چۆنیەتی پاراستنی درەخت؟

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-10-23:09:00 - کۆدی بابەت: 10204
چۆنیەتی پاراستنی درەخت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی پاراستنی درەخت (بە ئینگلیزی: taking care of trees، بە عەرەبی: کیفیة رعایة الاشجار)، کاتێک درەختێک دەچێنرێت ئەوا گرنگیپێدانی کارێکی پێویستە بۆ ئەوەی لە ژیاندا بەردەوام بێت، بەتایبەتی لە ساڵەکانی سەرەتادا، کە لەسەرەتادا و پێش هەموو کارێک دەبێت خەڵکی جێگەکە ئاگاداربکرێنەوە لە هەبوونی درەختێک یاخود تۆوێک لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی وریابن لەوەی کە زیانی پێنەگەیەنن بەبێ مەبەست و بە ڕووداو.

گرنگترین خاڵەکانی پاراستنی ڕووەکەکان

چاندنی تۆو

کاتێک تۆوی درەختێک دەچێنرێت پێویستە لەماوەی ١-٣ ساڵی تەمەنیدا بازنەیەک بە تیرەی یەک مەتر لە دەوروبەریدا خاوێنبکرێتە، بە لابردنی هەموو گژوگیایەک بۆ ئەوەی ئەو درەختەی چەکەرەی کردووە پێشبڕکێ نەکات لەگەڵ گژوگیاکەدا بۆ بەدەستهێنانی ماددەی خۆراکی و ڕێژەی شێ، هەروەها دەکرێت ڕێگریبکرێت لە گەشەکردنی گژوگیاکان بە ڕشتن و جێگیرکردنی ماددەی سەماد و هاوشێوەکانی، سەمادەکە دەبێت لە قووڵایی ١٠ سانتیمەتردا جێگیربکرێت و ساڵانە نوێبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەنگاوەکانی پێشوو سوودبەخش نەبوون دەکرێت ماددەی کیمیایی بڕژێنرێت، ڕشتنەکە بە شێوەی بازنەیەکە کە یەک مەتر دووربێت لە درەختەکە بۆ ئەوەی زیان بە دارەکە نەگات.

ئاودان

درەختەکان خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ سروشتدا و پێویستییان بە ئاودانی تایبەت نییە، بەتایبەتی کە هەمیشە شێوازی بڵاوبوونەوەی ڕەگەکان بەرەو ڕووی ئاوە نەک قوڵایی و وشکی، واتە لەهەر جێگەکەیەک شێ و ئاو هەبێت ڕەگەکە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕوات، بەڵام ئەگەر کەشوهەوای وشک و سەخت هەبێت پێویستە خاکەکە بەتەواوەتی تێرئاو بکرێت بۆ ئەوەی ئاوەکە تێپەڕبێت بۆ قوڵایی خاکەکە و شێدارببێتەوە.

بڕینی گژوگیا زیانبەخشەکان

لە ماوەی کەم و لە مەودای کاتی نزیکدا بڕینی گژوگیاکان بۆ چەند جارێک کارێکی گونجاو نییە، چونکە بەهۆیەوە بەهێزتر دەبن و زیاتر پێشبڕکێی خۆراک و ئاو دەکەن لەگەڵ درەختەکەدا، ئەگەر ببڕدرێن دەبێت بە وریاییەوە و لە ماوەی کاتی گونجاویشدا بێت، بۆ ئەوەی زیان بە ڕەگ و چڵەکانی درەختەکە نەگات.

