شەوە پڕئەستێرەکە

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-23-12:00:00 - کۆدی بابەت: 9963
شەوە پڕئەستێرەکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەوی پڕئەستێرە یان شەوی ئەستێرەیی (بە ئینگلیزی: The Starry Night، بە عەرەبی: ليلة النجوم) تابلۆیەکی زەیتی سروشتە، یەکێکە لە بەناوبانگترین تابلۆکانی جیهان. لە ساڵی ١٨٨٩ دروستکراوە، هەروەها یەکێکە لە دیارترین و بەناوبانگترین تابلۆکانی ڤینسینت ڤان کوخ، کە نیگارکێشێکی بەناوبانگی هۆڵەندی بوو.

ڤان کوخ لە ماوەی ١٢ مانگ مانەوەی بە خواستی خۆی لە پەناگەیەکی نەخۆشانی دەروونی لە سانت پۆل دی مۆسۆل لە نزیک سانت ریمی دی پرۆڤانسی لە فەڕەنسا، وێنەی شەوە پڕئەستێرەکەی کێشا، چەند مانگێک دواتر باری دەروونی تێکدەچێت بە موسێک گوێچکەی خۆی دەبڕێت.

تاقیکردنەوەی لەسەر وێناکردنی بارودۆخی جۆراوجۆری کەشوهەوا و گۆڕانی ڕووناکی دەکرد، زۆرجار کێڵگە گەنمەکانی نزیکی وێنە دەکێشا، وێنەی لە کاتی خۆرێکی درەوشاوەی هاوین یان هەوری زریانی تاریک دەکێشا.

ڤاک کوخ بە تایبەتی سەرقاڵی نیگارکێشانی دیمەنی شەوانە بوو، لە نامەیەکدا کە نووسیویەتی دەڵێت "شەو زۆر لە ڕۆژ ڕەنگاوڕەنگترە." بە بڕوای ئەو ئەستێرەکان لە نەخشاندنی خاڵێکی سپی لەسەر ڕەش زیاترن، لە بری ئەوە بە زەرد و پەمەیی یان سەوز لە تابلۆکانیدا دەردەکەوتن.

پێش ئەوەی ڤان کوخ بگاتە سانت ریمی چەند دیمەنێکی شەوانەی تری کێشابوو لەوانە شەوی ئەستێرەیی لە ڕووباری ڕۆن (١٨٨٨).

دروستکردنی تابلۆکە

ڤان کوخ لە پەنجەرەکەوە لە ژوورەکەیدا چاودێری ئاسمانی شەوی دەکرد، نامەیەکی بۆ تیۆی برای نووسی، باسی دیمەنەکەی بۆ کرد.

لەبەر ئەوەی لە ژووری نوستنەکەیدا ڕێگەی پێنەدەدرا وێنە بکێشێت، دیمەنەکەی لە یادەوەرییدا هێشتەوە و خەیاڵی خۆی بۆ ئەو گوندە بچووکە بەکارهێناوە کە لە ڕاستیدا بوونی نەبووە، پاشان وێنەی شەوە پڕئەستێرەکەی کێشا.

ڤان کوخ لە پەناگەی نەخۆشانی دەروونی لە نهۆمی خوارەوە خاوەنی ستۆدیۆیەکی نیگارکێشان بوو، لە ڕۆژدا لە یادەوەرییەکانییەوە وێنەکە دەکێشێت.

تابلۆی شەوە پڕئەستێرەکە یەکێک بوو لە تابلۆ کۆتاییەکانی ڤان کوخ، چونکە ساڵی دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، زیاتر لە ٨٠٠ تابلۆ و ٧٠٠ بۆ ٨٥٠ وێنەی بۆ براکەی بەجێهێشتووە.

شوێنی تابلۆکە

تابلۆی شەوە پڕئەستێرەکە یەکێکە لە بەناوبانگترین تابلۆکانی ڤان کوخ و لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە نیویۆرک پارێزراوە.

ڤان کوخ لە ماوەی ژیانیدا تەنها بەشێکی کەم لە کارە هونەرییەکانی فرۆشتووە، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات لە ٢٨ـی ئەیلوولی ساڵی ١٨٨٩ تابلۆکەی لەگەڵ نۆ یان ١٠ تابلۆی تر بۆ تیۆ نارد، کاتێک کۆچی دوایی دەکات تیۆی برای سەرجەم تابلۆکانی وەکوو میرات هەڵگرت، بەڵام کاتێک تیۆ پاش ماوەیەکی کەم کۆچی دوایی کرد، تابلۆکانی کەوتنە دەست هاوژینی تیۆ بە ناوی جۆ و تاقە کوڕەکەیان، بۆ ئەوەی ناساندنی ڤان کوخ لە جیهانی هونەریدا جێگیر بکەن تابلۆکانیان بە مۆزەخانەکان فرۆشت.

ڕۆژيک جۆ تابلۆی شەوە پڕئەستێرەکەی بە جۆرجێت ڤان ستۆلک لە ڕۆتەردام فرۆشت، چەندان دەستاودەستی تری کرد، پاشان لە ساڵی ١٩٤١ مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن کە ناسراوە بە مۆما لە نیویۆرک تابلۆکەی لێ وەرگرتن.

دەربارەی تابلۆکە

تابلۆیەکی زەیتییە لەسەر کانڤاس لەلایەن ڤان کوخەوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٩ دروستکراوە، شەوێکی پڕئەستێرەیە، مانگێکی هیلالی زەردی درەوشاوەی تێدا نەخشێندراوە، ئەستێرەکان بە شێوەی بازنەیی تیشک دەدەنەوە، یەک یان دوو درەختی لێیە کە وەک بڵێسەی ئاگر دەبیندرێن، کە لەلای چەپی وێنەکەوە بەرز دەبنەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا گوندێک لە بەشی ڕاستی تابلۆکەوە هەیە، کوخە بچووکەکان و قوللەیەکی باریکی کڵێسایەک وەک تروکەشەوقێک بەرانبەر گردە شینە بازنەییەکەدا وەستاون. چوارگۆشە زەردە درەوشاوەکانی پەنجەرەی خانووەکان، ئاماژە بە ماڵە ئارامەکان دەکەن، گۆشەیەکی ئارام لەنێو گێژاوی تابلۆکەدا دروستدەکەن.


سەرچاوەکان



773 بینین