شێخ نووری شێخ ساڵح بەرزنجی

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-09-13-14:16:00 - کۆدی بابەت: 10236
شێخ نووری شێخ ساڵح بەرزنجی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێخ نووری شێخ ساڵح بەرزنجی (بە عەرەبی: الشيخ نوري شيخ صالح برزنجي، بە ئینگلیزی: Nuri Sheikh Salih Sheikh Ghani Sheikh Abdul Qadi)، لەدایکبووی ساڵی ١٨٩٦، شێخ نووری سەرنووسەری ڕۆژنامە و شاعیر و چالاکوانێکی کورد بوو، شێخ نووری دیوانی خۆی هەیە کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکراوەتەوە لە سەردەمی شانشینی کوردستان و مەلیک مەحموود، شێخ نووری سەرنووسەری بانگی کوردستان بووە و خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان بووە. لە ڕۆژی ٢٠ـی کانوونی یەکەمی ١٩٥٨، شێخ نووری شێخ ساڵح کۆچی دوایی کردووە.

شێخ نووری
لەدایکبوون ١٨٩٦، سلێمانی
مەرگ ٢٠ـی کانوونی یەکەمی ١٩٥٨
شوێنی گۆڕ گردی سەیوان، سلێمانی
نەتەوە کورد
پیشە شاعیر
باوان

ڕەحمە خانێ (دایک)

ناو

شێخ نووری کوڕی شێخ ساڵح کوڕی شێخ غەنی کوڕی سەید عەبدولقادر کوڕی سەید حەسەن کوڕی سەید عەلی کوڕی سەید محەمەد کوڕی سەید مستەفا کوڕی ئیسحاق کوڕی بابە ڕەسووڵی گەورەیە و لە ساداتی بەزرنجییە.

ژیان

لە ساڵی ١٨٩٦ لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لەبنەچەدا ناوی دوو وشەی لێکدراو بووە محەمەد نووری. هەندێک نووسینی بەناوی (م.نووری) بڵاوکردووەتەوە. لە شیعردا ناوی ڕاستەقینەی خۆی (نووری) کردووە بە نازناو، هەندێک جاریش (شێخ نووری) بەکارهێناوە. شێخ نووری وەک نەریتی باوی ئەو سەردەمە، خراوەتە بەر خوێندنی حوجرە. لەسەر دەستی چەند مەلایەکی زانا و دانای ئەو سەردەمە خوێندوویەتی، لەوانە (خواجە فەندی، حاجی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی و شێخ بابە عەلی شێخ عەبدوڵڵا).

باوکی نووری خەریکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، لە پێش جەنگی جیهانیی یەکەم وازی لێهێناوە و ئیشەکەی داوەتە دەست کوڕەکانی شێخ نووری و شێخ ئیبراهیم. ئیتر لەگەڵ براکەی بەمەبەستی بازرگانی هاتوچۆی ئێران دەکات. لەم کارەدا چەند جارێک مایەپووچ دەبێت و ناچار واز لە کارەکە دەهێنێت و دەست دەکاتەوە بە خوێندن، لە پێشدا قوتابخانەی سەرەتایی تەواو کردووە.

لە هاوینی ١٩١٦ بووە بە قوتابیی ڕوشدییەی سوپای سلێمانی، بەڵام بەهۆی مردنی ئامۆزایەکی وازی لە خوێندن هێناوە. جگە لەوە حەزی نەکردووە بەشدار ببێت لە سوپادا. بەگشتی سەرچاوەی خوێندنی نووری لەو قوتابخانانانە بووە کە لەسەر پڕۆگرامی حوجرەی مزگەوت ڕۆیشتوون.

ماوەیەکی زۆری ژیانی بە مووچەخۆری میری بردووەتەسەر. لە ساڵی ١٩٢١ لە شارەوانی سلێمانی نووسەری دووەم بووە، لە ساڵی ١٩٢٢ کراوە بە نووسەری یەکەم. لە ساڵانی ١٩٢٦-١٩٢٧ بووە بە مووچەخۆری کارگێڕی پیشەسازان. چەند جارێک لە کاروباری میری تووشی دوورخستنەوە بووە، هەروەها گیراوە و لە گرتووخانەدا بەند کراوە.

لە ساڵانی ١٩٣٥-١٩٣٩ لە کارگێڕی خەزێنە لە سلێمانی و هەولێر مووچەخۆر بووە. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە کراوە بە بەڕێوبەری جاحیە لە ناودەشت و باڵەک لە نزیک گەڵاڵە و تەقتەق و سەنگاو و بارزان و وارماوا. لە دوا ڕۆژانی مووچەخۆریی میری لە ساڵی ١٩٥٥ بۆ ماوەی سێ ساڵ لە کار دوورخراوەتەوە.

کۆچی دوایی

لە ٢٠ـی کانوونی یەکەمی ١٩٥٨ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گردی سەیوان نێژراوە.


سەرچاوەکان



509 بینین