پێویستییە سەرەکی و سەرەتاییەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-14-16:33:00 - کۆدی بابەت: 9396
پێویستییە سەرەکی و سەرەتاییەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێویستییە سەرەتاییەکانی منداڵ (بە ئینگلیزی: The basic needs of the child، بە عەرەبی: الحاجات الأساسية للطفل) ئەو پێداویستییانەی منداڵن کە پێویستە پێش هەر شتێک بۆ منداڵ دابین بکرێن، منداڵ پێویستی پێیانە. گرنگیدان بەم پێویستیانە و پەرەپێدانیان، وا دەکات منداڵ لە هەموو قۆناغەکانی گەشەکردندا، لە منداڵییەوە تا تەمەنی گەورەیی تووشی کێشە نەبێت، لە ژیانیدا هەست بە بەتاڵی نەکات.

پێویستییە جەستەییەکانی منداڵ

پێویستە سەرەتاییەکانی منداڵ، چی لەڕووی جەستەیی و چی لەڕووی دەروونییەوە، دەبێت لەبەرچاو بگیرێن پشتگوێخستنی هەریەکێک لەو پێداویستیانە بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای ژیانی منداڵدا، دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە لەداهاتوودا، لەوانە کێشەی جەستەیی منداڵ و تێکچوونی ڕەفتار، لێرەدا باسی پێویستییە جەستەییەکانی منداڵ و پێویستییە دەروونییەکانی دەکەین.

پێویستییە جەستەییەکانی منداڵ

پێویستی خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون

پێویستی خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی هەموو مرۆڤێک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە منداڵ توانای دابینکردنی ئەم پێداویستییانەی بۆ خۆی نییە، یەکەم و گرنگترین بەرپرسیارێتی هەموو دایک و باوکێک یان چاودێرێک ئەوەیە کە بتوانێت منداڵەکە تێر ڕابگرێت، لە شوێنێکی سەلامەتدا ئاگاداری بێت، دابینکردنی خۆراکی تەندروست بۆ منداڵ لە ساڵانی سەرەتای ژیاندا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری لەسەر تەندروستی ئەو لە تەمەنی گەورەییدا هەبێت.

پێویستی ئاسایشی جەستەیی

دابینکردنی ئاسایشی جەستەیی منداڵ دوای خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون یەکێکە لە پێویسیتییە سەرەکییەکانی بە یەکێک لەئەرکە سەرەکییەکانی هەموو چاودێرێک دادەنرێت، منداڵ بەتایبەت لە تەمەنێکی بچووکدا توانای بەرگریکردنی نییە، لە ئەنجامدا تۆ ئەو کەسەی کە بەرپرسیاریت لە پاراستن و ڕەچاوکردنی سەلامەتی کۆرپە و منداڵەکە لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک، بەرکەوتنی هەڕەشەی جەستەیی مەترسیدار لە تەمەنێکی بچووکدا دەتوانێت تا تەمەنی گەورەیی لە یادەوەری منداڵەکەدا بمێنێتەوە، چاودێریکردنی کۆرپە هەر لە دووگیانییەوە دەست پێدەکات و کۆمەڵێک لایەنی بەرفراوان دەگرێتەوە، لە چۆنیەتی پۆشاکی کۆرپەکەوە تا چاودێریکردنی لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ژیان، هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە دایکان و باوکان پێش ئەوەی ببنە خاوەنی منداڵ، ڕاهێنانی پێویست لەم بوارەدا وەربگرن بۆ ئەوەی بەهۆی نەشارەزاییەوە زیان بە منداڵەکە نەگات.

