ئایینی میسڕی کۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-06-01:39:00 - کۆدی بابەت: 9718
ئایینی میسڕی کۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میسڕی کۆن (بە ئینگلیزی: Ancient Egypt، بە عەرەبی: مصر القديمة) شارستانیەتێکی دێرینە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، شارستانیەتی میسڕی کۆن سەنتەری لەسەر کەناری ڕووباری نیل بووە لە ناوچەیەک کە ئێستا پێی دەوترێت کۆماری عەرەبی میسڕ. شارستانیەتی میسڕی کۆن دەکەوێتە دوای سەردەمی پێش مێژوو، واتە لە دەوروبەری ساڵی ٣١٠٠ پێش زایین (بەپێی کرۆنۆلۆژیای نەریتی میسڕ) و یەکگرتنی سیاسی میسڕی سەروو و خواروو لە ژێر دەسەڵاتی مینا (نەعرمەر) تاوەکوو سەدەی چوارەمی زایینی.

ئایینی میسڕی کۆن

ئایینی میسڕییە کۆنەکان (بە ئینگلیزی: Egyptian mythology) پەیوەندییەکی نزیکیان بە فەلەکناسییەوە هەبووە لەو سەردەمە، بۆیە فەلەکناسی و ئایینی میسڕی کۆن تێکەڵی یەکتر بوون. لە کۆندا کتێبی نوت دۆزراوەتەوە کە تێڕوانینێکی گشتیمان بۆ ئایینی کۆنی میسڕی پێدەبەخشێت. میسڕی کۆن ناوەڕۆکی ئەم کتێبەی بە درێژایی سەدەکان لە ماوەی ٣٠٠٠ ساڵدا گواستۆتەوە، ئەمەش نیشاندەری بەردەوامبوونی تێڕوانینەکانی میسڕی کۆن بووە بۆ ئایین بە درێژایی ئەم ماوەیە. 

ئەفسانەی دروستکردن

لە بیروباوەڕی میسڕی کۆندا، وێنەیەکی تاک دەربارەی دروستکردن نییە و چەندین تێڕوانین لەم ناوچەیەدا لە ناوەندە شارستانییەکانی میسڕدا سەریان هەڵداوە، وەک شاری ئۆن (عەین شەمسی ئێستا)، ئەشمونین و مەمفیس (دەهشوور)، لە هەمووشیاندا باس لە جووڵەی هەسارەکان و خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و پەیوەندی نێوان ئەوان و ئایین کراوە. 

نۆیینەی هێلیۆپۆلیس

کاهینەکانی شاری ئۆن کە ناوەندی پەرستنی خۆرە، باوەڕیان بە ئەفسانەیەکی دروستکردن هەبوو کە دەگەڕێتەوە بۆ خوداوەندی خۆر بەناوی ئاتووم وەک باوکی هەموو خوداوەندەکان. ئاتووم لەگەڵ هەشت لە کوڕ و نەوەکانی، نۆیینەی هێلیۆپۆلیس پێکدەهێنن. بە هێزی خۆی توانیویەتی بەرزاییەک بهێنێتە سەر ڕووی ئاو بەناوی "تاتین" یان "بنبن" و بەم شێوەیە ئاتووم توانی ببێتە یەکەم کەس کە لەسەر زەوی دەربکەوێت. پاشان دەستی کرد بە دروستکردنی جیهان. دوو کوڕی لەدایک کرد بە ناوەکانی شوو، خوای هەوا و نوت خوداوەندی ئاسمان. پاشان نوت و هاوسەرەکەی شو چوار منداڵیان بوو، دوو کوڕ و دوو کچ، ئەوانیش بریتین لە: ئۆسیریس، وێست، ئیسیس و نەفتیس، کە نوێنەرایەتی خاکی بەپیتی دۆڵی نیل و بیابانەکانی دەوروبەری دەکەن.

هەشتینەی ئاشمۆن

تاموون ئاشمۆن یان هەشتینەی ئاشمۆن، لە نۆیینەی هێلیۆپۆلیس کۆنترن، بە هەشت خوداوەند دەست پێدەکات کە لە چوار جووت پێکهاتوون، هەر جووتێک لە نێرێک و مێیەک پێکهاتوون. بۆ نموونە بریتین لە خوداوەندی نون و ناونت کە نوێنەرایەتی دەریای هەمیشەیی یان ئاو دەکەن، هەریەک لە حوح و حاوحێت نوێنەرایەتی گەردوونی بێکۆتایی دەکەن، جووتە “کوک” و “کاوکێت”ـیش کە نوێنەرایەتی تاریکی هەمیشەیی دەکەن. جووتە چوارەم لە سەردەمی شانشینی نوێوە بریتیین لە "ئاموون" و "ئامۆنت" و نوێنەرایەتی نەبینراوی و هەوا دەکەن، بەپێی ئەفسانەی ئەشمونین ئەم جووتە بە دایک و باوکی خوداوەندی خۆر دادەنرێت. کە خوداوەندی خۆر ڕووناکی خۆی بەسەر جیهاندا بڵاوکردەوە و بەم شێوەیە بناغەکانی ژیان لەسەر زەوی بەدی هات.

