شیرین عەبدولوەهاب

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-07-24-22:28:00 - کۆدی بابەت: 9531
شیرین عەبدولوەهاب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شیرین عەبدولوەهاب (بە عەرەبی: شيرين عبدالوهاب، بە ئینگلیزی: Sherine Abdel Wahab)، گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و نواندنکارێکی دیاری میسڕییە، لە ساڵەکانی ٢٠١٢، ٢٠١٣ و ٢٠١٥ـەدا لە بەرنامەی خۆشترین دەنگ (زە ڤۆیس-The voice)ـدا وەک بڕیاردەر لە لیژنەی بڕیارداندا بووە.

ژیان

لە ٨ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٠ـدا لە قاهیرەی وڵاتی میسڕ لە خێزانێکی مامناوەند لە دایک بووە، باوکی دیزاینەر و دایکی ژنی ماڵەوە بووە و خاوەنی خوشک و برایەکە. 
لە تەمەنی منداڵیدا، دەنگە خۆشەکەی و توانای دەنگە ژێیەکانی بەهۆی مامۆستای میوزیکی قوتابخانەکەیەوە هەستی پێدەکرێت و دەدۆزرێتەوە و لە تەمەنی ٩ ساڵیدا مامۆستاکەی هەوڵیدا و دایکی شیرینی ڕازیکرد تاوەکوو بیبات بۆ لای سەلیم سەحابی بەڕێوبەری ئۆرکێسترا لە (ئۆپێرا هاوسی قاهیرە بە ئینگلیزی: Cairo Opera House) تاوەکوو لەبەردەم سەلیم سەحابدا گۆرانی بڵێت. دوای ئەوەی گۆرانی دەڵێت و سەلیم سەحاب گوێی لە دەنگی دەبێت، ئەوکات دەنگی زۆر بەدڵ دەبێت.

لە تەمەنی ٩ بۆ ١٢ ساڵیدا وەکوو ئەندامی کۆرس لە ئۆپێرا هاوسی قاهیرە گۆرانی وتووە, پاشان توانی بە تەنها گۆرانی بڵێت و سەرکەوتنێکی مەزن بەدەست بهێنێت. شیرین لە ئۆپێرا هاوسی قاهیرە بەردەوام بوو لە گۆرانی وتن لە کاتێکدا بەدوای بەرهەمهێنێکی مۆسیقادا دەگەڕا تاکوو کاری خۆی لەگەڵدا دەست پێبکات، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا خۆی بە (نەسڕ مەحروسی) دەرهێنەر و ئەستێرەی دیاری مۆسیقا ناساند، نەسڕ مەحروس دەنگی زۆر بەدڵ دەبێت و بڕیاردەدات لە ڕێگەی کۆمپانیای فری میوزیکەوە (Free Music)ـەوە هاوکاری بکات، کە لەوێدا تامر حوسنی گۆرانیبێژ و نواندنکاری میسڕی بینی و ئەویش بەدوای هەلێکدا دەگەڕا تاکوو بەهرەکانی دەربخات. نەسڕ مەحروس بڕیاریدا ئەلبوومێکی هاوبەش بۆ تامر و شیرین دروست بکات, هاوکات ئەلبوومەکەیان لە ساڵی ٢٠٠٢ بە ناوی (Free Mix3) بڵاوبووەوە و لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و زیاتر لە ٢٠ ملیۆن لەبەرگیراوەی لێ فرۆشرا.

کارە هونەرییەکانی لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٢ـدا دەستی پێکرد بە گۆرانی (ئاه ئەی شەو بە عەرەبی: اه یا لیل) هەرچەندە ئەو گۆرانییەی یەکەمین گۆرانیی نەبوو، چونکە پێشتریش لەگەڵ گۆرانیبێژی عەرەبی محەمەد مەحیی (بە عەرەبی: محمد محي) لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا بە هاوبەشیی گۆرانی (بحبک بە کوردی: خۆشمدەوێیت)ـیان وت کە بەشێک بوو لە ئەلبوومی (صورة و دمعة بە کوردی: وێنە و فرمێسکی) محەمەد مەحیی. 
یەکەمین دەرکەوتنی شیرین و ناساندنی ڕووخسارە نوێیەکەی لەگەڵ تامر حوسنیدا بوو لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا لە ئەلبوومێکی هاوبەشدا بەناوی (فری میکس٣ بە ئینگلیزی: Free Mix3) کە ٢٠ ملیۆن لەبەرگیراوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا لێ فرۆشرا و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو.

