تۆم کێنی

له‌لایه‌ن: - ئەحمەد تەیب ئەحمەد تەیب - به‌روار: 2022-11-04-15:40:00 - کۆدی بابەت: 10401
تۆم کێنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تۆماس جەیمس کێنی (بە ئینگلیزی: Thomas James Kenny، بە عەرەبی: توم کینی). ئەکتەر، نووسەر، کۆمیدیاکاری ئەمریکی، بەهۆی پیشەی ڕۆڵ گێڕانی دەنگییەوە ناسراوە بەتایبەت بۆ کارەکتەری سپۆنج‌بۆب و بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی تر. بەهۆی بەهرە زۆرەکەیەوە لە ڕۆڵ گێرانی دەنگی، بووە بە براوەی دوو خەڵاتی دەی-تایم ئێمی لەگەڵ دوو خەڵاتی ئانی بۆ ڕۆڵەکانی سپۆنج‌بۆب سکوێرپانتس و ئایس کینگ.

زانیاری کەسی

ناو

Thomas James Kenny

ساڵ و شوێنی لەدایکبوون

١٣ی شوباتی ساڵی ١٩٦٢. سیراکیز، نیویۆرک، ویلایەتی ئەمریکا

هاونیشتمانیتی

ئەمریکی

هاوسەر

جیڵ تالی

منداڵ

٢

باڵا

١٨٠ سانتیمەتر

پیشە

ئەکتەر، ڕۆڵ گێڕی دەنگی، ئەکتەری کۆمیدی، نووسەر

زمان

ئینگلیزی (ئەمەریکی)

ساڵی چالاکبوون

١٩٨١ – تا ئێستا

بەرهەمە ناسراوەکان

کارەکتەری سپۆنج‌بۆب

ژیاننامە

  1. سەرەتای ژیانی و کۆمیدیای ستاندئەپ: تۆم کێنی لە ١٣ی شوباتی ١٩٦٢ لە شاری سیراکیز لە نیویۆرک لەدایکبووە. دایکی ناوی توریسا بریدجێت و باوکی ناوی پاول ئۆستن کێنیـیە. وەکوو گەنجێك، ئارەزووی لە وێنەکێشان و کۆکردنەوەی ئەلبوومی تۆمارکراوی موزیکیی بووە. لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی چاوی بە بۆب‌کات گۆڵث‌وەیت کەوت و پێکەوە بوونە هاوڕێی هەمیشەیی. لە ناوەڕاستی سەردەمی تازەلاویەتییدا چاویان بە ئاگاداریەک کەوت لەسەر نمایشکردنی ڕاستەوخۆ (مایکرۆفۆنی-ئازاد) لە شاری سکینی‌ئەتلێس کە ئەکتەری کۆمیدیکاری دڵخوازیان، (باری کریمێنس) لە ژێر نازناوی "بیەرکات" بەشدار ببوو. لەگەڵ گۆڵث‌وەیت بەشداریان لە پێشبڕکێیەکەدا کرد، لە ژێر ناوە خوازراوەکانی "تۆم‌کات" و "بۆب‌کات" یەک‌لەدوای‌یەک. لە دواتردا چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی/دواناوەندی بیشۆپ گرایمس، کە قوتابخانەیەکی کاسۆلیکییە. دوای تەواوکردنی کۆلێژ، دەستی بە نمایشکردنی کۆمیدیای ستاندئەپ کرد لە دەوروبەری وڵاتەکەدا بۆ نزیکەی هەشت ساڵ، پێش ئەوەی ماڵی بگوازێتەوە بۆ شاری ڤێنێس.
  2. پیشەی تەلەڤزیۆنی و فیلم: کێنی لە زۆر فیلم و بەرنامەی تەلەڤزیۆنیدا ڕۆڵی گێڕاوە، یەکەمین دەرکەوتنی لە فیلمێکی ژانەری (کۆمیدی-ڕۆمانسی) بوو لە ساڵی ١٩٨٩ بەناوی How I Got into College. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠ کاندا وەکوو پێشکەشکار لە پیشەی تەلەڤزیۆنیدا بووە لە بڕگەی "هەواڵە میوزیکییەکان" لە بەرنامەی (Friday Night Videos). هەروەها لە نێوان ساڵانی (١٩٩٢–١٩٩٣) بەشداری لە چەند بەرنامەیەکی کورتە نمایشی کۆمیدی (سکێچ)دا کردووە. لە بڕگەی دیمەنە "ڵایڤ-ئاکشن"ـەکاندا دەرکەوتنی هەبووە، بەتایبەتی لە زنجیرەی کارتۆنی تەلەڤزیۆنیی SpongeBob SquarePants بە ڕۆڵی کەسایەتی کۆمیدیی (پاتچی، چەتەی دەریایی)، هەروەها دەرکەوتنی لە چەند زنجیرەیەکی تریش هەبووە.
  3. ڕۆڵگێرانی دەنگی: یەکەم پیشەی ڕۆڵی دەنگی لەوەدا بوو کە دەرهێنەر جۆو مۆڕی تاقیکردنەوەی خۆنمایشکردنی بە تۆم کرد بۆ ئەنجامدانی ڕۆلی دەنگی لە زنجیرەی کارتۆنی Rocko's Modern Life، کاتێك لە بانگهێشتنامەیەکی هەڵبژاردن بۆ ئەکتەریدا لە شاری لۆس‌ئانجلێس، کالیفۆرنیا ڕاگەیاندرا بوو. لە هەلێکی ڕەخساودا بەرهەمهێنەران داوایان لە تۆم کرد تاوەکوو شوێنی ئەکتەرێکی تر بگرێتەوە کە نەیتوانیبوو بۆ ڕۆلەکەی ئامادەببێت.

