ناوهڕۆك
ناساندن
گوڵی زامبیا (بە عەرەبی: نبات الزامبیا، بە ئینگلیزی: Zambia plant or ZZ house plant، ناوی زانستی: Zamioculcas zamiifoli)، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەم گوڵە ڕۆژاوای ئەفریقایە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئارەزووی دەکەن و دەیچێنن لە ماڵەکانیاندا، بەگوێرەی ناوچەکان چەندین ناوی باوی جیاوازی هەیە، هەروەها بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانی وەک پشیلە و سەگ ژەهراوییە و نابێت بیخۆن، چونکە ماددەی کریستاڵی کالسیۆمی ئۆگزالایتی تێدایە و دەبێتە هۆی ژەهراویبوون، یاخود بۆ پێستی مرۆڤ دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری وەک خوران، جگە لە ئەمانەش جیاواز لە زۆرینەی گوڵەکانی تری ماڵەوە گوڵی زامبیا ڕووبەڕووی نەخۆشی و مێرووی زۆر نابێتەوە.
شێوە و پێکهاتەی
ئەم گوڵە پێکهاتووە لە چەندین گەڵای درەوشاوەی سەوز کە لەسەر قەدێک سەوزبوون، کە هەردوو درێژی و پانییان تەنها چەند سانتیمەترێک دەبێت، درێژی گشتی ڕووەکەکە دەکرێت بگاتە نزیکەی مەترێک یان زیاتر، بەڵام بۆ گەشتن بە ئەم قەبارەیە نزیکەی سێ ساڵی پێویستە، بۆیە زۆرینەی خەڵکی بە ڕووەکێکی گەشە هێواش ناویدەبەن.
ڕێژەی گەشەکردنەکەی بە ڕای هەندێک لە خەڵکی بەگوێرەی ڕادەی بەرکەوتنێتی بۆ خۆر، کە ئەم گوڵە نابێت ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆی بۆ ماوەیەکی زۆر هەبێت، هەروەها گەشەکردنی هەندێک لە چڵەکانی ڕێک و ڕاستە بەڵام هەندێکی تریان دەچەمێنەوە، دوای گەشەسەندنی پێویست بەشی خوارەوەی ڕووەکی زامبیاکە گوڵی بچووک دەگرێت، کە شێوەیەکی بازنەیی بچووکیان هەیە، بەڵام لە زۆرینەی جارەکاندا بەهۆی گەڵاکانەوە یاخود بەهۆی جێگەکەیانەوە نابینرێن و دەرناکەون.
سوودەکانی
- خاوێنکردنەوەی هەوای جێگەکەی لە چەندین ماددەی جیاواز، هەر لە دوکەڵی جگەرەوە هەتاکوو ئاوێتەی کیمیایی وەک زایلین.
- شێوەیەکی جوانی هەیە و بەکاردێت بۆ جوانکاری و ڕازاندنەوەی ناوماڵ.
- گرنگیپێدان و زیادکردنی ئاسانە.
- کەمکردنەوەی فشار و دوودڵی لەگەڵ خەمۆکی، پاشان لە ئەنجامدا باشبوونی باری دەروونی کەسەکە.
شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی
زیادکردنی زامبیا بە دوو ڕێگا ئەنجام دەدرێت، یەکەمیان زیادکردنییەتی بە چاندنی لقێکی گوڵەکە، دوومیشیان بە چاندنی تەنها گەڵایەکی، کە گەڵاکە لە خاکێکی بەپیتدا دەچێنرێت و دواتر چاوەڕێ دەکرێت هەتاکوو ڕەگ دادەکوتێت، بەڵام کاتێکی زۆر دەخایەنێت و دەگاتە نزیکەی ساڵێک، چاندنی ئەم گوڵە لە ماڵەکاندا بەئاسانی دەکرێت و پێویستی بە گرنگیپێدانێکی زۆر و تایبەت نابێت، هەروەها لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئەم گوڵە لەماڵەوە دادەنێن و لە گۆزە و ئینجانەکاندا دەیچێنن، پێویستە خاکی گۆزەکە گونجاوبێت و بەباشی ئاوی تێپەڕێت و کەڵەکە نەکات، پاش چەند ساڵێکیش و بە دیاریکراوی لە دوای ٣-٥ ساڵ پێویستە گۆزەکەی بۆ بگۆڕدرێت.
زامبیا جێگەیەکی کەمێک ڕووناک یان سێبەری پێویستە و شێوازی ئاودانیشی ڕۆژانە نییە، بەڵکو بەگوێرەی بڕی ڕووناکی دەگۆڕێت، بۆ نموونە زامبیایەک کە لە جێگەیەکی زۆر ڕووناک بێت پێویستی بە ئاوی زۆر دەبێت، بەڵام دانەیەکی تر کە جێگەکەی سێبەربێت ئاوی کەمتری پێویستە، واتە هەرکاتێک بەشی سەرەوەی خاکەکەی وشک بوو ئینجا ئاوبدرێت، پلەی گەرمی جێگەکەی لە نێوان ١٥-٢٤ پلەی سیلیزی گونجاوە بەڵام نابێت لە هەشت پلەی سیلیزیش کەمتربێت، ئەو ماڵانەشی کە وشک و گەرمن پێویستە ڕێژەی شێی گونجاو بۆ ڕووەکەکە دابینبکرێت.
لە نێوان مانگەکانی ٤-٨ ئەم گوڵە دەگاتە لوتکەی گەشەکردنی و باشترە لەم کاتەدا بە خۆراکی تایبەت خاکەکەی بەپیت بکرێت، کە ماددەیەکی شلی تایبەت بە گوڵەکانە، هەر گەڵایەکیش کە لە نزیک بنجی گوڵەکەدا زەرد بێت پێویستە لێبکرێتەوە، ئەگەر تەنها چەند گەڵایەکی زەرد یان قاوەیی هەبێت ئاساییە، بەڵام ئەگەر ژمارەیەکی زۆری گەڵاکانی زەردبن و بووەرن دەکرێت بەهۆی ئاودانی زۆرەوەبێت و باشترە کەمبکرێتەوە، یاخود کۆتایی گەڵاکانی بگۆڕێت بۆ قاوەیی ئەوە واتە جێگەکەی وشک و گەرمە و پێویستە ڕێژەی شێی بەرزبکرێتەوە.