هاجەرە خاتوون

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-14-23:38:00 - کۆدی بابەت: 9407
هاجەرە خاتوون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خاتوو هاجەری خێزانی پێغەمبەر ئیبراهیم یان هاجەرە خاتوون (بە عەرەبی: هاجر زوجة النبي ابراهیم) دووەمین خێزانی پێغەمبەر ئیبراهیم و دایکی پێغەمبەر ئیسماعیلە کە یەکەمین منداڵی پێغەمبەر ئیبراهیم بووە و ڕەچەڵەکی پێغەمبەر ﷺ دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەم پێغەمبەرە.
لە سایەی هاجەرە خاتوونەوە ئاوی زەمزەم هەڵقووڵاوە و بەهۆی خودی ئەوەوە ڕیڕەویکردنی حەوت جار لە نێوان کێوی سەفا و کێوی مەروە بووەتە بنەمایەکی سەرەکی لە ئەنجامدانی حەج و عەمرە.
خاتوو هاجەر بە دایکی عەرەبەکان ناسراوە و یەکەم کەس بووە بە زمانی عەرەبی پاراو قسەی کردووە.

ناوەکەی

خاتوو هاجەر ناوی لە کتێبی پیرۆزی ئینجیل و تەوراتدا هاتووە، لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ بە دایکی ئیسماعیل ئاماژەی پێکراوە، هەروەها لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بە چیرۆکەکەی کراوە بەڵام ناوی نەهێنراوە.
واتای ناوەکەی لە زمانی عیبیری کۆندا ناوی جۆرە گوڵێکی میسرییە، لە زمانی عەرەبیشدا ناوەکەی واتای "کۆچەر" دەبەخشێت.

ژیاننامەی خاتوو هاجەر

هاجەر یەکێک بووە لە شازادە خانەدانەکانی میسر، بەڵام کاتێک خێزانەکەی بەر هێرشی دەسەڵاتی فیرعەونەکانی میسر بووەوە وەکوو کەنیزەک دیل کرا.
دوای کۆچی پێغەمبەر ئیبراهیم و سارە خاتوون بۆ میسر، دەسەڵاتداری میسری ئەو سەردەمە خاتوو هاجەری پێشکەش بە خاتوو سارە و پێغەمبەر ئیبراهیم کرد تاکوو ببێتە خزمەتکاریان، پاشان دوای گەڕانەوەیان بۆ خاکی کەنعان خاتوو سارەی خێزانی منداڵی نەدەبوو، بۆیە خۆی پێشنیاری هاوسەرگیری بۆیان کرد و هاجەرە خاتوون لەگەڵ پێغەمبەر ئیبراهیم هاوسەرگیرییان کرد.
دواتر هاجەر بوو بە دایک و پێغەمبەر ئیبراهیم لە تەمەنی 85 ساڵیدا بووە خاوەن یەکەمین منداڵی کە ناوی لێنا "ئیسماعیل" و پێغەمبەر ﷺ لە ڕەچەڵەکی لەم پێغەمبەرەیە.
ئیسماعیل لە شارۆچکەی "خەلیل" لە وڵاتی شام نزیک بەیتولمەقدەس لەدایکبووە.

