مێژووی میسڕی کۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-04-19:33:00 - کۆدی بابەت: 9695
مێژووی میسڕی کۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میسڕی کۆن (بە ئینگلیزی: Ancient Egypt، بە عەرەبی: مصر القديمة) شارستانیەتێکی دێرینە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، شارستانیەتی میسڕی کۆن سەنتەری لەسەر کەناری ڕووباری نیل بووە لە ناوچەیەک کە ئێستا پێی دەوترێت کۆماری عەرەبی میسڕ. شارستانیەتی میسڕی کۆن دەکەوێتە دوای سەردەمی پێش مێژوو، واتە لە دەوروبەری ساڵی ٣١٠٠ پێش زایین (بەپێی کرۆنۆلۆژیای نەریتی میسڕ) و یەکگرتنی سیاسی میسڕی سەروو و خواروو لە ژێر دەسەڵاتی مینا (نەعرمەر) تاوەکوو سەدەی چوارەمی زایینی.

مێژووی میسڕی کۆن

مێژووی میسڕی کۆن (بە عەرەبی: تاريخ مصر القديمة، بە ئینگلیزی: History of ancient Egypt) ئەو قۆناغە دەگرێتەوە لە نیشتەجێبوونی سەرەتایی پێش مێژوو لە باکووری دۆڵی نیل دەست پێدەکات تاوەکوو داگیرکردنی میسڕ لەلایەن ڕۆمەکان لە ساڵی ٣٠ پێش زایین. 

لە کۆتاییەکانی سەردەمی بەردینە کۆنەکاندا، کەشوهەوای باکووری ئەفریقا وردە وردە گەرم و وشک بوو، ئەمەش دانیشتووانی ناوچەکەی ناچار کرد بەدرێژایی دۆڵی نیل چڕببنەوە. دوای ئەوەی مرۆڤە سەرەتاییەکان لە کۆتاییەکانی سەردەمی سەهۆڵبەندان لە ١٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستیان کردووە بە ژیان لەو ناوچەیە، ڕووباری نیل بووەتە شوێنی ژیان لە میسڕ. بەپیتیی دەوروبەری نیل، دەرفەتی بە دانیشتووان بەخشی کە ئابوورییەکی کشتوکاڵی پەرەپێبدەن، و سەقامگیری کۆمەڵگەیەکی ناوەندی بچەسپێنن، کە وەک هەندێک دەیبینن، بووە بەردی بناغەی مێژووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.

هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە دروستکردنی هەرەمەکان لە میسڕ یەکێک لە مەبەستەکانی ئەوەبووە تێکەڵبوونی خەڵک لەگەڵ یەکتردا زیاتر بکرێت، چونکە کرێکاران لە هەموو میسڕەوە کۆدەبوونەوە بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی هەرەمەکان. ئەمانە پرۆژەی نەتەوەیی بوون کە تیایدا دانیشتووانە جیاوازەکان بەشدارییان دەکرد و پەیوەندییان دروست دەکرد.

ماوەی پێش خانەدانی

میسڕ لە سەردەمی پێش خانەدان بریتییە لە قۆناغی نێوان سەرەتای نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە میسڕ تا سەرەتای سەردەمی خانەدان لە دەوروبەری ٣,١٠٠ ساڵ پێش زایین و سەردەمی مینا/نارمار و یەکگرتنەوەی وڵاتی میسڕ. نزیکەی ٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە ڕووباری نیل ساڵانە لافاو لەسەر زەویەکانی دەوروبەری و بەدرێژایی کەنارەکانی هەڵدەستا، زەوییەکی بەپیت و خاکێکی دەوڵەمەندی دروست کرد و ناوچەی نزیک کێڵگەی لافاوەکە بووە جێگەی سەرنجی دانیشتووان وەک سەرچاوەی ئاو و خۆراک. لە نزیکەی ساڵی ٧٠٠٠ پێش زایین ژینگەی میسڕ ژینگەیەکی میوانداری بوو کە سەرنجی دانیشتووان بوو، شوێنەواری نیشتەجێبوونی هەندێک لە دانیشتووان لەم کاتەدا لە ناوچە بیابانەکانی میسڕی سەروو دۆزراوەتەوە. هەروەها ژمارەیەک قاپ و گۆزەی قوڕین لە هەندێک گۆڕ لە میسڕی سەروو لە ساڵی ٤٠٠٠ پێش زایین دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش خانەدان.

