گوڵە شەوبۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-15-22:57:00 - کۆدی بابەت: 9855
گوڵە شەوبۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی شەوبۆ (بە عەرەبی: یاسمین اللیل، بە ئینگلیزی: Night-blooming jasmine، ناوی زانستی: Cestrum nocturnum)، یەکێکە لە ئەو دەوەنە هەمیشە سەوزانەی کە زۆر بەخێرایی گەشە دەکات، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای باشوورە دواتر بۆ کیشوەرەکانی تریش گوازراوەتەوە، لەڕاستیدا ئەم گوڵە یاسەمین نییە وەک ناوەکەی کە لە زۆربەی جێگەکان بۆی دانراوە، بەڵکو ڕەنگ و شێوەی گوڵەکەی لە گوڵی یاسەمینەوە نزیکە، بەگوێرەی جێگەکانیش چەند ناوێکی جیاوازی هەیە، هەروەها هەردوو گەڵا و گوڵەکەی بۆ مرۆڤ و گیانەوەران شیاو نین و ژەهراوین نابێت بخورێن، هەرچەندە زیانەکەی بەتەواوەتی دیاریکراو نییە بەڵام گونجاو نییە، بۆنی گوڵی ئەم ڕووەکە بە یەکێک لە بەهێزترین بۆنەکان دادەنرێت، کە بۆ مەودای ٩١-١٥٢ مەتر دەگوازرێتەوە، هەروەها یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە تەنها بە شەودا کراوەیە و بەڕۆژدا گوڵەکەی دادەخرێتەوە.

شێوە و پێکهاتەی

شەوبۆ گوڵێکی بچووکی باریکی سەوز و زەرد یان سپی دەگرێت، بە شەودا دەکرێتەوە و بۆنێکی زۆر خۆشی هەیە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی پەپوولەکان، وەرزی گوڵگرتنی زۆر درێژخایەنە و بەدرێژایی هاوین دەتوانێت چوار جار گوڵ بگرێتەوە، قەدێکی لولەیی هەیە و دەکرێت هەتاکوو چوار مەتر بەرزببێت، چەندین چڵی جیاواز دروستدەکات کە گەڵای زۆر دەگرن، شێوەی گەڵاکانی سادە و ئاساییە و درێژییەکەی لە نێوان ٦-٢٠ سانتیمەتر دەبێت، بەرکەوتنێکی سافیان هەیە و درەوشاوەن.

بەرهەمەکەی توویەکی سپی بچووکە کە درێژییەکەی تەنها ١٠ میللیمەتر دەبێت، ناوەکەی پڕە لە تۆوی گوڵەکە، هەروەها لە ئاواندنی گوڵی شەوبۆ زەیتەکەی دروست دەکرێت، پێکهاتە کیمیاییەکەی ئەمانە لەخۆ دەگرێت (ئیکۆساین، بەنزین، کحول، ئێن تێترا کۆساین، بەنزین ئەڵدیهاید و چەندین پێکهاتەی تر)، دواتر زەیتەکەی بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەکاردێت.

سوودەکانی

  • بەکارهێنانی گەڵاکانی بۆ کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشی کەژۆک.
  • بەکاردێت بۆ نەخۆشی ڕۆماتیزم.
  • لە چارەسەرکردنی کۆنیشانەکانی پەتای پایزە و سەرمابوون.
  • بۆ لەناوبردنی کرمەکانی ڕیخۆڵە.
  • بەکارهێنانی زەیتەکەی بۆ کەمکردنەوەی فشار و بەرزکردنەوەی دەردانی سیرۆتۆنین.
  • کەمکردنەوەی هەڵئاوسان و ئازاری بەشە جیاوازەکانی جەستە.
  • بۆنخۆشکردنی جێگەکەی.
  • دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی مێرووەکان.

شێوازی چاندن

گوڵی شەوبۆ بەچاندنی تۆوەکەی زیاد دەکرێت، کە لە بەهاردا و دوای کۆتایی هاتنی سەرما دەبێت، تۆوەکەی دەخرێتە خاکەوە و پلەی گەرمی و ڕێژەی شێ لەگەڵ خاکی گونجاوی بۆ دابین دەکرێت، دواتر لە پاش چەند هەفتەیەک هەتاکوو مانگێک تۆوەکەی چەکەرە دەکات، بەڵام ڕێگەی ئاسانتر بڕینی لقێکی تەندروستی ڕووەکەکەیە و دواتر بخرێتە ئاوەوە هەتاکوو ڕەگ دەکات، پاشان دەچێنرێت و گرنگیپێدانی کەمتری پێویستە، دەکرێت شەوبۆ لە خاک و لە ئینجانەشدا بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە گەشەبکات، هەروەها لەبەر ئەوەی ڕەگەکەی زۆر بڵاودەبێتەوە باشترە کە لە خاکێکی قووڵایی ١ مەتردا بچێنرێت، باشترین ڕێگەی چاندنی تۆویش ئەوەیە کە ڕێگە بە ڕووەکەکە بدرێت خۆی تۆوەکەی بخات و سەوزببێت.

شێوازی گرنگیپێدان

باشترین بڕی ڕووناکی بۆ ئەم ڕووەکە شەش کاتژمێرە لەڕۆژێکدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، لە جێگەی کەمێک سێبەریشدا گەشەدەکات، بەڵام لە سێبەری زۆردا ژمارەی گوڵەکانی کەمدەبێتەوە، خاکەکەی زۆر بەپیت نەبێت ئاساییە بەڵام پێویستە ئاو بەباشی پێیدا تێپەڕبێت و کەڵەکە نەکات، ئاودانی ئەم ڕووەکە لە هەفتەیەکدا دەکرێت چەند ڕۆژێک بێت، چونکە ئارەزووی ئاو و شێ دەکات، بەڵام دواتر لە کاتی ئاووهەوای سارددا ئاودانی کەمدەکرێتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی کە ئارەزووی جێگەی پلەی گەرمی بەرز دەکات، بۆیە لە زستاندا دەبێت ببرێتە جێگەیەکی گەرمەوە.

لە سروشتدا بەهۆی مێروو و شەمشەمەکوێرەکانەوە دەنکە هەڵاڵەکانی گوڵی شەوبۆ بۆ بەشەکانی تری گوڵەکە دەگوازرێتەوە و دەیپەڕێنێت، بەڵام چاندنی لە ئینجانەدا و دانانی لە ماڵەوە ئەگەری ڕوودانی پەڕین زۆر کەم دەبێتەوە، یان لەوانەیە کەسێکی شارەزا بەدەستی خۆی بیکات، چونکە ئەم گوڵە تەنها لەگەڵ خۆیدا پەڕین دەکات و لەگەڵ گوڵی جیاوازدا ناپەڕێت.


سەرچاوەکان



777 بینین