قوسەی سەدام حسێن

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-09-19:47:00 - کۆدی بابەت: 10596
قوسەی سەدام حسێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قوسەی سەدام حسێن (بە عەرەبی: قصي صدام حسين، بە ئینگلیزی: Qusay Saddam Hussein) کوڕە بچووکی و دووەم کوڕی سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بوو، بە "سێبەری سەدام" ناسراوە. لە ساڵی ١٩٩٦ دوای هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی عودەی برا گەورەی، قوسەی بە جێگری سەدام ناوزەد دەکرا و بە سەرۆکی داهاتووی عێراق دادەنرا و ئامادە دەکرا.

قوسەی کوڕی خۆشەویستی باوکی بووە و هەمیشە لایەنگیری بڕیارەکانی سەدامی کردووە و سەدام قوسەی کوڕی لە عودەی کوڕە گەورەی لەلا پەسەندتر بووە، چونکە قوسەی گوێڕایەڵ بووە و لایەنگیری بڕیارەکانی باوکی بووە، هاوکات وەکوو عودەی سەرکەش نەبووە. 

زانیاریی گشتی
ناو قوسەی سەدام حسێن
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ١٧ـی ئایاری ساڵی ١٩٦٦ بەغداد
ئایین ئیسلامی پەیڕەوی سوننە
ناوی هاوسەرەکەی لوما ماهر عەبدولڕەشید
منداڵەکانی موستەفا، عەدنان، سەدام، مەوج
کۆچی دوایی ٢٠٠٣ مووسڵ

ژیاننامەی

ساڵ و ڕۆژی لەدایکبوونی قوسەی ڕاجیایی لەسەرە، چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری بەغداد لەدایکبووە، هەندێکی تر ساڵی ١٩٦٧ و هەندێکی تریش ساڵی ١٩٦٨ بە ڕۆژی لەدایکبوونی دادەنێن. دایکی ناوی ساجیدە تەڵفاحە و ژنی یەکەمی سەدامە و دایکی عودەی برا گەورەی قوسەی لەلا پەسەندتر بووە، دوای خوێندنی ئامادەیی لە خوێندنگەی کەرخی نموونەیی، چووەتە زانکۆی بەغداد و بڕوانامەی لە کۆلێجی یاسا بەدەستهێناوە، لە ساڵی ١٩٨٨ قوسەی بە خوێندکاری یەکەمی عێراق دانراوە.

قوسەی بە پێچەوانەی ئەندامانی تری خێزانەکەی و عودەی برای، هەر لە تەمەنی لاوییەوە کەسێکی نامۆ بووە و بە کەسێکی هێمنی زۆرزان و فێڵبازی بێدەنگ ناوزەد دەکرا، وردەکاری ژیانی قوسەی نادیارە و کەسێکی نامۆ بووە و وردەکارییەکانی ژیانی دەرنەخستووە. 

لە ساڵی ١٩٨٥ هاوسەرگیری لەگەڵ لوما ماهر عەبدولڕەشید کردووە کە کچی ماهر عەبدولڕەشید بووە کە گەورە بەرپرسێکی سەربازی بووە لە سوپای عێراقی، هاوکات یەکێک بووە لە پیاوانی سەدام حوسێن لە شەڕی عێراق و ئێران، قوسەی و لوما بووەنەتە خاوەن سێ کوڕ و کچێک بە ناوەکانی موستەفا، عەدنان، سەدام، مەوج. دوای کۆتایی جەنگی ئێران و عێراق سەدام حسێن ماهر عەبدولڕەشیدی وەکوو یەکێک لە هۆکاری لەدەستدانی خاکی فاو زانی، بۆیە پەیوەندییان تێکچوو و بەو هۆیەوە لە ساڵی ١٩٨٨ قوسەی لە لومای هاوسەری جیابووەوە. 

قوسەی ماوەی ژیانیدا دووجار لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، لە ساڵی ٢٠٠١ و ساڵی ٢٠٠٢ ویسترا تیرۆر بکرێت و بکوژرێت، بەڵام لە یەکێکیان ڕزگاری بوو، لە هەوڵەکەی تریش تەنیا قۆڵی بە سووکی بریندار بووە. 

