گلۆستەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-26-21:45:00 - کۆدی بابەت: 10022
گلۆستەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گلۆستەر (بە ئینگلیزی: Gloucester، بە عەرەبی: غلوستر)، شارێکی كاتێدراڵییە و گرنگترین شاری هەرێمی گلۆستەرشایەرە لە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا. گلۆستەر دەکەوێتە بانکی خۆرهەڵاتی ڕووباری سێڤێرن (Severn)ـەوە و ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە نزیکەی ١٥٠ هەزار کەسە.

دانیشتووان

بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ۲۰۱٦، ژمارەی دانیشتووانی گلۆستەر ۱۲۸٫٥۰۰ کەس بوو، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانی کە ناوچە دوور لە شارەکانیش لەخۆ دەگرێت، لەخوار ۱٥۰٫۰۰۰ کەس خەمڵێندرا. بەپێی سەرژمێری ساڵی ۲۰۱۱، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ۱۲۱٫٦۸۸ کەسە، نێرەکان ٥۱٪ـی دانیشتووان و مێیەکان ٤۹٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی شارەکە ۳۸ ساڵییە. لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٥۳ـهەم قەرەباڵغترین شاری شانشینی یەکگرتووە. هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە ٤۰٫٥ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەشی ۳٫۱۷۲ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە

بەریتانی سپی پێست: ۸٤٪

سپی پێستی نەتەوەکانی تر: ٤٫٦٪

ئاسیایی باشوور: ۳٫٥٪

ڕەش پێست: ۲٫۸٪

چین و نەتەوە چینییەکانی تر: ۱٫۳٪

ڕەگەزی تێکەڵ: ۳٪

نەتەوەکانی تر: ۰٫۳٪

ڕێژەی دانیشتووی گەنج لە گلۆستەردا زۆر بەرزە، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان سفر بۆ ۱۹ ساڵیدایە چارەکێکی دانیشتووان پێک دەهێنن و زیاتر لە ۱٦٪ـی دانیشتووان یان ٦٥ ساڵین یان لە ٦٥ ساڵی زیاترن، ئەم ڕێژەیەش نزمترین ڕێژەیە لە تەواوی ناوچەکانی گلۆستەر شایەردا.

چڕی دانیشتووانی گلۆستەر

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە نێوان ساڵانی ۲۰۱٥ و ۲۰۱٦ـدا بە ڕێژەی ۱٪ زیادی کردووە، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنەکانی ئێستا، پێشبینی دەکرێت گەشەی شارەکە بەردەوام بێت و ژمارەی دانیشتووان تا ساڵی ٢٠٢٤ لە ١٣٧ هەزار کەس تێپەڕێنێت و تا ساڵی ٢٠٣٩ بەرزبێتەوە بۆ زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس. ئەمەش ڕەنگدانەوەی زیادبوونی ڕێژەی گەشەی دانیشتووانە لە ٩٫٢٪ لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤ بۆ ٩٫٨٪ لە ساڵی ٢٠٢٤ تا ٢٠٣٩.

لەدایکبوون

۸٥٫٦٪ـی ئەو کەسانەی لە گلۆستەر دەژین لە ئینگلتەرا لەدایکبوون، ئەو ڕێژەیەشی کە دەمێنیتەوە ۲٫٤٪ لە وێڵز، ۱٫۲٪ لە هیندستان، ۱٫۲٪ لە سکۆتلەندا، ۰٫۷٪ لە جامائیکا، ۰٫٦٪ لە ئێرلەندا، ۰٫٤٪ لە ئێرلەندای باکوور، ۰٫۳٪ لە باشووری ئەفریقا، ۰٫۳٪ لە پاکستان، ۰٫۳٪ـیان لە فلیپین لەدایکبوون.

زمان

۹٤٫۳٪ـی ئەو کەسانەی لە گلۆستەر دەژین بە ئینگلیزی قسە دەکەن. زمانە سەرەکییەکانی دیکەی دانیشتووانی شارەکە بریتین لە ۱٫٦٪ پۆڵەندی، ۰٫٦٪ گوجاراتی، ۰٫۲٪ سلۆڤاکی، ۰٫۲٪ چێک، ۰٫۲٪ بەنگالی، ۰٫۲٪ ئوردو، ۰٫۲٪ مەلایالام، ۰٫۲٪ تاگالۆگی/فلیپینی، ۰٫۲٪ پورتوگالی.

