دابەزینی پەستانی خوێن

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-05-21:52:00 - کۆدی بابەت: 10559
دابەزینی پەستانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دابەزینی پەستانی خوێن (بە ئینگلیزی: Low blood pressure، بە عەرەبی: ضغط دم منخفض). دابەزینی پەستانی خوێن، کاتێکە کە پەستانی خوێن کەمتر بێت لەو پەستانەی کە بە ئاسایی دادەنرێت. پێچەوانەکەی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنە. پەستانی خوێن BP، هێزی خوێنە بەرامبەر دیواری خوێنبەرەکان، كە خوێنیش لە هەموو جەستەدا لەلایەن دڵەوە دەگوازرێتەوە.

پەستانی خوێن بە دوو ژمارەی جیاواز دەپێورێت (120/80mm Hg). ژمارەی یەکەم یان سەرەوە پێی دەوترێت پەستانی (systolic). ئەمەش فشارێكە لەکاتێکدا دڵ لێدەدات. ژمارەی دووەم یان خوارەوە پێی دەوترێت پەستانی (diastolic). ئەو فشارێكە لە کاتێکدا دڵ لە نێوان لێدانەکاندا پشوو دەدات. پەستانی (diastolic) بەشێوەیەکی گشتی کەمترە لە پەستانی (systolic) و هەردووکیان بە ملیمەتر جیوە (mm Hg) دەپێورێن.

پەستانی خوێنی تەندروست و ئاسایی نزیکەی 120/80 ملیمەتر جیوەیە. بەڵام شتێکی ئاساییە کە ژمارەکان بەدرێژایی ڕۆژ کەمێک بگۆڕدرێن، بەبێ گوێدانە تەندروستی گشتی. بەپێی سەرچاوەی متمانەپێکراوی دامەزراوەی نیشتمانی دڵ، سییەکان و خوێن، دابەزینی فشاری خوێن کاتێکە کە پەستانی خوێنت لە 90/60 ملیمەتر جیوە کەمتر بێت. بۆ دڵنیایی لەوەی هەموو بەشێکی جەستەت لەوانەش مێشک، دڵ و سییەکان و خوێن، ئۆکسجینی زۆریان دەستبكەوێت، پەستانی خوێنت بەشێوەیەکی سروشتی لە ڕۆژدا دەگۆڕێت. جەستەت بەردەوام پەستانی خوێنت ڕێکدەخات و هاوسەنگی دەکات. ڕەنگە شوێنی جەستەت کاریگەری لەسەر پەستانی خوێنت هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر لەناکاو هەستایت، لەوانەیە بۆ ساتێك دابەزێت. هەروەها پەستانی خوێنت دادەبەزێت کاتێک پشوو دەدەیت یان دەخەویت. کەواتە، ڕەنگە دابەزینی پەستانی خوێن هۆکارێک نەبێت بۆ نیگەرانی یان نیشانەیەکی نیگەرانکەر بێت. لە لایەکی ترەوە هەندێک حاڵەتی تەندروستی دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خوێن و ئۆکسجین لە هەندێک شوێنی جەستەدا. چارەسەرکردنی ئەو حاڵەتە بنەڕەتییە یارمەتیدەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

نیشانەکانی دابەزینی پەستانی خوێن

نیشانەکانی دابەزینی پەستانی خوێن بریتین لە:

  • لێڵ بینین
  • پەشۆكان
  • خەمۆکی
  • سەرگێژی
  • بوورانەوە
  • شەکەتی
  • هەستکردن بە سەرما
  • هەستکردن بە تینوێتی
  • بێتوانایی لە سەرنجدان
  • دڵ تێكچوون
  • هەناسەدانی خێرا و كورت
  • ئارەقەکردنەوە
  • دابەزینی پەستانی خوێن بەهۆی دەرمان، شۆک، یان جەڵتەی مێشک

دەرمانەکان

هەندێک دەرمان دەبنە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن. لەوانە دەرمانی چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن و حاڵەتەکانی تر، وەک:

  • ئەلفا-بلۆکەرەکان
  • بێتا-بلۆکەرەکان (Tenormin، Inderal، Innopran XL)
  • ڕێگریکەرانی کەناڵی کالسیۆم
  • دەرمانە میزپێكەرەكان (Lasix, Maxzide, Microzide)
  • دەرمانی تێکچوونی کۆئەندامی زاوزێ (Revatio, Viagra, Adcirca, Cialis)
  • نیتراتەکان
  • دەرمانی نەخۆشی پارکینسۆن وەک (Mirapex , levodopa)
  • دژە خەمۆکی سێ خولیی (Silenor, Tofranil)

