عوسمان تەها

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-09-20-22:30:00 - کۆدی بابەت: 10321
عوسمان تەها

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عوسمان تەها (بە عەرەبی: عثمان طه، بە ئینگلیزی: Uthman Taha) خۆشنووسی سعوودی بە ڕەگەز سووری ناوی تەواوی عوسمان عەبدە حوسێن تەها حەلەبییە، لە ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی موسەمەنە لە شاری حەلەب لە سووریا لەدایکبووە، باوکی شێخ عەبدە حوسێن تەها پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوت بووە.

زانیاری گشتی

ناو عوسمان تەها 
لەدایکبوون ١٩٣٤
خوێندن کۆلێجی شەریعە لە زانکۆی دیمەشق
نازناو ئەبو مەڕوان
پیشە خۆشنووس و نەخش و نیگارکێش
بواری ئیش نووسینەوەی قورئان و هونەری خەتی عەرەبی
خێزان هاوسەردارە و خاوەنی حەوت منداڵە
زمان عەرەبی

ئەزموونی خوێندنی عوسمان تەها

قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شاری حەلەب لە کۆلێجی زانستی شەرعی (الخَسرَوِّية) خوێندووە. زانکۆی لە شاری دیمەشق تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٦٤ پلە لیسانسی لە شەریعەتی ئیسلامییدا لە زانکۆی دیمەشەق بەدەستهێناوە، پاشان لە ساڵی ١٩٦٥ دیبلۆمی گشتی لە کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە.

خوێندنی خۆشنووسی

عوسمان تەها سەرەتاکانی خۆشنووسی لە باوکییەوە فێربووە کە خەتی ڕوقعەی زانیووە. دواتر لە ماوەی خوێندنیدا لە حەلەب لەلای کۆمەڵێک لە مامۆستا خۆشنووسە گەورەکانی حەلەب خوێندوویەتی لەوانەش: محەمەد خەتیب، محەمەد عەلی مەولەوی، حسێن حوسنی تورکی، عەبدولجەواد خەتات، خۆشنووسی شاری حەلەب "ئیبراهیم ڕەفاعی". پاشان لە دیمەشق خۆشنووسی وڵاتی شام (محەمەد بەدەوی دیرانی) ناسیووە، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٠ تاکوو ١٩٦٧ لە بارەی خەتەکانی (الفارسي، الثلث) زۆر شتی لێوە فێربووە. هەروەها چاوی بە خۆشنووسی عێراقی هاشم محەمەد بەغدادی کەوتووە کاتێک سەردانی دیمەشقی کردووە، ڕاهێنان و سەرنج و تێبینی زۆری لەسەر خەتی (الثلث و النسخ) لەلا وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٧٣ مۆڵەتی خەتخۆشی لە شێخی خۆشنووسانی جیهانی ئیسلامی حامید ئامەدی وەرگرتووە. وێنە و زانستی نەخش و نیگاری لەسەر دەستی (سامی بورهان و نەعیم ئیسماعیل) خوێندووە. ئەندامی دەستەی دادوەری نێودەوڵەتی پێشبڕکێی خۆشنووسی عەرەبی بووە کە لە ساڵی ١٩٨٨ـەوە هەموو سێ ساڵ جارێک لە ئیستەنبوڵ سازدەکرێت.

نووسینەوەی قورئانی پیرۆز

عوسمان تەها خەتی نەسخی بەشێوەی زانستی خوێندووە، پاشان بەشێوەیەکی تایبەت لە نووسینی قورئانی پیرۆزدا بەکاری هێناوە. لە نووسینەوەی قورئاندا پشتی بە شێوازی سادەکردنەوەی وشەکان بەستووە، کە ئەوەش بنەڕەتی خەتی کوفییە کە بۆ یەکەمجار لە ژیانی هاوەڵاندا قورئانی پیرۆزی پێ نووسرایەوە. عوسمان تەها لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم قورئانی پیرۆزی بۆ وەزارەتی ئەوقافی سووری نووسیووە. 

پاشان لە ساڵی ١٩٨٨ چووە بۆ شانشینی سعوودیە و وەکوو خۆشنووس لە کۆمەڵگەی مەلیک فەهد بۆ چاپکردنی قورئانی پیرۆز لە مەدینە دەستبەکاربووە، لەو کۆمەڵگەیە چوار قورئانی بە دەستنووسی خۆی نووسییەوە، کە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن چاپی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا بڵاوکرایەوە.

عوسمان تەها بە تەواوی ڕیوایەتەکان قورئانی پیرۆزی نووسیوەتەوە کە زیاترە لە ١٣ جار، هەموویانی بە نووسینی عوسمانی (الرسم العثماني) نووسیووە، زۆربەیان چاپکراون و لە جیهانی ئیسلامیدا بڵاوکراونەتەوە.

بەسەرهاتێکی سەیری عوسمان تەها لە خزمەت قورئاندا

عوسمان تەها بەبێ دەستنوێژ هیچ ئایەتێکی لە قورئانی پیرۆز نەنووسیوە، بەیانییەكیان دەچێتە سەر كارەكەی و دەیەوێت بنووسێت (شێخ عەلی حوزەیفی)شی لەلا دەبێت، هەرچی دەكات قەڵەمەكەی نانووسێت، هەڵیدەوەشێنێت و پاكی دەكاتەوە و مەرەكەبی تێدەكاتەوە بێسوود دەبێت، هەردووكیان سەرسام دەبن، شێخ حوزەیفی دەڵێ‌ با ئەو پەنجەرانە دابخەین، دایدەخەن هەر نانووسێت، دوایی بیری دەکەوێتەوە کە دەستنوێژی نییە، دەچێت دەستنوێژ دەگرێت و دێتەوە دەست دەكات بەنووسینی (الله نور السماوات والارض مثل نوره كمشكاة) قەڵەمەكە رێك و پێك دەنووسێت.

عوسمان تەها دەڵێت: "بۆ نووسینەوەی یەک بەرگی قورئان سێ ساڵم پێ چووە، لەکاتی نووسینەوەی ئەو ئایەتانەی دەربارەی بەهەشتن ئارامم و حەزناکەم کۆتایی بێت بەڵام لە کاتی نووسینەوەی ئەو ئایەتانەی دەربارەی دۆزەخ و سزای دۆزەخن دەستم دەلەرزێ و ئارەق دەکەمەوە". 

داواکاری عوسمان تەها

عوسمان تەها داواکاری لە قورئانخوێنان ئەوەیە کە نزای بۆ بکەن کە چاو و ئەندامەکانی پارێزراو بن تاکوو کارەکەی تەواو بکات. تایبەتمەندی قورئانە دەستنووسەکەی عوسمان تەها (مصحف المدینة) : 

  • سەرەتای هەموو لاپەڕەیەک بەئایەتێکی تازە دەستپێدەکات.
  • کۆتایی لاپەڕەکەش بەئایەتێک کۆتایی دێت.
  • سەرەتای سورەتی بەقەرەی بەشێوەیەکی جوان نەخشاندووه.
  • هەموو جوزئێک ٢٠ لاپەڕەیه، بەڵام بەهۆی کورتی سورەتەکانی جوزئی عەمەوە سەرجەم لاپەڕەکان بوون بە ٦٠٤ لاپەڕە.


سەرچاوەکان



274 بینین