سەلمان ڕووشدی

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-14-23:14:00 - کۆدی بابەت: 9843
سەلمان ڕووشدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەلمان ڕووشدی (بە عەرەبیسلمان رشدي، بە ئینگلیزیSalman Rushdie)، لەدایکبووی ١٩ـی حوزەیرانی ١٩٤٧ مۆمبای هیندستانە و لە ئینگلتەرا نیشتەجێیە، کەسایەتییەکی ڕۆماننووس و نووسەرێکی هیندی، بەریتانی و ئەمریکییە. کارەکانی یەکگرتنی هەردوو چەشنی ڕیالیزمی سیحری و مێژووی خەیاڵییە. لەگەڵ هەندێک چەمکی دیکە وەک کۆچکردن لە نێوان شارستانەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا.

لەساڵی ١٩٨١ بە کتێبی (Midnight's Children) خەڵاتی بووکەری (Booker Prize)ـی بردەوە، لەم کتێبەیدا باسی تێپەڕبوونی هیندستانی کرد لە کۆلۆنیالیزمی بەریتانی بۆ سەربەخۆیی، لەگەڵ دابەشبوونی هیند. سەلمان لە بنەماڵەیەکی موسڵمانی لیبرال لەدایکبووە، بەڵام خۆی یەکێکە لە ڕەخنەگرانی ئیسلام و کۆمەڵگای موسڵمانان لە نووسینەکانی ئەو تووڕەن و فەتوای کوشتنیشی لەسەر دراوە.

لە بەناوبانگترین کارەکانی کتێبی (ئایەتە شەیتانییەکان)ـه، کە بووە هۆی دەنگدانەوەیەکی گەورە بەتایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا، بەهۆیەوە چەندین خۆپیشاندان لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجامدرا، لەلایەن ڕووحوڵڵا خومەینی فەتوای کوشتنی بۆ دەرچوو، لەو کاتەوە ڕووشدی لە ژێر ناوی خوازراودا دەژی و لەژێر چاودێری چڕدایە.

ژیانی تایبەتی

تاکە کوڕی ئەنیس ئەحمەد ڕووشدییە کە پارێزەرێکی دەرچووی کامبریج بووە و بووەتە بازرگان، ڕووشدی لە شاری مۆمبای لە هیندستان لەدایکبووە. لە قوتابخانەی کاتدراڵی جۆن کۆنین لە مۆمبای خوێندوویەتی، پێش ئەوەی بچێتە قوتابخانەی بەشە ناوخۆیی ڕەگبی لە ئینگلتەرا، پاشان خوێندنی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی ئیمپریال خوێندووە، لە زانکۆی کامبریج و لەوێ مێژووی خوێندووە. پێش ئەوەی خۆی تەرخان بکات بۆ نووسین، لە دوو دەزگای ڕیکلام (ئۆگیلڤی، مازەر و ئایر پارکەر) کاری کردووە.

ڕووشدی چوار جار هاوسەرگیری کردووە، هاوسەری یەکەمی ناوی کلارسیا لوارد بووە لە ساڵی  ١٩٧٦ تاکوو ١٩٨٧، لەگەڵیدا کوڕێکی بەناوی زەفەر بووە. هاوسەری دووەمی ڕۆماننووسی ئەمریکی ماریان ویگینزە، کە لە ساڵی ١٩٨٨ هاوسەرگیری کردووە و لە ساڵی ١٩٩٣ جیابووەتەوە، هاوسەری سێیەمی لە ساڵی ١٩٩٧ تاکوو ٢٠٠٤ ناوی ئەلیزابێس وێست بووە، کوڕێکیان بووە بەناوی میلان. لە ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ خانمە ئەکتەر و مۆدێلی ئەمریکی هیندی پادما لاکشمی هاوسەرگیری کردووە. هاوسەرگیرییەکە لە ٢ـی تەممووزی ٢٠٠٧ کۆتایی هات و لاکشمی ڕایگەیاند کە کۆتایی هاتنی هاوسەرگیرییەکە لە ئەنجامی خواستی خۆی بووە.

لە ساڵی ١٩٩٩ سەلمان (ڕاستکردنەوەی ڕیشاڵەکان)ـی بۆ کراوە کە بە وتەی خۆی کێشەی کردنەوەی چاوەکانی زیاتر دەبێت، وتیشی: ئەگەر ئەم نەشتەرگەریەم بۆ نەكرابا بە هیچ شێوەیەک نەمدەتوانی چاوەكانم بكەمەوە.

کاردانەوەکانی ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەکان

ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەکانی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ـدا بڵاوکردەوە و بووە هۆی ئەوەی لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا هەرا بنێتەوە. چونکە کتێبەکە کەسایەتی پێغەمبەر ﷺ بە سووکایەتییەوە بە پشتبەستن بە هەندێک لە گێڕانەوەکانی سەحیحی بوخاری باس دەکرد.

