گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-07-11-00:29:00 - کۆدی بابەت: 9356
گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشان یان ڕێگای شیری (بە عەرەبی: درب التبانة یان الطريق اللبني، بە ئینگلیزی: The milky way)، سیستمێکی گەورەی لوولپێچییە لە سەدەها ملیار ئەستێرە پێکهاتووە، کە یەکێکیان خۆری خۆمانە. ناوی ڕێگای شیری لەوەوە وەرگرتووە، لەسەر زەوییەوە بە شێوەی خەتێکی ناڕێک دەبینرێت کە پێکهاتووە لە ئەستێرە و هەوری گازیی درەوشاوە و بە ئاسمانی زەویدا درێژبووەتەوە. هەرچەندە زەوی لەناو ئەم گەلەئەستێرەدایە، بەڵام گەردوونناسەکان نەیانتوانیوە بە تەواوی لە سروشتی ئەم گەلەئەستێرەیە تێبگەن. چینێکی ئەستووری تۆزی نێوان ئەستێرەکان توانای بینینی بەشێکی زۆری گەلەئەستێرەکە لە ڕێگای تەلیسکۆبی بینیاییەوە تەڵخ و تەمومژاوی دەکات، دەبێتە هۆی لادانی تیشکی ڕووناکی بینراو، هەر بۆیە گەردوونناسەکان تەنها بە بەکارهێنانی تەلیسکۆبی ڕادیۆیی و ژێرسوور دەتوانن پێکهاتە زەبەلاحەکەی دیاری بکەن، چونکە ئەم تیشکانە دەتوانن بەناو چینە ئەستوورەکەی تۆزەکەدا تێپەڕببن و دیمەنێکی ڕوونمان پێ بدەن.

ناساندن

گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشان شوێنێکی زۆر گەورە و سەرنجڕاکێشە. ئەو گەلەئەستێرەیەیە کە سیستمی خۆری خۆمانی تێدایە و ناوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی دەرکەوتنەکەی لە زەوییەوە بە شێوەی خەتێکی لێڵ لە ڕووناکی کە ئەستێرەکان پێکیان هێناوە و لە شەوانی ساماڵدا دەبینرێت. بە چاوی ئاسایی ناتوانرێت ئەستێرەکان لە یەکتر جیابکرێنەوە و ببینرێن، بۆیە لەلای هەر نەتەوەیەک بیروڕا و ئەفسانەی جیاواز هەبووە سەبارەت بە گەلەئەستێرەکە. چینییەکان پێیان دەوت ڕووباری زیوین. بەپێی ئەفسانەی چینییەکان ڕووباری زیوین لەلایەن خواوەندەکانەوە دانراوە بۆ ئەوەی ڕێگە لە شوانێک بگرن کە عاشقی ژنێک بووبوو، ژنەکەش جلوبەرگی بۆ خواوەندەکان دەچنی. ڕۆمانییەکان پێیان دەوت ڕێگای شیری، چونکە شیری بیردەخستنەوە.

لە هیندستان پێیان دەوت گانگای ئاسمان. گانگا ڕووبارێکە لە هیندستان، لە شەوانی ساماڵدا گەلەئەستێرەکە وەکوو ڕووبارێکی سپی و فراوان دەردەکەوێت بۆیە وا ناونراوە. لە یەکێک لە ئەفسانەی یۆنانییەکانیشدا باس لەوە کراوە کاتێک هیرای ژنە خواوەند شیری داوە بە هەرقلی شیرەخۆر لەناکاو کەمێک شیر ڕژاوە و ئەم گەلەئەستێرەیەی دروست کردووە.