ئایینی مەمفیس

ئەفسانەیەکی تری دروستکردن لە مەمفیسەوە لە خوداوەندی پتاحەوە سەرچاوەی گرتووە کە خوداوەندی کرێکاران و ئەندازیارەکانە. ئەم ئایینە پتاح بە خۆرەوە دەبەستێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پتا پێش خۆر هاتووە و خۆری لە لە زمان و دڵی خۆیەوە دروست کردووە. ئایینی مەمفیس بە یەکەم ئایین دادەنرێت کە لەسەر بنەمای دروستکردن "بە وشە" بنیات نراوە، وەک ئەوەی لە ئیسلامدا پێی دەوترێت "ببە و دەبێت" یان "کن فیکون".

خەیاڵکردنی گەردوون

دەستنووسەکانی میسڕییە کۆنەکان وێنەیەکمان پێدەبەخشن لە تێڕوانینیان بۆ گەردوون و سەرهەڵدانی میسڕ و سەرهەڵدانی ژیان و ئایینی میسڕییەکان. میسڕییە کۆنەکان پێیان وابوو کە گەردوون لە پەپکەیەک پێکهاتووە کە ڕووباری نیل دەیکاتە دوو پارچە و زەوی بەسەر دوو نیوەدا دابەش کردووە. ئەوان پێیان وابوو کە پەپکەکە لەسەر چوار پایەی گەورە هەڵگیراوە و لە ژێرەوەیاندا جیهانی ژێرزەوی هەیە، کە وێنەیەک پێکدەهێنێت لەوەی کە لە جیهانی بووندا هەیە.

لە سەرووی ئەوەوە، خوداوەندی نوتی ئاسمان هەیە کە وەک قوبەیەک لە سەرووی زەوییەوە هەیە و بە قۆڵەکانی لە ڕۆژاوا و پێیەکانی لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاسمانی هەڵگرتووە. لە جەستەی نوتەوە ڕووباری نیل هەڵدەقوڵێت و لە ڕۆژاواوە بۆ ڕۆژهەڵات تێدەپەڕێت، هەروەها تێیدا خۆر بەیانیان بە ڕۆژ دەردەکەوێت و ئەستێرەکانیش شەوانە بەناویدا تێدەپەڕن. بەپێی ئەفسانەکە، نوت هەموو ئێوارەیەک خۆر قوت دەدات و هەموو بەیانیەک جارێکی تر دروستی دەکاتەوە.

بەو پێیەی میسڕی کۆن میسڕی بە ناوەندی زەوی دەزانی، هەموو زەوی بەسەر چوار لادا دابەش کردووە. لە باکوور، حەتییەکان و هیکسۆسەکان و هەندێک وڵاتی بچووکی نیشتەجێی دەریایی. لە باشوورەوە وڵاتی نەوبە یان نوبیا، پاشان بیابانی ئەفریقا. لە ڕۆژهەڵاتیش دەریای سوور، هەروەها لە خۆراوا بیابانی لیبیا کە ئەو شوێنە بوو هەندێک هۆزی دەشتەکی لە هەلومەرجی سەختی ژیاندا دەژیان.

خواوەندە سەرەکییەکان

ئاگدۆد (Ogdoad) یان هەشتینەی ئاشمۆن: نون (Nu)، ناونێت (Naunet)، حوح (Ḥeḥu)، حاوحێت (Ḥeḥut)، کوک (Kekui)، کاوکێت (Kekuit)، ئاموون (Amun) و ئامونێت (Amunet).

نۆیینەی هێلیۆپۆلیس (Ennead): بە نۆیینەی گەورەش ناو دەبرێت، بریتیین لە: ڕەع (Ra)، جەب یان گەب (Geb)، نوت (Nut)، شو (Shu)، تێفنوت یان تەفنوت (Tefnut)، سێث یان ست (Seth)، ئیزیس (Isis)، ئۆسیریس (Osiris) و نێفتیس (Nephthys).


سەرچاوەکان



947 بینین