ئاسکی مووس

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-14-17:44:00 - کۆدی بابەت: 9397
ئاسکی مووس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاسکی مووس (بە ئینگلیزی: Moose)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و یەکێکە لە گەورەترین جۆرەکانی ئاسک، نشینگەکەی دەکەوێتە چەند وڵاتێکی نیوەگۆی باکووری زەوی وەک ڕووسیا و کەنەدا و وڵاتەکانی ئەورووپا، جێگەی ژیانکردنیشی لە دارستانەکانی نزیک تەندرایە، هەروەها ئەم ئاسکە لە ئەمریکای باکوور بە درێژترین مەمکدار ناودەبرێت، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی پێکەوەیە واتە کۆمەڵە و ڕەوەی تایبەت بەخۆیان دروستدەکەن، بەڵام لەدوای وەرزی زۆربوون دەکرێت جیاببنەوە و بەتەنها بژین، هەروەها ئاسکی مووس گیانەوەرێکی خێرایە و دەتوانێت لە ماوەی کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٣٢ کیلۆمەتر ببڕێت، لە دۆخی ئاساییدا گیانەوەرێکی هێمن و لەسەرخۆیە بەڵام کاتێک هەست بە مەترسی بکات دەبێتە جۆرێکی شەڕانگێز کە نزیکبوونەوە لێی مەترسیدارە.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی ئەم ئاسکە بە موو داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت قاوەیی و ڕەساسی یاخود ڕەنگی کاڵی نزیک بێجی بێت، فەروویەکی ئەستوورە و لە نێوان مووەکانیدا بۆشایی هەیە کە بەگەرمی دەیهێڵێتەوە لە کەشی سارددا، هەروەها ڕەنگەکەی هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی بەئاسانی خۆی حەشاربدات، جەستەی بەهێز و ماسولکەییە ئێسکەکانی پتەون و ڕووخساریشی درێژە، پەلەکانی درێژن و جووتی پێشەوەی درێژترن لە جووتی دواوە، هەرچەندە شێوازێکی نامۆی پێدەدات، بەڵام بەسوودە و هاوکاری دەکات لە پەڕینەوە بەسەر ئەو لق و چڵ و قەدی درەختانەی کە لە دارستانەکاندا دەکەون، یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی ئاسکی مووس ئەوەیە کە نێرینەکانی شاخی گەورەیان هەیە لەسەر سەریانەوە، ساڵانە نوێ دەبنەوە و مەودای نێوان لوتکەی شاخەکانی بەڕادەیەک فراوانە کە دەگاتە نزیکەی زیاتر لە مەترێک.

ئاسکی مووس قەبارەیەکی گەورەی هەیە و کێشی لە نێوان ٢٧٠-٧٢٠ کیلۆگرام دەبێت کە قەبارەی نێرینەکان گەورەترە بە بەراورد بە مێینەکان، سمەکانی بەجۆرێکن کە لە وەرزی زستاندا وەک پێلاوێکی سەر بەفر بەسوودە و لە خلیسکانی سەر بەفر دەیپارێزێت، هەستی بینینی زۆر بەهێز نییە بەڵام هەستەکانی بۆنکردن و بیستنی پەرەسەندوون، هەروەها ئاسکی مووس توانای ئارەقکردنەوەی نییە و بەهۆیەوە ناتوانێت لە ناوچەی پلەی گەرمی بەرزدا بژی، جگە لە ئەمەش ئەو خواردنەی کە دەیخوات دەبێتە هۆی دروستکردنی بڕێکی زۆر لە گەرمی و ناتوانێت لە ناوچەی گەرمدا بژی، بە پێچەوانەوە هاوکاریی دەکات هەتاکوو لە کەشی ساردی نیوەگۆی باکووری زەویدا بەرگەبگرێت.  

