سوودەکانی تێنس

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-08-02-09:51:00 - کۆدی بابەت: 9660
سوودەکانی تێنس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یاری تێنس (بە عەرەبی: لعبة كرة المضرب، بە ئینگلیزی: tennis gameوەرزشێکە لە نێوان دوو یاریزاندا ئەنجام دەدرێت کە هەریەک لە یاریزانەکان ڕەکتەیەکیان پێیە و ڕووبەرێکی دیاریکراویان هەیە، هەوڵدەدەن بە شێوازێک تۆپەکە هەڵبدەنە ڕووبەری یاریزانی بەرامبەر کە نەتوانێت بە باشی بۆی هەڵبداتەوە، هەر یاریزانێک تۆپەکەی هەڵدایە دەرەوەی ڕووبەرە دیاریکراوەکەوە ئەوا یاریزانی بەرامبەر خاڵێک بەدەست دەهێنێت. هەروەها یاری تێنس بە یەکێک لە وەرزشە ناسراوەکانی جیهان دادەنرێت و چەندین هەزار هاندەری هەیە و لە سەرانسەری جیهانەوە سەیری وەرزشەکە دەکەن.

سوودەکانی تێنس

  1. زیادبوونی لێهاتوویی: هەرکام لە ئەرکەکانی لە میانەی یاری تێنسدا ئەنجامی دەدەیت یارمەتی زیادبوونی لێهاتوویی دەدات. (لێدانی تۆپ، ڕاکردن بۆ هێنانەوەی تۆپ، بازدان بۆ لێدانێکی باش) هەموو ئەمانە یارمەتی خێرابوونی لێدانی دڵ دەدەن کە وا دەکات جووڵەی خوێن خێرا ببێت و هەر شتێک ببێتە هۆی خێرابوونی جووڵەی خوێن یارمەتی زیادبوونی لێهاتوویی دەدات.
  2. سوتاندنی چەوری: یاری تێنس یارمەتیت دەدات چەوری بسوتێنیت. لە ساڵی ٢٠١٢ تاقیکردنەوەیەک کرا کە تیایدا چەند کەسێک ٥ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا بە بەردەوامی بۆ ماوەی ١٠ مانگ لە یاری تێنس بەردەوامبوون و توانیان کێشێکی زۆر دابەزێنن. ئامارێک دەری دەخات کە لە یەک کاتژمێر یاریکردندا چەند سەد کالۆرییەک دەسوتێنیت و جووڵەیەکەی زۆر دەکەیت کە بە سەرەکیترین هۆکاری دابەزاندنی کێش دادەنرێت.
  3. زیادبوونی خێرایی جووڵە و کاردانەوە: جووڵە زۆر و بڵاوەکانی تێنس یارمەتی جەستە دەدات خێرایی جووڵە زیادبکات. لێدانی تۆپ و جووڵەی قاچەکانت و بازدان و ڕاکردن، یارمەتی درێژبوون و بەهێزبوونی ماسولکەکان دەدات و لەگەڵ بەهێزبوونی ماسولکەکاندا یارمەتی کۆنتڕۆڵ کردن و خێرابوونی جووڵەکان و کاردانەوەت دەدات.
  4. بەدەستهێنانی هاوسەنگی: لە کاتی یاریکردندا یاریزان هەردوو دەست و هەردوو پێیەکانی بەکاردەهێنێت کە یارمەتی دەدات هاوسەنگییەکی باشتری هەبێت و لێدانەکەی بەهێز بێت. بەهۆی بەدەستهێنانی هاوسەنگی تەواو بەهۆی یاریکردنەوە دەتوانرێت لە کاتی ئاساییدا بۆ کاری ڕۆژانە سوودی لێ ببینرێت، هەروەها یارمەتیت دەدات لە کاتی جوڵاندنی بەشێکی جەستەت هاوسەنگی بەشەکانی تر ڕابگریت.
  5. بەدەستهێنانی ڤیتامین: ڤیتامین D (بەرگری جەستە بەهێز دەکات، تەندروستی دڵ جێگیر دەکات و مەترسی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە). بەهۆی ئەوەی زۆربەی یاریگاکانی یاری تێنس لە دەرەوەن، بە بەردەوامی یاریزانەکان سوود لە خۆر دەبینن و ڤیتامین D بەدەست دەهێنن.


سەرچاوەکان



852 بینین