دەزگای CNN

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-05-20:15:00 - کۆدی بابەت: 10556
دەزگای CNN

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەزگای ڕاگەیاندنی سی ئێن ئێن یاخود کەناڵی سی ئێن ئێن (بە عەرەبی: سي ٳن ٳن، بە ئینگلیزی: Cable News Network یان CNN) دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئەمریکییە و مێژووی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠. بە یەکەمین کەناڵی جیهانی و ئەمریکی دادەنرێت کە پەخشی ڕاستەوخۆی ٢٤ کاتژمێری داناوە.

مێژووی دامەزراندنی

لە ١ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٠ کەناڵی سی ئێن ئێن لەلایەن تێد تێرنەرەوە دامەزرا، کە پیاوێکی بازرگانی دەوڵەمەندی ئەمریکی بوو و خاوەن چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن بووە. تێرنەر سەرکێشی بە بڕی بیست ملیۆن دۆلار کرد بۆ ئەوەی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی دابمەزرێنێت، بەڵام کەناڵێکی تەواو جیاواز و بە بیرۆکەیەکی جیاوازەوە، ئەویش ئەوە بوو کە کەناڵی سی ئێن ئێن یەکەم کەناڵ بوو کە بیرۆکەیەکی نوێی لە بواری ڕاگەیاندن بە گشتی و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی ئەو سەردەمە بەتایبەتی هێنایە ئاراوە، ئەویش بریتی بوو لە ڕووماڵکردنی هەواڵ و پڕۆگرامەکان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێری بەردەوام، کەناڵەکە بەبوونی ٢٥ کارمەند دەستی پێکرد و سەرەتایەکی سەرکەوتووی بەدەست هێناو بینەری ئەمریکی بیرۆکەی کەناڵەکەی زۆر زوو پەسەند کرد. لە ئێستادا لە ئەمریکا سی ئێن ئێن بە کۆنترین دەزگای پەخش و ڕاگەیاندن دادەنرێت.

بەشەکانی دەزگاکە

ناوەندی سەرەکی سی ئێن ئێن لە ئەتڵەنتایە لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا، پڕۆگرامەکانی لە ستۆدیۆکانی شارەکانی واشنتۆن، نیویۆرک و لۆس ئەنجلسەوە پێشکەش دەکات. نزیکەی ٥٠ نووسینگەی هەیە کە ٣٢ دانەیان نووسینگەی نێودەوڵەتین و لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان بوونیان هەیە. ژمارەی کارمەندەکانی زیاتر لە چوار هەزار کارمەندە.

سی ئێن ئێن خاوەن ژمارەیەک کەناڵی تەلەڤزیۆنی تایبەتە، هەریەک لەو کەناڵانە بە چەند زمانێکی جیهانی پەخش دەکات، هاوکات خاوەن دوو دەزگای پەخشی ڕادیۆییە و خاوەنداریی لە ١٢ ماڵپەری هەواڵی و هەمەڕەنگ دەکات لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت. ژمارەی بینەر و سەردانیکەرانی ماڵپەڕەکانیان لە ٢١٢ وڵاتی جیهان بە زیاتر لە یەک ملیار کەس خەمڵێندراوە.

گرنگترین کەناڵەکانی بریتین لە: دەزگای سەرەکی و بنچینەیی CNN، کە هەموو بەشەکانی دەزگاکەی لەخۆگرتووە و لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە دامەزراوە و تایبەتە بە ڕووماڵکردنی هەواڵ و ڕووداوی ڕۆژ بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر.

هەواڵە سەرەکییەکانی سی ئێن ئێن CNN Headline News 

لە ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە و پڕۆگرامەکانی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر پەخشی بەردەوام و ڕاستەوخۆی هەیە. بواری پڕۆگرامەکانی هەمەڕەنگ و هەمجۆرن بریتیین لە: هەواڵ و ڕووداوەکانی ڕۆژ، وەرزش، بابەتی هەمەڕەنگ.