جۆو مۆڕی بەردەوام بوو لەهەڵبژاردنی تۆم بۆ چەندەها ڕۆڵی تر لە پڕۆژەکانی تری، لەوانەش زنجیرەی (Camp Lazlo) بوو، بەهۆی ئەوەی کە جۆو وای هەستکرد ئەو دەتوانێت "ڕوانگەی زیاتر لەسەر ڕۆڵی کارەکتەرەکان زیادبکات، لەگەڵ چەندان شتی تریش."

لە یارییە ڤیدیۆییەکاندا، بە ڕۆڵە دەنگییەکەی بۆ کارەکتەری (سپایڕۆ) ناسراوە کە شوێنی ئەکتەری پێشووی گرتبوویەوە. لە ساڵی ١٩٩٩، یەکەم دەرکەوتنی دەنگی لە یاری ڤیدیۆیی (Spyro 2: Ripto's Rage) بوو، بەردەوام بوو لە ڕۆڵی دەنگیەکەی بۆ کارەکتەرەکە تا ساڵی ٢٠٠٤ بوو، لە یاری ڤیدیۆیی (Spyro: A Hero's Tail)، کە دواتر ڕۆڵەکەی لەگەڵ ئەکتەرێکی تر گۆڕدرا.

  • سپۆنج‌بۆب سکوێرپانتس

لە کاتی کارکردن لەسەر زنجیرەی کارتۆنیی (Rocko's Modern Life)ـدا، تۆم چاوی بە زیندەوەرناسی دەریایی و ئەنیمەیتەر (ستیفن هیڵنبەرگ) کەوت و پێی ئاشنابوو. لە پاش هەڵوەشاندنەوەی وەرزی نوێ بۆ زنجیرەکە، ستیفن دەستی کرد بە پەرەپێدانی بیرۆکەی تایبەت بەخۆی بۆ زنجیرەیەکی کارتۆنی لە جیهانێک تایبەت بە ژانەری ئۆقیانووسی، بەهۆی هەبوونی ئەزموونی پێشینەیی لە زانستی ئاوەژیدا. ستیفن وتوویەتی کەوا ئارەزووی لەوەبوو کە زنجیرەکە لەسەر بناخەی گیانداری دڵخوازی، (ئیسفەنجی دەریایی) دروستبکات، چونکە دەڵێت، "گیاندارێکی شێوە پێکەنیناوییە و نامۆیە" بۆ مەبەستی ڕۆڵی دەنگی کارەکتەرە سەرەکیەکە، پێشنیاری بۆ تۆم کێنی کرد لە ساڵی ١٩٩٧.

زنجیرەکە بەناوی کارەکتەرەکەوە ناونرا، ئەویش (SpongeBob SquarePants)ـە، کە لە ١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٩ لە کەناڵی Nickelodeon پەخشکرا. لە دواتردا بووە زنجیرەیەکی تایبەتی سەرکەوتوو. لە زنجیرەکەدا تۆم ڕۆڵی چەندەها کارەکتەری  تر دەگێڕیت لەوانەش: کارەکتەری  ژیانی ڕاستی (پاتچی، چەتەی دەریایی)، دەنگی (گاری، قاقلەجنۆکە)، چیڕۆکخوێنە فەڕەنسیەکە کە لەسەر زمانی زارەکی ئۆقیانووس‌ناسی ناودار ژاک‌کوستۆو'یە، دەنگی باوکی سپۆنج‌بۆب (هاڕۆڵد سکوێرپانتس)، لەگەڵ چەندانی تر.

ژیانی تایبەتی

یەکەم چاوپێکەتنی هاوسەرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢، کە پێکەوە لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی (The Edge) بەشداربوون. دووانەکە بەیەکەوە لە چەندان پڕۆژەی تر بەشداربوون، لە ناسراوترینیان زنجیرەی کارتۆنی (سپۆنج‌بۆب سکوێرپانتس)ـە بە ڕۆڵی کارەکتەری (کارین پلانکتن). خێزانی کێنی خاوەنی دوو منداڵن بەناوەکانی، ماک لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٧ و نۆرا لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٣. لە ئێستادا خانەوادەی کێنی لە گەڕەکی ستۆدیۆ سیتی'ی شاری لۆس‌ئانجلێسدا دەژین.

خەڵاتەکان و پاڵیوراوەکانی

ئەنجام

بەرهەم

چەشن

خەڵات

ساڵ

پاڵێوراو

SpongeBob SquarePants

باشترین ڕۆڵگێری دەنگی لە لایەن نمایشکاری پیاو لە بەرهەم‌هێنراوێکی تەلەڤزیۆنیی جووڵاو

خەڵاتی ئانی

٢٠٠١

پاڵێوراو

٢٠٠٨

براوە

باشترین ڕۆڵگێری دەنگی لە بەرهەم‌هێنراوێکی تەلەڤزیۆنیی جووڵاو

٢٠١٠

براوە

Adventure Time

باشترین ڕۆڵگێری دەنگی لە بەرهەم‌هێنراوی تەلەڤزیۆنیی/ پەخشکراوی جووڵاو

٢٠١٤

پاڵێوراو

The SpongeBob Movie: Sponge Out of Water

باشترین ڕۆڵگێری دەنگی لە فیلمی جووڵاو

٢٠١٦

براوە

SpongeBob SquarePants

ڕۆڵ‌گێڕی نایاب لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی جووڵاو

خەڵاتی دەی تایم ئێمی

٢٠١٨

براوە

٢٠٢٠

پاڵێوراو

٢٠٢١

براوە

The SpongeBob Movie: Sponge on the Run

دەنگی دڵخواز لە ڕووی فیلمی جووڵاو

خەڵاتی بژاردەی منداڵان

٢٠٢٢

 


سەرچاوەکان



248 بینین