چۆنیەتی پاککردنەوەی پێڵاوی چەرم

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-27-20:40:00 - کۆدی بابەت: 10033
چۆنیەتی پاککردنەوەی پێڵاوی چەرم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەرم یەکێکە لە ماددە زۆر باوەکان کە زۆرترین بەرهەمی هەیە، یەکێک لەو بەرهەمانەش پێڵاوی چەرمە. چۆنیەتی پاککردنەوەی پێڵاوی چەرم (بە ئینگلیزی: How to Clean leather shoes، بە عەرەبی: کیف تنظيف الأحذية الجلدية) زۆر گرنگە بۆ ئەوەی جوانی چەرمەکە پارێزراو بێت. چەرم خۆی جوانی و ڕەونەقێکی تایبەتی هەیە. بەڵام ئەگەر پیس ببێت ئەم جوانییەی دەشاردرێتەوە. هەر بۆیەش چەندین ڕێگا هەیە بۆ پاککردنەوەی پێڵاوی چەرم.

ڕێگاکانی پاککردنەوەی پێڵاوی چەرم

پەڕۆی وشک

بۆ لابردنی پیسی و تۆز لەسەر پێڵاوی چەرم، باشترین ڕێگا بەکارهێنانی پەڕۆی وشکە. پێویستە پەڕۆکە نەرم بێت بۆ ئەوەی زیان بە چەرمەکە نەگەیەنێت. ئەگەر پێڵاوەکەت قەیتانیشی پێوە بوو، دەبێت قەیتانەکان بە ئاو و سابوون بشۆیت.

پەڕۆی تەڕ و سابوون

ئەگەر پیسییەکەی زیاتر بوو لە تۆز، ئەوا پڕۆیەک تەڕ بکە بەباشی و ئاوەکەی پێوە مەهێڵە، پاشان کەمێک سابوونی لێ بدە و بیهێنە بە پێڵاوە چەرمەکەدا. دوای ئەوە پارچەیەکی تر پەڕۆی تەڕی پێدا بهێنە، بەڵام بەبێ بەکارهێنانی سابوون، ئەمەیان تەنها بۆ لێکردنەوەی سابوونەکەیە. پاشان پێڵاوەکە لە جێگەیەکدا دابنێ کە هەوا لێی بدات بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە.

ئاو و سرکەی سپی

کاتێک پێڵاوە چەرمەکە پەڵەی سپی پێوە دەنووسێت، باشترین ڕێگا بۆ لێکردنەوەی پەڵەکان تێکەڵەی ئاو و سرکەی سپییە. دەبێت تێکەڵەکە بە یەکسانی بدەیت لە هەموو شوێنێکی پێڵاوەکە. چونک لێدانی تەنها لە شوێنی پەڵەکان وادەکات پەڵەی زیاتر دروست ببێت. دوای ئەوە پەڕۆیەکی پاک بهێنە بەسەر هەموو پێڵاوەکەدا و دایبنێ تاکوو وشک دەبێتەوە.

زەیتی زەیتوون

ئەگەر هەست دەکەیت چەرمی پێڵاوەکەت کۆن بووە و پەڵەی زۆری پێوەیە، ئەوا زەیتی زەیتوون بەکاربهێنە. پەڕۆیەکی پاکی تەڕ بهێنە و بە زەیتەکە چەوری بکە، پاشان پێڵاوەکەی پێ بسڕە. ئەمە زۆر یارمەتیدەرە تاکوو جوانی و ڕەونەق ببەخشێت بە پێڵاوەکە.

بۆدرەی منداڵ

یەکێکی تر لە ڕێگاکان بۆ پاککردنەوەی پێڵاوی چەرم، بەکارهێنانی بۆدرەی منداڵە. بۆدرەی منداڵ بەخێرایی پەڵەکان لێ دەکاتەوە.
دوای ئەوە بە ئاو و زەیتی زەیتوون پێڵاوەکەت پاک کردەوە و وشک بوویەوە. دواتر بۆدرەی منداڵ بخەرە سەر شوێنی پەڵەکان، لێی گەڕێ شەو تاکوو بەیانی پێوەی بێت. پاشان بەیانی پەڕۆیەکی نەرم و وشک بهێنە و بیسڕە.

توێکڵی مۆز

تۆێکڵی مۆز لێ بکەرەوە و بەشە سپیەکەی ناوەوەی توێکڵەکە بەکاربهێنە. بەباشی بیهێنە بە پێڵاوەکەدا و دواتر پەڕۆیەکی وشک بهێنە و بەباشی بیسڕە. لەبەردەم هەوادا دایبنێ تاکوو وشک دەبێتەوە.

پاککردنەوەی ناوەوەی پێڵاوی چەرم

هەرچەندە ناوەوەی پێڵاوەکە دەرناکەوێت، بەڵام پاککردنەوەی زۆر پێویستە. چونکە بەکتریای زۆری تێدایە و پیسبوونیشی هۆکارێکە بۆ دروستبوونی بۆنی ناخۆشی پێ. دەتوانیت بە پەڕۆ و ئاو و ئیسانۆڵ ناوەوەی پێڵاوەکەش پاک بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



394 بینین