پێویستی خەوتن

خەوتنی پێویست بۆ منداڵان زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە ساڵانی سەرەتای گەشەکردن و لەکاتی کۆرپەلەییدا، چونکە زۆر لایەنی گەشەکردنی مێشک و دروستبوونی یادەوەری لە کاتی خەوتندا ڕوودەدات، لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە بتوانیت زانیاری تەواوت هەبێت دەربارەی ئەو کاتژمێرانەی کە منداڵەکەت پێویستی پێیەتی، یارمەتی بدەیت لە کاتی خەوتندا ئارامی زیاتری هەبێت، بە بەکارهێنانی ڕێگای گونجاو بۆ ڕێکخستنی خەوی منداڵەکەت.

پێویستییە دەروونییەکانی منداڵ

زۆرجار خێزانەکان گرنگی زیاتر بە دابینکردنی پێویستییە جەستەییەکان دەدەن، نەخۆشییە جەستەییەکان بەهەند وەردەگرن چونکە زیاتر دیارن، ئەمڕۆ دەروونناسەکان جەخت لەسەر گرنگی تەندروستی دەروونی منداڵ دەکەنەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە بۆیان دەرکەوتووە ئەگەر منداڵ لە ساڵانی سەرەتای ژیانیاندا تووشی کەمی سۆزداری بێت، دەبێتە هۆی چەندین جۆری دواکەوتن لە گەشەی منداڵەکە و دەبێتە هۆی دواکەوتنی سووک تا توند، لە ئەنجامدا پێویستە کەشێکی گونجاوی سۆزداری بۆ منداڵ دروست بکرێت، هەر لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە، ئەم پەیوەندییە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کوالێتی پەیوەندییە سۆزدارییەکانی داهاتووی منداڵەکە هەبێت، لێرەدا باسی پێویستییە دەروونییەکانی منداڵ دەکەین:

پێویستی خۆشەویستی و سۆز

یەکەم و گرنگترین پێویستی دەروونی هەموو منداڵێک ئەوەیە کە بێ مەرج خۆشبویسترێت، بۆیە هەوڵبدەن نیشانی منداڵی بدەن کە خۆشتان دەوێت تەنانەت کاتێک لێی توڕەن و ناڕەحەتن، یەکێک لەو هەڵانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەیکەن ئەوەیە کە کاتێک لەگەڵ منداڵەکەیان هەڵسوکەوتی خراپ دەکەن، هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە خۆشیان نەوێت، یان ڕستەی وەکوو ئەوەی من چیتر دایکت نیم بەکاردەهێنن، ئەم بابەتە زیان بە منداڵەکە دەگەیەنێت، ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێی جۆراوجۆر و ترسی ڕەتکردنەوە دەبێت، کە دەتوانێت تا گەورەیی لەگەڵ منداڵەکەدا بمێنێتەوە.

پێویستی فێربوون

پەروەردەی دروست یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی هەمووو منداڵێک، هەر لەبەرئەوە پێویستە لەسەرەتاوە گرنگی بدەن بەوەی کە چی ناوەڕۆکێکی پەروەردەیی پێشکەش بە منداڵەکەتان دەکەن و چی پلانێکتان هەیە بۆ پەروەردەکردنی، یەکێک لەبەرپرسیارێتییە گرنگەکانتان ئەوەیە لێکۆڵینەوەی پێویست لەسەر چاودێری ڕۆژانە و قوتابخانەی منداڵەکەتان بکەن.

پێویستی فێربوونی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان

بڕیارە منداڵەکانتان لە کۆمەڵگەدا ئامادەبن، کار بکەن و لەگەڵ کەسانی تردا چالاک بن، بۆ ئەوەی لەم کارەدا سەرکەوتوو بن، پێویستە بتوانن فێری یاساکانی کۆمەڵگە و فێری ئادابەکانی ژیان بن، بەها بۆ هەست و بۆچوونی مرۆڤەکانی تریش دابنێن، لە ئەنجامدا پێویستە ئێوە وەکوو دایک و باوک هەوڵبدەن لە ساڵانی سەرەتای تەمەنی منداڵەکەتانەوە، منداڵ فێری کارامەیی ژیان بکەن.


سەرچاوەکان



1126 بینین