پلە و پۆستەکانی

بەهۆی ئەوەی کوڕی سەدام حسێن بووە چەندان پلە و پۆستی سەربازی بایەخدار و هەستیاری نێو حکوومەتی پێدراوە گرنگترینان:

  • فەرماندەی پاسەوانانی کۆماری.
  • قوسەی بەرپرسی ئاساییشی تایبەت کە لە ٢٠ هەزار ئەفسەر پێکهاتبوون و ئەو سەرپەرشتییانی دەکرد، تایبەت بوون بە پارێزگاریکردنی خێزانی سەدام.
  • ئەندامی سەرکردایەتیی باڵای حیزبی بەعس.
  • جێگری دووەمی سەرۆک کۆماری عێراقی لە سکرتارییەتی مەکتەبی سەربازیدا، ئەم پۆستە زۆر هەستیار بووه و تەنانەت پێگەی لە پۆستی وەزیری بەرگری بەرزتر بووە.
  • سەرپەرشتیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، لەم پۆستەدا قوسەی سەرپەرشتی وەزیرەکانی بەرگری و ناوخۆ لەگەڵ سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگری دەکرد.
  • چەند مانگێک پێش کەوتنی بەغداد و جەنگی ئەمریکا، قوسەی سەرکردایەتی سوپای عێراق بووە، دوای داگیرکردنی عێراق و کەوتنی بەغداد هەندێک کەس ڕووداوەکەیان دەخستە ئەستۆی قوسەی و بە بەرپرسیاریان دەزانی چونکە نەیتوانی پارێزگاری لە بەغداد بکات.
  • قوسەی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە لەناوبردنی ڕاپەڕینی شیعەکان، دوای جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ قوسەی سەرکردایەتی پرۆسەی وشککردنەوەی زونگ و زەلکاوەکانی باشووری عێراقی کرد، بە بیانووی بەشداری کردنی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە ڕاپەرینەکانی شیعە دژی عێراق، بۆیە ئەو پرۆسەیە بە وشکردنەوەی زۆنگ و زەلکاوەکان ناسێندرا تێیدا زیانی ژینگەیی بەر ناوچەکان کەوت و دانیشتووانەکەی کە بە عەرەبی ئەهوازەکان ناسرا بوون ناچر کران ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، بەو هۆیەوە ئاوی ئەهوارەکان وشکی کرد و زیانی ژینگەییان بەرکەوت، نزیکەی ٨٢٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە زۆنگ و زەلکاوەکان بەهۆی ئەم ڕووداوە وشک بوون و لەناوچوون. 

کۆچی دوایی

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و کەوتنی ڕژێمی سەدام حسێن، عودەی و قوسەی برای بوونە دوو داواکراوی سەرەکی و تاوانبار بوون. عودەی و موستەفای کوڕی قوسەی و قوسەی بەرەو سنووری سووریا هەڵاتن و هانایان بۆ عەشیرەتی نەواف برد و بۆ ماوەیەکی کەم شاردرانەوە.

لە وڵاتی سووریا پێشوازی لە قوسەی و کوڕەکەی کرا بەڵام عودەی ڕەتکرایەوە، بۆیە بەو هۆیەوە ئەوان گەڕانەوە بۆ شاری مووسڵ و لەو شارە بۆ ماوەیەک حەشاردران، پاشان لە بەرەبەیانی ٢٢ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٣ دوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی شەش کاتژمێری لە هێرشێکی سەربازی لە نێو ماڵەکەیان لە گەڕەکی بەرید لە مووسڵ عودەی و قوسەی و موستەفای کوڕی قوسەی کوژران. 

کوژرانی مستەفای کوڕی قوسەی

موستەفا قوسەی سەدام حسێن کوڕی دووەمی قوسەی بووە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩ بووە، لە ڕووداوی کوشتنی باوکی و عودەی مامی لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمیش لە شوێنی خۆشاردنەوەیان لە ماڵەکەیان کوژراوە. لە ساڵی ٢٠١٢ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وەکوو دیارترین منداڵی سەدەی بیستەم ناساندوویەتی چونکە بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان لەو جەنگەی کە باوکی و مامی تێدا کوژراوە، موستەفای کوڕی قوسەی کۆتا کەس بووە کە کوژراوە و تەمەنی ١٤ ساڵی تێنەپەڕاندووە و دژی ئەمریکا جەنگاوە.


سەرچاوەکان



396 بینین