بۆچی بەغداد بەو ناوەوە ناونراوە؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-24-16:33:00 - کۆدی بابەت: 10435
بۆچی بەغداد بەو ناوەوە ناونراوە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەغداد یان بەغدا (بە عەرەبی: بغداد، بە ئینگلیزی: Baghdad) پایتەختی عێراقی فیدڕاڵە و قەرەباڵغترین پارێزگایە لە عێراق. لە سەدەی هەشتەمی زایینی و لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان لەلایەن جێنشینی عەباسییەکان ئەبووجەعفەری مەنسووڕ بنیاتنرا.

بۆچی بەغداد بەو ناوەوە ناونرا؟

چەند بۆچوونێک لەسەر ئەم بابەتە هەیە بەڵام ڕاستترینیان بریتییە لەوەی کە لە سەردەمی عەباسییەکان خەلیفەی عەباسی ئەبووجەعفەری مەنسووڕ بڕیاریدا پایتەختێکی ئیسلامی بۆ دەسەڵاتی خەلافەتەکەی دروست بکات، بۆیە شوێنێکی لە عێراق لەنێوان دیجلە و فوراتدا هەڵبژارد، ئەو شوێنەش گوندێکی بچووک بوو بە ناوی "بغداذ" و ئەو گوندەی کردە بناغە بۆ بنیاتنانی شارەکە، بە تێپەڕبوونی کات ناوەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و بوو بەغداد.

بەڵام ئەبووجەعفەری مەنسووڕ ناوی "دار السلام" یان "مدینة السلام"ـی بۆ پایتەختی دەسەڵاتەکەی هەڵبژارد، کە واتا "شاری ئاشتی" دەبەخشێت. "شاری ئاشتی" بە پایتەختی دەوڵەتی عەباسی ڕاگەیاندرا کە هەموو بەڵگەنامە و دیوان و سامانی عەباسی تێدا هەڵگیرا، لە بەڵگەنامە و بابەتە فەرمییەکان شارەکە هەر بە "مدینة السلام" ناسرا بوو، بەڵام لەنێو دانیشتووان و گشتی خەڵک بە بەغداذ و بەغدان و بەغداد ناوزەد دەکرا، بە تێپەڕبوونی کات ناوی بەغداد جێگیر کرا و هەر بەو ناوەوە ناسرا.

واتا و بنەچەی ناوی بەغداد

ڕاجیایی لەسەر واتای ناوی بەغداد هەیە و بنەچە و واتای ناوەکەی چەند بۆچوونێکی جیاوازی لەسەرە، گرنگترینیان بریتییە لە:

  1. محەمەد قاسم ئەنباری زمانناسی ناوداری عێراقی سەلماندوویەتی کە وشەی بەغداد وشەیەکی عەرەبی نییە و بنەمای وشەکە زمانی عەرەبی نییە.
  2. چەند سەرچاوەیەکی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە بنەچەی وشەی بەغداد دەگەڕێتەوە بۆ زمانی ئارامی دێرین.
  3. چەند زمانناسێکی تری عەرەبی پێیان وایە کە وشەی بەغداد لە دوو بڕگە پێکهاتووە، "بەغ" کە واتای بێستان یان باغ دەبەخشێت، "داد" واتای پیاو یان کەسێکی پێگەشتوو دەبەخشێت، پێکەوە واتای "بێستانی پیاوان" دەبەخشێت.
  4. حەمزەی کوڕی حسێنی ئەسفەهانی کە مێژوونووسێکی ناودارە، لە بەشێک لە کتێبەکانی سەلماندوویەتی کە بنەچەی وشەی بەغداد دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی فارسی کۆن.
  5. بۆچوونێکی تری باو ئەوەیە کە وشەی بەغداد بڕگەی یەکەمی بەغ بە واتای ناوی بتێکە و داد واتای دیاری دەبەخشێت، ئەم بۆچوونە سەلماندوویەتی کە بەغداد واتای "دیاری خودا" یان "بەخششی خودا" دەبەخشێت.
  6. لە زمانی سۆمەری کۆندا ناوی بەغداد دۆزراوەتەوە و وەکوو هێمای هەڵۆ دانراوە و واتای قەڵای هەڵۆ یان پەیکەری هەڵۆ دەبەخشێت.

ناوەکانی بەغداد لە ڕابردوودا

هەر لە پاش دروستبوونییەوە ئەبووجەعفەری مەنسووڕ ناوی "دار السلام" یان "وادي السلام"ـی بەخشییە شارەکە کە واتای "شاری ئاشتی" دەبەخشێت، بە هیوای ئەوەی ببێتە شوێنێکی ئارام و ئاشتی و ئاساییشی تێدا بەرقەرار بێت خەلیفە ئەم ناوەی بۆ هەڵبژاردووە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان بەغداد بە "مدينة الخلفاء" کە واتای "شاری جێنشینەکان" دەبەخشێت ناسراوە، چونکە زۆرێک لە دەسەڵاتدار و جێنشینەکانی عەباسییەکان نیشتەجێی ئەو شارە بوونە. لە ڕابردوودا شارەکە بە "مدینة المدورة" كە واتای "شاری بازنەیی" دەبەخشێت ناسراوە، چونکە شێوازی شارەکە لەسەر شێوازی سێ بازنەی گەورە بنیاتنرابوو.

هەروەها بە "مدينة المنصور" واتای "شارەکەی مەنسووڕ" ناوزەد دەکرا کە مەنسووڕ نازناوی ئەبووجەعفەری مەنسووڕ بوو، هاوکات وشەی "المنصور" لە زمانی عەرەبیدا واتای "سەرکەوتن" دەبەخشێت، هەندێک بەو مەبەستەوە ناوی شارەکەیان بە مەنسووڕ ناودێر دەکرد. 

بۆچی لە ڕابردوودا خەڵکی خۆیان وەکوو خەڵکی بەغداد ناساندووە؟

لە ڕابردوو و بە تایبەتی لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامیدا بەغداد پێگەیەکی زۆر بەرز و تایبەتی هەبووە، لە زۆر بواردا پێشکەوتوو بووە و مۆڵگە و سەرچاوەی زانستەکان بووە. زانایان لە زۆر شوێنەوە بۆ وەرگرتنی زانست سەردانیان کردووە. بەغداد لە ڕابردوودا بە جۆرێک بووە کە تەنانەت هەندێک کەس خۆیان بە خەڵکی بەغداد چوواندووە و پێیان خۆش بووە کە خۆیان وەکوو خەڵکی ئەو شارە دەرخەن، بۆیە زاراوەی "تبغدد" دەرکەوتووە، کە واتای "خۆچواندن بە دانیشتووانی بەغدادە" و هەندێک لە خەڵکی خۆیان وادەرخستووە کە خەڵکی بەغدادن، چونکە دانیشتووانی ئەو شارە ڕۆشنبیر و زانستخواز بوونە.


سەرچاوەکان



314 بینین