شۆک

شۆک حاڵەتێکە کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکات. دەکرێت لە وەڵامی کۆمەڵێک بارودۆخی نائاساییدا ڕووبدات. لەوانە:

شۆک دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن، بەڵام دابەزینی پەستانی خوێنیش دەبێتە هۆی ئەوەی جەستەت بچێتە ناو شۆکەوە. چارەسەرکردن لەوانەیە بریتی بێت لە بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن لە ڕێگەی شلەی IV یان گواستنەوەی خوێن. چارەسەرکردنی هۆکاری شۆکەکە یارمەتیدەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. بۆ نموونە لە شۆکی هەستیاریدا (anaphylactic shock) دەرزییەک لە دەرمانی ئەپینفرین (EpiPen) یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی خێرای پەستانی خوێن. ئەمە دەتوانێت ڕزگارکەر بێت بۆ کەسێک کە هەستیاری توندی هەیە بەرامبەر بە بستە، پێوەدانی هەنگ، یان ماددە هەستیارییەکانی تر.

لە دۆخی فریاگوزاری سەرەتاییدا، گرنگە ئەو کەسەی تووشی شۆک دەبێت گەرم بێت و چاودێری بکرێت تاوەکوو یارمەتی پزیشکی دەگاتە دەستی. لەگەڵ یارمەتی فریاگوزاری لە ڕێگادا قاچەکانی کەسەکە ٦-١٢ ئینج لە زەوی بەرز بکەیتەوە بە بەکارهێنانی هەر شتێک کە لەبەردەستتدایە.

جەڵتە

جەڵتەی مێشک هۆکارێکی سەرەکییە بۆ مردن. هەروەها هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمئەندامی جددی و درێژخایەن. بەرزی پەستانی خوێن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشک. گرنگە پەستانی خوێن کۆنتڕۆڵ بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە جەڵتەی مێشک و بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە. بەڵام هەندێک لە لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان لە سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە دەریدەخەن کە هێشتنەوەی پەستانی خوێن بە بەرزی ڕاستەوخۆ دوای جەڵتەی مێشک ڕەنگە لە ڕاستیدا یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوون و زیان گەیاندن بە مێشک. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی مردن و کەمئەندامی. کۆمەڵەی جەڵتەی مێشکی ئەمریکی ئامۆژگاری دەکات کە پەستانی خوێن بەرزتر بێت لە ئاستی ئاسایی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر دوای جەڵتەی مێشک. ئەمەش ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی باشتر خوێن بچێتە ناو مێشکەوە و یارمەتی چاکبوونەوەی بدات لە جەڵتەی مێشک.

چۆنیەتی بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن

ئەگەر فشاری خوێنت نزمە، هەنگاوی یەکەم بریتییە لە چوون بۆ لای پزیشك. دوای باسکردنی نەخۆشییەكە و شێوازی ژیانت و هۆکارەکانی تر، لەوانەیە پزیشکەکەت دەرمانەکانت بگۆڕێت یان پێشنیاری هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانت بکات بۆ ئەوەی بگاتە ڕەگی کێشەکە. گرنگە واز لە خواردنی هیچ دەرمانێک نەهێنیت یان ژەمە دەرمانەکان بگۆڕیت بەبێ ئەوەی سەرەتا لەگەڵ کەسێکی پسپۆڕ قسە بکەیت. هەمان شت بۆ گۆڕانکارییەکانی خۆراک یان گۆڕانکارییەکانی تریش ڕاستە.

١- ئاوی زۆر بخۆرەوە

هەندێک جار كەمی ئاو دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن. ڕەنگە هەندێک کەس تەنانەت كەم ئاوییەكی سوك ببێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێنیان. هەروەها دەكرێت بە لەدەستدانی ئاو بەخێرایی دوچاری كەم ئاوی ببیت لە جەستەتدا. ئەمەش لە ڕێگەی ڕشانەوە، سکچوونی توند، تا، وەرزشی سەخت و ئارەقکردنەوەیەکی زۆرەوە ڕوودەدات. هەروەها دەرمانی وەک میزپێكەرەكان لەوانەیە ببنە هۆی وشکبوونەوەی لەش.