ئایین

پێکهاتەی ئایینی شاری گلۆستەر جیاوازە، ٦٢.٤٪ـی دانیشتووانی شارەکە مەسیحین، ٢٥٫٧٪ـی دانیشتووان پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن، هەروەها ٣.٢٪ـی دانیشتووان ئیسلامن، ٠٫٦٪ هیندۆس، ٠٫٣٪ بوودی، ٠٫١٪ سیخ و ٠٫١٪ـی دانیشتووان نازانمباوەڕن (کەسێک کە پێیوایە هیچ شتێک ناتوانرێت دەربارەی بوون یان سروشتی خوداوە بزانرێت (و لە زانینیش نایەن) بێجگە لە شتە مادییەکان). ٨٫٣٤٩ کەس ئایینی خۆیانیان ئاشکرا نەکردووە. ٤۱۹ کەس وەک سوارچاکی جێدی خۆیان ناساندووە و ۱٦ کەسیش ڕایانگەیاندووە کە باوەڕیان بە هێڤی مێتاڵ هەیە.

هەروەها ٤٥٫۸٪ـی دانیشتووان هاوسەرگیریان کردووە، ۱۳٫۲٪ـی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا هاوسەرگیریان کردووە و پێکەوە دەژین، ۱٫۰٪ لەگەڵ هەمان ڕەگەزدا هاوسەرگیریان کردووە، ۲٤٫۲٪ سینگڵن و هەرگیز هاوسەرگیریان نەکردووە یان هاوڕەگەز نین، ۹٪ جیابوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەم شارەدا ٦٫٦۰۳ بێوەژنی لێیە.

مێژوو

گلۆستەری ڕۆمانی

مێژووی گلۆستەر وەکوو شارۆچکەیەکی ڕۆمانی دەست پێ دەکات، کە ڕۆمانییەکان یەکەمجار لە ساڵی ٤۹ـی زایینی قەڵایەکیان لێ دروست کرد، پاشان گلۆستەر گەشەی کرد و بوو بە شوێنی سەربازە خانەنشینکراوەکان. لە ناوەڕاستی شارۆچکەکەدا فۆرەم یان مەیان دروستکرا و دووکان لە شارۆچکەکەدا کرایەوە. بەڵام لە سەدەی چواردا شارستانییەتی ڕۆمانی پوکایەوە و لە ساڵی ٤۰۷ـی زایینیدا سەربازە ڕۆمانییەکان بەریتانیایان جێهێشت، دوای ئەوە زۆربەی ناوچەکانی شارۆچکە ڕۆمانییەکە چۆڵکران.

گلۆستەری سەکسۆنی

دوای ئەوەی ڕۆمەکان بەریتانیایان بەجێ هێشت گلۆستەر بەنزیکەیی چۆڵکرا، بەڵام ڕەنگە ژمارەیەکی کەم لە جووتیاران لەپاڵ دیوارەکانی شارۆچکەکەدا نیشتەجێ بووبێتن و کاری کشتوکاڵیان کردبێت. سەکسۆنەکان لە ساڵی ٥٧٧ـی زایینیدا گلۆستەریان داگیرکرد، لە کۆتایی سەدەی حەوتدا سەکسۆنییەکان دێرێکان دامەزراند و شارۆچکەکە دەستی بە بوژانەوه کرد، پیشەساز و بازرگانەکان هاتن لە شارۆچکەکەدا جێگیر بوون.