دێمۆکرایتس کە فەیلەسووفێکی یۆنانییە، ٤٦٠-٣٧٠ ساڵ پێش زایین یەکەم کەس بوو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگای کاکێشان لە ئەستێرە پێکهاتووە. دواتر گالیلۆ یەکەم کەس بوو لە ساڵی ١٦١٠دا بە تەلیسکۆبەکەی تێبینی کرد خەتە ڕووناکییەکان لە ئەستێرە پێکهاتوون و قسەکەی دێمۆکرایتسی سەلماند. هەتا سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٢٠ـەکان زۆربەی گەردوونناسەکان پێیان وابوو هەموو ئەستێرەکانی گەردوون لەناو گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشاندان. دوابەدوای دیبەیتە مەزنەکەی ساڵی ١٩٢٠ و چاودێریکردنەکانی ئێدوین هەبڵ دەرکەوت کە ڕێگەی کاکێشان یەکێکە لەو کۆمەڵە گەلەئەستێرە زۆرەی لە گەردووندا هەن.

گەلەئەستێرەی رێگای کاکێشان تیرەکەی ١٢٠ هەزار بۆ ١٨٠ هەزار ساڵی ڕووناکییە، نیشیمانی هەسارەی زەوییە و شوێنی لەدایکبوونی مرۆڤایەتییە. سیستمی خۆرەکەمان ٢٧ هەزار ساڵی ڕووناکی دوورە لە چەقی گەلەئەستێرەکەوە.

شێوەکەی چەماوەیە

گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشان شێوەی خەپلەییە، کە درێژییەکەی ١٢٠ هەزار ساڵی ڕووناکییە لەگەڵ ناوەندێکی شێوە هەڵئاوساو ئەویش تیرەکەی ١٢ هەزار ساڵی ڕووناکییە. شێوە خەپلەییەکەی تەخت نییە و چەماوەیە. گەردوونناسان هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ دوو هەورە ماجەلانییە بچووک و گەورەکە کە هاوسێی گەلەئەستێرەکەمانن.

خەرمانەی نەبینراوی هەیە

گەلەئەستێرەکەمان ٪٩٠ـی لە ماددەی تاریک پێکهاتووە، ئەو ماددەیەی بە چاو نابینرێت و ٪١٠ـی لە ماددەی درەوشاوە یاخود ئەو ماددەیە پێکهاتووە کە دەتوانرێت بە چاو ببینرێت. ئەم بڕە زۆرەی ماددەی تاریک بووەتە هۆی دروستبوونی خەرمانەیەکی نەبینراو. لە ڕێگای تەکنیکی لاساییکردنەوەوە ئەوە دیاریکراوە کە چۆن گەلەئەستێرەکە دەخولێتەوە. ئەگەر ماددەی تاریک بوونی نەبووایە ئەو کاتە ئەستێرەکانی ناو گەلەئەستێرەکە زۆر هێواشتر دەجوڵان لە چاو ئەوەی ئێستا تێبینی کراوە.

زیاتر لە ٢٠٠ ملیار ئەستێرەی تێدایە

ڕێگای کاکێشان گەلەئەستێرەیەکی قەبارە ناوەندییە کە بەنزیکەیی ٢٠٠ ملیار ئەستێرەی تێدایە. گەورەترین گەلەئەستێرە بە ناوی IC 1101 زیاتر لە ١٠٠ ترلیۆن ئەستێرەی تێدایە.

گەلەئەستێرەکە پڕە لە گاز و تۆز

نزیکەی ٪١٠-١٥ی گەلەئەستێرەکە لە ماددەی بینراو پێکهاتووە کە لە گاز و تۆز دروست بوون، ئەوەی دەمێنێتەوە  ئەستێرەیە. لە شەوێکی ساماڵدا ئەڵقە تۆزاوییەکەی گەلەئەستێرەکە لە ئاسماندا دەبینرێت.

لە گەلەئەستێرەی ترەوە دروست بووە

بۆ ئەوەی بگاتە ئەم قەبارە و شێوەیەی ئێستای، بە درێژایی مێژوو گەلەئەستێرەی تری قووتداوە. لە ماوەی ١٣ ملیار ساڵی تەمەنیدا زیاتر لە نیو دەرزەن گەلەئەستێرەی تری قووتداوە.

