پشکنینی کاریۆتایپ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-15-21:31:00 - کۆدی بابەت: 10262
پشکنینی کاریۆتایپ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی کاریۆتایپ (بە ئینگلیزی: karyotype test، بە عەرەبی: اختبار النمط النووي یان تحليل كروموسومات) پشکنینێکە بۆ سەیرکردنی شێوە، ژمارە و قەبارەی کرۆمۆسۆمەکان لە لەشی مرۆڤدا بەکاردێت، بەهۆی ئەم پشکنینەوە دەتوانرێت دەستنیشانی چەند جۆرێکی نەخۆشی بکرێت. مرۆڤ بە شێوەیەکی ئاسایی لەشی لە ٤٦ کرۆمۆسۆم پێکهاتووە، ئەگەر کەموکوڕی لە ژمارە یان قەبارە و شێوەی کرۆمۆسۆمەکان هەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی. زۆرجار ئەم پشکنینە لە کاتی دووگیانیدا بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕی بۆماوەیی لە کۆرپەلەدا ئەنجام دەدرێت.

ئەو حاڵەتانەی ئەم پشکنینەیان بۆ ئەنجام دەدرێت

  • کۆنیشانەی داون (Down syndrome): کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە کرۆمۆسۆمێکی زیادەیان هەیە واتە کرۆمۆسۆمی ژمارە ٢١ یان لە سێ کرۆمۆسۆم پێکهاتووە کە خۆی بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستە دوو کرۆمۆسۆم بێت، ئەمەش کاریگەری لە سەر ڕادەی زیرەکی و فێربوونیان دەکات.
  • کۆنیشانەی ئێدوارد (Edwards syndrome): منداڵانی تووشبوو بەم حاڵەتە کرۆمۆسۆمێکی زیادەیان لە کرۆمۆسۆمی ژمارە ١٨ دا هەیە، کۆمەڵێک کێشەی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەکات، بەزۆری ناتوانن لە ساڵێک زیاتر لە ژیاندا بمێننەوە.
  • کۆنیشانەی پاتاو (Patau syndrome): ئەم کۆنیشانەیە بەهۆی هەبوونی کرۆمۆسۆمی زیادە لە کرۆمۆسۆمی ژمارە ١٣ دا دروست دەبێت، کێشەی دڵ بۆ کۆرپەکە دروست دەکات و بەزۆری ناتوانن لە ساڵێک زیاتر بژین.
  • کۆنیشانەی تێرنەر (Turner syndrome).
  • کۆنیشانەی کلینفێلتەر (Klinefelter syndrome).
  • هەبوونی کێشە لە دووگیانبووندا یان لە کاتی لەبارچوونی منداڵدا پزیشک لەم کاتەدا پشکنین بۆ هەردوو هاوسەرەکە ئەنجام دەدات، تاکوو دڵنیا بێت کێشەی کرۆمۆسۆمیان هەیە یان نا.
  • لە کاتی مردنی منداڵ پێش لەدایکبوون تاکوو بزانرێت کێشەی بۆماوەیی هەبووە کە بووەتە هۆی مردنی کۆرپەلەکە.
  • ئەگەر دایک یان باوک نەخۆشیی بۆماوەیییان هەبێت و بیانەوێت دڵنیا بن لەوەی نەخۆشییەکە بۆ منداڵەکەیان  دەگوازرێتەوە یاخود نا.
  • دەتوانرێت پشکنین بۆ کۆرپەلەی لەدایکنەبوو بکرێت تاکوو بزانرێت هیچ نەخۆشییەکی بۆماوەیی هەیە یان نا.
  • لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا کە ڕەگەزی منداڵی تازە لەدایکبوو دیار نییە، ئەم پشکنینەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
  • هەندێک جۆری شێرپەنجە دەتوانێت گۆڕان لە کرۆمۆسۆمەکاندا دروست بکات، ئەم پشکنینە لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەم جۆرە شێرپەنجانەدا سوودی دەبێت.

جۆرەکانی پشکنینی کاریۆتایپ

  • پشکنینی خوێن: بۆ پشکنینی کرۆمۆسۆمی لە پێگەیشتووان و منداڵاندا باوترین ڕێگەیە.
  • وەرگرتنی نموونەی شانەی جەستە: وەک وەرگرتنی نموونەی مۆخی ئێسک لەو کەسانەدا کە شێرپەنجە یان کێشەی خوێنیان هەیە.
  • پشکنینی شلەی سەراو: نموونەیەک لە شلەی سەراو وەردەگیرێت. بۆ دیاریکردنی هەندێک کەموکوڕی دەمار کە دەتوانن کار لە مێشک و بڕبڕەی پشت بکەن بەکاردێت.
  • پشکنینی مەمیلەکانی ئاوڵ (chorionic villus): نموونەیەک لە خانەکانی وێڵاش وەردەگیرێت. ئەم جۆرەیان لە نێوان هەفتەی ١٠ یەم و ١٣یەمی دووگیانیدا ئەنجام دەدرێت، بۆچوونێک هەیە کە ڕەنگە ئەم پشکنینە ببێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ لە نێوان یەک لە ١٠٠ ئافرەت کە ئەم پشکنینەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، لەبەر ئەوە پزیشکەکان تەنها کاتێک ئەگەرێکی زۆر هەبێت کە کۆرپەلەکە کێشەی هەیە، ئەم پشکنینە ئەنجام دەدەن.

پشکنینی کاریۆتایپ تەنها لە چەند هەفتەیەکی دیاریکراوی دووگیانیدا ئەنجام دەدرێت. پزیشک پێشنیاز دەکات چی جۆرێکی پشکنینی کاریۆتایپ بۆ دایکەکە گونجاوە. هەڵبژاردنی جۆری دیاریکراویش لەسەر بنەمای ماوەی دووگیانی و ڕێژەی مەترسییەکان دەبێت.

ئەم هۆکارانە مەترسی تێکچوونی کرۆمۆسۆمی زیاد دەکەن:

  • دووگیانبوون لەدوای تەمەنی ٣٥ ساڵی.
  • هەبوونی مێژووی خێزانی لە کێشە کرۆمۆسۆمییەکاندا.
  • پێشتر دایکەکە تووشی لەبارچوونی منداڵ بووبێت.

ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە

ئامادەکارییەکان بەپێی جۆری پشکنینەکە دەگۆڕێت لە هەندێک کاتدا پێویست ناکات پێش ئەم پشکنینە هیچ شتێکی تایبەت ئەنجام بدەیت، هەندێک جاریش ڕەنگە پێویست بکات پێش پشکنینەکە خواردن نەخۆیت یان هەندێک جۆری دەرمان بەکارنەهێنیت، پێویستە بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی پرسیار لە پزیشک بکرێت.

هەندێک دایک و باوک دەیانەوێت پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە لەگەڵ ڕاوێژکاری بۆماوەیی گفتۆگۆ بکەن. ڕەنگە ئەنجامی تاقیکردنەوەکە کاریگەری سۆزدارانەیان هەبێت، بەتایبەت لەو کۆرپەلانەدا کە کێشەی بۆماوەیی لە ئەنجامی پشکنینەکەیاندا هەیە. گرنگە دایک و باوکان بزانن لەدوای ئەنجامی پشکنینەکە چی جۆرە بڕیارێک دەدەن.


سەرچاوەکان

57 بینین