سەندەرلاند

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-19-23:05:00 - کۆدی بابەت: 9914
سەندەرلاند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەندەرلاند (بە ئینگلیزی: Sunderland، بە عەرەبی: سندرلاند)، شارێکی بەندەرییە لە باکووری ئینگلتەرا. شارەکە ١٦ کیلۆمەتر لە نیوکاسڵ ئەپۆن تاین دوورە و لەسەر ڕێژگەی ڕووباری وێر (Wear)ـە بۆ دەریای باکوور. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠١١ـدا ١٧٤٫٢٨٦ کەس بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ٧٠%ـی دانیشتووانەکەی لە بەشی باشووری ڕووبارەکە و ٣٠%ـەکەی تر لە بەشی باکووری ڕووبارەکە دەژین.‌‌ سەندەرلاند لە ڕابردوودا بەندەرێکی گرنگی پیشەسازییەکانی خەڵووز و خوێ بووە و لە ئێستاشدا ناوەندێکی پیشەسازیی تەکنەلۆجیا، زانست و ئۆتۆمبێلە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە دوایین سەرژمێری، کە لە ساڵی ٢٠١١دا ئەنجامدرا ١٧٤٫٢٨٦ کەس بوو. هەر بە پێی ئامارەکانی هەمان سەرژمێری، پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بەم شێوەیەن، زۆربەی دانیشتووانی سەندەرلاند، بە ڕێژە ٩٣,٦% بەریتانی سپی پێستن. ئاسیاییەکان ٣.٤%ـی کۆی دانیشتووانی شارەکە و ڕەش پێستەکان ٠,٧%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. بەڵام لە هەندێک ناوچەی شارەکەدا ژمارەی دانیشتووانی نەتەوە کەمینەکان زیاترە.

ئایین

زانیارییەکانی سەرژمێرییەکە ئەوە دەردەخەن کە زیاتر لە ٧٠%ـی دانیشتووانی سەندەرلاند خۆیان بە مەسیحی دەناسێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئایینە کەمینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە بریتین لە ئیسلام، سیخ، هیندۆسی، بوودی و جوولەکە. هەروەها نزیکەی ٢٢%ـی دانیشتووان پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن.

گەشەی دانیشتووانی سەندەرلاند

سەندەرلاند بەدرێژایی ساڵان بەرز و نزمی ژمارەی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینیوە، هەر لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا کە بووە هۆی مردنی خەڵکێکی زۆر لە سەرتاسەری وڵاتی ئینگلتەرا تا دەگاتە قۆناغێکی بێکاری کە بووە هۆی ئەوەی دانیشتووانی شارەکە ڕووبکەنە شارەکانی دیکە و بەدوای کاردا بگەڕێن. لە ساڵی ٢٠١٦دا سەدان کەس شارەکەیان بەجێهێشت و لە سەندەرلاند دوور کەوتنەوە. هۆکاری سەرەکی ڕۆیشتنی نەوەی گەنج کەمی هەلی کار بوو، ڕێژەی بێکاری لە شارەکەدا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە لە تێکڕای نیشتمانی. هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە کە ژمارەی دانیشتووانی تەمەن ٦٥ ساڵ و سەرووتر لە ژمارەی دانیشتوانی گەنج زیاترن. بەهۆی ئەوەی دانیشتووانێکی بەتەمەنتری زیاترە و دانیشتوووانی گەنجی دەچنە شوێنی تر بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ، ئەگەری زۆرە لە ساڵانی داهاتوودا سەندەرلاند کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان بەخۆیەوە ببینێت.

مێژووی شارەکه

بەپێی بەڵگەی جێگیربوونی ئەو ڕاوچییە کۆکەرەوانەی کە لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە، مێژووی سەندەرلاند دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین. لەسەرتادا سەندەرلاند گوندێکی بچووکی ماسیگرتن بوو و وردەوردە گەشەی کرد بۆ شارێکی پیشەسازی گرنگ.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

سەندەرلاند لە ساڵی ١١٥٤ـدا بوو بە شارۆچکە و مۆڵەتی کردنەوەی بازاڕی پێ بەخشرا، ئەم شارۆچکەیە بە هێواشی گەشەی کرد و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا چەند سەد کەسێک بوو. سەندەرلاندیش، وەکوو زۆربەی شارۆچکەکانی ئینگلتەرا چەند جارێک نەخۆشی تاعوونی تێدا بڵاوبوویەوە و لە ساڵی ١٣٤٨ بۆ ١٣٤٩ ڕەنگە نیوەی دانیشتووانەکەی بەهۆی تاعوونەوە گیانیان سپاردبێت. بەڵام بەزوویی ژمارەی دانیشتووانەکەی گەشەی کردەوە. لە سەدەی ١٤ـدا، خوێ لە سەندەرلاند دروست کرا، ئەویش لە ڕێگەی کوڵاندنی ئاوی دەریا لە دەفری گەورەی ئاسندا هەتا ئاوەکەی دەبوو بە هەڵم و خوێیەکەی لە بنی دەفرەکەدا دەنیشت، هەروەها لە هەمان سەدەدا دەستکرا بە دیزاینکردن و دروستکردنی کەشتی لە شارۆچکەکەدا.

سەدەکانی ١٧ و ١٨

هەرچەندە سەندەرلاند هەتا سەدەی حەڤدە شارۆچکەیەکی بچووک و ناگرنگ بوو، بەڵام لە ساڵی ١٥٨٩ـەوە شارۆچکەکە گۆڕانکاری بەسەر هات، بە هەناردەکردنی خەڵووز ناوبانگی دەرکرد و هەناردەکردنی خەڵووز و خوێ لەناکاو گەشەی بەخۆیەوە بینی. هەروەها لە سەدەی حەڤدەدا پیشەسازییەکی دروستکردنی قسڵ و شوشە لە سەندەرلانددا گەشەی سەند. شارۆچکەکە لەناکاو گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ١٧٠٠ـدا نزیکەی ٥,٠٠٠ کەس بوو. وردە وردە باڵەخاەنە و پرد لە شارۆچکەکەدا دروستکران و لە سەدەی هەژدەدا پیشەسازی دیزاینکردن و دروستکردنی کەشتی لە شارۆچکەکەدا گەشەی خێرای بەخۆوە بینی.

