ناوهڕۆك
سەرەتا
زێی بچووک یان زێی کەڵوێ (بە عەرەبی: الزاب الصغير، بە ئینگلیزی: Little Zab)، ڕووبارێکی کوردستانە کە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە باشووری کوردستاندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە سەر ڕووباری دیجلە. درێژایییەکەی ٤٠٠ کیلۆمەترە و لە بەشێکیدا سنووری ئێران و عێراق دەستنیشان دەکات.
لە باشووری کوردستان، بەنداوی دوکان و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش بەنداوی سەردەشتی لەسەر دروستکراوە. پاش تێپەڕبوونی لە بەنداوی دوکان، سنووری ھەردوو پارێزگای ھەولێر و کەرکووک دیاریدەکات و دەڕژێتە دیجلە و لە کۆتاییدا تێکەڵی کەنداوی فارس دەبێت.
لە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە ئەو ڕووبارەی پێدا تێدەپەڕێ، خەڵکەکەی ناوێکی تایبەت بە خۆیان لەسەرداناوە، وەکوو:
- چۆمی کەڵوێ
- چۆمی ڕیزی
- چۆمی کەڵۆسێ
- چۆمی بادیناوێ
- چۆمی خدراوێ
- چۆمی پردانان
- چۆمی خاسە
ڕێڕەوی زێی بچووک
زێی بچووک لە سەرەتا و دەستپێکی بە ٢١٤٠ مەتر بەرزی لە ئاستی دەریاوە و لە ڕۆژھەڵاتەوە دەست پێدەکات و بەرەو باشوور خۆی دەڕوات و دەچێتە دۆڵێکی پان و بەرین لە ناوچەی پیرانشار و بەرەو سەردەشت درێژەی ھەیە، دۆڵەکانی سنووری پشدەر و قەڵادزێ دەبڕێت و دەڕژێتە بەنداوی دوکان و لە کۆتاییدا دەڕژێتە دیجلە.
بەشێوەیەکی گشتی زێی بچووک بەدرێژایی ساڵ ئاوی ھەیە و وشک نابێت، بەو پێیەش بە ڕووباری وەرزی ھەژمار ناکرێت. لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی پیرانشار (بەنداوی سێلوێ و کانییە سێو) لەسەر ئەو چۆمە دروستکراون.