خۆراک

ئاسکی مووس گیانەوەرێکی گیاخۆرە و ژەمە خۆراکی پەسەندی بریتییە لە گژوگیاکان، هەروەها هەندێک جۆری جیاوازی تر لە ڕووەک و چڵی درەختەکانیش دەخوات، ئەم گیانەوەرە ڕۆژەکییە و لە کاتەکانی بەرەبەیان و زەردەپەڕدا زۆرینەی چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، هەروەها لە ماوەی هەر ڕۆژێکدا نزیکەی ٣٢ کیلۆگرام خۆراک دەخوات، لە وەرزی هاویندا و کاتێک ڕووەکە ئاوییەکان دەردەکەون ئاسکە مووسەکان دەچنە نێو ئاوەوە بۆ خواردنی و چێژی لێوەردەگرن، ئاسکی مووس گیانەوەرێکی کاوێژکەرە و هاوشێوەی کاوێژکەرەکانی تر گەدەی لە چوار بەش پێکهاتووە، سەرەتا بەخێرایی خۆراک دەخوات و لە بەشی یەکەمی گەدەیدا ترشاندنی بەسەردا دێت دواتر جوین و هەرسکردنی ئەنجامدەدات، هەروەها دەکرێت لەلایەن مرۆڤ و گیانەوەری بەهێزی وەک گورگ و ورچەوە تووشی هەڕەشە و مەترسی ڕاوکردن ببێتەوە، بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی قاچەکانی لە ڕاوچییەکەی جێگیر دەکات پاشان بەسوود وەرگرتن لە شاخەکانی بەرگری دەکات، بەجۆرێک بەهێزە کە تەنانەت دەکرێت لەکاتی شەڕکردنی لەگەڵ ورچی قاوەییدا ئاسکی مووس شەڕەکە بباتەوە.

لەگەڵ گەرمبوونی زەوی و نەمانی کەشی زۆر ساردی زستان ژمارەی گەنەکان زیاد دەکات لە ئەو ناوچانەی کە ئاسکە مووسەکانی لێ دەژی، بەرزبوونەوەی ژمارەی گەنەکانیش دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەیان لە مووسەکان و دروستکردنی برین لەسەر جەستەیان، کە لە ئەنجامدا ساڵانە چەندین مووس بەهۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە خوێن و لە ئەنجامدا تووشبوونیان بە کەمخوێنی دەمرن.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی زۆربوونی ئاسکە مووسەکان لە پایزدایە، لە ئەم وەرزەدا نێرینەکان شەڕ دەکەن لەسەر مێینەی ناوچەکەیان بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکگرتن، شەڕەکە بە بەکارهێنانی شاخەکانیان دەبێت بەڵام کاتی زۆر ناخایەنێت و شەڕانگێزی زۆر ناکەن چونکە ئەگەر شاخەکانیان لە یەکتری بئاڵێت ئەوا پێکەوە پەیوەست دەبن و دواتر لێک جیانابنەوە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی مردنیان، ئەو نێرینەی کە براوە دەبێت دەتوانێت لەگەڵ مێینەکەدا یەکبگرن لە کاتێکدا نێرینەکەی تر پێویستە جێگەکە جێبهێڵێت، مێینەکانیش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی نێرینەکان دەنگ و هاواری بەرز دەردەکەن.

دوای یەکگرتن ماوەی سکپری مێینەکان چەند مانگێک دەخایەنێت کە هەتاکوو بەهار یاخود هاوین درێژەدەکێشێت، پاشان مێینەکان ساڵانە بێچوویەکیان دەبێت دەکرێت دووانە و سیانەشیان ببێت بەڵام بەدەگمەن، بێچووەکان لە یەکەم ڕۆژی تەمەنیاندا لەسەر پەلەکانیان دەوەستن و دوای چەند هەفتەیەکیش لە لەدایکبوونیان توانای مەلەکردنیان دەبێت، لەگەڵ گەشەسەندیاندا دەتوانن بۆ ماوەیەکی کورتیش لەژێر ئاودا بمێننەوە و دەبنە مەلەوانی لێهاتوو، پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ بێچووەکان لە شیر دەبڕدرێنەوە بەڵام لەگەڵ دایکیاندا دەمێننەوە هەتاکوو وەرزی یەکگرتنی دواتر، هەروەها کاتێک بێچووەکان دەگەنە تەمەنی ٤-٦ ساڵی بەتەواوەتی گەشە دەکەن، لە پێش ئەم ماوەیە ئەگەری زۆرە کە ورچ و گورگەکان ڕاویانبکەن، بەڵام دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە زۆرینەیان هەتاکوو کۆتایی تەمەنی ئاسایی خۆیان دەژین، کە ماوەی ژیانکردنی هەر ئاسکێکی مووس لە نێوان ١٠-١٦ ساڵ دەبێت و دەکرێت هەندێكیشیان بگەنە تەمەنی ٢٠ ساڵی.


سەرچاوەکان



471 بینین