ڕزگار سەلیم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-01-12:16:00 - کۆدی بابەت: 10381
ڕزگار سەلیم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕزگار حەمەسەلیم (بە ئینگلیزی: Rzgar Salim، بە عەرەبی: رزكار سليم) مامۆستایەکی ئایینیی کوردە. خاوەنی هەزاران وتار و وانەی پەروەردەییە و زۆرترین چالاکییەکانی لە شاری هەڵەبجەی شەهید ئەنجام دەدات و نووسەری چەند کتێبێکی نووسراو و وەرگێڕدراوە.

ناو ڕزگار حەمەسەلیم حەیدەر
ڕێکەوتی لەدایکبوون ١٩٧٠، بەڵخە، هەورامان
پیشە مامۆستای ئایینی، بەڕێوەبەری حوجرە، نووسەر و وەرگێڕ

ژیان

ڕزگار حەمەسەلیم حەیدەر لە ساڵی ١٩٧١ لە گوندی بەڵخەی هەورامان لە ناوچەی هەڵەبجە لەدایکبووە. باوکی ناوی حەمەسەلیم حەیدەرە و تاوەکوو ساڵانی حەفتاکان پێشمەرگە بووە و دایکی ناوی سەعدیە حەبیبوڵڵایە. خاوەنی دوو خوشک و شەش برایە و منداڵی چوارەمی خێزانەکەیەتی. ساڵی ١٩٧٤ و لەگەڵ نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، بەهۆی خەباتی چەکداریی بنەماڵەکەیانەوە ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبن و تاوەکوو ساڵی ١٩٧٩ لە شاری یەزد دەمێننەوە. لەوێ سەرەتاکانی خوێندنی خۆی بەڕێ دەکات، دواتر ساڵی ١٩٧٩ دەگەڕێنەوە عێراق و بەهۆی گواستنەوەی گوندە سنوورییەکانەوە لە دەروازەی شاری هەڵەبجە (کۆمەڵگەی زەمەقی) نیشتەجێ دەبن. لە تەمەنی هەرزەکارییەوە شەیدای خوێندنەوەی کتێب دەبێت و لە کۆمەڵگەی زەمەقی تاوەکوو  پۆلی نۆیەم دەخوێنێت و بەهۆی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ لە خوێندن بێبەش دەبێت و دووبارە ئاوارەی ئێران دەبن و لە ئۆردوگای سەلاسی باوەجان نیشتەجێ دەبن، لەو کارەساتە مرۆییەدا مامێکی بە ١٠ سەرخێزانەوە لەدەست دەدات.

خوێندن و چالاکییە سەرەتاییەکان

ساڵی ١٩٨٩ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی برایانەوە دەکات و دەبێتە ئەندام کە دواتر لە ساڵی ١٩٩٤ وەک حیزبێکی ئیسلامی ڕاگەیەندرا بەناوی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩١ دەگوازرێنەوە بۆ ئۆردوگای کەنگاوەر و لەوێ دەست بە خوێندنی زانستە شەرعییەکان دەکات و لەلای مامۆستا محەمەد عەبدولڕەحیم دەبێت بە فەقێ، تاوەکوو ساڵی ١٩٩٥ بەردەوام دەبێت و ساڵی ٢٠٠٠ مۆڵەتی مەلایەتی بە خۆی و برایەکی بەناوی مامۆستا ڕێبوار دەبەخشرێت.

ساڵی ١٩٩٦ دەست بە وتاربێژی دەکات لە مزگەوتی کەنگاوەر و ساڵێک لەوێ بەردەوام دەبێت. ساڵی ١٩٩٧ هاوسەرگیری دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان و سەرەتا لە گوندی ئەحمەدئاوا و دواتر لە گوندی تەپی سەفا دەبێتە وتاربێژ و نیشتەجێ دەبێت. لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک وانەی تایبەت بۆ چینە جیاوازەکانی گوند دادەنێت و مزگەوتی گوند ئاوەدان دەکاتەوە. بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لە نێوان هەردوو هێزی ئەنسارولئیسلام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە تووشی گیروگرفت دەبێت و جارێک لەلایەن گرووپی ئەنسارولئیسلامەوە هێرشی دەکرێتە سەر و بە سەختی بریندار دەکرێت.

ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە شاری هەڵەبجە و لە مزگەوتی ئوسامەی کوڕی زەید دەبێتە پێشنوێژ و وتارخوێن. لەو ساڵەدا دەبێتە مامۆستا و بەڕێوەبەری حوجرەی ئوسامەی کوڕی زەید، لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ـەوە چەندین بەرنامە لە دەنگی یەکگرتووی ڕادیۆی هەڵەبجە پێشکەش دەکات و بە گەڕانەوەی بۆ شاری هەڵەبجە لەو زەمینەدا خزمەتی زیاتر دەکات.

بەرهەمەکان

ساڵی ٢٠٠٩ یەکەمین کتێبی وەرگێڕدراوی خۆی بەناوی مرۆسازی لە نووسینی محەمەدڕەزا ڕەنجبەر بڵاو دەکاتەوە. دواتریش کتێبێک بە نێوی ڕەوشتی باران بڵاودەکاتەوە. دواتر لە ساڵی ٢٠١٢ و دوای پێنج ساڵ لە کۆکردنەوەی زانیاری و گەڕان، کتێبی کاروانی نوور بڵاو دەکاتەوە کە ئینسایکلۆپیدیایەکی تایبەت بە حوجرە و مزگەوتەکانی باشووری کوردستانە. ساڵی ٢٠١٧ دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری دوانگە و ساڵی ٢٠٢٠ دووەم کتێبی وەرگێڕدراوی خۆی بەناوی کڵۆ شەکرەکان لە نووسینی محەمەدڕەزا ڕەنجبەر بڵاو دەکاتەوە.

ژیانی تایبەت

ڕزگار سەلیم ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ خالیدە عوسمان هاوسەرگیری دەکات و پێکەوە دەبنە خاوەنی ٤ منداڵ بەناوەکانی (مونا، محەمەد، بەخشین و مەیسا). لە منداڵییەوە حەزی بە خوێندنەوە و مێژوو هەبووە و خوێنەرێکی بەردەوامی کتێب و پەڕە ئەلیکترۆنییەکانە. هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی و شێوەزاری هەورامی دەزانێت.


سەرچاوەکان



460 بینین