لە دەوروبەری ساڵی ٣٠٠٠ پێش زایین هێزێکی سیاسی گەورە هەبووە، کە ئەو فاکتەرە بووە کە هۆکاری یەکگرتنی یەکەم شانشینی یەکگرتوو بووە لە میسڕی کۆن، کە کۆنترین نووسراوە هیرۆگلیفیەکان تێیدا دۆزراونەتەوە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم قۆناغە و ناوی پاشا و فەرمانڕەواکان نووسراوەتەوە. لەم قۆناغەدا ١٣ فەرمانڕەوا فەرمانڕەواییان کردووە، دواهەمینیان نارمێر بووە لە نزیکەی ٢٩٥٠ پێش زایین دەسەڵاتدار بووە.

دواتر شانشینی یەکەم و دووەم هاتن و نزیکەی ١٧ پاشا بوون لە ماوەی نێوان ساڵانی نێوان ٢٩٥٠ بۆ ٢٦٤٧ پێش زایین، لەوێ کۆمەڵێک گۆڕ دروستکران، کە سەرەتایەکن بۆ هەرەمەکانی سەقارە و ئەبیدۆس و ئەوانی تر لە سەردەمی دەسەڵاتی شانشینی یەکەم و دووەم.

سەردەمی خانەدانە سەرەتاییەکانی میسڕ

سەردەمی سەرەتای خانەدان، سەردەمی ئەثینی یان سەردەمی تینیس (٣٢٠٠ - ٢٧٨٠) ئەو دوو بنەماڵەیە دەگرێتەوە کە مێژووی تۆمارکراوی میسڕ دەگرنە خۆیان، شانشینی یەکەم و دووەم. ئەم قۆناغە بە یەکگرتنی هەریەک لە میسڕی سەروو و و میسڕی خواروو دەستی پێکرد لەلایەن "پاشا مینا"وە، کە تینیس بووە بە یەکەم پایتەختی میسڕ لە سەردەمی نوێی خۆیدا؛ پێشووتر پایتەختی باشووریش هەبوو کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شا مینا و ناوی مەمفیس بوو.

لەدوای سەردەمی خانەدانە سەرەتاییەکانی میسڕ، سەردەمی دەوڵەتی کۆن دێت، و بە شانشینی سێیەمی میسڕ دەست پێدەکات، لەنێویاندا زووسەر یان دجۆسێر (٢٦٨٤ - ٢٦٠٠ پێش زایین) کە هەرەمی پلەپلەی دروستکرد و یەکەم بینای گەورەی بەردین بوو لە مێژوودا.

کۆمەڵێک گۆڕی زۆر دۆزراونەتەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەم سەردەمە، لەوانە ٦٠ گۆڕی سەردەمی شانشینی یەکەم و ٢٣ گۆڕی هەمان سەردەم؛ هەروەها ١٧ گۆڕستان لە ئاستی سەردەمی کۆن؛ هەروەها ١٣ گۆڕ کە پڕ لە کەلوپەل بوون، لەنێویاندا گۆڕی دوو منداڵ لەناو دوو قاپی قوڕیندا. هەندێکیان لە شێوەی کەسێکی نیمچەهەستاودا نێژراون. زۆر ئێسکەپەیکەر لەناو دەفر و پەرداخە قوڕینەکانیشدا دۆزرانەوە کە زۆربەیان تابلۆ و ناوی پاشا نارمەریان لەسەرە.

هەندێک لە زانایان پێیان وایە مینای ئەفسانەیی هەمان فیرعەون نارمەرە، لە سەردەمی بنەماڵە سەرەتاییەکان لە دەوروبەری ساڵی ٣١٥٠ پێش زایین، فیرعەونی یەکەم کۆنترۆڵی خۆی بەسەر میسڕی خواروودا درێژکردەوە بە دامەزراندنی پایتەختێک لە مەمفیس، کە لە ڕێگەیەوە دەیتوانی کۆنترۆڵی هێزی کار و کشتوکاڵ لە ناوچەی دەلتای بەپیتدا بکات، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی کاروانە بازرگانییەکان کە بەرەو شام دەڕۆشتن. دەسەڵات و كاریگەری فیرعەونەكان لەو سەردەمەدا لە دانانی گۆڕ و پێكهاتەكانیاندا ڕەنگی دەدایەوە، كە دوای مردنی فیرعەون گۆڕیان بۆ دروست دەکرا و کەرەستەی تایبەتی تێدا جێگیر دەکرا و بۆ ئاهەنگگێڕان بەكاردەهێنرا.