ناتوانین وێنەی بگرین

سیستمی خۆری خۆمان ٢٦ هەزار ساڵی ڕووناکی دوورە لە چەقەکەیەوە، بەو هۆیەوە ناتوانین وێنەیەکی تەواوەتیمان دەستبکەوێت بەشێوەیەک لە سەرەوە بێت و هەموو گەلەئەستێرەکە دەربچێت. هەر وێنەیەک کە بینیوتە یان وێنەی گەلەئەستێرەیەکی لوولپێچی تر بووە یاخود وێنەیەکی دەستکرد بووە بە پێی تێڕوانینی هونەرمەندێک.

کونێکی ڕەش لە چەقی گەلەئەستێرەکەدایە

وەکوو هەر گەلەئەستێرەیەکی زەبەلاحی تر، ڕێگای کاکێشانیش کونێکی ڕەشی گەورە لە چەقەکەیدایە کە ناوی Sagittarius Aـیە. ئەم کونە ڕەشە سەرچاوەیەکی گەورەی شەپۆلی ڕادیۆییە کە درێژییەکەی بە ١٤ ملیۆن میل مەزەندە دەکرێت، نزیکە لە قەبارەی خولگەی هەسارەی عەتارد، بەڵام ئەمە تەنها کونە ڕەشەکە خۆیەتی. ئەو بارستاییەی چواردەوری کونە ڕەشەکە کە پێی دەوترێت خەپلەی ئەکریشن (accretion disk)، خەپلەیەک پێکدەهێنێت بارستاییەکەی ٤.٦ ملیۆن جار گەورەترە لە خۆری خۆمان و لە خولگەی زەویدا جێی دەبێتەوە. هەرچەندە هەر وەکوو کونە ڕەشەکانی تر، Sagittarius Aیش هەر شتێک بێتە ڕێگەی قووتی دەدات، بەڵام لەهەمان کاتدا تێبینی کراوە لەتەنیشت ئەم دیاردە زەبەلاحە گەردوونییەوە دیاردەی دروستبوونی ئەستێرە ڕوودەدات.

تەمەنی نزیکەی تەمەنی گەردوونە

تەمەنی گەردوون تا ئەم ساتە بە ١٣.٧ ملیار ساڵ خەمڵێنراوە، ڕێگای کاکێشان نزیکەی ١٣.٦ ملیار ساڵە بوونی هەیە. هەرچەندە زۆربەی بەشە سەرەکییەکانی گەلەئەستێرەکە لە سەرەتای دروستبوونی گەردوونەوە دروستبوون، بەڵام شێوە خەپلەیی و هەڵئاوساوییەکەی ناوەڕاستی تا ١٠-١٢ ملیار ساڵ پێش ئێستا بە تەواوی دروست نەبوون.

بەردەوام لە جووڵەدایە

هەموو شتێک لە بۆشاییدا، بە گەلەئەستێرەی ڕێگەی کاکێشانیشەوە، دەجووڵێن. زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، خۆر لەناو ڕێگای کاکێشاندا دەجووڵێت و گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشانیش وەکوو بەشێک لە کۆمەڵەیەکی ناوخۆیی بە شێوەیەکی هاوتا لەگەڵ تیشکی ڕابردووی مایکرۆوەیڤی گەردوونی دەجووڵێت، ئەو تیشکەی لە تەقینەوە مەزنەکەوە بەجێماوە. ئەم تیشکە وەکوو خاڵێکی ئاماژە دادەنرێت بۆ پێوانی خێرایی ئەو شتانەی لە بۆشاییدان. ئەو کۆمەڵە ناوخۆییەی گەلەئەستێرەکان کە ڕێگای کاکێشان بەشێکی لێ پێکهێناوە، خێراییەکەی بە ٦٠٠ کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا یاخود ٢.٢ ملیۆن کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا مەزەندە دەکرێت.


سەرچاوەکان



2010 بینین