ژیانی سینەمایی

شیرین وەک ئەستێرەیەکی سینەمایی لە بەرانبەر نواندکاری کۆمیدیی عەرەبی، ئەحمەد حیلمی (احمد حلمي)ـدا لە ساڵی ٢٠٠٣ لە فیلمی کۆمیدی (میدو مشاکل)ـدا کاری کردووە کە لەلایەن محەمەد نەججار (محمد نجار)ـەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە درامای ڕێگاکەم (بە عەرەبی: طریقي) وەک نواندکار لە ڕۆڵی سەرەکیی بەشداربووە، ئەم فیلمە باس لە کچێکی گەنج دەکات بۆ گەیشتن بەخەونی بوون بە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ، ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی ژیانی دەبێتەوە و لەبەرئەوە دژی ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و کولتووریی و خێزانییەکانی دەوەستێتەوە و هەوڵدەدات. دەقی دراماکە لە نووسینی تامر حەبیبە و لەلایەن محەمەد شاکرەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.

بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکانی

شیرین لە وەرزی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٢ و وەرزی دووەم لە ساڵی ٢٠١٣ و وەرزی سێیەم لە ساڵی ٢٠١٥ـی بەرنامەی خۆشترین دەنگی (The Voice)ـی وڵاتە عەرەبییەکان یەکێک بووە لە بڕیاردەرانی لیژنە، هاوکات لە ساڵی ٢٠١٧ دا وەک پێشکەشکاری بەرنامەی شیری ستۆدیۆ (بە عەرەبی: شیري ستودیو، بە ئینگلیزی: Sherry’s Studio) لە کەناڵی (DMC)ـی میسڕی دەستبەکار بووە، کە بەرنامەیەکی هونەری تایبەت بە هونەرمەندان بوو و چەندان هونەرمەندی گەورە و دیاری عەرەبی وەک گۆرانیبێژ و نواندکاریش میوانی کردووە.

ژیانی هاوسەرگیری

شیرین یەکەمین هاوسەرگیری لەگەڵ ئاوازدانەری مۆسیقی مەدحەد خەمیس (مدحد خمیس)ـدا کردووە. دووەم هاوسەرگیری لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا لەگەڵ دابەشکار و ئاوازدانەری مۆسیقی محەمەد موستەفا (محمد مصطفی)ـدا کردووە و دوو کچی لێی بووە بەناوەکانی (مریەم و هەناء) بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ دا پاش پێنج ساڵ هاوسەرگیری، لەیەکتری جیابوونەوە.
لە ٧ ی ئەیلوولی ٢٠١٨ دا هاوسەرگیری لەگەڵ حوسام حەبیب (حسام حبیب)ـی بەڕێوبەری کارەکانی کرد کە تێیدا تەنیا خانەوادەی هەردوولا و کچەکانی شیرین ئامادەیی ئاهەنگەکەبوون و لە ساڵی ٢٠٢١ـدا جیابوونەوە و ئەو جیابوونەوەیان کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

دەستکەوت و ڕێزلێنانەکانی

شیرین لەماوەی کارە هونەرییەکانیدا چەندین دەستکەوتی دیار و مەزنی بەدەستهێناوە، ئەوانیش پێکهاتوون لە ٥ خەڵاتی ڕێزلێنانی مۆریکس دۆر (Murex d'Or) وەک باشترین گۆرانیبێژی عەرەبی ساڵی (٢٠١١ و ٢٠١٢ و ٢٠١٤ و٢٠١٧ و ٢٠١٨).

شیرین ٣ خەڵاتی (Middle East Music Award بە کوردی: خەڵاتی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ـی بۆ باشترین گۆرانیبێژی ئافرەت و باشترین ئەلبووم بەناوی (أنا کتیر بە کوردی: من زۆرم) و باشترین ڤیدیۆ کلیپی (کلي ملكك بە کوردی: هەمووم هی تۆیە) بەدەست هێناوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٤ دا ٣ خەڵاتی (دیەر گێست بە ئینگلیزی: Dear Guest)ـی بۆ باشترین گۆرانیبێژی عەرەبی و باشترین ڤیدیۆ کلیپی گۆرانی (كلي ملكك) و باشترین ئەلبوومی گۆرانی بە ناوی (انا کتیر) پێ بەخشرا، هاوکات لە ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی عەرەبی لە فێستیڤاڵی بیاف (مهرجان بیاف)ـدا وەرگرت و بووە خاوەنی نازناوی باڵوێزی نیازپاکی. 

شیرین دوایین ئەلبوومی بە ناوی نەسای (نساي) بڵاوکردەوە و پلەی یەکەمی لە فرۆشتنی ئەلیکترۆنیدا بەدەستهێنا و بەسەر گرنگترین ئەستێرەکانی میسڕ و جیهانی عەرەبیدا سەرکەوتوو بوو بەهۆی ئەوەی ژمارەی پێوانەیی شکاند و بە ملیۆنەها بینەری تێپەڕاند. هاوکات ئەلبوومی نەسای لە فێستیڤاڵی دیەر گێست (Dear Guest)ـدا بووە خاوەنی دوو خەڵات و لە بەرنامەی ئەپڵ میوزیکدا (Apple Music)ـدا لە ساڵی ٢٠١٨ بووە باشترین ئەلبوومی گۆرانی.
ئەلبوومەکانی شیرین لە بازاڕی فرۆشتندا زۆرترین فرۆشیان هەبووە وەک ئەلبوومی (جرح تاني بە کوردی: ئازارێکی تر) و (لازم اعیش بە کوردی: پێویستە بژیم) و (حبیت بە کوردی: خۆشمویست) و ئەلبوومی (انا کتیر بە کوردی: من زۆرم) و چەندەهای تر کە پلەی یەکەمیان بەدەست هێناوە.