یەکەم قۆناغی ڕاگوزەری

سەردەمی یەکەمی خراپبوون یان یەکەم قۆناغی ڕاگوزەری ئەو ناوەیە کە میسڕناسەکان بە قۆناغی نێوان کۆتاییهاتنی شانشینی کۆن و دەستپێکی شانشینی ناوەڕاستی دادەنێن. دوای ڕووخانی حکوومەتی ناوەندی لە میسڕ لە کۆتایی شانشینی کۆن، یەکە کارگێڕییەکە نەیتوانی پاڵپشتی ئابووری و سەقامگیری ئەو وڵاتە بکات. پارێزگارەکانی پارێزگاکان نەیاندەتوانی پشت بە پاشا ببەستن کە لە کاتی قەیراندا یارمەتییان بدات، قۆناغی دواتر کەمیی خۆراک و ململانێ و ناکۆکی سیاسی و برسێتی و شەڕە ناوخۆییە بچووکەکانی بەدوادا هات. سەرەڕای ئەم کێشە سەختانە، سەرکردە ناوخۆییەکان بەبێ گرنگیدان بە فیرعەون، سەربەخۆییە تازە دۆزراوەکەیان بەکارهێنا بۆ دامەزراندنی شارستانیەتێکی گەشەسەندوو لە پارێزگاکاندا. بە کۆنتڕۆڵکردنی سامانی خودی پارێزگاکە، پارێزگا و پارێزگاکان لە ڕووی ئابوورییەوە دەوڵەمەندتر بوون و ئەمەش هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە شاهێدی بوون کە لە هەڵکۆڵراوە کۆنەکاندا دۆزراوەتەوە.

فەرمانڕەوا ناوخۆییەکان دەستیان کرد بە کێبەرکێ لەگەڵ یەکتر بۆ کۆنترۆڵکردنی زەوی و دەسەڵاتی سیاسی و لە دڵسۆزیی خۆیان بۆ فیرعەون دوورکەوتنەوە. تا ساڵی ٢١٦٠ پێش زایین، فەرمانڕەواکانی هێراکلیۆپۆلیس (Herakleopolis) کۆنترۆڵی میسڕی خواروویان دەکرد، لە کاتێکدا بنەماڵەی ئینتێڤ (إنتيف) کە یەکێک بوو لە خێڵە ڕکابەرەکانی تیبس، میسڕی سەرەوەیان کۆنترۆڵ کرد. لەگەڵ گەشەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئینتێڤ لە باکوور، پێکدادان لە نێوان ئەو دوو خێڵەدا بووە شتێکی دڵنیایی. هێزەکانی تیبس بە سەرۆکایەتی مێنتوهۆتێپی دووەم شکستیان بە فەرمانڕەوای هێراکلیۆپۆلیس هێنا و دووبارە ئەو دوو خاکەیان یەکخستەوە و دەستیان بە ڕێنێسانسێکی کولتووری و ئابووری کرد کە بە شانشینی ناوەڕاست ناسراوە.

وڵاتی ناوەڕاست

شانشینی ناوەڕاست یان ماوەی یەکگرتنەوە، ئه‌و قۆناغه‌یه‌ له‌ مێژووی میسڕی كۆندا كه‌ دوای سه‌رده‌می دابه‌شبوونی سیاسی هاتووه‌ كه‌ به‌ سه‌رده‌می یەکەم قۆناغی ڕاگوزەری ناسراوە. شانشینی ناوەڕاست لە نزیکەی ساڵی ٢٠٥٠ تا ١٧١٠ پێش زایین بەردەوام بوو، واتە لە یەکگرتنەوەی میسڕەوە لە سەردەمی مەنتۆهۆتێپی دووەمی شانشینی یازدەهەمەوە تا کۆتایی شانشینی دوانزەهەم. پاشاکانی بنەماڵەی یازدەهەم لە تیبسەوە فەرمانڕەواییان دەکرد، لە کاتێکدا پاشاکانی بنەماڵەی دوازدەهەم لە (لیشت)ـەوە فەرمانڕەواییان دەکرد.

میسڕناسێکی ئەڵمانی بەناوی ڤۆن بونسن چەمکی "شانشینی ناوەڕاست"ـی وەک یەکێک لە سێ "سەردەمە زێڕینەکە" لە ساڵی ١٨٤٥ داهێنا و پێناسەکەی بە درێژایی سەدەی نۆزدە و بیستەم پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

فیرعەونەکانی شانشینی ناوەڕاست ئاوەدانی و سەقامگیری وڵاتەکەیان گەڕاندەوە و هانی هونەر و ئەدەب و پڕۆژەی بیناسازی بەرفراوانیان دا. مێنتوهۆتێپی دووەم و جێنشینەکانی لە شانشینی یازدەهەمەوە لە تیبسەوە وەک پایتەختی وڵات حوکمڕانی وڵاتەکەیان کرد، بەڵام زۆری نەخایاند بابەتەکە گۆڕا، کاتێک وەزیر ئەمێنمەهاتی یەکەم موڵکەکەی ڕادەستی شانشینی دوانزەهەم کرد لە ساڵی ١٩٨٥ پێش زایین، پایتەختی گۆڕی بۆ تەجتاوی کە ئێستا دەکەوێتە شاری فەیوم.