دەزگای نێودەوڵەتی سی ئێن ئێن CNN International

دامەزراندنی ئەم بەشەی سی ئێن ئێن لە ساڵی ١٩٨٥ بوو، پەخشی پڕۆگرامەکانی ٢٤ کاتژمێرییە، لە ڕێگەی ١٥ مانگی دەستکردەوە لە ٢١٠ وڵات پەخشی ئەم کەناڵە هەیە. ئەم بەشەی سی ئێن ئێن چەند لقێکی هەیە کە بریتیین لە: 

  1. دەزگای نێودەوڵەتی سی ئێن ئێن لە ئەورووپا CNN International In Europe
  2. دەزگای نێودەوڵەتی سی ئێن ئێن لە ئاسیای پاسیفیک CNN International In Asia Pacific
  3. دەزگای نێودەڵەتی سی ئێن ئێن لە ئەمریکای لاتین CNN International In Latin America
  4. دەزگای نێودەڵەتی سی ئێن ئێن لە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا CNN International In United States

دەزگای هەواڵەکانی سی ئێن ئێن بۆ سەرمایە و پارە CNN-Fn

لە ٢٩ کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە، کاتی پەخشکردنی پرۆگرامەکانی لە کاتژمێر حەوتی بەیانی تاکوو نۆی ئێوارەیە و بەدرێژایی هەفتە پەخشی هەیە. ناوەندی سەرەکی لە شاری نیویۆرکە و پەیوەستە بە هەواڵی پارە و سامان و سەرمایە، قەواڵە، گومرگ، بازاڕ، نرخی کەرەستە و کاڵا و بابەتی هەمەجۆر و داهات. ئەم دەزگایە ١٦ پڕۆگرامی سەرەکی هەیە و تیمی کارمەندانی لە ٢٦٠ کەسی پسپۆڕ و پەیامنێر پێکدێت.

دەزگای هەواڵە وەرزشییەکانی سی ئێن ئێن CNN / SI

لە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ـەوە ئەم بەشە لە شاری ئەتلانتا کراوەتەوە، هەموو بابەتەکانی پەیوەستن بە هەواڵ و شیکردنەوەی وەرزشی هەمەجۆر، هاوکات پەخشی پڕۆگرامەکانی ٢٤ کاتژمێرییە. دامەزرێنەری ئەم دەزگایە وارنەر تێرنەر بوو. لەم بەشە ٣٥٠٠ کەسی پسپۆڕ هەیە و خاوەن ١٠٠ نووسەر و پەیامنێر و ڕاگەیاندنکارە.

دەزگای هەواڵەکانی سی ئێن ئێنی ئیسپانیا CNN En Espanol

ئەم بەشەی سی ئێن ئێن لە ١٧ـی ئازاری ساڵی ١٩٩٧ لە شاری ئەتلانتا دامەزراوە، خزمەتە هەواڵییەکانی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەردەوامە، بە زۆرێک لە زمانە جیهانییەکان جگە لە ئینگلیزی پڕۆگرام پێشکەش دەکات و زمانی ئیسپانی زمانی سەرەکییە. پێنج ملیۆن بەشداربوو لە ئەمریکای لاتین بەشداری لە خزمەتگوزاری بینینی ئەم کەناڵە دەکەن، پلان وایە کە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە کەناڵی سی ئێن ئێنی نێودەوڵەتی، کەناڵەکە لە لایەن ئایسۆن جۆردنەوە بەڕێوەدەبرێت.

ڕادیۆی سی ئێن ئێن CNN Radio

لە ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە، دەزگایەکی ڕادیۆیی پێشکەوتووە و بابەتەکانی هەمەجۆری تایبەتە بە هەواڵ و وەرزش و بازرگانی. پەخشی بابەتەکانی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەردەوامە و ٦٠٠ لقی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا هەیە و خاوەن ٣٥ پەیامنێرە.


سەرچاوەکان



469 بینین