مێژووی کەعبەی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-10-23:29:00 - کۆدی بابەت: 9785
مێژووی کەعبەی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەعبەی پیرۆز و ماڵی خوا یان مزگەوتی حەڕام (بە عەرەبی: الكعبة المشرفة، بيت الله الحرام، بە ئینگلیزی: The Kaaba) ڕووگە و قیبلەی موسڵمانانە، یەکەمین ماڵ و مەنزڵگەی سەر زەوییە کە بۆ خواپەرستی تەرخان کرا، ناوچەیەکی ئاسوودەبەخشە بۆ دەروون و ڕۆحی سەردانکەرانی، حاجیان بە مەبستی حەجکردن دەچنە سەردانی و عەمرەکارانیش لە بەجێگەیاندنی عەمرە سەردانی ماڵی خوا دەکەن.

سەرەتای بنیاتنانی کەعبە لەلایەن فریشتەکان و پێغەمبەر ئادەمەوە

مێژوو و کاتی دروستکردنی کەعبەی پیرۆز ڕاجیایی لەسەرە و کاتێکی دیاری کراوی نییە، هەندێک لە زانایان بنیاتنانی بناغەی کەعبە دەگێڕنەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتی و پێیان وایە لەلایەن فریشتەکانەوە بناغەکەی دانراوە. هەندێکی تر لە زانایان پێیان وایە کە پێغەمبەر ئادەم بە یارمەتی فریشتەکان کەعبەی دروستکردووە.
زانایانی ناوداری ئیسلام نموونەی "ئیبن عەباس" پشت ڕاستی کردووەتەوە کە پێغەمبەر ئادەم یەکەمین مرۆڤ بووە کەعبەی دروستکردووە و بەدەوریدا سوڕاوەتەوە و تەوافی کردووە.

دروستکردنی کەعبە لەلایەن پێغەمبەر ئیبراهیمەوە

دوای لافاوە گەورەکەی سەردەمی پێغەمبەر نووح، کەعبە لەناوچووە و لە سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم بە فەرمانی خودا لەلایەن پێغەمبەر ئیبراهیم و پێغەمبەر ئیسماعیلی کوڕی دروستکراوەتەوە.
خودای گەورە لە سوورەتی (الحج) ئایەتی 26 لە بارەی دروستكردنی كەعبه‌ و بانگه‌وازی بۆ حه‌ج دەفەرموێت: (وَإِذْ بَوَّأْنَا لِإِبْرَاهِيمَ مَكَانَ الْبَيْتِ أَنْ لَا تُشْرِكْ بِي شَيْئًا وَطَهِّرْ بَيْتِيَ لِلطَّائِفِينَ وَالْقَائِمِينَ وَالرُّكَّعِ السُّجُودِ).
واتا: ئە‌ی پێغە‌مبە‌ر ﷺ بیهێنە‌رەوە‌ یادت ئە‌وكاتە‌ كە‌ ئیبراهیمان لە‌ جێگای كەعبە دانا و پێمان ڕاگەیاند كە‌ لە كوێدا کەعبە دروست بكات، بەو واتایەیە کەعبە كە‌ ئێستا ئەوان (قوڕەیشییەکانی مەککە) بتی تیا دە‌پە‌رستن، هە‌ر لە‌و كاتە‌وە جێگای یە‌كتاپە‌رستیی بووە‌، خۆمان شوێنەکەیمان دیاریی كردووە‌ بە ‌ئیبراهیمیشمان ڕاگەیاندووە کە هیچ شتێك نەکات بە‌ هاوە‌ڵ و هاوبە‌شی خودا، ماڵە‌كە‌ی بۆ تە‌وافكاران و نوێژكە‌ران و کڕنووشبەران و سوجدە‌بە‌ران پاك بكاتەوە‌، لە كەعبە تە‌نها جێگای ئە‌وانە‌ دە‌بێتە‌وە‌.
بە فەرمانی خوا پێغەمبەر ئیبراهیم کەعبەی بنیاتناوەتەوە، پێغەمبەر ئیبراهیم بە یاوەری ئیسماعیلی کوڕی بە بەردی پتەو کەعبەی پیرۆزی بەرزکردەوە تاکوو گەیشتە ئاستێک کە توانای نەما دەستی بە بەرزییەکەی بگات، بۆیە داوای لە ئیسماعیلی کوڕی کرد كە بەردێکی بۆ بهێنێت تاکوو بچێتە سەری و کاری بنیاتنانەکە تەواو بکات. لە ئێستادا ئەو بەردە هەر لە نزیکی کەعبە ماوە بە "شوێنگەی ئیبراهیم/مەقامی ئیبراهیم" ناسراوە. جوبریل بەردە ڕەشەکەی لە بەهەشتەوە وەکوو سروش بۆ پێغەمبەر ئیبرهیم هێناوە، بەپێی فەرموودە و گێڕانەوەکان لە سەرەتادا کە بەردەکە دانراوە ڕەنگی سپی بووە، بەڵام تاوان و گوناهی مرۆڤەکان ڕەنگەکەی ڕەش کردووە.

