میڵتۆن کینز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-16-17:43:00 - کۆدی بابەت: 9867
میڵتۆن کینز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میڵتۆن کینز (بە ئینگلیزی: Milton Keynes، بە عەرەبی: ميلتون كينز)، گەورەترین شارۆچکەیە لە باکینگهامشایەر لە ئینگلتەرا. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووانی ناوچە شارستانییەکەی نزیکەی ٢٣٠٫٠٠٠ کەس بوو.

لەڕووی جوگرافییەوە

میڵتۆن کینز لە باشووری ناوەڕاستی ئینگلتەرایە، لە کۆتایی باکووری ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا و نزیکەی ٨٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای لەندەنەوە دوورە. هەروەها ڕووبەری ڕووەکەی ٨٩ کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی ٢٥٪ـی ڕووبەری ناوچەی شارستانییەکەی باخەڕێ یان دارستانە.

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانی میڵتۆن کینز بە ناوچەکانی دەوروبەرییەوە ٢٢٩٫٩٤١ کەس بوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ـدا، فەرمانگەی ئاماری نیشتیمانی ژمارەی دانیشتووانی میڵتۆن کینزی تا ساڵی ٢٠٢٥ بە ٣٠٠٫٠٠٠ هەزار کەس مەزەندە کردووە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩، ژمارەی دانیشتووانی میڵتۆن کینز ٢٤٥,٤٠٤ کەس بوو.

تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی میڵتۆن کینز کەمترە لە تێکڕای تەمەنی هاوڵاتی بەریتانی کە ٦٣ ساڵییە، ٢٥٫٣٪ـی دانیشتووانی شارۆچکەکە لەخوار ١٨ ساڵییەوەن و ١٣٫٤٪ـی دانیشتووان لەسەرووی ٦٥ ساڵییەوەن. هەروەها ١٨٫٥٪ـی دانیشتووان لە دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو لەدایکبوون.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی میڵتۆن کینز بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١

سپی پێست: ٧٨٫٩٪

ڕەگەزی تێکەڵ: ٩٫٧٪

ئاسیایی: ٧٫٣٪

ڕەش پێست: ٠٫٧

ئایین

بەپێی هەمان سەرژمێری، ٦٢٪ـی دانیشتووان ئایینیان هەیە و ٣١٫٤٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی نێو شارۆچکەکە بریتین لە:

مەسیحی: ٥٢٪

ئیسلام: ٥٫١٪

هیندۆسی: ٣٪

ئایینەکانی تر: کەمتر ١٪

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای میڵتۆن کینز ئۆقیانوسییە و کەشی شارۆچکەکە بە شێوەیەکی گشتی گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەدرێژایی ساڵ ڕێژەیەکی بەرچاو باران لە شارەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا بارانێکی زۆر دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە شارەکە ١٠٫٢ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ٧٠٨ مللیمەتر باران دەبارێت.

میڵتۆن کینز لە نیوەگۆی باکوورە، هاوینی ئەم شارۆچکە لە کۆتایی مانگی حوزەیران دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوولدا کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب، ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرزترینە ٨٦٫٨٦٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی تەممووزدا نزمترینە ٧٠٫٨٧٪ـە.

گەرمترین مانگی ساڵ مانگی تەممووزە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٧٫١ پلەی سەدییە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ٢٠٢٢ـدا ٣٩٫٦ پلەی سەدی بوو. هەروەها ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ٤٫٤ پلەی سەدییە، نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شوباتی ١٩٤٧ـدا ٢٠٫٦- پلەی سەدی و لە ٢٠١٠ـدا ١٣٫٦- پلەی سەدی بوو.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارۆچکەکە

١. مۆزەخانەی نەتەوەیی کامپیوتێرکاری

٢. مۆزەخانەی میڵتۆن کینز

٣. پارکی نزیک دەریاچەی ویڵن

٤. پاگۆدەی ئاشتی

٥. شانۆی میڵتۆن کینز

٦. سەنتەری ڕادیۆی نەتەوەیی


سەرچاوەکان



170 بینین