گلۆستەر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

ژمارەی دانیشتووانی گلۆستەر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ۳٫٥۰۰ کەس بوو، بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە تا ڕادەیەک شارۆچکەیەکی گەورە بوو. لە کۆتایی سەدەی یازدەهەمدا نۆرمانەکان قەڵایەکی دارینیان لە گلۆستەر دروستکرد و لە سەدەی دوازدەهەمدا هەمان قەڵا بە بەرد دروستکرایەوە. ئەم شارۆچکە لە سەدەکانی ١٢ و ١٣ـدا لەڕووی ستراتیجییەوە گرنگ بوو، چونکە شەڕوشۆڕی زۆر لە نێوان وێڵز و ئینگلیزەکاندا هەبوو. خەڵکی گلۆستەر سوودیان لەو شەڕوشۆڕانە وەرگرت، چونکە سەربازگەی قەڵاکە بازاڕێکی بۆ کاڵاکانیان دابین کرد. پیشەسازی سەرەکی ئەم شارۆچکەیە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دروستکردنی خوری، چەرم، ئاسن، قوماش و ماسیگرتن بوو، هەروەها دانەوێڵە لە گلۆستەرەوە هەناردە دەکرا و شەراب لە فەڕەنساوە هاوردە دەکرا. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئاگرکەوتنەوە مەترسییەکی بەردەوام بوو، لەبەرئەوەی سەقفی خانووەکان لە قامیش دروستکرابوون، لە ساڵی ۱۲۲۳ـدا ئاگرێک کەوتەوە و بەشێک لە شارۆچکەکە سووتا، لە ئەنجامدا دروستکردنی سەقف لە قامیش قەدەغەکرا. لە سەدەی ۱۳ـدا ڕەبەنەکان گەشتنە گلۆستەر و ئامۆژگاری خەڵکیان دەکرد. لە سەدەی پازدەهەمدا شارۆچکەکە ڕووبەڕووی کێشەیەکی ئابووری درێژخایەن بوویەوە، ڕەنگە هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە زیادبوونی کێبڕکێی شارۆچکەکانی دیکە بووبێت لە بازرگانی خوریدا. ڕەنگە هۆکارێکی دیکە ئەو ڕاستییە بووبێت کە وێڵز داگیرکرا و گلۆستەر پێگە ستراتیجییەکەی لەدەستدا.

گلۆستەر لە سەدەکانی ۱٦ و ۱۷ـدا

بەدرێژایی سەدەکانی ١٦ و ١٧ بازرگانی خوری بەردەوام ڕووی لە کزی بوو، هەروەها گلۆستەر بەدەست بڵاوبوونەوەی بەردەوامی نەخۆشی تاعوونەوە دەیناڵاند، کە لە ساڵانی ١٥٦٥، ١٥٧٣، ١٥٧٧، ١٥٨٠، ١٥٩٣ و ١٦٣٧ بە شارۆچکەکەدا بڵاوبوویەوە. لە سەدەی ١٦ـدا ژمارەی دانیشتووانی گلۆستەر نزیکەی ٤ هەزار کەس بووە. بەڵام، گلۆستەر هێشتا بەندەرێکی قەرەباڵغ و شارۆچکەیەکی بازاڕی ناوچەی دەوروبەری بوو. لە کۆتایی سەدەی ١٧ـدا ژمارەی دانیشتوانی گلۆستەر نزیکەی ٥ هەزار کەس بوو.

گلۆستەر لە شەڕی ناوخۆی نێوان پادشا و ئەنجومەنی نوێنەراندا (کە لە ساڵی ١٦٤٢ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٦٤٦ کۆتایی هات) ئازارێکی زۆری چەشت، زۆربەی دانیشتووانی باشووری ڕۆژئاوا پشتگیری پاشایان کرد بەڵام گلۆستەر چووە بەرەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. خەڵکی شارۆچکەکە دیواری دەرەوەی خانووەکانیان دەڕووخاند بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دوژمن نەکەن و لەلایەکی تریشەوە بە مەبەستی خۆپاراستن لە دەستوپێوەندی شا شوورەی بەهێزیان دروست دەکرد. لە ساڵی ١٦٤٣ـدا سوپای پاشا گەمارۆی شارۆچکەکەیندا و گلۆستەریان تۆپباران کرد، بەڵام دانیشتووانی شارۆچکەکە لەم دۆخە ناخۆشە ڕزگاریان بوو و کاتێک دەستوپێوەندی شا بیستیان سوپایەکی ئەنجومەنی نوێنەران خەریکە دێن کشانەوە و گلۆستەریان چۆڵکرد.