فیرعەونەکانی شانشینی دوانزەهەم پلانێکی درێژخایەنیان بۆ نۆژەنکردنەوەی زەوی و سیستمی ئاودێری داڕشت بۆ زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە وڵاتدا. زیاتر لەوەش سوپا نەوبەی کۆنترۆڵکردەوە کە دەوڵەمەندە بە کانگا و زێڕ و کرێکاران کاریان کرد بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەرگری لە دەلتای ڕۆژهەڵات بە ناوی "دیوارەکانی فەرمانڕەوا" بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دەرەوە.

وڵات لە بواری هونەر و ئاییندا لەژێر چەتری ئاسایشی سەربازی و سیاسەت و ئاسایشی کشتوکاڵی و ئاوەدانی بووژایەوە. بە پێچەوانەی هەڵوێستی سەرکردەکانی دەوڵەتی کۆن بەرامبەر بە خوداوەندەکان، شانشینی ناوەڕاست زیادبوونی دەربڕینی "تەقوای کەسی" یان ئەوەی کە پێی دەوترێت "دیموکراسی ژیانی دوای مردن"ـی بەخۆیەوە بینی، کە دەوترا هەمووکەس دوای مردنی ڕۆحێکی پێدەدرێت و لە تەنیشت خوداوەندەکان دەمێنێتەوە.

دوا فەرمانڕەوای شانشینی ناوەڕاست، ئەمێنەمهاتی سێیەم، ڕێگەی بە دانیشتوانی ئاسیا دا لە ناوچەی دەلتا بژین، بۆ ئەوەی هێزێکی کاری گونجاو بە تایبەت لە کانگا چالاکەکان و بیناسازی شارەکاندا دابین بکات. دواتر ئەم چالاکییە بیناسازی و کانگا گەورەیان و ناتەواوی لە وروژمی نیل، بووە هۆی گرژیی ئابووری و دابەزینی قۆناغی دووەمی ڕاگوزەری لە ماوەی شانشینی سێزدەهەم و چواردەهەمدا. لەم دابەزینەدا، کۆمەڵگەی بیانیی ئاسیا دەستیان کرد بە زاڵبوون بەسەر ناوچەی دەلتادا، کە دواجار بووە هۆی درێژکردنەوەی دەسەڵاتیان بۆ باکووری میسڕ و بەناوی هیکسۆسەکان ناسران.

قۆناغی دووەمی ڕاگوزەری و هیکسۆس

قۆناغی دووەمی ڕاگوزەری ئەو ناوەیە کە میسڕناسەکان بە قۆناغی نێوان کۆتاییهاتنی شانشینی ناوەڕاست و هاتنی دەوڵەتی میسڕی مۆدێرن دایاننا. لە نزیکەی ساڵی ١٦٥٠ پێش زایین، لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی فیرعەونەکانی شانشینی ناوەڕاست، کۆچبەر و دانیشتووانی ئاسیایی کە لە ناوچەی دەلتای ڕۆژهەڵات لە شارۆچکەی زوان دەژیان، کۆنترۆڵی ناوچەکەیان گرت و حکوومەتی ناوەندییان ناچار کرد پاشەکشە بکات بۆ شاری تیبس، کە فیرعەون لەوێ وەک سەرکوتکراوێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و باجی دەدا، ئەمەش ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ كه‌ به‌ سه‌رده‌می ئاژاوه‌ و خراپبوونی دووه‌م ناسراوه‌، تیایدا میسڕ له‌لایه‌ن پاشا شوانه‌كانه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایی دەکرا کە بە هیکسۆس ناسرابوون، ئاڤاریسیان کردە پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌.

هیکسۆسەکان ("فەرمانڕەوا بیانییەکان" یان "پاشاکانی شوان") لاسایی مۆدێلەکانی حکوومەتداری و حکوومەتی میسڕیان دەکرد و خۆیان بە فیرعەون ناو دەبرد، بەم شێوەیە توخمە میسڕییەکانیان تێکەڵ بە کولتووری سەردەمی برۆنزی کرد. پاش کشانەوەیان، پاشاکانی تیبس خۆیان لە نێوان هیکسۆسەکان لە باکوور و هاوپەیمانی هیکسۆکان، شانشینی کوش لە باشوورەوە بینییەوە و بۆیان دەرکەوت گیریان خواردووە. دوای نزیکەی ١٠٠ ساڵ دوای کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی هیکسۆس کە بە لاوازی و ناچالاکی کولتووری تایبەتمەند بوو، هێزەکانی تیبس توانیان ئەوەندە هێز کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی دژی هیکسۆسەکان بوەستنەوە لە ململانێیەکدا کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بەردەوام بوو لە ساڵی ١٥٥٥ پێش زایین بوو.

