پژمین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-07-28-18:47:00 - کۆدی بابەت: 9591
پژمین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پژمین یان پژمە (بە ئینگلیزی: Sneezing یان Sneeze یان sternutation، بە عەرەبی: عطس یان العطاس) ڕێگایەکی لەشە بۆ کردنە دەرەوەی ماددە کزێنەر و سووتێنەرەکان لە قوڕگ و لووت. پژمە دەرهاویشتنێکی بەهێزی خۆنەویستانەی هەوایە، زۆرجار لەناکاو و بەبێ هیچ نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوە ڕوودەدات، لە کاتێکدا پژمین کەمێک بێزارکەرە، بەڵام نیشانە نییە بۆ هیچ کێشەیەکی تەندروستی مەترسیدار.

هۆکارەکان

بەشێک لە کاری لووت پاککردنەوەی ئەو هەوایەیە کە هەڵیدەمژیت، هەروەها لابردنی پیسی و بەکتریا و دڵنیابوونەوە لە پاکی ئەو هەوایەیەی دەچێتە لەشەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لووت لەڕێگەی لینجییەوە ئەم پیسییانە دەگرێت. پاشان گەدە لینجییەکە هەرس دەکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت هەندێک جار پیسی و تۆز دەتوانن بچنە ناو لووتەوە و لینجە پەردەکانی ناو لووت و قوڕگ بکزێننەوە. کاتێک ئەم پەردانە کزانەوە پژمین ڕوودەدات.

چەند شتی جیاواز هەیە کە هانی پژمین دەدەن وەک:

هەستیاری

هەستیاری حاڵەتێکی زۆر باوە کە بەهۆی کاردانەوەی لەش بۆ تەنێکی نامۆ ڕوودەدات. لە حاڵەتە ئاساییەکاندا کۆئەندامی بەرگری دەتوانێت لەشی مرۆڤ دژی هێرشکەرە زیانبەخشەکانی وەکوو بەکتریای هۆکاری نەخۆشی بپارێزێت.
ئەگەر کەسێک هەستیاری هەبێت، کۆئەندامی بەرگریی تەنی نامۆی بێزیان وەکوو تەنێکی زیانبەخش دەناسێتەوە. هەستیاری دەکرێت لە کاتی هەوڵدانی لەش بۆ کردنە دەرەوەی ئەم تەنانە ببێتە هۆی پژمین. 

تووشبوونە میکرۆبییەکان

ئەو تووشبوونە میکرۆبییانەی بەهۆی ڤایرۆسەکانەوە تووشی مرۆڤ دەبن وەکوو سەرمابوون و هەڵامەت دەکرێت تووشی پژمینت بکەن. زیاتر لە ٢٠٠ جۆری جیاوازی ڤایرۆس بوونی هەیە کە دەتوانن مرۆڤ تووشی سەرمابوون بکەن، بەڵام هەرچۆنێک بێت زۆربەی جار بەهۆی ڤایرۆسی ڕینۆ (rhinovirus) مرۆڤ تووشی سەرمابوون دەبێت دەبێت.

هۆکارە کەمتر باوەکان

هۆکارە کەمتر باوەکانی پژمین بریتیین لە:

  • زەبرکەوتن بە لووت
  • وازهێنان لە هەندێک جۆری دەرمانی وەکوو opioid narcotics
  • هەڵمژینی ماددە سووتێنەرەکانی وەک تۆز و بیبەر
  • هەڵمژینی هەوای سارد

چارەسەری پژمین لە ماڵەوە

یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ دوورکەوتنەوە لە پژمین دووربوونە لە هاندەرەکانی پژمین. هەروەها دەتوانیت چەند گۆڕانکارییەکی بچووک لە ماڵەکەتدا بکەیت تاکوو کزێنەرەوەکان کەم بکەیتەوە:

  • پاڵفتەکەرەکانی هەوار بگۆڕە تاکوو پاڵاوتنی هەوای ماڵەکەت بە سەرکەوتوویی کاربکات.
  • ئەگەر سەگ یان هەر ئاژەڵێکی ماڵی تووکدارت هەیە، هەروەها کەسێکیت کە بە تووکی ئاژەڵ هەستیاریت، زوو زوو تووکەکەی ببڕە یان لایبە.
  • دەتوانیت تۆزی سەر قووماش و جۆرەکانی نایلۆن بە شۆردنیان لە ئاوی گەرم یان ئاوێک کە پلەی گەرمیی سەروو ٥٤٫٤ پلەی سیلیزی بێت بشۆیت بۆ ئەوەی تەپوتۆزەکەی لەسەر لاببەیت.
  • دەتوانێت ئامێری پاڵفتەکردنی هەوا بە مەبەستی پاکڕاگرتنی هەوای ماڵەکەت لە ماڵەکەتدا دابنێیت.

چارەسەرکردنی هۆکارە تەندروستییەکانی پژمین

  1. ئەگەر بەهۆی هەستیاری یان تووشیوونێکی میکرۆبییەوە تووشی پژمین بوویت، دەتوانیت سەردانی پزیشک بکەیت تاکوو چارەسەری هۆکارە تەندروستییەکەت بکات.
    ئەگەر هەستیاری هۆکاری پژمینەکەتە، یەکەم هەنگاو کە جێبەجێی بکەیت ئەوەیە کە خۆت لە هەستیارکەرە ناسراوەکان بەدوور بگریت، پزیشک دەتوانێت فێرت بکات کە چۆن ئەم هەستیارکەرانە بناسیتەوە، لە ئەنجامیشدا دەزانیت کە کامە هۆکاری هەستیاریتە و دەتوانیت خۆتی لێ بەدوور بگریت.
  2. ئەو دەرمانانەی پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە و ئەوانەی کە پێویستیانە و پێیان دەوترێت دژەهیستامینەکان بوونیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەستیاری و پژمین، باوترین جۆری دەرمانەکانی دژەهەستیاری بریتیین لە لۆراتاداین (لۆرتین) (loratadine) و سێتایریزین (cetirizine).
  3. ئەگەر تووشبووی هەستیاری توندیت، دەکرێت پزیشک پێشنیاری تاقیکردنەوەی دەرزی هەستیاریش بۆ بکات، دەرزی هەستیاری پوختەی هەستیارکەری پوختەکراوی تێدایە، بەرکەوتنی لەشت لەگەڵ هەستیارکەرەکاندا بە ژەمی کەم و ڕێکخراو یارمەتی لەش دەدات بۆ دووربوون لە کاردانەوە هەستیارکەرەکان لە داهاتوودا.
  4. ئەگەر تووشی تووشبوونە میکرۆبییەکان بوویت وەک هەڵامەت و سەرمابوون، هەڵبژاردەکانی چارەسەرت زیاتر سنووردار دەبێت، هەروەها هیچ دەرمانێکی دژەبەکتریا ناتوانێت کاریگەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو ڤایرۆسانەی دەبنە هۆی تووشبوون بە هەڵامەت و سەرمابووه.
  5. دەتوانیت پرژێنەری لووت بەکاربهێنیت بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاوکردن و کزانەوەی لووت، یان دەتوانیت دەرمانە دژەڤایرۆسەکان بەکاربهێنیت بۆ خێراترکردنی چاکبوونەوەت لە هەڵامەت، هەروەها دەبێت پشووی باش بدەیت و شلەمەنی زۆر بخۆیت بۆ ئەوەی لەشت بەخێرایی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.


سەرچاوەکان

37 بینین