سەردەمی پێش قوڕەیشییەکان

دوای هەڵقوڵانی ئاوی زەمزەم لە مەککە بووە شوێنی نیشتەجێبوون، چەند هۆزێکی عەرەبی نموونەی جەرهەم و عەمالیقەکان نیشتەجێی مەککە بوون، بەهۆی شوێنی جوگرافی مەککە و نزمی ئاستی لە ئاستی دەریاوە، چەندان جار ڕووبەڕووی لافاو بووەوە و زیان بەر کەعبە کەوتووە، ئەو دوو هۆزە ئەرکی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کەعبەیان لە ئەستۆ گرتبوو.

قوسەی کوڕی کیلاب

قوسەی کوڕی کیلاب چوارەمین باپیرە گەورەی پێغەمبەر ﷺ، یەکەم کەس بوو بە گەڵای دارخورما و دار و چەند کەرەستەیەکی سادە بنمیچی بۆ کەعبە دروستکرد.

ساڵی فیل

لەو ساڵەی کە پێغەمبەر ﷺ لەدایکبووە ٥٣ ساڵ پێش کۆچی و لە ساڵی ٥٧١ـی زایینی، پادشای یەمەن "ئەبوڕەهە" بە سوپایەکی گەورەوە ویستی هێرش بکاتە سەر کەعبە و بیڕۆخێنێت، بەڵام هێرشەکەی سەرکەوتوو نەبوو و خودا بەرپەرچیدایەوە و کەعبە پارێزراو بوو، بەو ساڵەش دەوترێت "ساڵی فیل".

بنیاتنانەوەی کەعبە لە سەردەمی قوڕەیشییەکان

لە دوای ساڵی فیل بە سی ساڵ، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە مەککە و دووبارەبوونەوەی چەند جارێکی لافاو لە مەککە زیان بە چەند بەشێکی کەعبەی پیرۆز کەوتووە. بۆیە قوڕەیشییەکانی مەککە بڕیاریان داوە دووبارە نۆژەنی بکەنەوە و بنیاتی بنێنەوە. لەکاتی نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانەوە چەند گۆڕانکارییەکیان لە شێوازی دروستکردنەکەی و لە بەرزی و پێوانەکانی کەعبەدا کرد. بەرزی کەعبە لە نۆ باڵ نزیکەی ١٠ مەترەوە کرا بە ١٨ باڵ کە نزیکەی ٢٠ مەترە، هاوکات دەرگای بەشی ڕۆژاوایان داخست و تەنها یەک دەرگایان لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە هێشتەوە، هەروەها دەرگای کەعبەیان بە چەند مەترێک لەسەر ئاستی زەوی بەرزکردەوە.

دوای نۆژەنکردەوەی کەعبە قوڕەیشییەکان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەکە ناکۆک بوون و نەیاندەزانی شانازی دانانەوەی بەردە ڕەشەکە لە جێی خۆی بدەن بە کێ، ئەوان پێغەمبەر ﷺـیان بۆ ئەو کارە هەڵبژارد، پێش ئەوەی سروشی بۆ دابەزێت و لە تەمەنی 35 ساڵیدا ئەو شکۆیەی پێدرا، ئەو بە پارچە قوماشێک بەردەکەی هەڵگرت و هەر سەرۆک هۆزێک پارچەیەک لە بەرگەکەیان گرت و خستیانەوە جێگەی تایبەتی خۆی لەنێو کەعبە.

سەردەمی یەزیدی کوڕی مەعاوییە و عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر

لە ساڵی ٦٤ـی کۆچی و لە سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان و دروستبوونی چەند ئاژاوەیەک لە نێو موسڵمانان، سوپایەکی یەزیدی کوڕی موعاوییەی ئەبووسوفیان شاری مەککەی گەمارۆدا، هۆکاری گەمارۆدانەکەش بەهۆی ئەوە بوو کە عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر بە دەسەڵاتی موعاوییە ناڕازی بوو، بۆیە کۆمەڵێک لە موسڵمانانی حیجاز و مەککە و مەدینە بەیعەتی جێنشینیان بە عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر دا.