فیرعەون سێقێنن ڕەعی دووەم و کامۆس توانیان لە کووش شکست بە نەوبییەکان بهێنن، بەڵام شانازیی نەهێشتنی کۆتایی هیکسۆسەکان لە میسڕ دەگەڕێتەوە بۆ جێنشینی کامۆس، فیرعەون ئەحمووسی یەکەم. لە سەردەمی دەوڵەتی مۆدێرن کە دواتر هات، سەربازی بوو بە کاری لەپێشینە و سەرەکی بۆ فیرعەونەکان، کە هەوڵیان دەدا سنوورەکانی میسڕ فراوان بکەن و هەژموونی تەواویان بۆ مسۆگەر بکەن لە ڕۆژهەڵاتدا.

دەوڵەتی مۆدێرن

ئەو قۆناغەیە لە مێژووی میسڕی کۆن دەکەوێتە نێوان سەدەی شانزەهەمی پێش زایین تا سەدەی یازدەهەمی پێش زایین. فیرعەونەکانی شانشینی نوێ بە دەستەبەرکردنی سنوورەکان و پتەوکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ دراوسێکانیان، قۆناغێکی ئاوەدانی بێ وێنەیان خوڵقاند. هەڵمەتە سەربازییەکان کە بە سەرکردایەتی توتمۆسی یەکەم و توتمۆسی سێیەمی نەوە دەستیپێکرد، کاریگەریی فیرعەونەکانی لە سووریا و نەوبە درێژکردەوە و وایکرد دەستیان بە کۆمەڵێک کەرەستەی هەستیار بکەوێت وەک برۆنز و دار.

پاشاکان و فیرعەونەکانی دەوڵەتی مۆدێرن دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی بیناسازی بۆ گەورەکردن و بڵاوکردنەوەی ئاموونپەرستی و پەرەدان بە ناوبانگی ئاموون. هەروەها شوێنەواریان دروست دەکرد بۆ شکۆمەندکردنی دەستکەوتەکانی خۆیان، جا چ ڕاستەقینە بێت یان خەیاڵی. دواتریش شانشینەکە لەلایەن شاژنە هاتشێپسوتەوە گەورەتر کرا، سەردەمی سەرکەوتووی ئەو بە گەشتە بازرگانییەکان بۆ پونت، پەرستگەیەکی مردووخانەی ڕازاوە و جووتێک کۆڵەکەی گەورە (Obelisk) و پەرستگەیەک لە کەرناک دەناسرێتەوە.

لە دەوروبەری ساڵی ١٣٥٠ پێش زایین سەقامگیری دەوڵەتی نوێ کەوتە مەترسییەوە کاتێک ئامینهۆتێپی چوارەم هاتە سەر تەخت، کە زنجیرەیەک چاکسازی پشێوانە و ڕیشەیی ئەنجام دا. بەتایبەت گۆڕینی ناوی خۆی بۆ ئاخناتوون واتە بەندەی ئاتوون. ئامینهۆتێپی چوارەم خوداوەندی خۆری ئاتوونی دەپەرست و وەک خوایەکی تاقانە دەیناساند، دواتریش پەرستنی هەموو خوداوەندەکانی ڕەتکردەوە و هێرشی کردە سەر کاهین و پیاوە ئایینییەکانی ئاموون. هەروەها پایتەختی وڵاتی گواستەوە بۆ شاری نوێی ئاخناتوون (تەلولعەمارنەی ئێستا)، گرنگی بە کاروباری دەرەوە نەدەدا و خۆی بۆ ئایین و شێوازە هونەرییە نوێیەکەی تەرخان کرد. 

دوای مردنی، پەرستنی ئاتوون بە خێرایی وازی لێ هێنرا و هەریەک لە تووت ئانخ ئاموون و خاپرۆ ڕەع (ئایی) و هۆرەمهێب هەموو وردەکارییەکانی پەرەستنی ئاخناتوونیان سڕییەوە. 

کاتێک رەمسیسی دووەم کە بە رامسی مەزن ناسراوە لە نزیکەی ساڵی ١٢٧٩ پێش زایین تەختی تەختی گرتە دەست، کاری لەسەر دروستکردنی پەرستگەی زیاتر کرد، پەیکەر و کۆڵەکەی زیاتری دروست کرد، جگە لەوەی منداڵی زیاتری لە هەر فیرعەونێکی تری مێژوودا هەبووە. دواتر سەرکردایەتی شەڕی قادشی کرد دژی هیتییەکان، کە دوای شەڕێکی توند کە زیاتر لە ١٥ ساڵ بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا یەکەم و کۆنترین پەیمانی ئاشتی لێکەوتەوە کە لە مێژوودا ناسراوە و ئەویش لە ساڵی ١٢٥٨ پێش زایین بوو.