گلۆستەر لە سەدەکانی ۱۸ و ۱۹ـدا

لە سەدەی هەژدەدا پیشەسازی خوری پوکایەوە و پیشەسازی دروستکردنی بزمار زیاتر گەشەی کرد و لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا بوو بە پیشەسازی سەرەکی شارۆچکەکە، نزیکەی ۲۰٪ـی دانیشتووان لەم پیشەزییەدا کاریان دەکرد. لە ساڵی ۱۸٤۰ـدا هێڵی ئاسنی گەشتە گلۆستەر

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا پیشەسازییەکی نوێ لە گلۆستەر دەستی پێکرد، ئەویش دروستکردنی فارغۆنی شەمەندەفەر بوو. هەروەها ئاشی ئارد، کارگەی دار، دروستکردنی ئامێری کێڵگە و کەشتیسازی لە شارۆچکەکەدا هەبوون. لە لایەکی دیکەوە دروستکردنی بزمار بەرەو دابەزین ڕۆیشت و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا کۆتایی هات. هەرچەندە گلۆستەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا ناوەندێکی بەرهەمهێنان نەبوو بەڵام شارۆچکەیەکی گرنگی بازاڕی بوو. ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لەناکاو زیادی کرد و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا گەشتە ٤۷٫۰۰۰ كەس.

گلۆستەر لە سەدەکانی ۲۰ و ۲۱ـدا

لە سەدەی ۲۰ـدا گلۆستەر گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ۱۹۲۳ـدا نەخۆشی ئاوڵە لە شارۆچکەکەدا بڵاوبوویەوە، ئەم جارە تەنیا سێ کەس گیانیان لەدەستدا. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا پیشەسازییەکانی گلۆستەر بریتی بوون لە دروستکردنی ئامێری کشتوکاڵی، فاغۆنی هێڵی ئاسن، دروستکردنی فڕۆکە، کارگەی دار، دروستکردنی ئایسکرێم و چاپکردن. سەرەڕای ئەوەش، کاتێک پیشەسازییەکانی خزمەتگوزاری وەک بانکەوانی و بیمە زیادیان کرد، گرنگی پیشەسازی بەرهەمهێنان لە شارۆچکەکەدا کەم بوویەوە. لە سەدەی ۲۱ـدا گلۆستەر هێشتا شارێکی گەشەسەندووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ۲۰۱٦ـدا ۱۲۸٫۰۰۰ کەس بوو.

کەشوهەوا

مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و باراناوین و ئاسمانی شار نیمچە هەوراوییە، مانگەکانی وەرزی زستانیش کورت و ساردن و ئاسمانی شار بەزۆری سافە. پلەی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی لە ٥ بۆ ۳۰ پلەی سەدی دەگۆڕێت و بەدەگمەن لە خوار ۱٫۱ پلەی سەدی یان سەرووی ۳٦٫۱ پلەی سەدییەوەیە.

تێکڕای پلەی گەرمی لە گلۆستەر

وەرزی گەرما ٣٫٥ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٦ـی تشرینی دووەم تا ١١ـی ئازار، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرووی ۲۷٫۲ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە گلۆستەر مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرما ۲۹٫٤ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی ۱۷٫۲ پلەی سەدییەوەیە.

وەرزی سەرما ٢٫٩ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٥ـی ئایار تا ٢٢ـی ئاب، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوار ۱۹ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ لە گلۆستەر مانگی تەممووزە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ٥ پلەی سەدییە و بەرزترین پلەی گەرما ۱٦٫٦ پلەی سەدییەوەیە.

باشترین کات

بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاری، باشترین کاتی ساڵ بۆ سەردانکردنی گلۆستەر سەرەتای مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی مانگی ئازارە. چونکە کەشی شارەکە لەم کاتەدا بۆ چالاکییەکانی دەرەوە خۆشە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. كاتێدراڵی گلۆستەر

٢. مۆزەخانەی جێت ئەیج

٣. بەندەرەکانی گلۆستەر

٤. لەنگەرگای گلۆستەر

٥. یاریگای کینگشۆڵم

٦. مۆزەخانەی سەربازانی گلۆستەرشایەر

٧. مۆزەخانە هونەرییەکان

٨. سەنتەری کونەپەپووی سپی


سەرچاوەکان

64 بینین