کۆچی خاتوو هاجەر و ئیسماعیل بۆ مەککە

دوای لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیسماعیل خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەر ئیبراهیم کرد کە دایکی کوڕەکەی و منداڵەکەی ببات بۆ خاکی مەککەی دوورەدەست و وشک. بۆیە لە بەجێگەیاندنی فەرمانی خوا کۆچی شارەکەیان کرد و کاتێک پێغەمبەر ئیبراهیم ویستی بەجێیان بهێڵێت، خاتوو هاجەر پرسی کە "ئایا ئەمە فەرمانی خوایە؟" پێغەمبەر ئیبراهیم بە بەڵێ وەڵامی دایەوە و هاجەر هیچ ناڕەزاییەکی دەرنەبڕی.
پاشان پێغەمبەر ئیبراهیم لە خوا پاڕایەوە و لە سوورەتی ئیبراهیم لە ئایەتی 37 باس لەو پاڕانەوەیە کراوە و دەفەرموێت:
(رَبَّنَا إِنِّي أَسْكَنْتُ مِنْ ذُرِّيَّتِي بِوَادٍ غَيْرِ ذِي زَرْعٍ عِنْدَ بَيْتِكَ الْمُحَرَّمِ رَبَّنَا لِيُقِيمُوا الصَّلَاةَ فَاجْعَلْ أَفْئِدَةً مِنَ النَّاسِ تَهْوِي إِلَيْهِمْ وَارْزُقْهُمْ مِنَ الثَّمَرَاتِ لَعَلَّهُمْ يَشْكُرُونَ)
واتا: په‌روه‌ردگارا به‌ڕاستی من وه‌چه‌کەم و خێزانم له‌ دۆڵێکی وشکی بێ کشتوکاڵدا جێنشین کردووه‌، له‌ نزیک ماڵه‌ پیرۆزه‌که‌تدا له‌ (بیت الحرام)، په‌روه‌ردگارا بۆیه‌ لێره‌ نیشته‌جێم کردن تاکوو به‌ چاکی نوێژ و خواپه‌رستی ئه‌نجام بده‌ن، داواکارم دڵی هه‌ندێك له‌و خه‌ڵکه‌ که‌مه‌ندکێش بکه‌یت بۆ لایان و له‌ ڕزق و ڕۆزی جۆراوجۆر به‌هره‌مه‌ندیان بکه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسگوزاری تۆ بکه‌ن.

هەڵقووڵانی ئاوی بیری زەمزەم

دوای ئەوەی خاتوو هاجەر و ئیسماعیلی کوڕی بە تەنها لە مەککە مانەوە، ئەو بڕە ئاوەی کە لەلایان بوو و لەگەڵ بڕی ئەو خورمایەی کە پێیان بوو تەواو بوو. بۆیە دووچاری برسێتی و تینوێتییەکی سەخت بوونەوە.
خاتوو هاجەر بۆ دۆزینەوە و دابینکردنی ئاو بۆ کوڕەکەی، بە ناوچەکەدا گەڕا و نزیکترین کێو لێوەی "کێوی سەفا" بوو چووە سەری، پاش چاوگێڕانی بۆ ئاو لەوبەری کێوەکە تەڕاویلکەی بینی (تەڕاییەکی ناڕاست، سەراب) خێرا دابەزی و چووە سەر ئەو کێوەی کە سەرابەکەی لەسەری بینی بوو کە "کێوی مەروە" بوو، ئەم کرداری هاتووچۆ و ڕاکردنەی لەنێوان هەردوو شاخەکە بۆ حەوت جار بەردەوام بوو، لەسەر کێوی سەفاوە دەچووە سەر کێوی مەروە، تاکوو لە کۆتا جار بینی کە لە نزیک کوڕەکەی و لە شوێن پێییەکانی ئەوەوە ئاوێکی سازگار هەڵقووڵاوە، هەردووکیان لە ئاوەکە تێریان خواردووەتەوە بەڵام ئاوەکە لە هەڵقووڵان هەر بەردەوام بووە، تاکوو خاتوو هاجەر فەرموویەتی "زم زم" کە واتای "وشک بە وشک بە"ـەیە.

ئەم وشەیە سەر بە زمانی نوودییەکانە کە دانیشتووانی باکووری سوودان و باشووری میسر بەو زمانە قسەیان کردووە و خاتوو هاجەریش یەکێک بووە لەو گەلە، دواتر وشەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووەتە "زەمزەم". بەهۆی ئەم ڕووداوە و هەوڵی دایکێک بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکەی، خوای گەورە پرۆسەی هاتووچۆکردنی حەوت جار لەنێوان کێوی سەفا و کێوی مەروە کردووە بە ڕوکن و بنەمایەکی سەرەکی لە ئەنجامدانی پڕۆسەی حەج و عەمرەدا.


سەرچاوەکان



616 بینین