سامانی میسڕ و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی میسڕ و خاکەکەی کردیە خاکێکی سەرنجڕاکێش بۆ داگیرکردنی لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە، بەتایبەتی لیبییەکان و گەلانی دەریا. سوپا لە سەرەتادا توانی بەرپەرچی ئەم هێرش و لەشکرکێشیانە بداتەوە، بەڵام لەگەڵ زیادبوون و چڕبوونەوەی لەشکرکێشییەکان، میسڕ کۆنترۆڵی خاکەکانی سووریا و فەڵەستینی لەدەستدا. کاریگەری هەڕەشە دەرەکییەکان لەگەڵ توندبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی وەک گەندەڵی و دزیی گۆڕستان و نائارامیی مەدەنی زیاتر بوو. سەرۆک کاهینەکانی پەرستگەی ئاموون لە تیبس پارچە زەوی و سامانی بەرفراوانیان کۆکردەوە و زیادبوونی دەسەڵاتیان بووە هۆی پارچەپارچەبوونی وڵاتەکە لە ماوەی قۆناغی ڕاگوزەری سێیەم.

قۆناغی سێیەمی ڕاگوزەری

دوای مردنی رامسی یازدەهەم لە ساڵی ١٠٧٨ پێش زایین، سمێندیس دەسەڵاتی بەسەر بەشی باکووری میسڕدا سەپاند و شاری تانیسی کردە شوێنی حوکمڕانییەکەی. سەبارەت بە باشوور، کەوتە ژێر کۆنترۆڵی کاهینکانی ئاموون لە تیبس، کە تەنیا بە ناو دانیان بە حوکمڕانی سمێندیس دەنا. لەم ماوەیەدا لیبییەکان لە ناوچەی دەلتای ڕۆژاوا نیشتەجێ بوون و گەورەکانی ئەو هۆزانە وردە وردە دەستیان کرد بە زیادکردنی دەسەڵاتیان. شازادەکانی لیبیا لە ساڵی ٩٤٥ پێش زایین دەستیان بەسەر دەلتاکەدا گرت لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی شێشنقی یەکەمدا، لەوێ ئەو بنەماڵەیان دامەزراند کە پێی دەوترێت بنەماڵەی بوباستیس کە نزیکەی ٢٠٠ ساڵ فەرمانڕەوایی کرد. هەروەها شێشنق بە دانانی ئەندامانی بنەماڵەکەی لە پۆستە گرنگەکانی کاهین، باشووری میسڕی کۆنترۆڵ کرد.

بەڵام کۆنترۆڵی لیبییەکان دەستی کرد بە وەرچەرخان بەهۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک شانشینی ڕکابەر لە ناوچەی دەلتا و هەڕەشەی شانشینی کووش لە باشوورەوە. تا ساڵی ٧٢٧ پێش زایین پاشای کووشیەکان پانخی باکووری داگیرکرد و دواجار تیبس و دەلتاشی کۆنترۆڵ کرد. شکۆمەندی دوورمەودای میسڕ لە کۆتایی قۆناغی سێیەمی ڕاگوزەریدا بە شێوەیەکی گەورە ڕووخا.

ئاشوورییەکان لە ماوەی نێوان ٦٧١ بۆ ٦٦٧ پێش زایین هێرشیان کردە سەر میسڕ. ناوچەی هەردوو پاشای کووشی تەحەرقا و جێنشینی ئەو، تانتەمانی پڕ بوو لە ململانێی بەردەوام لەگەڵ ئاشوورییەکان. لە کۆتاییدا کووشییەکان لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بەزێنران بۆ ناو نەوبە و مەمفیسیان داگیرکرد و پەرستگەکانی تیبسیان لەناوبرد.

سەردەمی کۆتایی

ئاشوورییەکان بەهۆی ئەوەی هیچ پلانێکی بەردەوامیان بۆ داگیرکاری نەبوو، کۆنترۆڵی میسڕیان بەجێهێشت بۆ زنجیرەیەک جێنشینی دوای خۆیان کە بە پاشاکانی سەیت لە شانشینی ٢٦دا ناسران. تا ساڵی ٦٥٣ پێش زایین پاشای سایت پسامتیکی یەکەم توانی ئاشوورییەکان دەربکات لەڕێی کۆمەڵێک بەکرێگیراوی یۆنانی کە بۆ پێکهێنانی یەکەم هێزی دەریایی میسڕ دامەزرابوون. پاشان کاریگەریی یۆنان زۆر درێژ بووەوە، چونکە شاری نێکراتیس بوو بە زێدی یۆنانییەکان لە ناوچەی دەلتا.