یەزید سوپایەکی بە ڕابەرایەتی "موسلیمی کوڕی عەقەبە" ناردە سەر شاری مەدینە توانی کۆنتڕۆڵی بکات، دوای کۆچی دوایی موسلیم، "حەسینی کوڕی نەمیر" سەرکردایەتی سوپاکەی یەزیدی گرتەدەست و شاری مەککەی گەمارۆدا، زوبەیر و هاوەڵەکانی لە مزگەوتی حەڕام گەمارۆدران، بە مەنجەنیق بەردباران و ئاگربارانی کردن، بۆیە بەشێک لە کەعبەی پیرۆز سووتا و بناغەکەی لە چەند شوێنێکەوە لاواز بوو.

دوای کۆچی دوایی یەزید سوپاکە گەڕایەوە بۆ شام، عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر دوو پێشنیاری بۆ کرا، یان کەعبە نۆژەن بکاتەوە یاخود بیڕوخێنێت و دووبارە بنیاتی بنێتەوە. پێشنیاری دووەمی هەڵبژارد چونکە زیانێکی زۆر بەر کەعبە کەوتبوو و بناغەکەی لاواز ببوو، تا ئەو بناغەیەی کە پێغەمبەر ئیبراهیم بنیاتی نابوو ڕووخاندی و دووبارە لە بەرد و کەرەستەی پتەو لەسەر شێوازی پێغەمبەر ئیبراهیم دروستی کردەوە. دوو دەرگای لەسەر ئاستی زەوی بۆ دروستکردەوە، دەرگای ڕۆژهەڵات بۆ چوونە ژوورەوە و دەرگای ڕۆژاوا بۆ دەرچوون. هەروەها بەرزی کەعبە کرا بە ٢٧ باڵ و پانییەکەشی کرا بە دوو باڵ. هاوکات عەبدوڵڵا مزگەوتی حەڕامی گەورە کردەوە ڕووبەرەکەی کرد بە دە هەزار مەتری چوارگۆشە.

نۆژەنکردنەوەی کەعبە لەلایەن حەجاجی سەقەفییەوە

دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی ئومەوییەکان لەلایەن عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان، هێزێکی لە تائیفەوە بە ڕابەرایەتی "حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی" ناردە سەر شاری مەککە و توانی لە ڕێگەی مەنجەنیقەوە دووبارە ناوچەکە بەردباران بکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر هێنرا. عەبدومەلیکی کوڕی مەڕوان فرمانی بە حەجاج کرد کە کەعبە وەکوو سەردەمی قوڕەیشییەکان بنیات بنێتەوە، دەرگایەکی داخرا و ئاستی دەرگاکەی تریشی لەسەر زەوی بەرز کرایەوە.

سەردەمی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک

بەهۆی ڕوودانی لافاوەوە لە ساڵی ٩١ـی کۆچی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان ڕووبەری مزگەوتی حەڕامی فراوان کرد، ئەو یەکەم کەس بوو کە ستوونی لە شام و میسرەوە هێنا بۆ فراوانکردنی مزگەوتەکە بەکاریهێنا. ئاڵتوونی لە نۆژەنکردنەوەکە لە چەند شوێنێکی مزگەوتەکە بەکارهێنا.

بنیاتنانەوەی کەعبە لەلایەن سوڵتان موڕادی چوارەمەوە

عوسمانییەکان گرنگییەکی زۆریان بە کەعبە داوە، لە سەردەمی عوسمانییەکان لە ساڵی ١٦٣٠ـی زایینی بەهۆی لافاوەوە دیواری باکووری کەعبە ڕووخا و هەردوو دیواری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواش زیانیان بەرکەوت، سوڵتانی عوسمانی ئەو سەردەمە "موڕاد خانی چوارەم" بڕیاری دووبارە بنیاتنانەوەی دەرکرد کە نزیکی شەش مانگی خایاند، ئەندازیاری لە میسرەوە بۆ هێنا تاکوو کاری بنیاتنانەوەی بۆ بکرێت، لە دوای ئەوەوە کەعبە هیچ کات نەڕووخێنرا و بنیاتنەنرایەوە بەڵکوو تەنها نۆژەنکراوەتەوە.


سەرچاوەکان



3219 بینین