سوودەکانی سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-09-17:01:00 - کۆدی بابەت: 9764
سوودەکانی سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان (بە ئینگلیزی: Benefits of watching movies and series) و (بە عەرەبی: فوائد مشاهدة الافلام والمسلسلات) بەگشتی زۆرە و تەنها کات بەسەربردن و چێژوەرگرتن نییە. هەندێک کەسیش لەپێناو و ئەم سوودانەدا سەیریان دەکات. زۆرن ئەوانەی ئارەزووی سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان دەکەن، لەوانەیە زۆرێک تەنها لەبەر چێژ سەیری بکەن و بێ ئاگابن لە هەموو سوودەکان.

سوودەکان چیین؟

کەمکردنەوەی خەمۆکی

توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەنجامدانی ئەو کارانەی مرۆڤ حەزی لێیەتی دووری دەخاتەوە لە خەمۆکی و فشاری دەروونی. سەیرکردنی فیلم و زنجیرە یەکێکە لە حەزەکانی مرۆڤ و زۆرجار دوای سەیرکردنی هەستێکی خۆشت پێ دەبەخشێت. 

نەهێشتنی دڵەڕاوکێ

هەردوو هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ و ئیپینیفرین کە هەردووکیان کۆنتڕۆڵی ڕێژەی دڵەڕاوکێ دەکەن. گریان و پێکەنین هەردووکیان گاریگەری دەخەنە سەر ئەم هۆڕمۆنە و کەمی دەکەنەوە، بەمەش دڵەڕاوکێی کەسی بەرانبەر کەم دەکات، بۆیە سەیرکردنی فیلمی کۆمیدی باشترین ڕێگایە بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوکێ.

پێدانی وزە

کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر لە کارکردن ماندوو دەبیت پێویستت بە پشوویەک هەیە بۆ مێشکت، سەیرکردنی فیلم یەکێکە لەو ڕێگایانەی دەتوانیت دوای کارێکی زۆر بیکەیت، بەمەش ماندووبوونت نامێنێت و وزەیەکی باشتریش پێ دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکە، بەتایبەت ئەگەر کەسایەتیی سەرەکی ئەو فیلمە کەسێکی چالاک و ماندوونەناس بێت هەوڵی تەواو بدات بۆ ژیانی.

ئاگاداربوون لە کێشەکانی کۆمەڵگا

فیلم و زنجیرەکان دەرخەری کێشەی کۆمەڵگاکەیانن، بە بینینی ئەم فیلمانە شارەزا دەبیت لە کێشەکانی کۆمەڵگا و چۆنیەتی چارەسەکردنی. 

بەهێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی

ئەگەر هەست دەکەیت لەگەڵ هاوڕێکانت یان خێزانەکەت پێویستتان بە کۆبوونەوەیەک هەیە پێکەوە. هەڵبژاردنی فیلم یان زنجیرەیەک بۆ ئەوەی پێکەوە سەیری بکەن باشترین هەڵبژاردەیە تاکوو پێکەوە کۆتان بکاتەوە.

چارەسەرکردنی کێشەکان

فیلم و زنجیرەکان تەنها بۆ کات بەسەربردن و چێژ وەرگرتن نین. سەیرکردنی فیلم و زنجیرەیەکی بەهێز و واتادار دەتوانێت کاریگەری زۆری هەبێت لەسەر ژیانت و یارمەتیت بدات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیانت. بۆ نموونە لە فیلمێکدا کەسێک کێشەیەکی گەورەی تووش دەبێت، یاخود دووچاری نەخۆشییەکی مەترسیدار دەبێتەوە، کاردانەوەی کەسەکە و بەرگەگرتنی بۆ کێشەکەی یارمەتیدەرە تۆش لێوەی فێرببیت.

دەستکەوتنی زانیاری

لەڕێگەی سەیرکردنی فیلمەوە زانیاریت دەست دەکەوێت لەسەر زۆر بواری جیا، دەستکەوتنی زانیاری لەسەر کولتوور و شێوازی ژیانی گەلەکانی تر. هەبوونی زانیاری لەسەر جلوبەرگ و خواردن و شێوازی قسەکردن و ئایین و کۆمەڵێک شتی زیاتر. سەیرکردنی فیلمە ئاڵۆزەکان وادەکات مێشکت بجووڵێت و وریاتر بیت لە ژیاندا.

فێربوونی زمان

سەیرکردنی فیلمەکان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی زمانێکی تر فێرببیت. یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ فێربوونی زمان بریتییە لە سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان.

گرنگە بۆ تەندروستی جەستە

سەیرکردنی فیلم وەک وەرزشکردن سوودی هەیە، بۆ نموونە سەیرکردنی فیلمی کۆمیدی وادەکات پێبکەنین و ئەمەش زۆر گرنگە بۆ تەندروستی دڵ و بەرگری لەشت بەرز دەکاتەوە. هەروەها سەیرکردنی فیلمی تراژیدی و گریان لەگەڵیدایە وادەکات هۆڕمۆنی ئەندۆرفین دەربدرێت، ئەمەش وادەکات زیاتر بەرگەی ئازار بگریت.


سەرچاوەکان



559 بینین