پاشاکانی سایت بۆ ماوەیەکی کورت لە بارەگای نوێی خۆیان لە سایسی پایتەخت نیشتەجێ بوون، چونکە خاوەنی چالاکیی ئابووری و کولتوورب بوو، بەڵام لە ساڵی ٥٢٥ پێش زایین فارسەکان بە سەرۆکایەتی کامبیزی دووەم، دەستیان کرد بە داگیرکردنی میسڕ و لە کۆتاییدا فیرعەون پسامتیکی سێیەم لە شەڕی پێلوسیۆمدا گیرا. پاشان کامبیزی دووەم بە فەرمی نازناوی فیرعەونی وەرگرت، بەڵام لە شووشانی زێدی خۆیەوە فەرمانڕەوایی میسڕی دەکرد، دەسەڵاتی ناوخۆیی میسڕی بۆ ساتراپێک بەجێهێشت. سەدەی پێنجەمی پێش زایین شاهیدی سەرکەوتنی هەندێک شۆڕشی دژ بە فارسەکان بوو، بەڵام میسڕ نەیتوانی بۆ هەمیشە فارسەکان بڕووخێنێت.

دوای لکاندنی میسڕ لەلایەن فارسەکانەوە، میسڕ لەگەڵ قوبرس و فینیقییەکان لە شەشەمین ساتراپی ئیمپراتۆریەتی هەخامەنی فارسدا یەکیگرت. یەکەم قۆناغی دەسەڵاتی فارسەکان بەسەر میسڕدا کە بە شانشینی بیست و حەوتەمیش ناسراوە، لە ساڵی ٤٠٢ پێش زایین کۆتایی هات. لە ماوەی نێوان ٣٨٠-٣٤٣ پێش زایین، شانشینی سییەم وەک دوا بنەماڵەی پاشایەتی ناوخۆیی لە میسڕ فەرمانڕەوایی کرد، کە بە دەسەڵاتی شا ناختۆرپی دووەم کۆتایی هات. پاشان هەوڵێکی بێخەوش هەبوو بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی فارس کە هەندێک جار بە شانشینی ٣١ ناسراوە، کە لە ساڵی ٣٤٣ پێش زایین دەستی پێکرد و لە ساڵی ٣٣٢ پێش زایین، بە ڕادەستکردنی میسڕ لەلایەن فەرمانڕەوای فارسی مازاسیس بۆ ئەسکەندەری مەزن بەبێ جەنگ کۆتایی هات.

شانشینی بەتلیمۆس

ئەسکەندەری مەزن لە ساڵی ٣٣٢ پێش زایین میسڕی داگیرکرد، بەرەنگارییەکی کەمی لەلایەن فارسەکانەوە تووشبوو، لە هەمان کاتدا لەلایەن میسڕییەکانەوە وەک ڕزگارکەریان لە دەسەڵاتی فارس پێشوازی لێکرا. ئەو حکوومەتەی کە لەلایەن بەتلیمییەکانەوە دامەزرا لەلایەن جێنشینەکانی ئەسکەندەر، لەسەر بنەمای مۆدێلی حکوومەتی میسڕ بوو، کە شاری نوێی ئەسکەندەریە پایتەختی بوو. مەبەستی سەرەکیی نمایشکردنی دەسەڵات و باڵادەستی دەسەڵاتی یۆنانی بوو، دواتر ئەسکەندەریە بوو بە شوێنی پەروەردە و کولتوور، کە سەنتەرەکەی بریتییە لە کتێبخانەی بەناوبانگی ئەسکەندەریە. منارەی ئەسکەندەریە ڕێگەی بۆ ئەو کەشتییە بازرگانییە زۆرانە ڕووناک دەکردەوە کە بەناو شارەکەدا دەڕۆشتن، چونکە بەتلیمییەکان کارگەی بازرگانی و بەرهەمهێنانی داهاتیان کردە یەکەم پیشەی سەرەکی.

کولتوری یۆنانی جێگەی کولتووری نەتەوەیی میسڕی نەگرتەوە، چونکە بەتلەمییەکان لە هەوڵێکدا بۆ دەستەبەرکردنی دڵسۆزی دانیشتووان، نەریتە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی سەردەمیان دەپاراست. ئەوان پەرستگەی نوێیان لەسەر شێوازی میسڕی دروستکرد بۆ پشتگیریکردن لە بیروباوەڕە ئاینییە نەریتییەکان و خۆیان وەک فیرعەون نیشان دەدا. لە لایەکی ترەوە هەندێک نەریتی میسڕی و یۆنانی پێکەوە تێکەڵ بوون، بۆ نموونە خوداوەندەکانی میسڕی و یۆنانی لە یەک خوادا کۆکرانەوە، وەک سێراپیس، هەروەها بەرهەمە ڕازاوەییەکانی یۆنانی کە کاریگەری میسڕییەکانی لەسەربوو. 

سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئارامکردنەوەی میسڕییەکان، بەتلیمییەکان ڕووبەڕووی یاخیبوونێکی ناوخۆیی بوونەوە کە لە بنەماڵە ناوخۆییە ڕکابەرەکانەوە بوو، هەروەها ئەو گرووپە کاریگەرە ئەسکەندەریەی کە دوای مردنی بەتلیمی چوارەم دروست بوو. جگە لەوەش، لەگەڵ زیاتر پشتبەستنی ڕۆما بە هاوردەکردنی دانەوێڵە لە میسڕەوە، ڕۆمەکان زۆر گرنگییان بە دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە دا. درێژەی شۆڕشەكانی میسڕ و ویستی سیاسیی هەندێك و نەیارە زلهێزەكانی سووریا بووە هۆی ناسەقامگیریی دۆخی ناوخۆ و ئەوەش ڕۆمی ناچار كرد سەرباز بنێرێت بۆ ئاسایشكردنی ئەو وڵاتە وەك پارێزگایەكی ئیمپراتۆریەت.

زاڵبوونی ڕۆمەکان

دوای شکستی مارک ئەنتۆنی و شاژنی بەتلیمۆس کلیۆپاترای حەوتەم لەلایەن ئۆگستۆس قەیسەرەوە لە شەڕی ئەکتیۆمدا، میسڕ لە ساڵی ٣٠ی پێش زایین بوو بە پارێزگایەکی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم. ڕۆمەکان زۆر پشتیان بە بارکردنی دانەوێڵە لە میسڕەوە بەستبوو، لەشکری ڕۆمیش یاخیبوون و یاخیبووانیان سەرکوت دەکرد، یارمەتی کۆکردنەوەی باجی گەورەیان دەدا و دیاردەی چەتە و باندەکانیان نەهێشت کە لەو کاتەدا بەربڵاو بوو. ئەسکەندەریە بوو بە ناوەندێکی گرنگتر لە ڕێگەی بازرگانی لەگەڵ ڕۆژهەڵات، لە هەمان کات خواست لەسەر شتە گرانبەهاکان لە ڕۆما زیاتر بوو. 

هەرچەندە ڕۆمەکان زیاتر لە یۆنانییەکان دوژمنایەتی میسڕییەکانیان دەکرد، بەڵام هەندێک نەریتی وەک مۆمیاکردن و پەرستنی خوداوەندە نەریتییەکان بەردەوام بوون. هونەری وێناکردنی مۆمیا گەشەی کرد و هەندێک لە ئیمپراتۆرەکانی ڕۆم خۆیان وەک فیرعەون نیشان دەدا، هەرچەندە وەک ئەوەی سەردەمی بەتلیمۆس نەبوو. هەروەها بەڕێوەبردنی ناوخۆی میسڕ بە شێوەی ڕۆمی بوو و دووربوو لە شێوەی میسڕی.

لە ناوەڕاستی سەدەی یەکەمی زایینیەوە، ئایینی مەسیحی لە ئەسکەندەریە ڕەگ و ڕیشەی داکوتا و بڵاوبووەوە. وا دانرا کە ئەمەش ئایینێکی ترە و دەتوانێت لەوێ گەشە بکات، بەڵام ئایینێکە کە بتپەرستی قبوڵ ناکات و هەڕەشە لە نەریتە ئاینییە باوەکان دەکات. ئەمەش بووە هۆی دژایەتی ئەو کەسانەی کە بووبوونە مەسیحی، ئەم دژایەتییانە بە پاکتاوکارییە گەورەکانی سەردەمی دیۆکلیتیان گەیشتە لوتکە، کە لە ساڵی ٣٠٣ی زایینیەوە دەستی پێکرد، بەڵام لە کۆتاییدا مەسیحییەت توانی بڵاوبێتەوە دوای ئەوەی ئیمپراتۆری میسڕ باوەشی بۆ کردەوە. لە ساڵی ٣٩١ی زایینی ئیمپراتۆری مەسیحی تیۆدۆسیۆسی یەکەم یاسای دەرکرد کە ڕێوڕەسمی بتپەرستی قەدەغە دەکات و پەرستگەکان دادەخات.

بەم شێوەیە ئەسکەندەریە بوو بە گۆڕەپانی ئاژاوەی دژە بتپەرستان و لەناوبردنی هێما ئاینییە تایبەت و گشتییەکان. لە ئەنجامدا کولتووری بتپەرستی میسڕ بەردەوام لە دابەزین و نەماندا بوو. لە کاتێکدا خەڵکی ڕەسەن بەردەوام بوون لە قسەکردن بە زمانەکەیان، توانای خوێندنەوەی هیرۆگلیفەکان هێواش هێواش لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕۆڵی کاهینی پەرستگەکانی میسڕ نەما. هەندێک لە پەرستگەکان کران بە کڵێسا، هەندێکی تریش ئاوارە بوون.


سەرچاوەکان

340 بینین