ١٩٩٥دا لە ڕۆڵی ماریۆس لە شانۆنامەی هەژارەکانی ڤیکتۆر هوگۆدا بوو، کە لە دەرهێنانی بێهرووز غەریبپوور بوو. ساڵی ١٩٩٧ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری شێوەکاریدا لە فاکەڵتی هونەرەجوانەکانی زانکۆی تاران تەواو بەدەست هێنا.

هەر لەو ساڵەدا ڕۆڵی هیکارۆی لە شانۆگەری "بانو ائویی" لە بەرهەمی یوکیۆ میشیما و دەرهێنانی بەهرام بەیزایی وەرگرت، ئەوەش بووە دووەم دەرکەوتنی فەرمی لە شانۆدا. پیرۆزفەر لە ساڵی ٢٠٠١ کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری "هونەر"ی بەرهەمی یاسەمین ڕەزا کرد و نمایشی کرد. هونەر یەکەم کاری دەرهێنانی بوو. لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ لە پەیمانگای فەرهەنگی و هونەری کارنامە وانەی نواندنی خوێندووە و لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی وانەی نواندنی وتووەتەوە.

هه‌روه‌ها له‌ ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ وانه‌ی نواندنی لە قوتابخانه‌ی هیلاج بۆ فیلمسازی و خوێندنی سینه‌ما وتووەتەوە. لە نێو چالاکییە هونەرییەکانی تری دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، کە لە کاتە جیاوازەکاندا ئەنجامی داوە، سەرقاڵی بواری گرافیک دیزاین و دروستکردنی تیزەر و پەیکەرسازی بووە. لە ساڵانی دواییدا سەرقاڵی کاری سینەمایی و زنجیرە و دەرهێنانی شانۆگەری بووە، لە کاتە جیاوازەکانیشدا خەریکی وێنەکێشان و وەرگێڕانی شانۆنامە دەبێت، سەرەڕای دیزاینی سێت و جلوبەرگ بۆ بەشێک لەو شانۆگەرییەکان.

بەناوبانگبوون

ناوبانگی پارسا لە ساڵی ١٩٩٥ لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بە زنجیرەی "لە پەنای تۆدا - در پناه تو" لە دەرهێنانی حەمید لەبخەندە دەستیپێکرد، شانبەشانی لەعیا زەنگەنە و حەسەن جوهەرچی. لە ساڵی ١٩٩٨ بە زنجیرەی "لە دڵی مندا - در قلب من" گەڕایەوە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و لە ساڵی ٢٠٠٢ لە "گەشتی سەوز - سفر سبز" ڕۆڵ دەگێڕێت و لە ساڵی ١٩٩٨ جارێکی تر بە زنجیرەی "لە چاوی بادا - در چشم باد" درەوشایەوە، کە دواهەمینیان بووە هۆی دەرکەوتنێکی بەرچاوی پارسا.

ژیانی تایبەتی

پارسا دەربارەی خۆی دەڵێت: "من کەسێکی زۆر خۆڕاگرم و پێم وایە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت، ساڵانێکی زۆر چاوەڕێ بووم، لە سەرەتای خوێندنی سەرەتاییەوە تا کۆتایی بەکالۆریۆسم، ئەمە بەس نییە. زۆر ئەزموونی باشم پەیدا کردووە، نواندن جیهانێکی سەخت و ئاڵۆزە و ناتوانیت لە چەند هەفتە و چەند مانگێکدا ببیتە ئەکتەر". 

"من زۆر حەزم لە گەشتکردنە و بەڕاستی گەشتم خۆشدەوێت، گەشت ئارامیم پێدەبەخشێت، کە ئەوەش لە هەموو ئەو چێژانە گرنگترە کە دەربارەی گەشتکردن دەوترێن. من بە هیچ شێوەیەک حەزم لە چوون بۆ شوێنە قەرەباڵغەکان نییە، ئەمەش پەیوەندی بە نواندنەکەمەوە نییە، لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا ئۆکسجینم کەمتر دەبێتەوە و وزەم زوو تەواو دەبێت و زوو ماندوو دەبم."

شوێنی ژیانی هەمیشەیی پارسا پیرووزفەر کەنەدایە، لە کەنەدا و لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا نمایشی جۆراوجۆر نمایش دەکات و بە دەگمەن دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، زۆر حەزی لە چاوپێکەوتن نییە، هاوسەرگیریی ئەو پشتڕاست نەکراوەتەوە. 

کارنامەی سینەما

ساڵ ناونیشان ڕۆڵ
٢٠٢٠ تی تی ئیبراهیم
٢٠٢٠ مست عشق مەولانای ڕۆمی
٢٠٢٠ مجبوریم  
٢٠١٩ بی‌حسی موضعی شاهرووخ
٢٠١٥ شکاف فەرهاد
٢٠١٥ نزدیکتر ئیحسان
٢٠١٤ زندگی جای دیگریست عەلی
٢٠١١ اینجا بدون من ڕەزا
٢٠١١ اسب حیوان نجیبی است برزوو
٢٠٠٨ شبانه روز فەرخ
٢٠٠٧ نقاب نیما
٢٠٠٥ زن زیادی ڕەحیم
٢٠٠٤ دیروقت  
٢٠٠٤ مهمان مامان یووسف
٢٠٠٢ وقت چیدن گردوها لەتیف کاشانی
٢٠٠٤ اشک سرما کاوە کیانی
٢٠٠٢ عروس خوشقدم ئەم بەڕێزە
٢٠٠٠ دختری بنام تندر ڕەعد
٢٠٠٠ اعتراض قاسم
١٩٩٩ دختران انتظار سەعید مەسروور
١٩٩٩ شیدا فەرهاد هونەردی
١٩٩٨ مرسدس بەحیا
١٩٩٥ ضیافت عەبید
١٩٩٤ پری پیاوێکی خواناس
١٩٩٢ مجسمه خوێندکار

 بەرهەمەکانی تەلەڤزیۆن

سال عنوان نقش
١٩٩٥ در پناه تو پارسا
١٩٩٨ در قلب من ڕەزا
٢٠٠١ سفر سبز دانیێڵ و سەبرەگ
٢٠٠٨ در چشم باد بیژەنی ئێرانی
٢٠٢٢ یاغی بەهمەن

خەڵاتەکان

  • براوەی پەیکەری زێڕین بۆ باشترین ئەکتەری پیاو لە بەشی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆڵگێڕان لە شانۆی ماتریۆشکا لە ٣٥ەمین فێستیڤاڵی شانۆی فەجر (٢٠١٥)
  • براوەی پەیکەری زێڕین بۆ باشترین ڕۆڵی پیاو لە درامایەکی تەلەڤزیۆنی لە ١٢ەمین فێستیڤاڵی جیهانی وێنە (حافز) بۆ ڕۆڵی لە زنجیرەی در چشم باد (٢٠٠٩)
  • براوەی خەڵاتی باشترین ڕۆڵی پیاو لەلایەن بینەرانەوە بۆ ڕۆڵبینینی لە زنجیرەی در چشم باد (٢٠٠٩)
  • براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیای نیودەلهی بەهۆی ڕۆڵی لە فیلمی اشک سرما (٢٠٠٤)
  • براوەی خەڵاتی پەیکەری زێڕین بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت لە هەشتەمین فێستیڤاڵی سینەمای خانە بەهۆی ڕۆڵی لە فیلمی مهمان مامان (٢٠٠٣)


سەرچاوەکان



435 بینین