دڵنیابوونەوە لە پارێزگاریکردن لە درەختەکە

هەبوونی با و ڕەشەبا یاخود گەردەلوول دەبێتە هۆی شکانەوەی دار و درەختەکان، بەهۆیەوە دەبێت جێگەکەی پارێزراوبێت، یاخود بەهۆی دار و شێڵمانەی ڕێک و بەهێزەوە دارەکە جێگیربکرێت و ببەسترێتەوە، بەڵام هەبوونی هۆکاری نەخۆشی لە ناو پارێزەرەکەیدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە قەدی درەختەکە، بۆیە پێویستە ببرێتە قووڵایی خاکەکەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە جێگەکە بەتاڵە لە هۆکاری نەخۆشی و گژوگیای زیانبەخش، هەروەها کاتێک دارەکە دەگاتە تەمەنی ٣-١٠ ساڵی پێویستی بە پارێزەر و ڕاگیرکەر نامێنێت، بۆیە باشترە لاببرێت بەتایبەتی ئەگەر پێکهاتەیەکی پلاستیکی هەبێت، ئەوا لە نێوان ٥-١٠ ساڵدا دەستدەکات بە شیبوونەوە و زیاندەگەیەنێت بە گەشەی درەختەکە.

هەڵپاچین

هەڵپاچینی دار و درەختەکان مەرج نییە بەڵکوو تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاڕاستەی گەشەی دارەکە بگۆڕێت، واتە لەجیاتی ئەوەی کە لقەکانی دارەکە بە ئاڕاستەی خوارەوە درێژببنەوە، ئەوا بە پێچەوانەوە بۆ سەرەوە گەشە دەکەن بەمەش شێوەیەکی ڕێک و تۆکمە بە دارەکە دەدات، دەبێت ئامێرێکی بڕینەوەی گونجاو بەکاربهێنرێت و شێوازی هەڵپاچینەکەش خاوێن بێت، بە لێکردنەوەی چڵەکانی نزیک  قەدی درەختەکە و هێشتنەوەی قەدە سەرەکییەکە.

لێکردنەوەی بەرگی درەختەکە یاخود هەڵپاچینی قەدە سەرەکییەکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و برینداربوونی دارەکە، هەروەها زۆرینەی دارەکان لە وەرزی زستاندا دەبێت هەڵباپچرێن، جگە لە هەندێک داری وەک گێلاس و گوێز کە هەڵپاچینیان دەکەوێتە هاوینەوە، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوونیانە بە نەخۆشی، یاخود ئەگەر کەسێک گومانی هەبێت لە کاتی هەڵپاچینی دارەکەی ئەوا پێویستە پرس بە کەسی شارەزا بکات.  

تووشبوونی بە نەخۆشی

دەکرێت دار و درەختەکان ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی باو ببنەوە، بەڵام زۆر بەدەگمەن دەبنە هۆی لەناوبردنی دارە گەنجەکان، بۆ نموونە سەرمای زستان دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی زۆر بەڵام دارەکان دەبوژێنەوە و چاک دەبنەوە، یاخود بەهۆی مێروو و میکرۆبەوە تووشی نەخۆشی جیاواز دەبن کە بۆ زۆرینەیان دەرمانی چاکبوونەوەی پێویست هەیە.

کەمکردنەوەی ژمارەی دارەکانی ناوچەیەک

ئەم کردارە کاتێکە کە تەمەنی دارەکان دەگاتە نزیکەی ١٠ ساڵ، پێویستە تەنککردن وەک سوڕێک بێت و هەموو ٥-٨ ساڵێک دووبارە بکرێتەوە، بەلابردنی یەک دار لە کۆی پێنج دار ئەمەش بۆ ئەوەیە کە دارە گەورەکان لق و چڵی زۆریان هەیە و پێویستیان بە خۆراک و ئاو و تیشکی خۆری زیاترە، کەمکردنەوەی ژمارەیان دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە پێشبڕکێیان لەسەر پێویستییەکان، بۆ تەنککردن سەرەتا پێویستە بەراوردبکرێت لە نێوان درەختەکاندا و لاوازەکان لاببرێن، دواتر مانەوەی باشترین دارەکان دەبێتە هۆی گەشەکردنی زیاتریان.   


سەرچاوەکان



424 بینین