ناوی کتێبەکە ئاماژەیە بۆ داب و نەریتێکی ئیسلامی، بەپێی ئەو داب و نەریتەی پێغەمبەر ﷺ  ئایەتەکانی لە قورئاندا زیاد کردووە بۆ ئەوەی پاساو بۆ بوونی سێ خوداوەند بهێنێتەوە کە لەو کاتەدا لە مەککە پیرۆز کراون. بەپێی گێڕانەوەکە پێغەمبەر ﷺ ئەم ئایەتانەی سڕیوەتەوە و گۆڕیویەتی، بەو پاساوەی کە شەیتان لە ڕێگەی زمانی خۆیەوە ئەم ئایەتانەی وتووە. ئەمەش ناڕەزایی لە جیهانی ئیسلامیدا دروست کرد، کە بووە هۆی قەدەغەکردنی وەرگێڕان و فرۆشتنی کتێبەکە بە زمانی عەرەبی.

لە ١٤ـی شوباتی ١٩٨٩ فەتوایەک سەبارەت بە بەفیڕۆدانی خوێنی نووسەر سەلمان ڕووشدی بە دەسەڵاتی ئایەتوڵڵا خومەینی ڕێبەری ئینقلابی ئێران لە ڕێگای ڕادیۆی تارانەوە دەرکرا کە تیایدا ڕایگەیاند کە پێویستە سەلمان ڕووشدی لە سێدارە بدرێت.

لە ٣ـی ئاب ١٩٨٩ لە هەوڵێكدا بە پەرتووکێکی بۆمبرێژکراو هەوڵی گواستنەوەی پەرتووکەکە درا بۆ لای سەلمان ڕووشدی لەلایەن ئەندامێکی حزب الله بەناوی (موستەفا مازح) بەڵام پەرتووکەکە پێشوەخت تەقیوەتەوە و کوشتنەکە شکستی خواردوو و دوو نهۆمی هۆتێلی پادینگتۆن وێران بوو. هەر بەم هۆیەشەوە سەلمان ڕووشدی ماوەی ١٠ ساڵە بە خۆدزینەوە لە چاوی گشتی دەژیا.

لەو ماوەی دوای ئەم فەتوایە شەپۆلێکی گەورەی هێرش و هەڕەشە لە خاوەن چاپخانەکان و بڵاوکەرەوە و وەرگێڕەکاندا هات و زۆرێک لە وەرگێڕان و خاوەن چاپخانەکان لەلایەن گرووپە ئیسلامیەکانەوە هەڕەشەیان لێکرا بە کوشتن بە دەستی ئەوان، زۆرێک لە کتێبخانەکان سووتێنران و تەقێنرانەوە. کێبەرکێ لە نێوان هەندێک گرووپ ئەنجامدرا بۆ سووتاندنی زۆرترین ژمارە لەم پەرتووکە.

کەسایەتی ئاینی ئێرانی، ئەحمەد خاتەمی ڕایگەیاند لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا، کە فەتوای بەفیڕۆدانی خوێنی نووسەری بەریتانی سەلمان ڕووشدی کە لەلایەن ئیمام خومەینیەوە لە ساڵی ١٩٨٩ بەهۆی کتێبی “ئایەتەکانی شەیتانییەوە” دەرچووە، تاکوو ئێستاش هەر ماوە و جەخت لەوە دەکاتەوە دەستکاری نەکراوە.

شاژنی بەریتانیا لە حوزەیرانـی ٢٠٠٧ نازناوی "شۆڕشگێڕ"ـی پێبەخشی ئەمەش ئاژاوەیەکی نوێی لە جیهانی ئیسلامیدا بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی ڕەخنە لەم ڕووداوە بگرن چونکە ئێران بە "دژی ئیسلام"ـی زانیوە، لە پاکستان ئەنجومەنی نیشتمانی پاکستان ئەم بڕیارەی ئیدانە کرد و داوای لە بەریتانیا کرد دەستبەجێ ئەم ڕێزلێنانە بکشێنێتەوە.

ھەوڵی کوشتن

لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٢، لە کاتێکدا خەریک بوو دەست بە وتارێک بکات لە دامەزراوەی چاوتاوکوا لە نیویۆرک، سەبارەت بەوەی کە ئەمریکا پەناگەیەکی سەلامەتە بۆ ئەو نووسەرانەی کە ڕووبەڕووی گۆشەگیری دەبنەوە، ڕووشدی لەلایەن کەسێکەوە ھێرشی کرایە سەر و هێرشبەرەکە کە بەپەلە ھاتە سەر شانۆکە و نۆ چەقۆی لە ملی دا.

ناسنامەی هێرشبەرەکە

پۆلیسی نیویۆرک ڕایگەیاند ئەو کەسەی هەوڵی کوشتنی سەلمان ڕووشدی داوە، ناوی هادی مەتەرە و تەمەنی ٢٦ ساڵە و دانیشتووی ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکیایە. وتیشی ناوبراو لایەنگری حیزبوڵای لوبنانییە و سەرسامیشە بە سوپای پاسدارانی ئێران.


سەرچاوەکان



420 بینین