بەرزەکی بانان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-20-17:09:00 - کۆدی بابەت: 9455
بەرزەکی بانان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرزەکی بانان یاخود ڕشاق (بە ئینگلیزی: Lynx)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و نشینگەکەی دەکەوێتە چەند وڵاتێکی جیاواز لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکای باکوور، جێگەی ژیانکردنی دەکەوێتە ژێر بەرد و لێوار و قەراغەکانەوە لە ناوچەی دارستان و شاخەکاندا، هەروەها شێوازی ژیانکردنی تاکەکان بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵە دروستناکەن، تەنها لە وەرزی زۆربووندا و بە مەبەستی یەکگرتن پێکەوە دەبن، بەرزەکی بانان گیانەوەرێکی خێرایە و لەماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٨٠ کیلۆمەتر ببڕێت، ئەم گیانەوەرە بەدەگمەن لەلایەن مرۆڤەکانەوە دەبینرێت چونکە بەتەنها دەژی و ڕاوچییەکی کارامەیە، واتە لەکاتی هەبوونی مرۆڤەکاندا بەئاسانی خۆی دەشارێتەوە.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی بە فەروو داپۆشراوە و دەکرێت چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەبێت وەک قاوەیی، ڕەش، زەرد یاخود ڕەنگی کاڵی نزیک بێجی لەگەڵ ڕەساسی نزیک سپی، قەبارەیەکی زۆر گەورەی نییە و جۆرێکی قەبارە مامناوەندە، کێشی لە نێوان ١٠-٢٥ کیلۆگرام دەبێت و درێژییەکەشی بەنزیکەیی لە نێوان ٤٨-٦٩ سانتیمەتر دەبێت، کلکی کورتە بەڵام گوێچکەکانی درێژن هەروەها فەرووەکەی جەستەی خاڵ و نیشانەی تێدایە، گەورەیی چنگەکانی وەک پێڵاوێکی سەر بەفر بەسوودە و هاوکاری دەکات لە ناوچە بەفراوییەکانی شاخ و دارستانەکاندا ئاسان بجووڵێت.  

خۆراک

بەرزەکی بانان گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە و ڕاوچییەکی هەلقۆزەرەوەیە کە دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر بوونەوەری جیاواز ڕاوبکات، ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە کەروێشکی کێوی، سمۆرە، ماسی، قرتێنەر، مەڕ، بزن، خشۆک، باڵندە و ئاسکەکان، لەناویشیاندا کەروێشکی کێوی خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، لە کاتی ڕاوکردندا دەکرێت هەندێکجار و بەدەگمەن تاکەکان پێکەوە و بە کۆمەڵ بچنە ڕاوکردن، هەروەها بەرزەکی بانان هیچکات نێچیرەکەی ناباتەوە بۆ لانەکەی تەنها لەکاتێکدا نەبێت کە دایکێک خۆراک بۆ بێچووەکانی ببات، بەگشتی نێچیرەکەی لەسەر زەوی ڕاودەکات، بەڵام توانای سەرکەوتن بەسەر درەخت و مەلەکردنیشی هەیە، کە لەکاتی پێویستدا دەتوانێت سوود لە کارامەییەکانی وەربگرێت، بەڵام ئەم گیانەوەرە خۆشی دەبێت بە نێچیر و خۆراکی گیانەوەری وەک شێر و گورگەکان یاخود لەلایەن مرۆڤەکانیشەوە ڕاودەکرێن بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە فەرووەکەی.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن لە نێوان ناوەڕاستی زستان هەتاکوو سەرەتای بەهار دەگرێتەوە، نێرینەکان بە قوڵی دەنگی مڕەمڕەیان دەبێت بۆ ئاگادارکردنەوەی مێینەکان کە لە ناوچەکەدا هەبن، بەڵام مێینەکان بە دەنگی میاوی هێمن ئاگاداری دەنێرن، پاش یەکگرتن ئەو مێینەیەی کە دووگیان دەبێت بە شوێن جێگەیەکی نهێنیدا دەگەڕێت بۆ دروستکردنی لانەیەک، کە زۆرینەی جارەکان لە ئەشکەوت و چاڵە قووڵەکاندا دەبێت، ماوەی سکپڕی ٦٧-٧٤ ڕۆژ دەخایەنێت پاشان مێینەکە دوو بێچووی دەبێت، سیانە یاخود چوار بێچوو دەگمەنن و کەمتر ڕوودەدات، لەسەرەتادا بێچووەکان کێشیان کەمە و ڕەنگی جەستەیان لە نێوان ڕەساسی و قاوەییدایە، هەروەها بێچووەکان نابینیان هەتاکوو دەبن بە ١٠ ڕۆژ پاشان چاویان دەکرێتەوە، کاتێکیش تەمەنیان دەگات بە ١١ هەفتە بەتەواوەتی ڕەنگ وەردەگرن، لەسەرەتادا خۆراکیان شیری دایکیانە و دەکرێت هەندێکجار خۆراکی تریش بخۆن بەڵام هەتاکوو تەمەنی پێنج مانگی لە شیر نابڕدرێنەوە، سوڕی ژیانی ئەم گیانەوەرە لە نێوان ١٢-٢٠ ساڵ دەبێت بەڵام لەکاتی دیلکردندا دەکرێت تەمەنی درێژتربێت، هەموو تایبەتمەندییەکانی یەکگرتن و زۆربوونیان بەگوێرەی چوار جۆرەکە گۆڕانگاری بەسەردا دێت، بۆ نموونە یەکێک لە جۆرەکان وەرزی یەکگرتنیان تەنها یەک مانگ دەخایەنێت، یاخود ماوەی سکپڕی و ژمارەی بێچووەکانیان جیاوازە.  

جۆرە سەرەکییەکان

چوار جۆری سەرەکی و جیاواز لە بەرزەکی بانان هەیە کە بەگوێرەی جێگەکانیان ناونراون، لەگەڵیاندا پشیلەی کێویش بە جۆرێکی بەرزەکی بانان پۆلێندەکرێت، هەرچەندە گوێچکەکانی بچووکترە و چنگیشی بە ڕادەی جۆرەکانی بەرزەکی بانان گەورە نییە، یاخود نشینگەی پشیلە کێوییەکان ناوچەی گەرمتر دەگرێتەوە، بەڵام تایبەتمەندییە سەرەکییەکانیان هاوبەشە و لەهەمان کۆمەڵەدا پۆلێنکراون، جۆرەکانیش ئەمانەن:

  • بەرزەکی بانانی کەنەدی
  • بەرزەکی بانانی قەفقاسی
  • بەرزەکی بانانی ئۆراسی
  • پشیلە کێوی


سەرچاوەکان



545 بینین