لە سەدەی ١٩ بەدواوە

لە ساڵی ١٨٠١ـدا یەکەم سەرژمێری لە شارۆچکەکەدا ئەنجامدرا و ژمارەی دانیشتووان بە ١٢,٤١٢ کەس خەمڵێندرا، بەپێی پێوەرەکانی ئەو کاتە، شارۆچکەیەکی گەورە بوو. لە ساڵی ١٩٠١ـدا ژمارەی دانیشتووان گەشتە ١٤٦,٠٠٠ کەس، پیشەسازییەکانی سەندەرلاند لە جیهاندا ناوبانگی دەرکرد. پاشان بەدرێژایی جەنگی جیهانیی دووەم، ٢٦٧ کەس لە سەندەرلاندا کوژران، نزیکەی ١,٠٠٠ خانوو کاولبوون و نزیکەی ٣,٠٠٠ خانوو زیانیان بەرکەوت. دواتر شارۆچکەکە بوژایەوە و چەندین باڵەخانەی نوێ دروستکران. سەرەڕای ئەوەی پیشەسازی نوێ جێی پیشەسازییە کۆنەکانی گرتەوە، لە ئێستادا سەندەرلاند بە پیشەسازی دروستکردنی ئۆتۆمبێل بەنابانگە، لە ساڵی ١٩٨٦ـدا نیسان لەم شارۆچکەیەدا دەستی بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل کرد. پیشەسازییەکانی تری سەندەرلاند بریتین لە، ئەندازیاری ئەلیکترۆنی، ئەندازیاری میکانیکی، پیشەسازی چنین و دروستکردنی کاغەز. لە ساڵی ١٩٩٢ـدا سەندەرلاند ‌پێگەی شاری پێ بەخشرا. لە سەدەی ٢١ـدا و لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٢٧٧,٠٠٠ کەس بوو.

کەشوهەوا

سەندەرلاند کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە، کاتێک تەوژمەکانی سەرما لە باکووری خۆرهەڵاتەوە هەڵ دەکەن دەشێت بەفر لە شارەکەدا ببارێت. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٥- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨١ـدا ٩- پلەی سەدی، لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢ـدا ٩٫٥- پلەی سەدی، لە شوباتی ١٩٨٦ دابەزی بۆ ٧- و لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٥ـدا ٦- پلەی سەدی بوو.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، ڕێژەی دابارین لەم وەرزەدا بە بەراورد بە وەرزی زستان جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەیەوە کە بەرەو باکوور و لەسەر کەناری خۆرهەڵاتە، هاوینی شارەکە فێنکە، بە شێوەیەک کە بەرزترین پلەی گەرمی لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا دەگاتە ١٨ پلەی سەدی، تەنانەت ئەو شەپۆلە کورتانەی گەرما کە هەندێکجار دەتوانن کاریگەریان لەسەر ناوەند و باشووری ئینگلتەرا هەبێت ناگەنە ئەم شارە. لە گەرمترین ڕۆژی ساڵدا، پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بۆ ٢٥ یان ٢٦ پلەی سەدی و زۆر بەدەگمەن دەگەنە سەرووی ئەم پلانەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ساڵی ١٩٩٠ـدا بوو کە پلەی گەرمی بۆ ٣٢ پلەی سەدی بەرزبوویەوە. کەشی شارەکە لە مانگی حوزەیراندا دەشێت هێشتا زۆر سارد بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما ١٠ بۆ ١٢ پلەی سەدین. هەروەها لە وەرزی هاویندا، دەشێت تەم لە شەو و بەیانی زوودا دروست ببێت و تەنانەت لە مانگەکانی تەممووز و ئابیشدا دەشێت پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی ١٤ بۆ ١٥ پلەی سەدی بەرزببنەوە.

تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە ٧,٤ پلەی سەدییە و تێکڕای پلەی گەرمی لە گەرمترین مانگەکانی ساڵدا کە تەممووز و ئابە ١٥,٢ پلەی سەدییە.

ڕێژەی دابارینی ساڵانە لەم شارەدا ٥٩٥ مللیمەترە، ئەمەش نزمترین ئاستە لە بەریتانیای مەزن، بەهۆی زنجیرە چیای باشووری ڕۆژئاواوە کە ڕێگیری لە تێپەڕبوونی تەوژمەکانی بارانبارین دەکات کە لە دەریای ئێرلەنداوە دێن. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگدا کە مانگی شوباتە ٤٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە تشرینی دووەمە‌ ٦٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٥٢٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیران بۆ ئابە، لەبەرئەوەی پلەکانی گەرما لەم کاتەدا مامناوەندترینن و کەشی شارەکە بەگشتی خۆشە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. مۆزەخانەی سەندەرلاند و باخچە زستانەییەکان

٢. ناوەندی شووشەی نەتەوەیی

٣. کەنارەکان ڕۆکەر و سیبێرن

٤. پارکی ڕۆکەر

٥. هێرینگتن کەنتری پارک

٦. منارەی سوتەر

٧. گۆڕەپانی کیل

٨. قەڵای هایڵتن

٩. کڵێسای سەینت پیتەر

١٠. گەلەری باکوور بۆ هونەری سەردەم


سەرچاوەکان

54 بینین