شیرین دووەم هونەرمەندی میسڕی بووە لەدوای ئوم کەلسوم (ام کلثوم) کە لەسەر سەکۆی بعلبک (مسرح بعلبك)ـدا لە لوبنان گۆرانی وتووە و لە ئاهەنگەکانی سعوودییەدا بەشداری کردووە. هاوکات یەکەم هونەرمەندی عەرەبی و میسڕیش بووە کە لەسەر سەکۆی سعوودیە گۆرانی پێشکەش کردووە، هەروەها شیرین لە میسڕ و نیشتیمانی عەرەبیدا بەشداری لەگەورەترین و بەناوبانگترین ئاهەنگ و فێستیڤاڵەکاندا کردووە کە ئەوانیش بریتین لە (مەوازین) موازین، (وافران لە مەغریب)، (قرطاج و صفاقس لە توونس)، (فەبرایەر کوێت بە عەرەبی: فبرایر کویت)، (ئۆپرا کوێت بە عەرەبی: اوبرا کویت) و (ئۆپرا دوبەی بە عەرەبی: اوبرا دبي) و ئاهەنگە گەورەکانی (گوندی جیهانی بە عەرەبی: القریة العالمیة)، ئاهەنگەکانی سووریا و سوودان).

ئەلبوومی گۆرانییەکانی

  • ٢٠٠٢: فری میکس٣ (Free Mix 3) ئەلبوومێکی هاوبەش بووە لەگەڵ تامر حوسنیدا.
  • ٢٠٠٣: جرح تاني.
  • ٢٠٠٥: لازم اعيش.
  • ٢٠٠٨: بطمنك.
  • ٢٠٠٩: حبيت.
  • ٢٠١٢: اسأل عليا.
  • ٢٠١٤: أنا کتیر.
  • ٢٠١٥: طریقي.
  • ٢٠١٨: نساي.

گۆرانییە تاکەکانی

  • “العام الجديد" بەهاوبەشی لەگەڵ (فضل شاکر)ـدا وتوویانە
  • "مابتفرحش"
  • "لبنان في القلب"
  • "قلبي ليك" بە هاوبەشی لەگەڵ (هانی شاکر)ـدا وتوویانە
  • ماشربتش من نيلها
  • ماتعتذرش
  • هو ده
  • على إيدك
  • "كل ماأغني" بە هاوبەشی لەگەڵ (حسام حبیب)ـی هاوسەری پێشویدا وتوویانە
  • "الدين تمام الأخلاق" بەهاوبەشی لەگەڵ (نەجوە کەرەم بە عەرەبی: نجوی کرم) وتوویانە
  • مش قد الهوى
  • اه يا ليل
  • جرح تانى
  • صبري قليل
  • مفيش مرة
  • لازم أعيش
  • مش عايزة غيرك انت
  • مش هفضل
  • انا مش بتاعت الكلام ده
  • كتير بنعشق
  • بطمنك
  • بكلمة منك
  • وبحلفلك
  • خاصمت النوم
  • القماص
  • بعلم الوصول
  • عشرە مشوار
  • هي الدنيا
  • الحب خدعة
  • علشان مصر
  • عینك
  • بلدي بە هاوبەشی لەگەڵ محمد نور وتوویەتی
  • بحبك يا أمي
  • كده
  • روح إنسان
  • لواني
  • على ايدك
  • ابو الرجالة
  • مش قد الهوى
  • كلها غيرانه

ئەو گۆرانیانەی بۆ فیلم و زنجیرەکانی وتووە

  • ٢٠٠٣: “بالك" لە فیلمی (میدو مشاکل).
  • ٢٠٠٦: “کثیر بنعشق” لە فیلمی (دەربارەی خۆشەویستی و ئارەزوو بە عەرەبی: عن العشق و الهوی).
  • ٢٠١٣: “مشاعر” لە زنجیرەی (چیرۆکی ژیان بە عەرەبی: حکایة الحیاة).
  • ٢٠١٧: ”حلاوة الدنيا" لە زنجیرەی (شیرینیی ژیان بە عەرەبی: حلاوة الدنیا).
  • ٢٠١٩: "يا بتفكر يا بتحس" لە زنجیرەی (پێنج و نیو بە عەرەبی: خمسة ونص).
  • ٢٠٢١: "وشي الحقيقي "لە زنجیرەی (گۆشتی ئاسک بە عەرەبی: لحم غزال).
  • ٢٠٠٨: “المرایا” لە فیلمی (اسف علی الازعاج).


سەرچاوەکان



1346 بینین