تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-29-14:14:00 - کۆدی بابەت: 9600
تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا (بە عەرەبی: طلحة بن عبيد الله، بە ئینگلیزی: Talhah ibn Ubaydullah)، یەکێکە لەو دە هاوەڵەی کە مژدەی بەهەشتی پێدراوە و لەو هاوەڵانەی پێغەمبەر ﷺـە کە زوو باوەڕیان بە ئیسلام هێناوە، لەو پێنج کەسە بووە کە لەسەر دەستی ئەبوبەکری سدیق موسڵمان بووە و باوەڕی بە ئیسلام هێناوە. هەروەها لەو شەش کەسە بوو کە دوای شەهیدکردنی عومەری کوڕی خەتتاب بۆ ڕاوێژکردن و هەڵبژاردنی جێنشینی سێیەمی ڕاشیدەین لەلایەن عومەرەوە دیاری کرا.

ژیاننامەی

ناوی تەواوی تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵای کوڕی عوسمانی کوڕی عەمڕو کەعبی لوئەی قوڕەشییە و نازناوی ئەبوو محەمەد بووە. تەڵحە لە شاری مەککە بە 15 ساڵ پێش پێغەمبەرایەتی لەدایکبووە، لەنێو هۆزی قوڕەیش لە بیابانەکانی مەککە پەروەردە کراوە. ڕەچەڵەکی تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ سەر خێزانی ئەبوبەکری سدیق و ئوم کەلسوومی کچی ئەبوبەکر هاوسەری بووە. کەسێکی بازرگان و دەوڵەمەندبووە و لە بازرگانە ناودارەکانی قوڕەیش بووە، بۆ بازرگانی دەچووە شام و عێراق شتوومەکی دەهێنایەوە بۆ مەککە.

تایبەتمەندیی و پێگەی لە ئیسلامدا

تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا لە هەموو جەنگەکانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ بەشداری کردووە جگە لە جەنگی بەدر، چونکە لەو جەنگەدا لەسەر داوای پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هاوەڵ سەعیدی کوڕی زەید نێردران تاکوو هەواڵی قوڕەیشییەکان بۆ پێغەمبەر ﷺ بهێننەوە.

تەڵحە نزیکەی 38 فەرموودەی لە پێغەمبەر ﷺ گێڕاوەتەوە. کەسێکی دەوڵەمەند بووە، بەهۆی ئەوەی بازرگان بووە باری دارایی باشبووە لەکاتی جەنگەکان هاوکاری سوپا و لەشکری موسڵمانانی دەکرد، هەرکەسێکی قەرزدار لە هۆزی "بەنی تەمیم" هەبووایە تەڵحە قەرزەکانی بۆ دەدایەوە.

جەنگی جەمەل و کۆچی دوایی تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا

لە سەردەمی جێنشینی عەلی کوڕی ئەبوتالیب لە ساڵی 36ـی کۆچی بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە و داواکردنی خوێنی عوسمانی کوڕی عەففان، تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا و زوبێری کوڕی عەوام لەگەڵ خاتوو عائیشە لە مەدینەوە کۆچیان کرد بۆ پارێزگای بەسڕە، لەوێ داوای تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عوسمانی کوڕی عەففانیان لە ئیمامی عەلی کرد و دەیانویست تاوانباران و بکوژانی عوسمان بە سزای خۆیان بگەیەنرێت، بەڵام عەلی کوڕی ئەبوتالیب داوای لێکردن کە لەم بابەتەدا ئارام بگرن و پەلەی تۆڵەسەندنەوەیان نەبێت، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵەی تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا کە لە مەدینەوە هاتبوون لەگەڵ کۆمەڵەی عەلی کوڕی ئەبوتالیب بڕیاری  گفتوگۆی ئاشتیانە درا، بەڵام ئاژاوەگێڕەکان و بکوژانی عوسمانی کوڕی عەففان کە ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار جەنگاوەر بوون، هێرشیان کردە سەر کۆمەڵەی تەڵحە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی "جەنگی جەمەل" دروستبێت و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوو کۆمەڵەکە ڕووبدات، هەرچەند ئیمامی عەلی ویستی جەنگەکە ڕابگرێت بەڵام سوودی نەبوو، تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا یەکەم کەس بوو کە لەو جەنگەدا بە تیر بریندار کرا و پاشان کۆچی دوایی کرد، هەر لە شاری بەسرە بە خاکسپێردرا.
چەند گێڕانەوە و مشومڕێک هەیە لەسەر ئەو کەسەی کە بووەتە هۆی کوشتنی تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا، هەندێک لە زانایان پێیان وایە کە لەلایەن مەڕوانی کوڕی حەکەمەوە کوژراوە، بەڵام ڕاجیایی لەسەرەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

مەزار و گۆڕی تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا

تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵڵا لە بەسڕە نێژراوە، لە ساڵی 1973 نزیک مەزارگەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە مزگەوتێک بە هەمان ناو لە تەنیشت مەزارەکه دروستکرا، بەڵام لە ساڵی 2006 بەهۆی کێشە و ئاژاوەی نێوان پەیڕەوانی سوننە و شیعەوە مزگەوتەکە لەلایەن کۆمەڵێک چەکداری نەناسراوەوە تەقێنرایەوە و خاپوور کرا.


سەرچاوەکان



706 بینین