٢- خواردنی خۆراکی هاوسەنگ

لەوانەیە دابەزینی پەستانی خوێن و کاریگەرییە لاوەکییەكانی تر ڕووبدات ئەگەر ماددە خۆراكییە پێویستەكانت دەست نەکەوێت. کەمی ئاستی ڤیتامین B12 و فۆلیک ئەسید و ئاسن دەبێتە هۆی کەمخوێنی. ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە جەستەت ناتوانێت خوێنی پێویست دروست بکات و دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن. لەوانەیە پزیشک پێشنیاری گۆڕانکاری لە خۆراکی ڕۆژانە و خواردنی تەواوکەرەکان بکات.

٣- خواردنی ژەمە بچووکەکان

دوای خواردنی ژەمێکی گەورە دەكرێت تووشی دابەزینی پەستانی خوێن بیت، هەرچەندە ئەمە زیاتر لە کەسانی پێگەیشتوودا زۆرە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دوای خواردنەكە، خوێن دەڕژێتە کۆئەندامی هەرستەوە. بەشێوەیەکی ئاسایی لێدانی دڵت زیاد دەکات بۆ ئەوەی یارمەتی هاوسەنگی پەستانی خوێن بدات. دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە دابەزینی پەستانی خوێن بە خواردنی ژەمە بچووکەکان. هەروەها سنووردارکردنی کاربۆهیدراتەکانت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی پەستانی خوێن جێگیرتر بێت دوای خواردن.

٤- سنووردارکردن یان دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولیەکان

خواردنەوەی کحول دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش. هەروەها دەتوانێت کارلێک لەگەڵ دەرمانەکاندا بکات و ببێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.

٥- خوێی زیاتر بخۆ

سۆدیۆم یارمەتی بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن دەدات. بەڵام دەكرێت پەستانی خوێن زۆر بەرز بکاتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بۆیە لە پزیشکەکەت بپرسە بۆ ئەوەی بزانیت چەنێك بۆ تۆ گونجاوە.

٦- پشکنینی شەکری خوێن

نەخۆشی شەکرە و بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن. دوای بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن دەكرێت کەمبوونەوەی قەبارەی شلە بەهۆی زۆر میزکردنەوە ڕووبدات. ئەمەش کاتێکە کە جەستەت هەوڵدەدات لە ڕێگەی زیادکردنی میزکردنەوە گلوکۆز دەربکات.

٧- پشکنینی غودەی دەرەقی بکە

حاڵەتەکانی غودەی دەرەقی باون. کەمبوونەوەی غودەی دەرەقی کاتێک ڕوودەدات کە تۆ هۆرمۆنی سایرۆیدی پێویست بەرهەم نەهێنیت. ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن. پشکنینی سادەی خوێن دەتوانێت بزانێت کە ئایا کەمی غودەی دەرەقیت هەیە یان نا. لەوانەیە پێویستت بە دەرمان و پلانێکی نوێی خۆراک هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات لە بەرزکردنەوەی کارکردنی سایرۆد.

٩- خواردنی دەرمان

لەوانەیە پزیشکەکەت دەرمانەکانت بۆ بنووسێت کە یارمەتیت بدات لە چارەسەرکردنی دابەزینی پەستانی خوێن. ئەم دەرمانانە یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرکردنی دابەزینی فشاری خوێنی (orthostatic).

١٠- چارەسەری هەوکردنەکان

هەندێک هەوکردنی جددی بەکتریا، ڤایرۆس و كەڕوو دەبنە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن. پزیشك دەتوانێت بە پشکنینی خوێن بزانێت ئایا هەوکردنت هەیە یان نا. چارەسەرکردنی بریتییە لە دژە زیندەیی و دەرمانی دژە ڤایرۆس.

هۆکارە بنەڕەتییەکانی دابەزینی پەستانی خوێن

چەند هۆکارێک هەیە بۆ دابەزینی پەستانی خوێن. هەندێکیان کاتین و بە ئاسانی دەتوانرێت چارەسەر بكرێن. هەروەها ڕەنگە دابەزینی پەستانی خوێن نیشانەی کێشەیەکی تەندروستی یان حاڵەتێکی فریاگوزاری بێت. لەوانەیە چارەسەرکردن پێویست بێت. چەندین حاڵەتی تەندروستی دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن لەوانە:


سەرچاوەکان



1978 بینین